لێدوانی ڕۆژنامەوانی

بەیاننامەی کۆتاییی نێردەییی لەلایەن نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤی ئاوارە نێوخۆییەکان، خاتوو سیسیلیا خیمینیز-داماری، دوابەدوای کۆتاییهێنانی گەشتە فەرمییەکەی بۆ عێراق – ١٥ بۆ ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٠

٠١ ئازار ٢٠٢٠

لە چوارچێوەی دەسەڵاتی خۆم وەکو نێردەی تایبەتی نەتەوەیەکگرتووەکان سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤی ئاوارە نێوخۆییەکان، شانازی ئەوەم پێبڕا کە سەردانێکی فەرمی بۆ عێراق لەماوەی ١٥ تاوەکو ٢٣ی شوباتی ٢٠٢٠ ئەنجام بدەم لەسەر داوەتنامەی حکومەتی کۆماری عێراق. سەردانەکەم دوابەدوای ئەوانەی پێش خۆم هات، چالۆکە بێیانی لە ٢٠١٥ و وۆلتەر کایلین لە ٢٠١٠.

لەماوەی سەردانەکەم، بەچری راوێژم کرد لەگەل نوێنەرانی حکومەت لەسەر ئاستی نیشتمانی و هەرێمی و نێوخۆیی، ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، کۆمەلگەی مەدەنی، کارەکتەرانی بواری مرۆیی و پێشکەوتن کرد، وەهەروەها لەگەل هاوبەشانی نیشتمانی و نێونەتەوەیی. هەروەها لەگەل ئاوارەکان، لەناوەوە و دەرەوەی کەمپەکان، کۆبومەوە، بە ژنان و منداڵانشیەوە، کە باسی بارودۆخی خۆیان و ئالنگارییەکان و هیواکانیان بۆ چارەسەری کێشەکان بۆ کردم، کە زۆرینەیان چەندان جار تووشی ئاوارەیی ببوون وە هەوڵیانداوە بگەڕێنەوە شوێنگەی خۆیان، بەڵام لەکۆتاییدا لە کەمپی ئاوارەکان یان شوێنگە نافەرمییەکان گیرساونەتەوە. گەشتم بۆ بەغداد، هەولێر، موسڵ ئەنجامدا و سەردانی کەمپی ئاوارەکانم لە هەولێر و نەینەوا و دهۆک کرد. ئامانجم بریتی بوو لە کۆکردنەوەی زانیاری راستەوخۆ بوو لەسەر دۆخی مافەکانی مرۆڤی ئاوارەکان لە عێراق، بۆ یارمەتیدانیان و پاراستنیان و دۆزینەوەی چارەسەری درێژخایەن.

ئەو دەرەنجامانەی لێرەوە دەخرێنەروو بریتین لە تێبینیە سەرەتاییەکانی خۆم بەتەنیا، وە رەنگدانەوەی تەواوی بابەتەکان ناکەن کە خرانە بەردەستم، وەهەروەها ڕەنگدانەوەی هەموو دەستپێشخەریەکانی حکومەت یان هاوبەشە مرۆییەکان ناکەن. لەماوەی چەند هەفتەی داهاتوو، چاو بەو زانیارییانە دەخشێنمەوە کە دەستم کەوتن لە کۆبونەوەکان و دۆکیومێنتە نووسراوەکان بۆئەوەی تەواوی راپۆرتی سەردانەکە بهۆنمەوە. راپۆرتی سەردانەکە دەخەمەڕوو دەربارەی سەردانەکەم بۆ عێراق بۆ ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤی نەتەوەیەکگرتووەکان و بۆ کۆماری عیراق لە حوزەیرانی ٢٠٢٠ لە جنێڤ.

لێرەوە سوپاسی حکومەتی کۆماری عێراق دەکەم بۆ داوەتنامەکەیان بەمەبەستی سەردانیکردن و هەماهەنگیی لەسەر ئاستی باڵا کە پێشکەشی من و تیمەکەیان کردم لە ئاستی فیدرالی و هەرێمیی و نێوخۆیی کە پارێزگاکان و حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی گرتەوە. هەروەها سوپاسی حکومەتی دەکەم بۆ ڕێزگرتنی تەواوی سەربەخۆییی پرۆگرامەکەی من بەگوێرەی بەندەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانی تایبەت بە نێردەی تایبەت و شارەزایان. ویستی کارکردن لەگەڵ پرۆگرامەکەم بوونی باوەڕە بۆ ویستی سیاسی سەبارەت بە وەلامدانەی بابەتەکانی ئاوارەبوون لە عێراق کە دەبێت باسیان لێوەبکرێت.

لە سەرەتا، با باسی پرۆگرامی خۆم بکەم سەبارەت بە مافەکانی مرۆڤی تایبەت بە ئاوارە نێوخۆییەکان، جێبەجێکردنی ئەم پرۆگرامە پەیوەستە بە چارەسەرە پەیوەنددارەکانی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەنجومەنی مافەکانی مرۆڤ. من ڕێنوێنی وەردەگرم لە ستاندەردە نێونەتەوەییەکانی مافەکانی مرۆڤی تایبەت بەوانەی کە ماڵەکانیان چێهێشتووە بەلام لەنێو چواچێوەی ووڵاتانی خۆیان ماونەتەوە. بەتایبەتی، پرەنسیپە ڕێننوێنییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکانی تایبەت بە ئاوارەیی ناوخۆیی، کە لە ١٩٩٨ بەرجەستەکراوە، ئەوە دەخاتەڕوو کە ئاوارەیی ناوخۆیی دەکرێت لەریگەی زۆر هۆکار بێنەکایەوە بە هۆکارەکانی وەکو ململانێ، پێشێلکارییەکانی مافەکانی مرۆڤ، توندوتیژی، کارەساتە سروشتییەکان و پرۆژەکانی پێشکەوتن. کارەکەی من هەروەها بە ڕێنمایی نێونەتەوەیی بەردەست دەربارەی بابەتەکانی مرۆیی و پێشکەوتن بۆ پاراستنی ئاوارەکان و چارەسەری دریژخایەن ئاراستەدەکرێت.

 

ئاوارەبوونی نێوخۆیی لە عێراق

عێراق ڕووبەرووی چەندان شەپۆڵی ئاوارەیی نێوخۆیی بووەوە. بۆ چەندان دەیە، ململانێ، توندوتیژی تایەفی، ڕاگواستنی بەزۆرەملێی دانیشتوانی عێراق و بەئامانجگرتنی چەند گروپێکی ئیتنی و ئایینی بوونەتە مایەی ئاوارەبوونی بەزۆرەملێی لەنێو ووڵاتەکە. هەرچەندە، قەیرانی ئاوارەبوون کە لە ئەنجامی ململانێی ساڵانی ٢٠١٤-٢٠١٧ لەگەل بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە شام (داعش) هاتەکایەوە کە بوە مایەی ئاوارەبوونی نزیکەی ٦ ملیۆن لەنێو سنورەکانی عێراق. لەوەتەی راگەیاندنی شکستی داعش لە کانونی یەکەمی ٢٠١٧، زیاتر لە ٤ ملیۆن خەلک گەرانەوە شوێنگەکانی خۆیان، پێشهاتێک کە تیایدا سیاسەتەکانی حکومەتی عێراق یارمەتیدەربوون. ئەمەش بەگشتی پێشکەوتنێکی گرنگە بە ئاراستەی دروست کە پێویستە پتر جێبەجێبکرێت لەگەل بنیاتنانی جۆرە دۆخێک بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی کە بتوانن دووبارە ژیانی ئاسایی دەستپێبکەنەوە. نەبوونی ئەو دۆخە لەبارانە، ژمارەیەکی زۆری ئەو گەراوانە ترسی دووبارە ئاوارەبوونیان هەیە.

هەروەک بە ملیۆن و نیو خەلک دەخەملێنرێت، کە زۆرینەیان بە ژمارەیەک کۆمەلێک دۆخی رۆیشتوون، وەکو ئاوارەی نێوخۆیین، بەبێ بوونی هیوایەک بۆ چارەسەرێک بەمزوانە. لەهەمانکاتدا، ژیان لەنێو یان دەرەوەی کەمپەکان، زۆرینەیان رووبەرووی دۆخی نەخوازراو و ناسەلامەتی دەبنەوە، هەولدەدەن بۆ دەستخستنی پێویستییە سەرەتاییەکان، ئەزمونی ترۆما و ئاستەنگە دەرونیەکان دەبنەوە. ئاوارەکانی دیکە کە گروپپی جیاواز پێکدین پێویستیان بە یارمەتی هەیە بۆ لادانی ئاستەنگ لەبەردەم چارەسەرە درێژخایەنەکان.

وەڵامدانەوەی گشتگیر بۆ ئاوارەبوونی نێوخۆیی شایەنی ڕێزە کە حکومەتی عێراق هەڵساوە بە گرتنەبەری ژمارەیەک پێوەر بۆ کارکردن لەسەر ئاوارەبوونی نێوخۆیی لە زۆر ڕووەوە. لە رووی دامەزراوەییەوە، دامەزراندنی وەزارەتی کۆج و ئاوارەبوون گرنگە بۆ دڵنیابوونەوە لە بوونی وەزارەتێکی پابەند بۆ ئەم بابەتانە و تایبەت بە پێشنیارەکانی پرۆگرامەکە لە لقی جێبەجێکاری حکومەت. ئۆفیسی سەرۆک وەزیران و وەزارەتەکانی تری وەکو وەزارەتی ناوخۆ و داد، لەنێو ئەوانی تردا، نووسینگە و یەکە و پرگرامی تایبەتیان دروستکردوە بۆ دڵنیابوونەوە لە ئاگاداربوون لە ئاوارەبوونی نێوخۆیی. ئەمانە تەواودەکرێن بە بنیاتنانی میکانیزمی هەماهەنگی گشتگیری وەکو سەنتەری هەماهەنگی هاوبەش و چاودێریکردن لەنێو حکومەتی فیدرال و سەنتەری هەماهەنگی قەیرانی هاوبەش لەنێو حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەماهەنگی وەلامدانەوەی قەیران و ئیدارەدانی زانیارییەکان. دەستەکانی وەکو "دەستەی پێکەوەژیان و ئاشتی کۆمەڵگەیی"ی سەرۆک وەزیران و "دەستەکانی گەڕانەوەی پارێزگا" لە ئاستی پاریزگا، یارمەتیدەربوون لە وەڵامدانەوەکان. یاسادانانی پەیوەنددار و سیاسەتی ئاراستەکردنیش هەبوون بۆ باس لە وەلامدەرەوەبوون بۆ بابەتەکانی ئاوارەبوونی نێوخۆیی و بە تێپەربوونی کاتیش بەرەپێش دەچن. یەک نمونە بۆ ئەمە بریتیییە لە بنیاتنانی ژمارەیەک لە ستراتیژییەکانی قەرەبووکردنەوە بۆ قوربانیانی ململانیی چەکداریی، بە ئاوارە نێوخۆییەکانیشەوە، وەکو ستراتیژیی قەرەبووکردنەوەی شکست و زەرەرمەندی، کە لە ئێستادا پێویستە باشتربکرێن بۆ ئەوانەی کە پێویستیان پێی هەیە. هەموو ئەمانە، ئەوانی دیکەش، دەبێت بەیەکەوە بکرێنە یەک پاکێجی یەکگرتوو.

هەروەها تێبینی ڕۆڵی سەرەکی حکومەتەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم لە گرتنەخۆی بە ملیۆنان ئاوارە و کە عێراق هەیبووە و ئەوانەش کە هەر ئاوارەن. لە ماوەی سەردانەکەم، سەرنجی بوونی ئەو ویستەم دا لەم ئاستەدا بۆ دابینکردنی شوێنگەی گرتنەخۆ بۆ خەڵکی ئاوارە لە ناوچەکانی ووڵات بۆ ساڵانێکی زۆر، سەرەرای بارگرانی سەر سەرچاەکانی خۆیان، کە بە دڵنیاییەوە پێویستی بە پاڵپشتی حکومەتی فیدرال و کومەلگەی نێونەتەوەیی هەیە. لە هەمان کاتدا، تێکەڵبوونی نێوخۆیی بە توندی رەد دەکرێتەوە لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە لە شوێنە خانەخوێکان ئەمەش بەو هۆیەی کە دەبێتە گۆڕینی دیمۆگرافیاکانیان. هەروەها، دۆخەکانی تایبەت بە گەرانەوەیەکی سەلامەت و رەزامەندانە و کەرامەتدار بەگوێرەی پێویست بەردەست نین لەو پارێزگایانەی کە لێیەوە هاتوون.

بابەتەکانی نیگەرانی

بارودۆخەکانی مافەکانی مرۆڤی ئاوارەکان لە عێراق بابەتێکی دابڕاو نییە کە بەلاوە بنرێت لەو کاتەی بابەتەکانی تر گرنگیان پێبدرێت. تەنانەت ئەم بابەتە کرۆکی ئاستەنگەکانە کە وولات رووبەرووی دەبێتەوە و پێویستی بە هەوڵی فرەلایەنەی هەنوکەیی هەیە بۆ برەودان بە یارمەتی مرۆیی، لایەنەکانی پێشکەوتن و یەکریزی و ئاشتەوایی کۆمەلایەتی. هاتنەکایەی چاکبوونەوەی راستەقینە لە عێراق نایەتەکایەوە بەبێ کاکردن بۆ دۆخی مافەکانی مرۆڤی ئاوارەکان و دەستخستنی چارەسەری درێژخایەن بۆ ئەو ئاوارانە پێویستی بەوەیە کە ووڵات کاربکات لەسەر ململانێیە تایەفییە درێژخایەن و قووڵە ڕەگداکوتاوەی کە هەیەتی. هەروەها، هەر وەلامدانەوەیەکی بەردەوام بۆ ئەم دۆخەی ئاوارەبوونە نێوخۆۆییەی عێراق، وە لەهەر ووڵاتێکی تر بۆ ئەم بابەتە، پێویستی بە بەرپرسیاریەتی و سەروەری یاسا هەیە لەژێر مافی مرۆڤی نێونەتەوەیی. ئەمەی خوارەوە بریتییە لە لیستی ناتەواوی ڕەهەندەکانی گرنگیپێدان کە سەرنجمدان لەماوەی سەردانەکەم:

١.پێویستییەکانی یارمەتیدانی ئاوارەکان بەرچاو و دیارن.

ئاوارە نێوخۆییەکان لە ناوەوە و دەرەوەی شوێنگەی کەمپەکان دەستیان ناگات (یان دەستگەیشتنیکی سنورداریان هەیە) بە خواردن، شوێنگەی ژیان، پاراستنی تەندروستی، پەروەردە و هەلەکانی ژیانکردن. کوالێتی دابینکردنی خزمەتگوزاری لە کەمپەکان جۆرەهان، هەروەک کەمپەکان لەلایەن ڕێکخراوی جیاوازەوە بەڕێوەدەبردرێن. هەرچەندە، لەو کەمپانەی کە ستاندەردی بەرزیان تێدایە، ئاستی هەژاریی بەو شێوەیەیە کە ئاوارەکان هەڵساون بە فرۆشتنی خواردن و کەرەستەکانی تر کە وەریان گرتووە وەکو سەرچاوەی تەنیای پارە لە بازاری نێوخۆیی. شێڵتەری نیو ستانداردیشم بینی لە کەمپەکانی ئاوارەکان و زۆرینەیان پێویستیان بە چاککردنەوەی خێرا هەیە بەتایبەتی لەو کەمپانەی کە ئاوارەکان ماوەیەکی زۆر تێیاندا دەژین و ناتوانن بگەڕێنەوە. لەگەل ئاوارەبوونی دووەمین، بەتایبەتی لەلایەن ئەو ئاوارانەی کە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە شوێنگەکانی خۆیان، مەترسی ئەوە لە ئارادایە کە ئەو ئاوارانە پتر بخزنە نێو دۆخی خراپی ئابوری و پەراوێزخرانی کۆمەڵایەتی. گرنگە کە ئەو ئاوارانەی کەمپەکان جێدەهێڵن وەکو هەوڵێکی گەڕانەوە بەلام دوایی خوازیارن بگەڕێنەوە کەمپەکان ئەوا قەبوڵ دەکرێن و ناونوسدەکرێن بۆ پاڵپشتی و یارمەتی. چاوم کەوت بە گروپێکی ئاوارەکان کە لەنێو دۆخێکی قەڵەباڵغ دەژین لە شوێنێک لە شارێک و شوێنەکەیان ستاندەردەکانی ژیانێکی شایستەی نەبوو.

لەماوەی چاوپێکەونتنە یەکلایەنە و گروپیەکان لەگەل ئاوارەکانی نێو کەمپ، چاوم کەوت بە دایکانێکی منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت و نەخۆش کە پێویستیان بە چارەسەری پزیشکی هەبوو لە دەرەوەی کەمپەکان، کە نەیاندەتوانی کەمپەکان جێبهێڵن بەهۆی نەبوونی دۆکیومینت و پاڵپشتی هاتوچۆ. لێرەوە، بە چددی پێشنیازی چێبەجێکردنی ڕێنماییەکانی گرتنەخۆی خاوەنپێداویستییە تایبەتەکان لە کردە مرۆییەکان دەکەم، بەتایبەتی ئەوەی پەیوەنددارە بە ئاوارە نێوخۆییەکان لە عێراق.



٢. توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری و سێکسی

لە چوارچێوەی سەردانەکەم، راپۆرتگەلێکی هەراسانکەرم بە دەستگەیشت سەبارەت بە توندوتیژی لەسەر بنەمای سێکسی و جێندەری لە دژی ژنان و کچانی ئاوارەکان، بەوانەی نێو کەمپەکانەوە. سێکسی لە ژیان ماوە و هاوسەرگیری پێشوەختە راپۆرتکراون وەکو میکانیزمێکی نێگەتیڤ بۆ خێزانانی ئاوارەکان کە لە هەژاریی دەژین و هیچ سەرچاوەیەکی داهاتیان یان ژیانکردنیان نییە. ئەو ژنانەی کە خیزانەکانیان وەکو نزیک لە داعش هەژماردەکرێن وەکو بێوەژنانی (گوایە) ئەندامانی داعشن رووبەرووی تۆڵەی توندوتیژی سێکسی و گێچەڵپێکردن بوونەتەوە. ژنان و کچانی ئاوارەی نێوخۆیی کۆمەلگەی یەزیدی کە لەچنگ داعش و هەلپەرستی و گێچەلپێکردنی سێکسیی رزگاریان بووە، پێویستی بە پاڵپشتی جددی ترە بۆ بابەتەکانی تڕۆما و چارەسەر و بوژانەوە. لەم سۆنگەیەوە، ئاماژەی ئەرێنی بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عێراق دەکەم بۆ فەراهەمکردنی یاسا سەبارەت بە پاڵپشتیی ژنانی ڕزگاربووی یەزیدی لە نێو چوارچێوەی قەرەبووی دادگەری ڕاگوزەر و هاندان بۆ فراوانکردنی ئەم یاسایە بۆ ڕزگاربوانی دیکەی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری لەکاتی ململانێکان.لە هەمان کاتدا، ئەو یەزیدیانەی کە مندڵیان لە دەرەنجامی ئەم توندیژی سێکسییە بووە دەوترێت کە قەبوڵ ناکرێن لەلایەن کۆمەڵگەکانی پێشووی خۆیان ئەگەر بێتوو منداڵەکەیان وازلێننەهێنن کە لە باوکێکی غەیرە یەزیدی هاتۆتەبوون. ئەمەش لەوانەیە پێویستی بە هەوڵەکانی نێوەندگیریی و یەکریزی کۆمەڵایەتی هەبێت لەسەر ئاستی کۆمەڵگە نێوخۆییەکان.



٣. دۆکیومێنتی مەدەنی

بابەتێک کە بە ئاشکرا هاتەبەردەست لەماوەی سەردانەکەم بریتی بوو لەو کۆمەڵە ئاستەنگەی لەلایەن ئاوارە ماوەکانەوە ئەزمون دەکرا سەبارەت بە بەدەستهێنان و نوێکردنەوەی دۆکیومێنتی مەدەنی. حکومەتی عێراق، ئاژانسەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و ئاژانسەکان بەیەکەوە سەرنج دەدەنە ئەم پرسە بەرچاوە. ناتوانم بە تەواوی جەخت بکەمەوە کە جۆن دۆکیومێنتی مەدەنی گرنگە بۆ بەرجەستەکردنی مافەکانی مرۆڤ، لە ڕوانگەکانی ئەوەی ئاوارەکان دەستیان بگات بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان، پەروەردە، پاراستنی تەندروستی و سوودەکانی ئاسایشتی کۆمەڵایەتی، نیشتەجێبوون، زەوی و مافەکانی مولکدارێتی و ئازادی هاتوچۆ. بەگوێرەی یاسای عێراقی، دۆکیومینتە مەدەنیەکان دەبێت لە شوێنی خۆیان بەدەستی بێین ئەمەش ئەو شوێنەیە کە ئاوارەکان زۆرجار ناتوانن گەشتی بۆ بکەن. دەستپێشخەری حکومەت لەگەل هاوبەشە مرۆییەکان بەمەبەستی ناردنی یەکەی جوڵاو بۆ ژمارەیەک لە کەمپی ئاوارەکان شایەنی ڕێزە و دەرخەری نمونەی باشە کە چاوی لێبکریت. هانی حکومەت و هاوبەشەکان دەدەم کە بەردەوام بن لەم کارە بۆئەوەی دڵنیابن لەوەی زۆرینەی ئەو کەمپانەی ئاوارەکان و شوینەکانی تر کە ئاوارەکانی لێیە سەردانی دەکرێن و ئەو ڕێکارانەش بگرنە بەر بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی خزمەتگوزاریەکە بۆ ئەو ئاوارانەی کە پێویستیان پێیەتی، بەبێ جیاکاریکردن. فراوانکردنی ئەم هەوڵە بەنرخەی دۆکیومێنتکردن بۆ ناسنامەی مەدەنی و تۆماری نیشتمانی، وە بۆ گرتنەخۆی بروانامەی لەدایکبوون، بۆ نمونە، بە هەمان شێوە گرنگ و هەنووکەییە. هەروەها، ئاسانکاریکردن بۆ چنگخستنی دۆکیومینت بۆ ئاوارە نێوخۆییەکان بەبێ گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێکاری ئیداری هەیە، هەروەک چۆن بۆ خەلکی ئاساییش جێبەجێ دەکریت، کارێکە لە زۆر شوێن دەکرێت و دەکرێت بە جددی لەبەرچاوبگیرێت لە عێراق.

٤. کەمینە ئیتنی و ئایینییەکان

کەمینە ئیتنی و ئایینیەکان لە ماوەی ململانێکانی ٢٠١٤-٢٠١٧ ئاوارەبوون بەهۆی ئەو هێرشەی چەشتیان لەو ناوچانەی کەوتبونە ژێردەستی داعش، و ئێستاش هەوڵ دەدەن بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان. ئەو کەمینانە شتگەلێکی زۆریان لە دەستدا و رووبەرووی جۆرەها پێشێلکاری بوونەتەوە، و زۆربەیان لە کەمپەکان ماونەتەوە بۆ ماوەی ساڵانێکە. لەو شوێنانەی کە بۆی گەراونەتەوە، باس لە کاولکردنی ماڵەکانیان و دۆخی کۆمەلایەتیان دەکەن کە ڕیگە نادات دەست بە ژیان بکەنەوە لەو شوێنانەی کە لێیەوە هاتوون. لەنێویاندا، بەرچاوترینیان ئەو گروپە یەزیدییەن کە ئازاری توندوتیژیان چەشتوە کە پێکبێت لە تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و تاوانەکانی جەنگ. سەرەرای پێداویستییە مرۆییەکانی وەکو ژیانکردن، شێڵتەر، پاڵپشتی سایکۆلۆژی کۆمەڵایەتی، دۆکیومینتی یاسایی بەتایبەت بۆ منداڵان – هەموو ئەلتەرناتیڤەکان بۆ چارەسەرە درێژخایەنەکان دەبێت لەگەڵ کۆمەڵگەکان لەبەرچاوبگیرێن.



٥. خێزانانی وێناکراو بە پاڵپشتیکاری "داعش"

لەلایەکی دیکەوە، دۆخی خێزانانی وەکو نزیک لە داعش وێناکراو گەلێک نیگەرانکەرە. ئەو خێزانانە رووبەرووی جیاکارییەکی بەربڵاودەبنەوە لەلایەن دەسەڵاتەکان و کۆمەلگەکانەوە و کەتونەتە بەر هەڕەشە و گێچەڵ و توندوتیژی لە هەردوو شوێنی ئاوارەبوون و ناوچەی ڕەچەلەکی خۆیان. لەژێر ئەو گوتەیەی کە هەڕەشەی ئاسایشی دروست دەکەن، ژنان و منداڵان تووشی سنوردارکردنی هاتوچۆکردن بوونەتەوە کە دابڕاون لە خزمەتگوزاری سەرەتایی وەکو چاودێری تەندروستی و پەروەردە، وە هەروەها بە بەربڵاوی تووشی جیاکاریی بوونەتەوە لەلایەن دەسەڵاتداران و کۆمەڵگەکانەوە. پێشوازیان لێ ناکرێت لەلایەن پارێزگا خانەخوێکانەوە، وە نە لە شوێنی ڕەچەلەکی خۆیان ویستراون، ئەو خێزانانە لە کەمپەکانەوە گیریان خواردووە بۆ ماوەی ساڵانێکە بێئەوەی هیچ چارەسەرێک بەردەست بێت.

سەرەڕای ئەمەش، ناسنامەی پشکنینی ئاسایشی پێویستە و زۆرجار بۆ ئەندامانی ئەو خێزانانەی وەکو نزیک لە گروپە توندئاژۆکان لەبەرچاودەگیرین ڕێگەپێنەدراوە. خزمانی ئەندامانی کە دەوترێ داعش بوون داوایان لێکراوە کە حاشایی لەو ئەندامانەی خێزانەکانیان بکەن بۆئەوەی ناسنامەی پشکنینی ئاسایشیان بۆ بکرێت. هەروەک دۆکیومینتی مەدەنی مافێکی دەستوری هەموو دانیشتوانی عێراقە، لەیەک جیاکردنەوەی پێداویستی بۆ چنگخستنی ناسنامەی پشکنینی ئاسایشی لە پرۆسەکان بۆ بەدەستهێنانی فۆکیومینتی مەدەنی رێگە بە جێبەجێکردنی ئەم مافە دەستوورییە دەدات.

ئەو بابەتەی کە شایەنی کارلەسەرکردنە سەبارەت بەم گروپەی خەڵک بەرانبەر بابەتی گەڕانەوە پەیوەستە بەوانەی حوکم دراون بۆ نزیکبوونیان لە گروپە توندئاژۆکان لە هەرێمی کوردستانی عیراق و دوابەدوای ئازادکردنیان یان دوابەدوای ساڵانی بەندکردنیان، هەڕەشەی ئەوەیان لەسەر دووبارە بگیرێنەوە بۆ هەمان ئەو تاوانەی ئەنجامیان داوە ئەگەربێتو بگەڕینەوە شوێنی ڕەچەلەکی خۆیان لە عێراقی فیدرال. عێراقی فیدرال و هەرێمی کوردستانی عێراق دوو سیستەمی دادوەری جیاوازی پەیوەستی خۆیان هەیە بە یاساکانی دژەتیرۆر، وە نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان هەردوو سیستەم دەبێتەمایەی هاتنەکایەی جووت مەترسی.

٦. ئازادی هاتوچۆی ئاوارەنێوخۆییەکان

بە قوڵی نیگەرانم لە سنوردارکردنی ئازادی هاتوچۆی سەپێنراو بەسەر ئاوارەکان. پشکنینی ئاسایشی دەبێت بۆ گەشتکردن بەدەستنهێنرێت لەڕێگەی خاڵەکانی پشکنین، کە بۆ خێزانانی وێناکراو بە نزیکبوون لە داعش قەدەغەکراوە، ئاستەنگ دەخاتە بەردەم گەیستنیان بە شارەکان بۆ بابەتەکانی خزمەتگوزاری، نوێکردنەوەی دۆکیومینتی مەدەنی لە ناوچەکانی ڕەچەلەک یان گەرانەوە. پێم گوترا کە لە هەندێک کاتدا، ئاوارەکان رووبەرووی سنوردارکردنێکی لە ڕادەبەدەری هاتوچۆیان بوونەتەوە، کە ڕێگەیان پێنەدراوە کە کەمپەکان جێبهێڵن و داوادەکەن کە یەکێکیان لەگەل بێت بۆئەوەی یارمەتی پزیشکی و یاساییان بەدەست بگات. لەوکاتەی دەسەلاتداران دەلێن کە ئەو سنوردارکردنە بۆ سەلامەتی ئاوارەکان و کۆمەلگەکانە، ئاوارەکان مافی ئەوەیان هەیە لە کەمپەکان بمیننەوە یان جێهیشتنیان بێئەوەی رووبەرووی هەرەشە ببەنەوە و بە ئازادی دابسوڕێنەوە لەنێو ووڵات.

٧. منداڵانی ئاوارەکان

لەنێو هەژموونی تراژیدیترینەکانی ملمانیکانی داعش، چاوم کەوت بە دۆخی منداڵە ئاوارەکان لەو گەشتەمدا – نەوەیەک کە تووشی تڕۆمای توندوتیژی بوونەتەوە و بێبەشکراون لە پەروەردە و هەلەکانی تر. زۆرینەی مندڵالە ئاوارەکان کاردەکەن بۆئەوەی بەشداربن لە فەراهەمکردنی داهاتی خێزانی، لەگەل ئەو مندالانەی کە سەرپەشتی خێزانەکان ژنن و هەندێکیان کەسیان لەگەڵ نییە یان جیاکرانەتەوە لە ئەندامانی خێزانەکانیان. چاوم کەوت بە بێدایکوباوکانی ئاوارەکان و تێبینی پەراوێزکردنی کۆمەلایەتیم کرد لە مندالەکانی تر.

زۆر نیگەرانم لەو دۆخەی منداڵانی ئاوارە لە ناوەوە و دەرەوەی کەمپەکان کە بێبەشکراون لە پەروەردە. ناتوانن تۆماربکرێن لە سیستەمی پەروەردەی فەرمی بەهۆی نەبوونی دۆکومینتی مەدەنی یان سنورداکردنی هاتوچۆ، نەوەیەک لە مندالانی پەراوێزخراو لە پەرسەندن دایە. لەدەستدانی چەندان ساڵی خوێندن بەهۆی ململانێکان و ئێستاش بە تەمەنداچوون بۆئەوەی بخرێنە بەر سیستەمی پەروەردەی فەرمی، یان نەبوونی وانەی گونجاو بۆ گێرانەوەی ئەوەی کە نەخوێندراوە. ئەو منداڵانەی لەو ناوچانە ژیاون کە لەژێر دەسەڵاتی داعشدا بووە بە خراپی کاریگەربوون بە گەیشتنیان بە پەروەردە و خوێندن لەکاتی ململانێکان، ئێستاش رووبەرووی ئەرکی زیاتر بوونەتەوە بۆ تۆمارکردن بەهۆی جیاکاری و نەتوانینی ئەوەی دۆکیومینتی مەدەنی بەدەتبهێنن و بچنەدەرەوەی کەمپ. کە پەروەردە هەیە، ژمارەی مامۆستا و کاتی خوێندن تەواو بەردەست نین. لە کەمپەکان، مامۆستاکان بەشێوەیەکی گشتی خۆبەخشن کە هەرچەندە نیازپاکن لەو کارەیان بەڵام تەواو بەهرەدار نین. کچێکی ئاوارەی تەمەن ١٠ ساڵان پێی گوتم کە خەون بەوەوە دەبینێت ببێتە پزیشک کە گەورەبوو، بەلام حەزدەکات کە زیاتر لە دوو کاتژمێر وانەی خویندبا لە ڕۆژێکدا. لە بەرانبەردا، هاوڕێکەی گوتی کە ناتوانێت بچێتە قوتابخانە چونکە ناسنامەی نییە، بۆیە هیچ خەونێکی نییە.

نیگەرانیی گەورە بریتییە ده‌رهێنانی به‌ڵگه‌نامه‌ی له‌ دایك بوون بۆ منداڵ پێویستی به‌ ئاماده‌بوونی باوك هه‌یه‌ له‌ دادگا، ئه‌گه‌رنا ده‌بێ به‌ڵگه‌نامه‌ی كۆچی دوایی باوك پێشكه‌ش بكرێت. بۆیه‌ منداڵانی ئاواره‌، كه‌ یان وون بوون یان له‌ باوانیان دابڕاون و به‌ڵگه‌نامه‌ی كۆچی دواییان نیه‌، یاخود له‌ ئه‌نجامی توندوتیژی سێكسی له‌ دایك بوون، له‌ توانایاندا نیه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی له‌ دایك بوون و به‌ڵگه‌نامه‌یتر به‌ ده‌ست بێنن. به‌بێ به‌ڵگه‌نامه‌ی مه‌ده‌نی، ناتوانن له‌ خوێندنی فه‌رمی تۆماربكرێن و سوودمه‌ند بن له‌ كه‌رتی ته‌ندروستی و خزمه‌تگوزاریه‌ سه‌ره‌تاییه‌كان و ته‌نانه‌ت ناتوانن به‌ مه‌به‌ستی هاتووچون له‌ ووڵات داواكاری رێگه‌پێدانی ئه‌منی پێشكه‌ش بكه‌ن و وه‌كو منداڵێكی ئاسایی له‌ مافه‌كانیان سوودمه‌ند بن. ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌ له‌ ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی داعش ماونه‌ته‌وه‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی له‌ دایك بوونیان نیه‌، ئه‌گه‌ر هه‌شیان بێت له‌لایه‌ن‌ حكومه‌تی عێراقیه‌وه‌ باوه‌ڕپێكراو نیه‌. به‌ مه‌به‌ستی پێدانی مافی تۆماركردنی له‌ دایك بوون و ده‌سته‌به‌ركردنی به‌ڵگه‌نامه‌كان بۆ هه‌موو منداڵانی عێراق، حكومه‌تی عێراقی پەیاننامەی مافه‌كانی منداڵی په‌سه‌ند كرد. مه‌رجی ئاماده‌بوونی باوك له‌ دادگا یاخود پێشكه‌شكردنی به‌ڵگه‌نامه‌ی كۆچی دوایی، له‌و بارودۆخه‌دا، هه‌ڵده‌گیرێت و دایكان له‌ عێراق ده‌توانن راسته‌وخۆ ره‌گه‌زنامه‌ بۆ منداڵه‌كانیان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ن.

ئه‌و منداڵه‌ ئاوارانه‌ی كه‌ چ خۆیان چ ئه‌ندامانی خێزانیان به‌ لایه‌نگرانی داعش له‌ قه‌ڵه‌م ده‌درێن ( كه‌ ئه‌مه‌ش بابه‌ته‌كه‌یه‌، به‌ تایبه‌ت له‌گه‌ڵ هه‌ندێك نەوجەوان)، زیاتر به‌ره‌نگاری چه‌وساندنه‌وه‌ و مامه‌ڵه‌ی خراپ ده‌بنه‌وه‌ و زیاتر مه‌ترسی به‌ندكردنی ناڕه‌وایان له‌سه‌ره‌. بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی به‌ڵگه‌نامه‌ مه‌ده‌نیه‌كان و سوودمه‌ندبوون له‌ خزمه‌تگوزاریه‌كان، ئه‌وان رووبه‌رووی جیاكاری و ئاسته‌نگ ده‌بنه‌وه‌.

٨. گه‌یاندنی هاوكاریی مرۆیی و دابینكردنی یارمەتی دارایی:

بۆ گه‌یاندنی یارمه‌تی بۆ هه‌ژار و كه‌مده‌رامه‌ت و گه‌یشتن بۆ شوێنیان، رێكخراوه‌ مرۆییه‌كان به‌رده‌وام رووبه‌رووی كێشه‌ و ئاسته‌نگ بوونه‌ته‌وه‌. بۆ گواستنه‌وه‌ی كارمه‌ند و شتومه‌ك و تێپه‌ڕین له‌ خاڵی پشكنینی یه‌ك له‌ دوای یه‌ك له‌ عێراق، رێكخراوی ناحكومی ناوخۆیی و نێوده‌وڵه‌تی و كارمه‌ندانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان ده‌بێ چه‌ندین نوسراو له‌ لایه‌نی جیا جیا به‌ده‌ست بێنن. به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و نوسراوانه‌ كارێكی قورس و درێژخایه‌ن و چه‌ند به‌شه‌. به‌ درێژایی 2019، پرۆسه‌كه‌ ئاڵۆزتر و به‌ش به‌شتر بووه‌ و ده‌سه‌ڵاتدارانی پارێزگا و قه‌زا و ناحیه‌كان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ داوای نوسراوی زیاتر ده‌كه‌ن. بۆ نمونه‌، له‌ نه‌ینه‌وا، له‌ مانگی تشرینی دووه‌می 2019، تاوه‌كو نۆ نوسراوی جیا جیا داواكراو بوون. داواكاریه‌كان به‌پێی شوێن جیاوازن و له‌وانه‌یه‌ نوسراوی تێپه‌رین له‌ خاڵی پشكنین ته‌نها بۆ یه‌ك جار به‌كاربێت و ده‌بێ بۆ جاری دواتر نوێ بكرێته‌وه‌. له‌وه‌ته‌ی مانگی كانونی یه‌كه‌می 2019 ه‌وه‌، گه‌یاندنی هاوكاریی مرۆیی به‌ره‌و ره‌وشێكی خراپتر چوه‌، ئه‌مه‌ش دوابه‌دوای ئه‌وه‌ی كه‌ حكومه‌ت پێدانی نوسراوی تێپه‌رین له‌ خاڵی پشكنین ی بۆ رێكخراوه‌ ناحكومیه‌كان هه‌ڵپه‌سارد و بوه‌ هۆی كاریگه‌ری نه‌رێنی له‌سه‌ر كاری ئه‌و رێكخراوانه‌ له‌ ووڵات و گه‌یاندنی هاوكاریی بۆ دانیشتوانی كه‌مپه‌كان و ئه‌و شوێنانه‌ی كه‌ خه‌ڵكی گه‌ڕاوه‌ی زۆری هه‌یه‌. به‌پێی راپۆرته‌كان بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌رێكی كاتی، رێكه‌وتنێك له‌ مانگی شوباتی 2020 كراوه‌، هه‌رچه‌نده‌ كه‌ رێكخراوه‌ ناحكومیه‌كان تا ئێستاش ناتوانن به‌ ته‌واوی توانایانه‌وه‌ بگه‌ڕێن. تۆماری نیشتمانی بۆ تێپه‌ڕین له‌ خاڵی پشكنین بۆ لایه‌نه‌ مرۆییه‌كان گرنگه‌ تاوه‌كو بگه‌نه‌ خه‌ڵكی هه‌ژاری ئاواره‌ و گه‌ڕاوه‌. داوا له‌ حكومه‌تی عێراقی ده‌كه‌م كه‌ گه‌یاندنی هاوكاریی مرۆیی بۆ خه‌ڵكی كه‌مده‌رامه‌تی ئاواره‌ مسۆگه‌ر بكات.

سه‌باره‌ت به‌ پشتگیری و ته‌رخانكردنی لایه‌نی دارایی، ئاستی به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی مرۆیی له‌ عێراق به‌ گشتی جێگه‌ی سه‌رنج بوو. به‌ جۆرێك كه‌ %85ی دانیشتوان كه‌ له‌ پلانی به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی مرۆیی 2019 به‌ ئامانج كرابوون، سوودمه‌ندبوون. بۆ پێویستی مرۆیی ماوه‌ی دوای 2019 كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئاواره‌كانه‌وه‌ هه‌یه‌، داوا له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و به‌خشه‌ره‌كان ده‌كه‌م پێویستیه‌كانی پلانی به‌ده‌نگه‌وه‌هاتنی مرۆیی 2020 دابین بكه‌ن.

٩. داخستنی كه‌مپه‌كان

به‌پێی ئه‌زموونی ئه‌و دواییه‌ی داخستنی كه‌مپه‌كان له‌ 2019، داخستنی كه‌مپی زیاتر له‌ ده‌ره‌نجامی هه‌مه‌ئاهه‌نگی و هاوكاریی نزیكی‌ نێوان پارێزگاكان و هاوكاره‌كان له‌ نێوانیشیاندا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی كه‌مپ ده‌بێت و سوود له‌ ئاگاداری داخستنی كه‌مپه‌كان ده‌بینێت كه پێشوه‌خته‌ بدرێت به‌ ئاواره‌كان. ده‌بێ داخستنی كه‌مپه‌كان به‌ته‌واوی له‌ ئه‌نجامی‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی خۆویست و شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ی ئاواره‌كان بێت و نابێ به‌ هیچ جۆرێك پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ئه‌و شوێنانه‌ ئه‌نجام بدرێت كه‌ ببێته‌ هۆی ئاواره‌بوون بۆ جاری دووه‌م. ده‌بێ ئاماژه‌ به‌وه‌ بدرێ كه‌ پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌ ده‌بێ به‌ ته‌واوی سه‌لامه‌ت و به‌ئاگاداری و خۆویست و شه‌ره‌فمه‌ندانه‌ بێ و ئاواره‌كان مافی بڕیاردان له‌ چاره‌سه‌ری درێژخایه‌نی خۆیان هه‌بیت (گه‌ڕانه‌وه‌، تێكه‌ڵ بوون یان جێگیربوون له‌ شوێنێكی تر).

١٠. چاره‌سه‌ری درێژخایه‌ن

پێویسته‌ چالاكی درێژخایه‌ن كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای په‌ره‌پێدانی مرۆیی بنیاتنراوه به‌هێزبكرێت‌، ئه‌مه‌ش به مه‌به‌ستی به‌هێزكردنی چاره‌سه‌ری درێژخایه‌ن. له‌ سه‌دا حه‌فتای ئه‌و ملیۆن و نیو ئاواره‌ی كه‌ له‌ عێراق ماونه‌ته‌وه‌ زیاتر له‌ سێ ساڵ ئاواره‌ بوون. كردنه‌وه‌ی گرێكوێره‌ی ئاواره‌بوون بۆ ماوه‌یه‌كی درێژ كێشه‌یه‌كی ئێجگار گه‌وره‌یه‌. حكومه‌تی عێراقی رایگه‌یاند كه‌ ته‌واوی ئاواره‌كان نیازیان هه‌یه‌ تا كۆتایی ساڵ بگه‌ڕێنه‌وه‌ شوێنی خۆیان. هه‌رچه‌نده‌ به‌ربه‌ستێكی زۆر هێشتا له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌یان ماون.

تاوه‌كو ئێستا، خانووی روخاو و تێكچوو و پرسی په‌یوه‌ندیدار به‌ نیشته‌جێ بوون و زه‌وی و موڵك وه‌كو نه‌بوونی به‌ڵگه‌نامه‌ی پێویست كه‌ خاوه‌ندارێتی بسه‌لمێنێت به‌ربه‌ستی گه‌وره‌ن له‌به‌رده‌م ئاواره‌كان بۆ گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ شوێنی خۆیان. زۆربه‌ی جار ئاواره‌كان له‌وه‌ بێ ئاگان كه‌ میكانیزمێك هه‌یه‌ بۆ داواكردنی قه‌ره‌بوو له‌سه‌ر موڵكی تێكچوو، ئه‌وانه‌ رووبه‌رووی گرفتی گه‌وره‌ ده‌بنه‌وه‌ وه‌كو نه‌بوونی به‌ڵگه‌نامه‌ی پێویست كه‌ خاوه‌نداریتی بسه‌لمێنێ. زه‌وی به‌ مین چێنراو ئاسته‌نگێكی تره‌ له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌، ده‌بێ حكومه‌ت به‌ یارمه‌تی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتوه‌كان و ئه‌و رێكخراوانه‌ی كه‌ ئه‌زمونیان له‌و بواره‌ هه‌یه‌ هه‌وڵی زیاتر بدات. سنوری سه‌پێندراو له‌سه‌ر ئازادی هاتووچون به‌هۆی پێویستی رێگه‌پێدانی ئه‌منی بۆ تێپه‌ڕین له‌ خاڵه‌كانی پشكنین به‌ربه‌ستی گه‌وره‌ن له‌به‌رده‌م گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره‌كان. سه‌ره‌رای ئه‌وه‌ش، كه‌می هه‌لی كار و ده‌سته‌به‌ركردنی بژێوی ژیان گرفتی گه‌وره‌ی ترن له‌به‌رده‌م پرۆسه‌ی گه‌ڕانه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت بۆ ئه‌و خێزانه‌نه‌ی كه‌ پیاویان له‌ ده‌ست داوه‌. له‌ میانی گفتوگۆی به‌ كۆمه‌ڵ له‌گه‌ڵ ئافره‌تان له‌ ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی كه‌مپه‌كان، ئافره‌تان باسی ئه‌زمونی ژیانی هه‌ژاریان ده‌كرد و جه‌ختیان له‌وه‌ ده‌كرده‌وه‌ كه‌ یه‌كێك له‌ پێویستیه‌ سه‌ره‌كیه‌كانیان پێدانی كه‌ره‌سته‌ و راهێنانیانه‌ له‌ به‌رنامه‌ی په‌یداكردنی داهات. هه‌ندێك ئافره‌ت پێیان راگه‌یاندم كه‌ ئه‌وان ناتوانن كه‌مپه‌كان جێبێڵن چونكه‌ بۆ ژیان ته‌نها پشت به‌ هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان ده‌به‌ستن. ده‌كرێ به‌رنامه‌ی پته‌وی په‌یداكردنی داهات بۆ ئافره‌تان نه‌ك ته‌نها دابین كردنی پێداویستیه‌ سه‌ره‌كیه‌كانیان بێت و رێگر بێت له‌ رووبه‌رووبوونه‌وه‌یان له‌ توندوتیژی سێكسی، به‌ڵكو ده‌بێته‌ هۆی به‌هێزكردنی بژارده‌كانیان بۆ چاره‌سه‌ری درێژخایه‌ن.

ئاشتەوایی، یەکریزی کۆمەڵایەتی و پێشکەوتن گرنگن بۆ بەدەستهێنانی جارەسەری درێژخایەن بۆ ئەو ملیۆن و نیوە ئاوارەی ماونەتەوە، هەروەها بۆ ڕێگەگردنی زیاتری شەپۆڵەکانی ئاوارەبوون. خۆشحاڵ بووم بە دانپێدانانی حکومەتی عێراقی بە پێویستی ئاشتەوایی و یەکریزی کۆمەڵایەتی لەدوای ململانێ و تێبینی پەرەسەندی ڕەهەندی هاوبەش دەکەم لەژێر چاودێری حکومەت و نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەناحکومییەکان کە وەلامدانەوەیەکی بەهێزیان هەیە بۆ بابەتەی بنیاتنانی ئاشتی، هەڵسانەوەی ئابوری و ژیانکردن و بوژانەوەی ماددی و کۆمەڵایەتی. هەروەها هاندرام بە بینینی کۆمەڵێک ڕێککەوتن لەنێوان پارێزگەکان و ئەوانەی نێوان حکومەتی هەرێم و پارێزگەی نەینەوا سەبارەت بە گەرانەوە بۆ ناوچە کێشەلەسەرەکان. هەوڵەکانی سەقامگیری دەبێت چربکرێنەوە بەتایبەتی لە لادێ و شوێنەکانی گەڕانەوە، بە گرتنەخۆی پێکهاتەی سیڤیلی بۆ سەروەری یاسا و بەرپرسیاریەتی. لە راستیدا، پلانی ئاشتی نیشتمانی و ئاشتەوایی دەبێت پەرەی پێبدرێت، ئەو بابەتانەش کە پەیوەستن بە تێکەڵبوونەوە، قەرەبوکردنەوە و دادگەری دەبێت قسەیان لەبارەوە بکرێت، وەهەروەها دڵنیابوونەوە لە بەشداریکردنی ئاوارەنێوخۆییەکان لەو بڕیارانەی کە کاریگەری لەسەریان هەیە. هەوڵەکانی هەڵسانەوە دەبێت گرنگییەکی تایبەت بە منداڵان بدات و وەبەرهێنان زیادبکات لە پەروەردەی کوالێتی باش و تەندروستی دەروونی و پاڵپشتی سیکۆلۆژیای کۆمەلایەتی. زۆربەی ئەو هەوڵانە، ئەگەر هەموویان نەبێت، پێویستی بە پاڵپشتی پەرەسەندن هەیە لە ناوچەکانی رەچەلەک و بەتایبەتی لە لادێکان و ناوچە نێوخۆییەکان کە ئاوارەکان لە ڕابردوودا لێی ژیاون. ئەمانە هەموویان بابەتی گەشەسەندنن.

لەم چوارچێوەیەدا، بەشداری ئاوارەکان و گەڕاوەکان لەو بڕیارانەیکە کاردەکاتە سەریان گرنگن بۆ مەبەستی سەقامگیری. هەلبژاردنەکانی داهاتوو کە گرنگن بۆ بۆ راگوزەریی سیاسی لە وولات، پێویستی بە بەشداریی سیاسیی کردەیی و تەواوی ئاوارەکان و گەڕاوەکان هەیە. بەشداریپێکردنی ئاوارەکان لە دوا هەلبژاردنەکانی عێراق پێشکەوتنێکی نایابە لە ئازادی سیاسی ئاوارەکان و ئەوەش دەردەخات کە ناوچەکان پێویستیان بە باشترکردن هەیە لەلایەن حکومت و هاوبەشانی تر. بەشداری راستەقینەی ئاوارەکان و گەڕاوەکان لە هەلبژاردنی داهاتوو دەتوانێت هەلی ئەوە برەخسێنێت کە کۆمەلگەی عێراقی بەرەو کۆمەلگەیەکی ئاشتیخوازی دوای شەڕ بەرێت و تێکەڵبونەوەی ئاوارەکان و گەڕاوەکان لە ژیانی سیاسی و ئابوری و کۆمەلایەتی بێنێتەکایەوە.

دەرەنجام: زۆرێک لە پێشکەوتن بەدەستهێنران پەیوەست بە بابەتەی ئاوارەبوونی نێوخۆیی لە عێراق. دانیستووی ماوەی ئاوارەکان لە ووڵات، ئەوانەی لەو کەمپانەی ئێستادان و ئەوانەش لە دەرەوەی کەمپدان، بەردەوامن لە داواکردنی یارمەتی مرۆیی. دۆخەکان لە شوێنەکانی گەڕانەوە و چارەسەری درێژخایەنی بەردەست بۆ ئاوارەکان وەکو پرسێکی گرنگ دەمێنێتەوە. هانی گفتوگۆکان دەدەم کە بە ڕێگەیەکی گشتگیر و ستاتیژی رووبدەن بۆ هێنانەکایەی روون و ڕەوانی بۆ گوتاری حکومەت و کۆمولگەی نێونەتەوەیی وەکو یەکە مرۆیی و مافەکانی مرۆڤ و پێشکەوتن و سەقامگیری. سەرەرای ئەمەش، گرنگە کە پاراستن و پرەنسیپەکانی ئازارمەدە لە جەرگەی ستراتیژی کارەکاندا بێت. پرۆگرامەکەم بەردەوام دەبێت لەژێر کاری حکومەتی کۆماری عێراق، لە کاری پێشینەیی نێونەتەوەیی بۆ پاراستنی مافەکانی ئاوارەکان و لە سوودی نیشتمانی عێراقە بۆ جێبەجێکردنی مافەکانی مرۆڤی گشت دانیشتوانەکەی.

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

نووسینگه‌ی كۆمیسیاری باڵای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ مافه‌كانی مرۆڤ
نووسینگه‌ی كۆمیسیاری باڵای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ مافه‌كانی مرۆڤ
UN
نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت