عێراق لەسالانێک لەناسەقامگیری و ناکۆکییەوە ڕزگاری دەبێت و هەموو هۆکارێک هەیە بۆ ئەوەی بەشانازییەوە یادی کارەکانمان بکەین,هەرچەندە ماوەی کارکردنی من لەم وڵاتەدا تەنیا لەم دواییانەدا دەستی پێکردووە، بەڵام من لەم دواییانەدا پێشکەوتنی بەرچاوم بینیوە،دوای چەندین ساڵ لە سەختی و بارگرانی بێ وێنە هەموو شانازی و سوپاس بۆ ئەو خەڵکەیە کە بەهۆی خۆڕاگرییان خۆیان هەنگاوی گەورەیان ناوە بەرەو زەمینە خۆشکردن بۆ نەتەوەیەکی ئارامتر و جێگیرتر و سەقامگیرتر.
لە ساڵی 2014دا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لەسەر داوای عێراق هەموو هەوڵەکانیان خستە گەڕ بۆ گەیاندنی کۆمەکی زۆر پێویست بۆ ئەم وڵاتە کە لە کاتژمێرە سەختەکانی خۆیدا بوو لە پێناو بەرگرتنی قەیرانێکی ئەمنی و مرۆیی وێرانکەر تێدەکۆشان. دوای پێنج ساڵ لەشکستی داعش و تێکشاندنیان لەناوچەکەدا و دواتر هەوڵەکان بۆ چاکبوونەوە و ئاوەدانکردنەوە و ئاشتبوونەوە دەستیان پێکرد. هەروەها ژمارەیەکی بێشوماری سەرسوڕهێنەر لە هاوڵاتیان کە پێویستییان بە یارمەتی مرۆیی بوو لە 11 ملیۆن کەسەوە کەمی کرد بۆ 2.5 ملیۆن بەم دواییانە.
بەخشەرە نێودەوڵەتیەکان 8 ملیار دۆلاریان لە یارمەتی مرۆییدا دابین کرد لە کاتێکدا ملیارەها دۆلاری تر وەبەرهێنان کرا لە بوارەکانی گەشەپێدان و ئاوەدانکردنەوە و جێگیرکردنی سیستەمی کارەبا و ئاوی گشتی و بنیاتنانەوەی ڕێگاکان و ئاوەدانکردنەوەی قوتابخانە و ئاسانکاری لە تەندروستی و خانووبەرە.
دابەزینی ژمارەی ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە کۆمەک بوو و هەروەها توانای باشترکراوی حکومەت بۆ پەیداکردنی داهاتی زیاتر و دابینکردنی بژێوی هاوڵاتیان بە شێوەیەکی سروشتی مەرجی گونجاویان هێنایە ئاراوە بۆ گۆڕانکاریکردن لە هاوکاری و چارەسەرە مرۆییەکانەو بۆ بواری گەشەپێدان بۆ دانیشتوانە ئاوارە ناوخۆییەکانی عێراق. ئەمە بەئاشکرا دیارە بە تایبەتی دوای گرتنە بەر و کارکردن بە پلانی نەتەوەیی بۆ پرسی ئاوارەیی ناوخۆیی و داواکردنی دانانی کۆڵەکەیەکی سەرەکی بۆ کۆتایی هێنان بە ئاوارەبوونی ناوخۆیی لە چوارچێوەی هاریکاری گەشەپێدانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکان.
لە کاتێکدا هەوڵ و کۆشش و کۆمەکی مرۆیی لەو وڵاتەدا دادەبەزێنین، کۆمەڵگەی مرۆیی کە ساڵانێکی زۆرە هاوبەشێکی نزیکی عێراقە، پابەندی خۆی دووپات دەکاتەوە بۆ بەردەوامبوون لە پشتیوانیکردنی خەڵک و دەسەڵات لە عێراق بەرەو قۆناغێکی نوێ ی چارەسەری گەشەپێدان. وەک چۆن لە کاتی پێویستدا لەگەڵ خەڵکی عێراق ڕاوەستاین و لە ئێستادا و لە داهاتوودا بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵیاندا.
پێکەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر ستراتیژی گؤرانکاری لە کاری مرۆیی دەکەین بۆ چارەسەرکردنی پێداویستییە مرۆییە تەواونەکراوەکان لە ساڵی 2023 دا لە هەمان کاتدا هەنگاونانی بەرجەستە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی بەردەوام بۆ پرسی ئاوارەکانی ناوخۆ و پەنابەران لە چوارچێوەی هاریکاری نەتەوە یەکگرتوەکاندا کە هەردوو حکومەتی عێراق و تیمی نەتەوە یەکگرتووەکان ئیمزاکارن.
بۆ نموونە هاوبەشیکردنمان لەگەڵ وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بووە هۆی بەشداریپێکردنی ئاوارە ناوخۆییەکان و گەڕاوەکان لە تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی نشتمانیدا بەڵگەیەکی پتەوە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بۆ ئەوەی بەرپرسیارێتی هاووڵاتی خۆی بگرێتە ئەستۆ و چارەسەری دوورمەودایان بۆ بدۆزێتەوە. ئێمە بەردەوام دەبین لە کارکردن لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی دیکەش بۆ دڵنیابوون لەوەی ئاوارە ناوخۆییەکان و گەڕاوەکان سوودمەند دەبن لە خزمەتگوزارییە کۆمەڵایەتییەکان وەک هەر هاوڵاتیەکی دیکەی عێراقی.
کە بەرەو ئەو ڕێگا درێژ خایەنانە دەچینە پێشەوە، چەندین ئاڵنگاری دیکە لە پێشماندایە لەوانە ئاسایش و حوکمرانی خۆجێ ی و کەمى شێڵتەر و هەلی بژێوی ژیان کە ڕێگرن لە گەڕانەوەی خۆبەخشانە و سەلامەتانەی زۆرێک لە ئاوارە ناوخۆیەکان بۆزێدو ناوچەکانی خۆیان.
ڕەخساندنی هەلومەرجی گونجاو بۆ ئەوەی هاوڵاتی عێراقی خۆیان سەرمەشقی پێکهێنانی ئایندەی خۆیان بن و بەشدار بن لە بنیاتنانی عێراقێکی سەقامگیر و سەرفراز و جێگەی هەموانی تیادا بێتەوە پرۆسەیەکە وا پێویست دەکات هەموان تیایدا بەشدار بن - هەر لە حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی و کەرتی تایبەت و نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو هاوبەشەکانى و تاوەکو کۆمەڵگای بەخشەریش.
ساڵی ڕابردوو یارمەتی زیاتر لە 4.2 ملیۆن عێراقیمان دا لەوانەش دانیشتوانی ئاوارەی ناوخۆی تێدابوو، زیادکردنی دەستگەیشتن بەخزمەتگوزاری لەو کەرتانەى کە ئەولەویەتی هەیە هەروەها جێبەجێکردنی 629 پڕۆژەی ژێرخان تیایدا هەزاران بینای تایبەت و حکومىمان ئاوەدانکردەوە،لەوانەش بینای قوتابخانەکان و سەنتەری نەخۆشخانەکان. لە موسڵ و فەلوجە و ڕومادی زیاتر لە 5 ملیۆن م 2 زەوی پیسکراو لە مین و تەقەمەنی پاککرانەوە ئەمانە تەنها هەندێکن لە نمونەی کاریگەریەکانی کارەکانمان.
هەروەک چۆن لەڕابردووشدا بەردەوام بووین لە هاوکاریەکانمان لە ئێستاشدا بەردەوامین لەپشتیوانیکردنی حکومەت چونکە حکومەت چەندین مەسەلەی گرنگی تر بەڕێوەدەبات لەوانەش ڕەخساندنی ژینگەی لەبارو زەمینەی سیاسی و ئەمنی گونجاو بۆ ئاشتی دڕێژخایەن و سەقامگیریی بەردەوام و چارەسەرکردنی پرسی گەندەڵی و گۆڕانی کەش و هەواو قەیرانی ئاو لەهەمان کاتدا گەشەپێدانی چارەسەری دوورمەودا و هەمیشەیی بۆ ئەوانەی ئاوارەی ناوخۆ بوون.
بۆ ئەوەی بە ئاشکراتر ڕوون بکرێتەوە: هاوبەشی نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق بەردەوام بەهێزە و گەشە دەکات،ئەویش لە ڕێگەی پرۆژەی بەردەوام وکاری داکۆکیکاری و تواناسازی و یارمەتی تەکنیکییەوە. هەر کات پێویستی کرد، هاوبەشە مرۆییەکان بەردەوام دەبن لە دابینکردنی کۆمەک بۆ ئەو کەس و کۆمەڵگایانەی کەلە پێگەیەکی لاوازدان، لەوانەش ژنان، منداڵان، گەنجان، بەساڵاچووان و کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت. هەروەها ئێمە بەردەوامین لە پشتگیریکردنی دووبارە تێکەڵبوونەوەی ئاوارە ناوخۆییەکان لە ڕێگەی پرۆگرامی ناوچەیی بۆ پاراستن و بەهێزکردنی شیرازەی کۆمەڵایەتی و چارەسەرەکان کە ئاماژە بە هەر دۆخێکی چارەسەرنەکراو دەکەن و کەسیش لە دواوە جێناهێڵن، هەروەها دۆزینەوە و دەستنیشانکردنی چارەسەری بەردەوام و شکۆدار بۆ ئەوانەى کە هێشتا وەک ئاوارەی ناوخۆ ماونەتەوە.
تەنها خەڵکی عێراق خۆیان دەتوانن ئایندەی خۆیان دیاری بکەن و نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیە بۆ پشتگیریکردنیان لە هەر هەنگاوێک بەرەو بەدیهێنانی ئەو خۆشگوزەرانییەی کە بە ڕاستی شایانیانە.