لێدوانی ڕۆژنامەوانی

نەتەوە یەکگرتووەکان لە عیراق سەبارەت بە یادکردنەوەی کردارە دڕندەییەکانی ساڵی ٢٠١٤ دژی ئێزدییەکان لە شنگال: ئاشتی وگەشەپێدان و لێپرسینەوە کلیلی گەشەسەندنی کۆمەڵگایە

٠٣ ئاب ٢٠٢٢

بەغدا، ٣ی ئابی ٢٠٢٢- دوای هەشت ساڵ لە هێرشێکی دڕندانە لەلایەن ڕێکخراوی بەناو دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام (داعش)، کۆمەڵگای ئێزدی تا ئێستا ئەو ئاشتی و خۆشگوزەرانییەیان بەدەست نەهێناوە کە بەڕاستی شایەنیەتی.

هێشتا هەزاران ئێزدی نەگەڕاونەتەوە ناو خێزان و ئازیزانیان. تائێستاش شوێنیان نادیارە. زۆرێك لە بەرکەوتەکان لە دوای چەندین ساڵ لە دیلبوون و ئەشکەنجەدان و توندوتیژی سێکسی و کۆیلایەتی و هەروەها مامەڵەی ئەو پەڕی نامرۆڤانە بەردەوام بەدەست ئازاری دەروونییەوە دەناڵێنن. ژمارەیەکی زۆری تریش هێشتا بەسەر ئازاری لەدەستدانی ئەندامێکی خێزانی خۆشەویستیان، یان تەواوی خێزانەکەیان، زاڵنەبوونە. هاوکات زۆرێك لە ئێزدییەکان لە شوێنی ڕەسەنی خۆیان ئاوارە بوونە. بەهۆی بەردەوامی گرژییەکان، زێدی باوباپیرانیان لە شنگال هێشتا بێبەشە لەو سەقامگیرییە جەوهەرییەی کە پێویستە بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژیانیان، دوور لە ترس و تۆقاندن.

دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە ئەرکی هەمووانە کە بێوچان کار بکەن بۆ ئەوەی دەستبەجێ کۆتایی بە دۆخی نالەباری بەردەوامی ئێزدییەکان بێت، هەروەها هەموو هەوڵێك دەدرێت بۆ ئەوەی دەرفەت بۆ داهاتوویەکی باشتر بۆ خەڵکی شنگال بڕەخسێت. دەوڵەت چەترێکە بۆ هەمووان و دەبێت دەسەڵاتەکەی گەرەنتی بە هەموو هاووڵاتییەکی ئەم وڵاتە بدات، بەبێ گوێدانە لایەنگیری سیاسی و ئایینی و نەتەوەیی. هیچ ئێزیدییەك، و هیچ عێراقییەکی تریش، نابێت ببێتە قۆچی قوربانی کێبڕکێی دەسەڵاتی ناوخۆیی یان هەرێمی.

هەر لەبەر ئەمەشە دەبێت ڕێککەوتنی شەنگال بە تەواوی جێبەجێ بکرێت، بەبێ دواکەوتنی زیاتر. حوکمڕانی جێگیر و پێکهاتەی ئاسایش زۆر گرنگە. ڕێگە بە ئاوارەکان دەدات دواجار بگەڕێنەوە ماڵەوە، هەوڵەکانی ئاوەدانکردنەوە خێراتر بکرێت، پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری گشتی باشتر بکرێت.

نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە پەرەپێدان بە ڕێکارەکانی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش دژی ئێزدییەکان بۆ گەڕاندنەوەی دادپەروەری بۆ هەموو ئەوانەی بەدەست ئەم تاوانە قێزەونەوە دەناڵێن. ئازادی و دادپەروەری شانبەشانی ئاشتی و گەشەکردن دەڕوات.

ئێمە دەستخۆشی لە خۆڕاگری ئێزدییەکان دەکەین لە پاراستنی کولتوور و میراتەکەیان سەرەڕای هەوڵەکانی داعش بۆ سڕینەوەیان، و سەرەڕای ئەو ئاڵنگارییە بێشومارانەی کە کۆمەڵگاکە بەردەوام ڕووبەڕووی دەبێتەوە. ئەوانەش لەبیر ناکەین کە کوژراون یان بریندار بوون یان زەبریان بەرکەوتووە، هەروەها ئەوانەش کە بێسەروشوێنن: گەڕان بەدوایاندا دەبێت بەردەوام بێت تا ئەم بابەتە بە ئازارە کۆتایی پێدێت.

لە کاتێکدا یادی ئەم لاپەڕە زەبربەخشەی مێژووی عێراق دەکەینەوە، پابەندیی خۆمان بە ئارامی و سەقامگیری بۆ ئێزیدییەکان و خەڵکی شنگال نوێ دەکەینەوە.

Samir Ghattas

سه‌مير غه‌تتاس

نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ هاريكارى عيراق
وته‌بێژ / به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگەی پەیوەندییە ستراتیژییەکان و ڕاگەیاندن

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ هاريكارى عيراق
نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ هاريكارى عيراق

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت