لێدوانی ڕۆژنامەوانی

ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ (IOM) پێشوازی لە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتییەکانی پەروەردەی سەڵاح الدین و نەینەوا دەکات بۆ پاراستنی مافی خوێندنی منداڵان

٢٧ شوبات ٢٠٢٢

٢٧ی شوبات ۲٠۲۲ - بەغدا — هەموو منداڵێک مافی خوێندنی هەیە، بەڵام لە عێراق دا، نزیکەی ٣,٢ ملیۆن لەو منداڵانەی کە گەیشتوونەتە تەمەنی چوونە قوتابخانە، کە نزیکەی نیوەیان منداڵانی ئاوارەکانن، ناتوانن ئەو مافە بەرجەستە بکەن، ئەمەش لە گەشەپێدانێکی تەواو بێ بەشیان دەکا و وادەکات زیاتر بێ دەرەتان بن و تووشی جیاکردنەوە و پەراوێزخستنی کۆمەڵایەتی، ئیستغلالکردن و بەکارهێنان و خراپ ڕەفتار لەگەڵ کردن بن.

لە مانگی شوباتدا، (IOM) لە عێراق پێشوازی لە بڕیارێکی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی پارێزگای نەینەوا (DoE) کرد کە ڕێگە بە منداڵانی بێ ناسنامە و ئەو منداڵانەی بەڵگەنامەکانیان ناتەواوە لە خوێندن بەردەوام بن و کارت و بڕوانامەی دبلۆمی ئامادەیی لە کۆتا ساڵی خوێندنی قوتابخانە بەدەستبێنن دوای ئەوەی کە بەڵگەنامە شارستانییەکانیان پێشکەشدەکەن. ئەم بڕیارەش هاندەر و پێشینەیەکی یاسایی هەیە لەبەرئەوەی بڕیارێکی هاوشێوە لە پارێزگای سەڵاح الدین لە کۆتایی مانگی کانوونی یەکەم دەرچوو. ئەم بڕیارانەش دوای هەوڵ و کۆششێکی چڕی داکۆکیکردن و ڕاوێژکردن لەگەڵ دەسەڵاتدارە خۆجێیەکان و بەشداری ڕاستەوخۆی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە و تیمی یاسایی (IOM) لە عێراق دا دران. پێشبینی دەکرێت زیاتر لە ٣٠٠٠ هەزار منداڵی بێ بەڵگەنامە و بێ ناسنامە لەم گۆڕانکاریانە سوودمەندبن.

تاکو ئەم دواییانە و سەرەڕای فەرمانێکی وەزارەتی پەروەردە، دەسەڵاتەکانی ئاستی پارێزگا لە هەموو پارێزگاکانی عێراق دا پێویستبوو منداڵان بەڵگەنامە و ناسنامەی شارستانیان هەبێت تاوەکو بتوانن بچنە قوتابخانە، ئەمەش کێشەیەکی گەورەی بۆ ئەو منداڵانە دروستکردبوو کە ئەو بەڵگەنامە و ناسنامە مەدەنیانەیان نییە یان وونبووە یان لە کاتی ئاوارەبوون لەناوچووە و نەماوە. هەروەها ئەو منداڵانەشی لەکاتی دەگیرکاری داعش دا لە دایکبوون ئەو بەڵگەنامە و ناسنامانەیان بۆ دەرنەهێنراوە یان بەڵگەنامەکە و ناسنامەکەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراقەوە دانی پێدانەنراوە.

سەرۆکی نێردەی گشتی (IOM) لە عێراق جۆرجی گیگاوری گووتی "ئەم بەرەوپێشچوونە یارمەتیدەردەبێت لە چارەسەرکردنی یەکێک لە سەخترین ئەو کێشانەی کە ڕووبەڕووی خێزانە گەڕاوەکان و خانەوادە کەمدەرامەت و بێ دەرتانەکان دەبووە لە پارێزگاکانی سەڵاح الدین و نەینەوادا سەبارەت بە چوونە قوتابخانەی منداڵان و چوونە بەر خوێندنی فەرمی. ئەم دەستکەوتە هانی (IOM) دەدات کە هەوڵ و کۆششەکانی زیاتر بکات لە پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی چوونە بەر خوێندن بۆ ئەو هاوڵاتیانەی کە شوێنیان جێگیر نییە و ڕاگواستراون و، هاوکات یەکدەگرێتەوەش لەگەڵ پابەندبوونەکانی عێراق لە ژێر ڕێککەوتننامەی جیهانی بۆ کۆچ".

هەبوونی بەڵگەنامە و ناسنامەی شارستانی مافێکی سەرەکی و بنەڕەتی مرۆڤە. دەستەبەرکردنیشی و بۆ گەیشتن و پیادەکردنی مافەکانی دیکە پێویستە، لەوانەش: خوێندن، تەندروستی، شوێنی پێویست و تەواوی نیشتەجێبوون، ئازادای جوڵەو هاتووچۆ و پڕۆسە یاساییەکان. لە بارودۆخی ئاوارەبوون دا و چارەسەرە بەردەوامەکان، هەبوونی بەڵگەنامە و ناسنامەی شارستانی شتێکی بنەڕەتیە تاوەکو ئەو ئاوارە ناوخۆییانە بتوانن گەڕانەوەیەکی ئارەزوومەندانە و جێگیریان هەبێت و بگەنە چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ ئاوارەبوونیان، لەبەرئەوەی ئەو بەڵگەنامەیە یارمەتیدەریان دەبێت بتوانن دەستیان بە خزمەتگوزارییەکانی حکومەت بگات، هەروەها چارەسەری بەربەستێکی سەرەکی بەردەم گەڕانەوە و یەکخستنی خۆجێی ئاوارەکان دەکات لە ناوچەی زێدی خۆیان دا، لەپاڵ ئەمانەشدا، تەبایی کۆمەڵایەتی زیاتر دەکات و دابەشکاری کۆمەڵایەتی کەمدەکاتەوە.

هەروەها تیمی پرۆگرامی یاسایی (IOM) لە عێراق پاڵپشتی ئەو کۆمەڵگەیانەی بەئامانجگیراوان دەکات بە پێدانی خزمەتگوزاری یاسایی بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەبارەی ناسنامە و بەڵگەنامە، نیشتەجێبوون، مافی موڵک و زەوی زار، یاسای خێزان و هەروەها کار و چالاکی بنیاتنانی توانا بۆ دەسەڵاتداران و گروپەکانی نێو کۆمەڵگە، ئەمەش بەمەبەستی زیاتر گێڕانەوەی توانای کەسی و کۆمەڵەیی بەرانبەر بە شەڕ و ململانێ و هۆیەکانی سەرهەڵدانی توندوتیژی.

ئەو هەوڵ و کۆششانەی تیمی پرۆگرامی یاسایی (IOM) لە عێراق بۆ دەرکردنی بڕیارەکانی بەڕێوەبەرایەتیەکانی پەروەردە بەسوپاسەوە بەپاڵپشتی حکومەتەکانی ئەڵمانیا و کەنەدا ئەنجامدرا.

 نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى كۆچ

نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى كۆچ

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ
رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت