لێدوانی ڕۆژنامەوانی

هەوڵە هەمەلایەنەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراقدا

٠٩ کانونی یەکەم ٢٠٢١

9 کانونی یەکەمى 2021، بەغدا، عێراق- جەنگی دژى گەندەڵی پێویستی بە کاری پێکەوەییە بە بەشداری تەواوى دەسەلاتە گشتی و کەرتى تایبەت و کۆمەڵگای مەدەنی و میدیا و گشت هاوڵاتیانەوە. زۆر گرنگ دەبێت هەموو لایەنەکان هەوڵەکانیان یەکبخەن و بگونجێن بۆ باشترکردنی کاریگەرى و بەدەستهێنانی ئەنجامی بەرچاو بۆ وڵات.

ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، ساڵانە لە 9 ی کانونی یەکەمدا دەکرێت و ئەمەش لەوکاتەوە دەستى پێکرد کە کۆمەڵەى گشتی هەستا بە لەخۆگرتنى ڕێککەوتننامەى نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵى لە ساڵى ٢٠٠٣ دا. هەڵوێست و بۆچونەکان دەربارەی گەندەڵی دەگۆڕێن چونکە هەموو خەڵك لە سەرتاسەری جیهاندا بە ئاشکرا دژی گەندەڵی دەوەستنەوە بە شێوەیەك کە لە پێشتردا وێنەى نەبووە.

گەندەڵی کاریگەری بەسەر گشت پێکهاتەکانى کۆمەڵگاوە هەیە. بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەبێتە هۆی بەرەوپێشچوون بۆ ئامانجەکانی پەرەسەندنى بەردەوام، کە یارمەتیدەر دەبن لە پاراستنی ژینگە و ڕەخساندنى دەرفەتی کار و گەشەکردنی گشتی و زیادکردنی یەکسانی ڕەگەزی و پشتیوانیکردن لە فەراهەمبوونى خزمەتگوزارییە بنەڕەتی و سەرەتاییەکانی وەکو پەروەردە و تەندروستی.

ئامانجى ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ساڵی 2021 بریتییە لە خستنەڕووى ئەرک و بەرپرسیارێتى هەموو لایەنەکان، لە نێویاندا وڵاتان و بەرپرسانی حکومی و ئەفسەرانی سەپاندنی یاسا و نوێنەرانی میدیا و کەرتی تایبەت و کۆمەڵگای مەدەنی و ئەکادیمیا و هاوڵاتیان و لاوان هەن، لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا. بابەتی ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی 2021 "مافی تۆ، رۆلی تۆ: بڵێ نا بۆ گەندەڵی"یە، بۆ بەرزکردنەوەی هوشیاری دەربارەی کاریگەریەکانی گەندەڵی لە قەیرانەکاندا و جەختکردنەوە لەسەر ئەوەی چاکبوونەوە تەنها لەڕێی دەستپاکى و لێپرسراوێتییەوە بەدەست دێت.

ئەمساڵ شاندی یەکێتی ئەوروپا بۆ عێراق و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان و دامەزراوەکانی عێراقی فیدڕال و هەرێمی کوردستان لە دەستپێشخەرییەکی هەمەلایەنەدا، بەناوی "هاندانی دادوەری بۆ کپکردنی گەندەڵی و برەودان بە ناوبژیوانی لە عێراقدا" کە بە فەرمی لە 2021 دا بەگەڕخرا، هەوڵەکانیان یەکخستووە. ئەم پرۆژەیە ئامانجی پشتیوانیکردنە لە شەفافیەت و لێپرسراوێتیی گشتی و هاندانی عێراق بۆ پابەندبوونە نیشتیمانی و نێودەوڵەتییەکانی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و باشترکردنی یاسادانان و کرۆکی ستراتیژی عێراق بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و پشتیوانیکردنی کەرتی دادوەرى بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی باشتر گەندەڵی و سەرپێچییەکان تاووتوێ بکات و کۆمەڵگای مەدەنی عێراقی هان بدات و بەهێزى بکات بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی کاراتریان هەبێت.

باڵیۆزی یەکێتی ئەوروپا بۆ عێراق، بەڕێز ڤیل ڤاریۆلا، جەختی کردەوە و گوتی: "حکومەتی بەرپرس لە کرۆکی یەکێتی ئەوروپادایە و یەکێکە لە بەهاکانمان. ئەمڕۆ، لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا، شانبەشانى عێراقییەکان دەوەستین لە داوایاندا بۆبەرقەراربوونى شەفافیەت و حوکمڕانى باش. لەڕێی ئەم دەستپێشخەرییەوە کە لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە کۆمەکی کراوە، لەنزیکەوە کار لەگەڵ حکومەتی عێراقدا دەکەین بۆ بەدەمەوەچوونى ویستى گۆڕانکارى. بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیەدا، من پشت بە بەشداریکردن و خۆ بەخاوەنزانین دەبەستم لەلایەن دامەزراوەکانی حکومەتی عێراق و کۆمەڵگای مەدەنیشەوە."

جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و هەماهەنگکاری نیشتەجێ و هەماهەنگکاری مرۆیی، ئایرینا ڤۆیاکۆڤا سۆلۆرانۆ، گوتی: "هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی شان بە شانی برەودان بە گەشەی ئابوری بەردەوام و گشتگیر داوای خەلکین: بۆ بەدەنگەوەچوونی ئەم داوایانە، سەرکردە سیاسییەکانی عێراق دەتوانن چارەسەری هەمیشەیی بۆ ناسەقامگیری و ململانێ بدۆزنەوە."

نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، خاتوو زێنە عەلی ئەحمەد، گوتی: "ئێمە زیاتر بەجۆشین چونکە دەبینین دەسەلاتدارانی حکومەتی فیدرالی و هەرێمی کوردستانی عێراق دەستیان کردووە بە ڕێکارەکان بۆ باشترکردنی شەفافیەتى گشتی لە دامەزراوە میرییەکاندا لەڕێی کردنەوەی دەرگای ئاخاوتن لەسەر بەردەستبوونى فیدرالی و هەرێمى بۆ زانیارییەکانی یاسادانان. مافی وەرگرتنى زانیارى زۆر گرنگە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان بەشدارییەکى چاڵاکیان لە بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵیدا هەبێت."

پاشخان:

ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی

دەستەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی 9 ی کانونی یەکەمی وەکو ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەستنیشان کرد بۆ بەرزکردنەوەی هوشیاری لە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و ڕۆڵی کۆنگرە لە بەرەنگاربوونەوە و ڕێگریکردنیدا. کۆنگرەکە لە کانونی یەکەمی 2005 ەوە بەرکارە.

پشتیوانی بۆ پڕۆژەی دەستپێشخەریەکانی داد بۆ کپکردنی گەندەڵی و برەودان بە چارەسەری ململانێی بازرگانی (لێرە بەدوا پێی دەگوترێت، ناوبژیوانی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق) لەلایەن یەکێتی ئەوروپاوە کۆمەکی کراوە و لەسەر هەوڵە نیشتیمانیەکانی عێراق کاردەکات بۆ باشترکردنی شەفافیەت و بەرقرسیارێتى لە هەموو دامەزراوە حکومییەکاندا و پشتیوانی لە عێراق دەکات بۆ پابەندبوونە نیشتیمانی و نێودەوڵەتییەکانی لەسەر جەنگان دژی گەندەلی، بۆ پشتیوانیکردنی دامەزراوە عێراقییەکان لە پێداچوونەوەی یاسا نیشتیمانییە دژە گەندەڵییەکان و برەودان بە هاوتابوونیان لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و دابینکردنی ڕاهێنانی داواکراوی تایبەتمەند و دەرفەتەکانی ڕێنوینى بۆ لێکۆڵەرانی بوارى گەندەڵی و دادوەرانی بوارى دەستپاکی.

al-Sadiq Al-Adilee

EU
EU’s Press and Communications Officer

ماکسیم کیتسویک

به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان
پسپۆری پەیوەندیەکان و زانیاری گشتی لە پڕۆژەى دەستپێشخەری ناوبژیوانى و بەرەنگاربوونەوەى گەندەڵی لە بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەرەپێدان

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

EU
European Union
به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان
به‌رنامه‌ی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ په‌ره‌پێدان

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت