نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی) | لێدوانی ڕۆژنامەوانی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان
٢٢ تشرینی یەکەم ٢٠٢١
ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش پیرۆزباییان لە گەلی عیراق و حکومەتی عیراق کرد بەبۆنەی هەڵبژاردنەکان کە لە بەرواری ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ ئەنجامدرا. ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش پێشوازییان لەو هەواڵانە کرد کە باسیان لە باش بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان دەکرد و هەروەها ئەم هەڵبژاردنە بەرەوپێشچوونێکی زۆرباشی بەخۆوە بینیبوو لە لایەنی تەکنیکی و بەڕێوەچووندا بە بەراورد لەگەڵ هەڵبژاردنەکانی پێشووتری عیراق.
ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دەستخۆشییان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان کرد بۆ ڕاییکردنی هەڵبژاردنەکان بە تەکنیکێکی باش. هەروەها دەستخۆشییان لە حکومەتی عیراقیش کرد بۆ ئامادەکارییەکانیان سەبارەت بە هەڵبژاردن و بۆ ڕێگەگرتن لە توندوتیژی لە ڕۆژی هەڵبژاردندا.
ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دەستخۆشییان لە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی) کرد بۆ دابینکردنی هاریکاری تەکنیکی و تیمی چاودێری نێودەوڵەتی بۆ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان لەسەر داوای حکومەتی عیراق بەمەبەستی بەهێزکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردن و پەرەپێدان بە شەفافیەت. ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش سوپاسی یونامییان کرد بۆ هاریکارییان و دەستخۆشیشیان لە یونامی کرد بۆ پاراستنی بێلایەنییان لە هەوڵەکانیان بۆ پاڵپشتیکردن لە عیراق لە میانەی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردندا. هەروەها دەستخۆشیان لە هەوڵەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و هەوڵەکانی یونامیش کرد بۆ پەرەپێدان بە بەشداری سیاسیی ئافرەتان.
بەهەمان شێوە ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش پێشوازییان لە هەوڵەکانی وڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کرد بۆ چاودێری کردنی هەڵبژاردنەکان، بە تایبەتی نێردەی درێژخایەنی چاودێری هەڵبژاردنی یەکێتی ئەوڕوپا، لوتکەی عەرەب و ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی و ئەوانی تر و هەروەها ڕێکخراوە ناوەخۆییەکانیش.
ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش ئیدانەی هەڕەشەکانی ئەم دواییە دەکەن کە هەڕەشەی توندوتیژی بەرامبەر یونامی و کارمەندانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و کەسانیتر دەکرێت.
ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش جەختیان لەسەر داواکەی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کردەوە کە هەموو لایەك دانبەخۆدابگرن و رێز لە کاتە دیاریکراوەکانی هەڵبژاردن بگرن. ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەگەر هەر ناڕەزایەتییەك سەبارەت بە هەڵبژاردنەکان هەبێت پێویستە بە رێگەی ئاشتییانە و لە رێگەی کەناڵە یاساییە باوەڕپێکراوەکانەوە چارەسەربکرێن. هەرکاتێك کە ئەنجامەکان پشتڕاستکرانەوە، ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش بە هیوای ئەوەن کە حکومەتێکی گشتگر بە شێوەیەکی ئاشتییانە پێکبهێنرێت کە ڕەنگدانەوەی ویستی گەلی عیراق و داواکارییەکانیان بێت بۆ دیموکراسیەتێکی بەهێزتر.
ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دووپاتی پاڵپشتی خۆیان بۆ حکومەتی عیراق کردەوە و پاڵپشتی خۆیان بۆ سەربەخۆیی و خاوەن سەرکردایەتی و یەکێتی و یەکپارچەیی خاکی عیراق دەربڕی. ئەندامانی ئەنجومەنی ئاسایش دووپاتی پاڵپشتی خۆیان بۆ هەوڵەکانی حکومەتی عیراق کردەوە بۆ بەجێگەیاندنی چاکسازی بەرجەستەکراو و دیالۆگی سیاسیی گشتگری پێیشکەوتوو بەمەبەستی جێبەجێکردنی داواکارییە ڕەواکانی گەلی عیراق بۆ بەگژداچوونەوەی گەندەڵی و دابینکردنی خزمەتگوزاری سەرتایی و گرنگ و هەمەجۆرکردنی ئابوری و ڕەخساندنی هەلی کار و باشترکردنی حکومڕانی و بەهێزکردنی دامودەزگاکانی حکومەت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی کارەکی بەدەم داواکارییەکانی خەڵکیەوە بچن.
٢٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١