لێدوانی ڕۆژنامەوانی

وەزارەتی ژینگەی فیدراڵی، بۆردی ژینگەی کوردستان، دەزگای ئاماری ناوەند و دەستەی ئاماری کوردستان بە پاڵپشتی تەکنیکیی سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان وۆرکشۆپێکی ڕاوێژکاریی لەسەر کاریگەریی گۆڕانی کەش و هەوا لەسەر ژنان و کچان ڕێک دەخات

١٢ کانونی یەکەم ٢٠٢٢

21ی کانوونی یەکەمی 2022؛ هەولێر، هەرێمی کوردستان- عێراق - وەزارەتی ژینگەی فیدراڵی، دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، دەزگای ئاماری ناوەند، دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان وۆرکشۆپێکیان لە 11-12ی کانوونی یەکەم لە هەولێر لەسەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا لەسەر ژنان و کچان و چۆنیەتی نەخشەکێشانی ڕێگەچارەی بەردەوام ڕێکخست بۆ ئەوەی خەڵک و کۆمەڵگاکان خۆیان بگونجێنن لەگەڵ گۆڕانکارییەکان.

لە 2021 سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان بەهاوکاری وەزارەتی پلاندانان و دەزگای ئاماری ناوەند و دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان ئەنجامی ڕاپرسیی دۆخی کۆمەڵایەتی و تەندروستیی ژنانی عێراقیان بڵاوکردەوە کە تێیدا گۆڕانکارییەکانی باری ئابووری و کۆمەڵایەتی ژنان لە عێراق لە ساڵی 2011ەوە نیشان دەدات. دوا بە دوای ئەم ڕاپرسییە، سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان لەگەڵ وەزارەتی ژینگەی فیدراڵی و وەزارەتی پلاندانان لێکۆڵینەوەیەکی خێرا لەسەر کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا لەسەر ژیانی ژنان و کچانی عێراق ئەنجام دەدات.

بۆ ئامادەکاری بۆ ئەم توێژینەوەیە، سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان وۆرکشۆپێکی ساز کرد کە لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەردوو حکومەت و کەرتی تایبەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانی گەنج ئامادەبوون بۆ وەرگرتنی ڕای هەمووان لەسەر دانانی نەخشەڕێگایەک بۆ دەستپێکردنی توێژینەوەکە. ئامانج لەم وۆرکشۆپە ڕاوێژکارییە ئەوەیە کە سیاسەتێکی نیشتیمانی بۆ گۆڕانی کەش و هەوا دابندرێت کە چارەسەری نوێ لەخۆبگرێت لە لایەن گرووپی جیاوازەوە بە ڕەچاوکردنی کێشەی تەندروستی و مافی زایندەیی ژنان و کچان.

لە مەراسیمەکەدا دکتۆر ضیاء کازم عەواد سەرۆکی دەزگای ئاماری ناوەند لە حکومەتی فیدڕاڵی گرنگیی سیاسەتی جەماوەریی دووپات کردەوە و وتی: "هیوادارین ئەم وۆرکشۆپە بناغەیەکی باش بێت بۆ ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە بڕیارە لە ساڵی 2023دا ئەنجام بدرێت، و لەسەر بنەمای توێژینەوەی جۆریی بێت کە هەموو سێکتەرەکان بەشداریی تێدا بکەن سەرنجێکی تایبەت بخرێتە سەر بەهێزکردنی تواناکانی ژنان و کچان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانی کەش و هەوادا."

لای خۆشیەوە خاتوو لەمیس مونیف سەرۆکی یەکەی جێندەر لە وەزارەتی ژینگە تیشکی خستەسەر ئەو ڕۆڵەی کە وەزارەتی ژینگە بینیویەتی لە کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا لەسەر خەڵک بەگشتی و ژنان و منداڵان و وتیشی: "خۆشحاڵین بە پێشکەشکردنی کار و ڕۆڵی خۆمان لەم وۆرکشۆپەدا، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی کۆنگرەی کەش و هەوا کە لە میسر بەڕێوەچوو. ئێمە پابەندینبە بەهێزکردنی ژنان و ئامادەین بۆ هاوکاریکردنی ئەم توێژینەوەیە لەگەڵ وەزارەتی پلاندانان و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان."

نوێنەری دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانیش جەختی لە گرنگی ئەم لێکۆڵینەوەیە کردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە داتاو دەرەنجامەکانی ئەم لێکۆڵینەوەیە وەک بناغەیەکی سەرەکی بۆ پەرەپێدانی پلان و ستراتیژی نیشتیمانی بەکاربهێندرێن.

بەڕێز گاریک هایراپتین جێگری نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان لە عێراق دووپاتی کردەوە کە وۆرکشۆپەکە پشتیوانی لە ڕێچکەیەکی فرە سێکتەری دەکات بۆ خێراکردنی کارکردن لەسەر کەش و هەوا و گوتی: "پەرەپێدانی ستراتیژی نیشتیمانی بۆ دەستنیشانکردنی دەرفەتە شاراوەکان و کەلێنەکان پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە ئاوارەبوون و بەفیڕۆدانی سامانە سروشتیەکان."

نوێنەرانی حکومەت و کەرتی تایبەت و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانانی گەنج ئامادەیی خۆیان نیشاندا کە بەشداربن لەم لێکۆڵینەوەیەدا و داکۆکی لە پێشخستنی یاسادانان و سیاسەت و بەرنامەکانی سەبارەت بە گۆڕانی کەش و هەوا بکەن.

گۆڕانی کەش و هەوا کاریگەری لەسەر هەموومان هەیە و کاتی کارکردن لەسەر ئەم پرسە ئێستایە. با پێکەوە کار بکەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرە درێژخایەنەکان کە یارمەتی خەڵک و کۆمەڵگاکان دەدات کە لەگەڵ گۆڕانی کەش و هەوادا بگونجێن و دڵنیابینەوە کە بژێوی ژیانیان پارێزراوە.

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

سندوقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ دانیشتوان
سندوقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ دانیشتوان

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت