بەغدا – لە ٣١ی تشرینی یەکەم تا١ی تشرینی دووەم
نوسینگەی مافەکانی مرۆڤی یونامی پاڵپشتی لە بەشداریکردنی ١٩ عێراقی بە ڕەچەڵەك ئەفریقی کرد لە کۆبوونەوەی دوو ڕۆژەی هەرێمیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەبارەت بە دەیەی نێودەوڵەتی بۆ خەڵکانی بە ڕەچەڵەك ئەفریقی).
دەیەی نێودەوڵەتی بۆ خەڵکانی بە ڕەچەڵەك ئەفریقی کە بە پێی بڕیاری ٦٨/٢٣٧ی ئەنجومەنی گشتی ڕاگەیەندراوە، لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠٢٤ بەردەوام دەبێت و وەك سەکۆیەك کاردەکات بۆ جەختکردنەوە لەو بەشدارییە گرنگەی کە خەڵکی بە ڕەچەڵەك ئەفریقی بۆ هەموو کۆمەڵگایەك ئەنجامی دەدەن بە مەبەستی برەودان بە ڕێوشوێنی کۆنکرێتی بۆ کۆتاییهێنان بە جیاکاری و برەودان بە هەستی ئەندامبوون.
ئامانجی کۆبوونەوەی هەرێمیی نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشیارکردنەوەی بەشداربووان بوو لەسەر بەرنامەو چالاکییەکانی دەیەی نێودەوڵەتی بۆ خەڵکانی بە ڕەچەڵەك ئەفریقی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەهێزکردنی هاوکاری نیشتمانی و هەرێمی و نێودەوڵەتی و ئاسانکاری بۆ ئاڵوگۆڕی پراکتیزە باشەکان و برەودان بە زانیاری زیاتر و ڕێزگرتن لە بەشداریی مێژوویی و هاوچەرخەکانی خەڵکانی بە ڕەچەڵەك ئەفریقی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
یونامی ئاسانکاری کرد بۆ بەشداریکردنی ١٩ عێراقی بە ڕەچەڵەك ئەفریقی (٨ ژن و ١١ پیاو) بە شێوەی ئۆنلاین لە بەسرە و بەغداوە.
گفتوگۆکان لەسەر سێ تەوەری دەیەی نێودەوڵەتی بۆ خەڵکانی بە ڕەچەڵەك ئەفریقی بوون کە بریتین لە "دانپێدانان" و "دادپەروەری" و "گەشەپێدان". هەروەها ئامادەبووان، لەوانەش نوێنەرانی حکومەت کە دەرفەتیان پێدرا قسە لەسەر دۆخی مافی مرۆڤی خەڵکانی بە ڕەچەڵەك ئەفریقی لە وڵاتەکانیان بکەن، لەنێویشیاندا ئەو ڕێوشوێنانەی گیراوەتەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئالنگاریانەی کە دەستنیشانکراون.
دوو لە هاوڵاتیە عێراقییەکانی بە ڕەچەڵەك ئەفریقی (ژنێك و پیاوێك) لەسەر "دەرفەت و ئالنگاری گەشەپێدان لە دەستڕاگەیشتن بە گەشەپێدان و مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان" و "ئاماژە ئابووری و کۆمەڵایەتی" قسەیان کرد.
نوێنەرایەتی هەمیشەیی حکومەتی عێراق لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا لە بەشدارییەکەیدا جەختی لە کاریگەرییە نەرێنییەکانی جیاکاری نەژادی کردەوە لەسەر سوودمەندبون لە مافەکانی مرۆڤ و گرنگی لێبووردەیی لە پەرەپێدانی ئاشتی و دیموکراسیدا دووپات کردەوە، هەروەها جەختی لە پابەندبوونی عێراق کردەوە بۆ ئەرکە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤ ، لەوانەش ڕێککەوتننامەی نێودەوڵەتی بنبڕکردنی جیاکاری ناژادی.