خانمان ، بەرێزان
سوپاستان دەکەم بۆ ئەو دەرفەتەی بۆ منتان ڕەخساند تا لەم بۆنە ئازاربەخشە قسەتان بۆ بکەم.
هەموومان دەزانین : مێژووی نوێی شەنگاڵ ئازارێکی وەهای بینیووە کە وێنا ناکرێت . کردە دڕندانەییە قێزەونەکان تا ئێستاش لە یادگەی دەستە جەمعیمان ماوە و هێدمەیەکە تا ئەمڕۆش قوربانیانی ئێزیدی و خانەوادەکانیان پێیەوە دەناڵێنن.
ئەو تاوانانەی ڕێکخراوی داعش ئەنجام دابوون بریتی بوون لە هاوسەرگیری بە زۆرە ملێ و ڕفاندن و بە کۆیلەکردنی سێکسی و لاقەکردن و چەندین جۆری تری توندوتیژی لە رادەبەدەر تا دەگاتە ڕادەی کۆمەڵکوژی.
ئەوەی بارەکەش سەختتر و قورستر دەکات ئەوەیە قوربانیان دەگەڕێنەوە سەر ماڵ و خانووی ڕوخاو و ترسناک یانیش بە ناچاری لە خێوەتگە و شوێنی نیشتەجێی نافەرمی دەژین سەرەڕای مردن یانیش ونبوونی چەندین ئەندامی خیزاەکانیان.
دوای تێپەڕبوونی چەندین ساڵیش ، تا ئیستا ڕزگاربووان دووچاری چەندین ئاڵنگاری سەخت دەبنەوە ....
لە کاتێکدا ڕزگاربووان بە پەلە پێویستیان بە بونیاتنانەوەی ژیان و گوزەرانیان هەیە چەندین ئاستەنگی ناپێویست پێشیان لێ دەگرێ بەهۆی ناکۆکی لەسەر ڕێوشوێنەکانی ئاسایش و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتی و کارگێڕییەکی یەکگرتوو.
بێ توانایی لایەنەکان و دەسەڵاتداران لە بەلاوەنانی ناکۆکییەکان لە پێناو بەرژەوەندی گشتی ، بە تایبەتیش لەم چوارچێوە ئازار بەخشەدا لە ئێستادا زۆر بە ڕاشکاوانە دەڵێم بابەتێکە مایەی پەسندکردن نیە.
دە مانگ پێش ئێستا ، گەێشتین بە ڕێکەوتنێک دەربارەی بەڕێوەبردن و خزمەتگوزارییەکان و ڕێوشوێنە ئەمنییەکان لە قەزای شەنگال.
حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەیەکەوە هەنگاوی گرنگیان بە ئاراستەیەکی دروست هاویشت ، لە پێناو چەسپاندنی بنەماکانی سەقامگیریی و برەودان بە ئاسایش و بارودۆخ بۆ گوزەرانێکی باشتر.
بێ گومان، پەسندکردنی یاسای ئافرەتانی ڕزگاربووی ئێزیدیش لە مانگی ئاداری ٢٠٢١ ، پێشوەچوونێکی مەزنە و یارمەتیدەریش دەبێت لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی ڕووبەرووی ئافرەتانی ڕزگار بوو دەبێتەوە. یاساکە قەرەبووکردنەوە و چاودێریکردن و شیاندنەوەی ئافرەتە ڕزگاربووەکان لە جڤاکەکانیان لە خۆ دەگرێت.
نەلام لە ئێستادا دەبێت کاری زیاتر بکرێت ، پێشوەچوونەکان لە باشترکردنی حوکمڕانی و یەکگرتنەوەی ئیدارە بە ڕادەیەکی ناپەسند سست بوون ، ڕاستیە تاڵەکەش ئەوەیە ئەم بەربەستانە پێشوەچوونەکان دەکەنە بارمتە و خەڵکی شەنگالیش ، ئەوانەی تەنگوچەڵەمەکانیان درێژەی هەیە، باجەکەی دەدەن.
بە گیانێکی هاوسۆزی بەردەوامیش لەگەڵ خەڵکی شەنگال ، نەتەوە یەکگرتووەکان چالاکانە بەشدارە لە جێبەجێکردنی ئەم ڕێکەوتنامەیە.
وە من تەنها دەتوانم جەخت لەسەر ئامادەباشی و پابەندبوونمان بکەمەوە بۆ یارمەتیدانی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی بەرەو بارودۆخێکی ئاسایی و بەردەوام هەنگاو بنێین لەسەر زەوی.
بە ڕاشکاوانە دەیڵێم ئێستا کاتی گەیشتنە بە کۆدەنگی لەسەر حوکمڕانیی سەقامگیر و ستراکچەرە ئەمنییەکان.
خانمان بەڕێزان
بەم بۆنەیە و لە ساڵیادی قوربانیان ، لە ناخی دڵمەوە پشتگیریی و هاوسۆزی خۆم دەردەبڕم بۆ ئەوانەی تا ئێستاش بە دەست زامەکانی وەحشیگەرانە دەناڵێنن .
ئێستا وەک گوتم دەبێت مەینەتییە بەردەوامەکان بێ دواکەوتن سووکتر بکرێن، بۆیە دیسان داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندارەکان دەکەم دەستبەجێ و بە خێرایی یەکەمجار بەژەوندیەکانی خەڵکی لەبەرچاو بگرن ودواتریش یەک ئیدارەی یەکگرتوو لە شەنگال توانادار بکەن .
کەس ئەوەی لەبیر نەچووە کە حەوت ساڵ لەمەوبەر ڕوویدا و بە دڵنیاییەوە جیهان ئەمڕۆ چاودێری دەکات .
سوپاس بۆ هەمووان.