لێدوانی ڕۆژنامەوانی

ڕاپۆرتی یونیسێف – تا ساڵی ٢٠٥٠، نزیکەی سەرجەم منداڵان لە عێراقدا روبەڕوی شەپۆلی بەرزی دووبارەبۆوەی گەرما دەبنەوە

٢٦ تشرینی یەکەم ٢٠٢٢

یونیسێف هۆشداری دەدات کە پێویستە رێوشوێنی بەپەلە بگیرێتەبەر بۆ زیادکردنی بودجەی  گونجاندن بۆ پاراستنی منداڵان و کۆمەڵگا لاوازەکان لە خراپتربوونی شەپۆلەكانی گەرما و زەبرەكانی دیکەی کەشوهەوا.

بەغدا، 25ی تشرینی یەکەمی 2022 – بەپێی توێژینەوەیەکی نوێی یونیسێف، لە ئێستادا 559 ملیۆن منداڵ لە ئاستی جیهانیدا بەرکەوتەی شەپۆلی بەرزی دووبارەبۆوەی گەرمان*. جگە لەوەش، 624 ملیۆن منداڵ بەركەوتەی یەکێک لە سێ پێوانەكەی دیكەی گەرمی بەرزن - ماوەی شەپۆلی بەرزی گەرما، بەرزی شەپۆلی توندی گەرما یان پلەی گەرمی زۆر بەرز، كە عێراقیش لەنێو ئەو وڵاتانەدایە کە لە ئێستادا زۆرترین بەرکەوتنی منداڵانیان هەیە بە پلەی گەرمی زۆر بەرز و زۆرترین پێشبینی نیگەرانکار بۆ ساڵی 2050 .

ڕاپۆرتی "ساردترین ساڵانی باقی ژیانیان: پاراستنی منداڵان لە کاریگەرییە هەڵكشاوەكانی شەپۆلی گەرما" تیشک دەخاتە سەر کاریگەرییە بەرفراوانەکانی شەپۆلی گەرما لەسەر منداڵان و ئاشکرای دەکات کە، تەنانەت لە ئاستە نزمەکانی قەتیسبوونی گەرمای جیهانیشدا، و تەنها لە سێ دەیەدا،  هەبوونی شەپۆلی رێكتری گەرما بۆتە پێداویستییەك بۆ منداڵان لە هەموو شوێنێکدا كە هەر دەبێت بەدی بهێنرێت.

راپۆرتەکە مەزەندەی ئەوە دەکات کە تا ساڵی ٢٠٥٠، پێشبینی دەکرێت  تێكڕای منداڵانی جیهان كە ژمارەیان دەگاتە ٢.٠٢ ملیار بەرکەوتەی شەپۆلی بەرزی دووبارەبۆوەی گەرما ببنەوە، بەبێ گوێدانە ئەوەی ئایا جیهان 'سیناریۆی کەمی دەردانی گازی قەتیسبوونی گەرمای' بەدەستبهێنێت كە مەزەندە دەكرێت بە ١.٧ پلەی گەرمبوون لە ساڵی  ٢٠٥٠ بێت یان ' سیناریۆی دەردانی زۆر بەرز گازی قەتیسبوونی گەرمای ' بە مەزەندەکردنی 2.4 پلەی گەرمبوون لە ساڵی٢٠٥٠ بێت.

ئەوەی پەیوەست بێت بە عێراقەوە ئەوا پێیشبینییەكان بە شێوەیەكی تایبەت جێگەی نیگەرانیین. لە کاتێکدا لە ساڵی 2020دا تەنها 6%ی منداڵانی عێراق بەرکەوتەی دووبارەبووی شەپۆلی بەرزی دووبارەبۆوەی گەرما دەبن، ئەوا هەردوو سیناریۆی ساڵی 2050 پێشبینی ئەوە دەكەن كە نەك  تەنها هەموو منداڵێك لە عێراقدا بەركەوتەی شەپۆلی بەرزی دووبارەبۆوەی گەرما دەبن لەو ساڵەدا، بەڵکو بەركەوتەی ماوەی بەرزی شەپۆلی گەرماكە و پلەی گەرمی زۆر بەرزیش دەبن.

ملیۆنان منداڵی دیکەش بەرکەوتەی توندیی شەپۆلی بەرزی گەرمی و پلەی لە رادەبەدەری گەرمی دەبنەوە، كە ئەویش بەندە بەو پلەی گەرمبوونە جیهانییەی كە دێتەئاراوە. لە ئێستادا ٢٣ وڵات دەکەونە  نێو بەرزترین پۆلێنەوە لە پەیوەندیدا بە بەرکەوتنی منداڵان بە پلەی گەرمی زۆر بەرز. ئەمەش تا ساڵی ٢٠٥٠ بەرز دەبێتەوە بۆ 33 ووڵات لە سایەی سیناریۆی کەمی دەردانی گازی ژەهراوی و لە سایەی سیناریۆی دەردانی زۆر بەرزی گازی ژەهراوی بۆ ٣٦ وڵات بەرز دەبێتەوە. لە هەردوو سیناریۆکەدا عێراق لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانەیە کە لە پۆلێنە بەرزەكەدایە.

شیما سێنگوپتا، نوێنەری یونیسێف لە عێراق رایگەیاند: "وەک بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یونیسێف ڕایگەیاندووە، گەرما لە بەرزبوونەوەدایە، هەروەها کاریگەرییەکانیشی لەسەر منداڵان."  ئاماژەی بەوەشکرد، "لە ڕاستیدا لە کۆی ١٠ منداڵ ٩ منداڵ لە عێراقدا بەرکەوتەی پلەی گەرمی زۆر بەرزن، و دۆخەكەش بەرەو خراپتر دەچێت. لە ماوەی سی ساڵی داهاتوودا منداڵانی زیاتر لە عێراق دەكەونە ژێر كاریگەری شەپۆلی گەرمای درێژتر و گەرمتر و بەردەوامەوە، ئەمەش مەترسی لەسەر تەندروستی و خۆشگوزەرانییان دروست دەکات. ئەو دوو سیناریۆیەی لە راپۆرتەکەدا هاتووە، پێویستی گرتنەبەری رێوشوێنەكان لە ئێستادا دەخەنەڕوو. راددەی وێرانكاری ئەم گۆڕانکاریانەش، بەندە بەو کردارانەی کە ئێستا ئەنجامییان دەدەین. بە پێی بەڕێوەبەری جێبەجێکارمان، ئەمە تاکە ڕێگایە بۆ ڕزگارکردنی ژیان و داهاتووی منداڵان – و داهاتووی هەسارەکە."

گەنجان لە عێراقدا رێككار دەگرنەبەر بۆ وەڵامدانەوەی کاریگەری شەپۆلەکانی گەرما. موجتەبا جەعفەر عەبدولعەزیز ئەلشاوی چالاكوانێكی تەمەن 20 ساڵەی بواری گۆڕانی کەشوهەوایە، كە لە راپۆرتە جیهانییەکەدا ئاماژەی پێكراوە “من بەشداریم لە داکۆکیکردن لە گۆڕانی کەشوهەوا کرد، چونکە گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەرییەکی زۆری لەسەر عێراق هەیە، بەتایبەتی لە شارەکەم کە ناوی میسانە. لە مانگەکانی هاویندا دەكرێت پلەکانی گەرما بگەنە ٥٠ پلەی سەدی. فێنككەرەوەكان لە هەموو شوێنە گشتیەکان یان لە وێستگەکانی سەر ڕێگاکەدا بەردەست نیین، ئەمەش وایکردووە کە هاتووچۆکردن و مامەڵەکردن لەگەڵ گەرمادا كارێكی دژوار بێت". موجتەبا روونە لەبارەی ڕێگای بەرەوپێشچوونەوە "پێویستە لە ئێستاوە هەنگاو بنێین. پێویستە ڕێککەوتنەکانی پێشووی کەشوهەوا جێبەجێ بکەین و بە جددیتر وەریانبگرین، وەک ڕێککەوتنی پاریس، هەروەها هەنگاو بنێین بۆ بەردەوامیی و پشت نەبەستین بەو کەرەستانەی کە پیسبوون زیاد دەکەن".

ئەم دەرئەنجامانە بە هاوکاری لەگەڵ  داتای هاوكاریئامێز بۆ منداڵان(The Data Collaborative for Children) بەرهەم هێنراوە و بە هاوبەشی لەگەڵ باڵیۆزی نیازپاکی یونیسێف "ڤانێسا ناکاتی" و بزووتنەوەی ڕايز ئەپ(Rise Up) کە بنکەکەی لە ئەفریقایە،  ئەم دەرئەنجامانە جەخت لەسەر پێویستی بەپەلەی گونجاندنی ئەو خزمەتگوزارییانە دەکەنەوە کە منداڵان پشتیان پێدەبەستن لەگەڵ پەرەسەندنی کاریگەرییە حەتمیەکانی گەرمبوونی جیهان. هەروەها بەڵگەیەك بۆ بەردەوامبوون لە کەمکردنەوەی كاریگەرییەكان دەخاتە ڕوو، بۆ ڕێگریکردن لە خراپترین کاریگەرییەکانی پەیوەست بە ڕێوشوێنەکانی دیكەی گەرمی بەرزەوە، لەوانە شەپۆلی گەرمی درێژتر و گەرمتر و پلەی گەرمی توندتر.

لە راپۆرتەکەدا دەرکەوتووە کە ماوەی شەپۆلی بەرزی گەرما لە ئێستادا کاریگەری لەسەر 538 ملیۆن منداڵ هەیە، واتە لەسەدا 23ی منداڵان لە جیهاندا. ئەمەش لە ساڵی ٢٠٥٠دا و لە پلەی گەرمی ١.٧دا دەگاتە ١.٦ ملیار منداڵ،  و دەبێتە ١.٩ ملیار منداڵ لە پلەی گەرمی ٢.٤ پلەدا، ئەمەش جەختكردنەوەیە لەسەر گرنگی بە پەلەی گرتنەبەری رێككاری بەپەلە و دراماتیكی دەردانی گازی ژەهراوی و ڕێوشوێنی گونجاندن بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گەرمبوونی جیهان و پاراستنی ژیان.

شەپۆلەكانی گەرما زیانێكی تایبەت بە منداڵان دەگەیەنن، چونکە ئەوان تواناییەكی كەمتریان هەیە بۆ ڕێکخستنی پلەی گەرمی جەستەیان بە بەراورد بە گەورەکان. تا منداڵان زیاتر بەر شەپۆلی گەرمی بکەون، ئەگەری تووشبوونییان بە کێشەی تەندروستی زیاترە، لەوانە نەخۆشییە درێژخایەنەکانی کۆئەندامی هەناسە، هەناسەتەنگی و نەخۆشیەکانی دڵ و خوێنبەرەکان. کۆرپە و منداڵانی بچووک زۆرترین مەترسی مردنیان لەسەرە بەهۆی گەرمیەوە. هەروەها شەپۆلی گەرما دەتوانێت کاریگەری لەسەر ژینگەی منداڵان، و سەلامەتی، و خۆراک و دەستڕاگەیشتن بە ئاو، و پەروەردە و بژێوی داهاتوویان هەبێت.

یونیسێف داوای ئەم كارانە لە حکومەتەکانی جیهان دەکات:

پاراستنی منداڵان لە وێرانبوونی کەشوهەوا بە گونجاندنی خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان. پێویستە هەموو وڵاتێک خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییە گرنگەکان - ئاو، ئاوەڕۆ و پاکوخاوێنی، تەندروستی، پەروەردە، خۆراک، پاراستنی کۆمەڵایەتی و پاراستنی منداڵان - بگونجێنێت بۆ پاراستنی منداڵان و گەنجان. بۆ نموونە دەبێت سیستەمی خۆراک بەهێز بکرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت بەرگەی مەترسییەکان بگیرێت و  زامنی دەستڕاگەیشتن بە خۆراکی تەندروست بەردەوام بكرێت. دەبێت وەبەرهێنان زیاتر بکرێت لە خۆپاراستن و دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی پێشوەختەی بەدخۆراکی توند لە منداڵان و دایکان و دانیشتوانی لاوازدا. لەكۆنفرانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ  گۆڕانی كەشوهەوا 27، دەبێت منداڵان و مافەکانیان لە بڕیارەکانی گونجاندندا لە پێشینەدا دابنرێن.

  • منداڵان ئامادە بکەن بۆ ئەوەی لە جیهانێکدا بژین کە کەشوهەوا تێیدا گۆڕاوە. هەموو وڵاتێک دەبێت پەروەردەی گۆڕانی کەشوهەوا، و پەروەردەی کەمکردنەوەی مەترسی کارەسات، و ڕاهێنانی کارامەیی سەوز و دەرفەتی بەشداریکردنی مانادار و کاریگەر لەسەر داڕشتنی سیاسەتی کەشوهەوا بۆ منداڵان و گەنجان دابین بکات.  دەبێت لەكۆنفرانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ  گۆڕانی كەشوهەوا 27 ئەوە ببینرێت كە وڵاتان سەرنجەكانیان چڕ دەكەنەوە لەسەر گرنگیدان بە پەروەردەكردنی منداڵان لە پەیوەندیدا بە كەشوهەوا و تواناداركردنیان لە پلانی کارکردنی  پەیوەندیدار بە تواناداركردنی تایبەت بە كەشوهەواوە ، و پەسەندی بکەن، و پابەندبوونەکانی پێشووییان بۆ بنیاتنانی توانای گەنجان جێبەجێ بکەن.
  •  لە پێشینەدانی منداڵان و گەنجان لە بواری دارایی و سەرچاوەکانی کەشوهەوا. پێویستە وڵاتانی پێشکەوتوو ڕێککەوتنەکەیان لە كۆنفرانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ  گۆڕانی كەشوهەوا 26 جێبەجێ بکەن بۆ دوو هێندەکردنی بودجەی گونجاندن بۆ 40 ملیار دۆلار لە ساڵێکدا بەلایەنی کەمەوە تا ساڵی 2025، ئەویش وەک هەنگاوێک بۆ  دەستەبەركردنی لانیکەم 300 ملیار دۆلار لە ساڵێکدا بۆ گونجاندن تا ساڵی 2030. پێویستە بودجەی گونجاندن نیوەی سەرجەم داراییەکانی کەشوهەوا پێکبهێنێت. پێویستە كۆنفرانسی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ  گۆڕانی كەشوهەوا 27  دەرگا بە رووی پێشکەوتنەکان لەبواری لەدەستدان و زیانەکاندا بکاتەوە، خۆڕاگری منداڵان و کۆمەڵگاکانیان بكاتە چەقی  گفتوگۆکان لەبارەی کردەوە و پشتیوانییەوە.
  • ڕێگریکردن لە کارەساتی کەشوهەوا بە کەمکردنەوەی بەرچاوی دەردانی گازی قەتیسبوونی گەرما و ڕاگرتنی پلەی گەرمی 1.5 پلەی سەدی بە زیندووی. پێشبینی دەکرێت لەم دەیەدا ڕێژەی دەردانەكان بە ڕێژەی 14% بەرزبێتەوە، ئەمەش دەمانخاتە سەر ڕێگای قەتیسبوونی كارەساتباری گەرما. پێویستە سەرجەم حکومەتەکان پێداچوونەوە بە پلان و سیاسەتە نیشتمانییەکانیان لەبارەی كەشوهەواوە بكەن بۆ زیادکردنی خواست و کردارەكان. دەبێت تا ساڵی ٢٠٣٠ ڕێژەی دەردانی گازی ژەهراوی بەلایەنی کەمەوە بە ڕێژەی ٤٥٪ کەم بکەنەوە بۆ ئەوەی گەرمبوونەکە لە ١.٥ پلەی سەدی زیاتر نەبێت.

 

#####

تێبینی بۆ سەرنووسەرەكان

راپۆرتی "ساردترین ساڵانی باقی ژیانیان: پاراستنی منداڵان لە زیادبوونی کاریگەرییە هەڵكشاوەكانی شەپۆلەکانی گەرما"  دابگرە (بەردەستە کاتێک قەدەغەكردنەكە هەڵدەگیرێت).

ڕاپۆرتەکە دوای بڵاوکردنەوەی پێوەرەکانی مەترسی کەشوهەوای منداڵان لە ساڵی ٢٠٢١ لەلایەن یونیسێفەوە دێت. لێرەدا CCRI بخوێنەرەوە.

لێرەدا ناوەڕۆكی داتاكان بە شێوەی جیاواز و جۆراوجۆر دابگرە

Translation is too long to be saved

*پێناسەکان

شەپۆلەکانی گەرما – بریتیە لە ماوەی 3 ڕۆژ یان زیاتر کە لە هەر رۆژێكدا بەرزترین پلەی گەرمی لە ترۆپكی لە 10%ی تێکڕای ناوخۆیی 15 ڕۆژدا بێت.

دووبارەبوونەوەی بەرزی شەپۆلی گەرمی – بریتیە لەوەی لە هەر ساڵێكدا بە تێکڕا 4.5 یان زیاتر شەپۆلی گەرمی لە ئارادا بێت.

ماوەی بەرزی شەپۆلی گەرمی – ئەوەیە كە تێکڕای ڕوودانی شەپۆلی گەرمی 4.7 ڕۆژ یان زیاتر بخایەنێت.

توندی بەرزی شەپۆلی گەرما - کە تێکڕای ڕوودانی شەپۆلی گەرما 2 پلەی سەدی یان زیاترە لە سەرووی تێکڕای ناوخۆیی 15 ڕۆژەوە.

پلەی گەرمی زۆر بەرز – کە پلەی گەرما بە تێکڕا 83.54 ڕۆژ یان زیاتر لە ساڵێکدا لە 35 پلەی سەدی تێدەپەڕێت.

سیناریۆی یەکەمی ساڵی 2050 – "سیناریۆی دەردانی كەمی گازی قەتیسبوونی گەرما" کە تا ساڵی 2050 بە 1.7 پلەی گەرمبوون مەزەندە دەکرێت. ئەمە سیناریۆیەکی چەسپێنراوە  و لە مۆدێلکردنی کەشوهەوادا بەکاردەهێنرێت و لەلایەن IPCC بە "SSP1" پێناسە کراوە.

سیناریۆی دووەمی ساڵی 2050 – "سیناریۆیەکی دەردانی بەرزی گازی قەتیسبوونی گەرما" بە مەزەندەکردنی 2.4 پلەی گەرمبوون تا ساڵی 2050. ئەمە سیناریۆیەکی چەسپێنراوە کە لە مۆدێلکردنی کەشوهەوادا بەکاردەهێنرێت و لەلایەن IPCC بە "SSP5" پێناسە کراوە.

لەبارەی یونیسێفەوە

یونیسێف لە هەندێ لە دژوارترین شوێنەكانی جیهاندا كار دەكات، تاوەكو بەو منداڵانەی جیهان بگات كە دووچاری زۆرترین بێبەشبوون بوونەتەوە. لە زیاتر لە 190 وڵات و ناوچەدا، كار بۆ هەموو منداڵێك دەكەین لە هەموو شوێنێك، ئەویش لە پێناو بنیاتنانی جیهانێكی باشتر بۆ هەمووان.

بۆ زانیاری زیاتر لەبارەی یونیسێف و كارەكانی بۆ منداڵان سەردانی ئەم لینكە بكەن www.unicef.org

بەدواداچوون بكەن بۆ یونیسێف لە ئینستگرام،  تویتەر  و  فەیسبووك  و یوتیوب

Miguel Mateos Muñoz

ميگێل ماتيۆس مونۆس

سندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان- یونیسێف
سه‌رۆكى تيمى په‌يوه‌ندييه‌كان
UN staff

مۆنیکا عەوەز

سندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان- یونیسێف
پسپۆڕی پەیوەندییەکان

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

سندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان- یونیسێف
سندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان- یونیسێف

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت