خاتوو جینین هێنیس-پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لە کۆربەندی سلێمانی
١٥ی ئاداری ٢٠٢٣
پایەداران
خانمان ، بەڕێزان
لە میانەی بەشداریکردنم لەم کۆڕبەندە ، پێش چوار ساڵ، لە ئاداری ٢٠١٩، بەوە دەستم پێکرد کە من ڕاشکاوانە دەدوێم ، بە شێوازێک کە هانی بیرکردنەوە دەدات ، بۆ ئەوەی بتوانین ڕاستگۆیانە و بونیاتنەرانە هەوڵی چارەسەرکردنی چەند کێشەیەکی ڕەگداکوتراو لە پرۆسە و دامودەزگا عێراقییەکان بدەین. ئەگەر ئێوە ڕێگام پێبدەن، ئەوا ئەمڕۆش هەمان شت دووبارە دەکەمەوە.
ئەو کات وتم تەنیا بە تیشک خستنە سەر نیگەرانییە سیستەماتیکییەکان دەتوانرێت متمانەی جەماوەر بەدەستبهێنینەوە . هۆشداری ئەوەشم دا توڕەیی لەڕادەبەدەر بە هەڵچوونی خێرای لێدەکەوێتەوە و هەر شکستێکیش لە هەڵسوکەوت کردندا بە حەتمی دەبێتە هۆی گەڕێکی نوێی توندوتیژیی.
دواتر چی ڕوویدا؟ ئێستاش شتەکان بە کوێ گەیشتوون ؟
بە دڵنیاییەوە ، هەموومان خۆپێشاندانە جەماوەرییەکانی مانگی تشرینی یەکەمی هەمان ساڵمان بە بیر دێتەوە.
زۆرێك لە عێراقییەکان، لە گشت چینەکانی کۆمەڵگا، ڕژانە سەر شەقامەکان و دژ بە نەبوونی ئاسۆیەکی ڕوونی ئابووری و کۆمەڵایەتی و سیاسی ناڕەزایەتییان دەربڕی. ئەوان بەدەست گەندەڵی و بەرژەوەندی حیزبی، جەماوەری ماندوو بوون . دوای ١٦ ساڵ ئەوان ئارامییان نەما ، بە سادەیی ، لەبەر جێبەجێنەکردنی ئەو بەڵێنانەی کە پێیان درا بوو .
ئەوەی ئەوان داوایان دەکرد: وڵاتێك بوو کە بگاتە ئەوپەڕی تواناکانی بۆ بەرژەوەندی هەموو عێراقییەکان.
ئەوەی ماوەتەوە بریتیە لە مێژوو . گیانلەدەستانی ژمارەیەکی زۆر و بریندار بوونی چەندان و نەبوونی لێپرسینەوە و ڕفاندنی خۆپیشاندانە ئاشتیخوازییانەکان بە هەموو شێوازە داینەمیکییەکانی هێزەوە، بوونە هۆکار بۆ بەخێرا فراوانبوونی قەیرانێکی گەورەی متمانە کە پێشتر هەر هەبوو.
کورتەی ئەم چیڕۆکە درێژە: ئەم ڕووداوانە وەك هەموومان دەزانین بوونە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆك وەزیران و پێکهێنانی حکومەتێکی نوێ و لەوەش گرنگتر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان دوای دوو ساڵ لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢١.
لە کاتێکدا ئەم هەڵبژاردنانە بە شێوەیەکی فراوان بە شەفاف و باوەڕپێکراو ناسێنران - کە ئەمەش کەم نییە بۆ دیموکراسییەکی گەنج – دواتر ، عێراق خۆی لە ژینگەیەکی ناجێگیر و بارگاوی سیاسی دوای هەڵبژاردنەوە دۆزیەوە.
داواکردن لە لایەنەکان بۆ زاڵبوون بەسەر جیاوازیەکانیان گوێی لێنەگیرا. لەگەڵ هەڵکشانی گرژییەکان بۆ ماوەی چەند مانگێک مرۆڤ پێویستی بە تۆپێکی کریستاڵی نەبوو بۆ ئەوەی بزانێت ئەمە بەرەو کوێ ئەڕوات: بارودۆخێك کە بووە هۆی پێکدادانی چەکداری لە ناو جەرگەی پایتەخت و شوێنەکانی تر.
بەڵام دواجار لەمانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ دا و دوای زیاتر لەساڵێك ناکۆکی و یاریکردن بە دەسەڵات، ئەنجومەنی نوێنەران متمانەی بەخشیە حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی موحەمەد شیاع سودانی . ئەمەش کاتی هاتبوو.
خانمان و بەڕێزان، بە گەڕانەوە بۆ ئەو پوختە وەرزییانەی کە پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانم کردووە لە ماوەی چوار ساڵی ڕابردوودا، بێگومان و بەڕوونی ئەوە دەبینین: ئاڵنگارییە سیاسی و ئەمنی و ئابووری و ژینگەیی و دامەزراوەییەکان –بە ئاستێکی بەرز - هەر بەردەوامە.
ئەمە واتای چ دەگەینێت؟
ئەمە واتای ئەوەیە زۆربەی ئەو ئاوات و داخوازیانەی کە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ دا هاتنە ئاراوە ، هێشتا زیندوون. مانای ئەوەیە کە چارەسەرە کاتییەکان هیچ سوودێکی نیە. واتە دەبێت واز لە تەمبەڵی سیاسی بهێندرێت.
هەروەها واتای ئەوەش دەگەینێت کە ئارامی و خۆڕاگریی عێراقییەکان بەردەوام لە ژێر تاقیکردنەوە دایە.
بۆ؟ چونکە کەس ناتوانێت پێشبینی ئەوە بکات کە حکومەتی نوێ ، ئەم حکومەتە ، لە شەو و ڕۆژێکدا موعجیزە ئەنجام بدات. مامەڵەکردن لەگەڵ میراتی گەورەی ڕابردووی عێراق و چەندین ئاڵنگاری ئێستا کات دەخایەنێت.
بە دڵنیاییەوە، عێراق بەسەر هەندێك لە بەربەستە کورتخایەنەکاندا زاڵ بووە کە ڕاستەوخۆ دوای لابردنی سەدام حوسێن ڕووبەڕووی بۆتەوە. بەڵام لەو کاتەوە وڵات لەگەڵ کۆمەڵێك ڕووداو و ڕەوتە ناسەقامگیرەکانی ناوخۆ و دەرەکیدا لە ململانێ دایە.
هەر لەتوندوتیژییە خوێناوییەکانی تایفەگەری و جەنگی دژی داعش و گروپە چەکدارییەکانی کە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت کار دەکەن و و کێبڕکێی جۆراوجۆری هێزی دەرەکی تا دەگاتە پەتای کۆڤید-١٩ و ئاڵنگارە ژینگەییە بەرچاوەکان و کاریگەرییە خراپەکانی گۆڕانی کەش و هەوا ئەمانە تەنها نموونەن .
ئێستا ئەم ڕووداوانەی ٢٠ ساڵی ڕابردوو نەک هەر بوونە هۆی چەندجارکردنی ئەو خاڵە لاوازانەی کە لە دەیەکانی تری ڕابردوودا بە میراتەوە مابوونەوە، بەڵکو چەندین خاڵی لاوازیی نوێشیان خستە ڕوو .
بە دەستەواژەیەکی تر : کاتێک عێراق بەدرێژایی مێژووی خۆی چەند سەردەمێکی زۆر تاریک و دژواری تێپەڕاندووە، بەڵام تا ئێستا هۆکارەکانی نائارامی و ناسەقامگیریی لە ڕابردووی نزیکی ئەو وڵاتەدا تا ڕادەیەکی زۆر وەک خۆی ماونەتەوە و ئەمانەش بوونەتە هۆی دروستبوونی ئەوەی شێوازێک لە قەیرانە دووبارەکان.
کە بریتین لە : گەندەڵیی ڕێکخراو و حکومڕانی لاواز و خراپی پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان و بێکاری و پشتبەستنی لە ڕادەبەدەر بە داهاتی نەوت و چەندین بابەتی تر . ئەمانەش لەلایەن خۆیانەوە کاریگەری خراپ بەسەر هاوڵاتی ئاسایی عێراقی جێدەهێڵێ و سکاڵای جەماوەری لەسەر نادادیی و ستەمکاری برەو پێدەدات و دەبنە هۆکاری هەڵکشانی گرژییەکانی ناو کۆمەڵگا و نێوان کۆمەڵگەکان.
سەرەڕای ئەمانەش ، هەروەها ئێمەش دەزانین کە لەوانەیە لە نێو هەر قەیرانێک چەندین دەرفەتی نوێ بێتە ئاراوە. و با جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە پێش ئەوەی کەسێک ئەو هەستە وەربگرێت کە عێراق کەیسەکی دۆڕاوە . نەخێر وا نیە .
عێراق توانای زۆر مەزنی هەیە ، ئامانجی من لێرە وێناکردنی هەڵکشانی هەستکردن بە لەناوچوون نییە.
بۆیە ، جارێکی تر ڕێگام پێبدەن ئەوە دووپات بکەمەوە : متمانە بەخشینی ئەم دواییە بە حکومەتی نوێی عێراق بە سەرۆکایەتی موحەمەد شیاع سودانی دەرفەتێکی یەکلاکەرەوە دەڕەخسێنێت . دەرفەتێک بۆ گەڕانەوەی وڵات بۆ رەوتی سەقامگیری.
لە نوێترین پوختە کە لە سەرەتای مانگی شوبات پێشکەشی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانم کرد، ئاماژەم بەوە کرد کە حکومەتی عێراق ویستی خۆی نیشانداوە بۆ چارەسەرکردنی چەند کێشەیەکی گرنگ.
هەرچەندە و بە دڵنیاییەوە هێشتا زووە. بۆیە دەتوانم تەنیا جارێکی تر جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە هەر حکومەتێک پێویستی بە کات هەیە بۆ ئەوەی کارەکان ئەنجام بدات. هەروەها بۆ هەر حکومەتێک کە بیەوێت پێشکەوتنێکی بەرچاو بەدەست بهێنێت، پشتگیری فراوان – چ لە ناوەوە یان لە دەرەوەی هاوپەیمانێتییەکە- مەرجی سەرەکییە.
ئەمە زۆر سادەیە: ئەو جۆرە گۆڕانکارییە قوڵەی کە ئێستا پێویستە ، پێویستی بە پابەندبوونێکی توندو تۆڵی کۆمەڵێکی فراوانی لایەنە پەیوەندارەکان هەیە. وە بە دڵنیاییەوە، هەروەها پێویستی بە دانانی بەرژەوەندی نەتەوەیی لەسەرووی هەموو شتێکەوە هەیە.
لە بەرامبەردا پێویستە گەلی عێراق ئەوە ببینێت (بە هێواشی بەڵام بە دڵنیاییەوە) پێشوەچوون بۆ هەموو عێراقییەکان بەدەستدەهێنرێت و ئەم بەرەو پێشچوونە ژنان و کەمینەکان و گەنجانیش دەگرێتەوە.
ئەوان پێویستیان بەوەیە ئەوە ببینن کە گشتگیریی و یەکسانی تەنیا وشەی نێو وتارەکان نین ، بەڵکو وەک زەرورەتی ڕەها مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت.
ئەوان پێویستییان بەوەیە ئەوە ببینن کە مەودای مەدەنی سنوردار ناکرێت بەڵکو بواری گەشانەوەی بۆ فەراهەم دەکرێت، بەمەش ئازادی ڕادەربڕین مسۆگەر دەبێت.
ئەوان پێویستییان بەوەیە ئەوە ببینن کە دادپەروەری و لێپرسینەوە مسۆگەر کراوە بۆ هەمووان - بەبێ گوێدانە ئینتیماو پاشخان.
هەروەها ئەوان پێویستییان بەوەیە ئەوە ببینن کە دروستکردنی ژینگەیەکی لەبار و گشتگیر چەقی هەر سیاسەتێک و یاسادانانداێکە.
خانمان و بەڕێزان . سەرەڕای هەبوونی لیستێکی دوورودرێژی کاری هەرە دیار لە مێشکی هەموو کەسێک- تەرکیز کردن و چڕکردنەوەی ئاگاکان و هەروەها دروروستنەکردنی کێشە و ئاستەنگی ناپێویست بۆ حکومەت زۆر گرنگە .
بە واتایەکی تر بۆ ئەوەی بازنەکانی ناسەقامگیری بشکێنین، دەبێت ئەولەویەتەکان چی بن؟ کاریگەرییەکانی یاسایەکی یان ڕێنماییەکی دیاریکراو چییە؟ هەروەها ئایا جێگەی مشتومڕ دەبێت یان دەبێتە هۆی دابەشکاری؟ وە ئەگەر وایە، ئەوە مانای چییە بۆ ئەو پشتگیرییە فراوانەی کە ئێستا زۆر پێویستە؟
جا ئەمە چ گۆڕانکاریی کردن بێت لە یاسایەک کە ئێستا بەرکارە و یاخود دانانی کۆت و بەندی بێت لە سەر مافەکان و ئازادییەکان – پشتگوێخستنی کاریگەرییە چوار چێوە فراوانەکان کارێکە بە مەترسی تەنراوە (مەترسیدارە)
کەواتە پرسیارەکە ئەوەیە : ئایا ئەم بابەتە بە ڕاستی ئەوە دەهێنێت کات و کۆششی بۆ تەرخان بکرێت یانیش ئەم کۆمەڵە بابەتە لە قۆناغێکی دیاریکراو ، زۆر گەرە تر دەبێت لە هەموو بەشەکانی ؟ هەر بۆیە (جارێکی تر) سەرنج و ئاگایی زۆرێک لەسەر کارەپێشیینەکان لادەچێت و پەڕش بڵاو دەبێتەوە لەوانەشە دوور بخرێنەوە؟!
خانمان، بەڕێزان، ڕێگام پێ بدەن بگەڕێمەوە سەر لیستە درێژەکەی کێشە گرنگەکان.
لێرە باسی کەمێکیان دەکەم :
یەکەمین و پێش هەموو شتێک ئەنجومەنی وەزیران بودجەی ٢٠٢٣ پەسەند کردووە هەروەک بەڕێز سەرۆک وەزیران باسی کرد . و ئەمەش بە ڕاستی هەواڵێکی خۆشە ، بەڵام تا ئێستا پەرلەمان پەسەندی نەکردووە . و بە دڵنیاییەوە ، بە بێ بودجەیەکی پەسەند نەکراو لە لایەن پەرلەمانەوە ، جێبەجێکردنی بەرنامەکانی حکومەت زۆر دوا دەکەوێت – بە خزمەتگوزارییە گشتییەکانیشەوە.
لەمەش گرنگتر ، هەروەها بە تەنها بە بەرزبوونەوەی نرخی نەوت وڵات ناتوانێت لە سەر پێیەکانی بوەستێت و لە بەرامبەردا ڕەخساندنی دەرفەتی کار بە شێوەیەکی بەردەوام ناتوانرێت لە ڕێگای قەبەکردنی کەرتی گشتی بەدەستبهێندریت. وڵات پێویستییەکی زۆری بە چاکسازی ئابوریی و دارایی هەیە.
پێویستە کۆششەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ڕێکخراو تەنها تاکەکان و ڕووداوەکان نەگرێتەوە. ئەو سیستەمەی لە دوای ٢٠٠٣ ەوە دامەزرا ، ناتوانێت بە ئاسانی بەردەوام بێت. ئەگەر وەک خۆی جێبهێڵدریت ئەوا جارێکی تر دەرەنجامی پێچەوانەی دەبێت.
سەرەڕای ئەوانە ، چەندین کێشەی هەڵپەسێردراوی نێوان بەغدا و هەولێر پێویستی بە هەبوونی پەیوەندیی بەدام ودەزگا کراو هەیە ، لە نەبوونی ئەودا کەمێکی باشتر دەبێت نەوەک هەمووی .
لێرەش دەتوانم بەردەوام بم .
جارێکی تریش ، با چیڕۆکێکی درێژ کورت بکەینەوە : لە وتارەکەم بۆ ئێوە لێرە لە سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٩ دا ، دیمەنێکم وێنە کێشا کە بە سیاسەتی دەستەو لایەنە کاراکانی ناحکومی و لاسەنگی سەرچاوەکانی دەوڵەت و خراپی خزمەتگوزارییەکان و کەمی دەرفەتی کارکردن تەڵخ ببوو ، ئێستاش لە دوای چوار ساڵ ، زۆرێک لەو کێشانە هەروەک خۆیان ماونەتەوە .
ئەوەی لە بنەڕەتدا دەمەوێ بیڵێم ، ئەوەیە کە کاتمان نیە بۆ بەفیڕۆدان.
بە دڵنیاییەوە ، ئەو ئاڵنگارییانەی کە چاوەڕوانمانن گەلێک زۆرن ، مایەی ساویلکەییە گەر بڕوا بکرێت کە میراتی ئاستەنگییەکانی ڕابردوو و هەڕەشە دروستبووە نوێکان لە تاقیکردنەوەی تواناکانی بەرگە گرتنی وڵات دەوەستن .
بەڵێ ، وەک هەر وڵاتێکی تر ، عێراق دەخرێتە بەر تاقیکردنەوە – زوو بێت یان درەنگ – بەڵام ئەوەی مایەی ترسە ئەوەیە ئەگەر ڕێکاری خێرا نەگیرێتە بەر ئەوا عێراق لەم تاقیکردنەوەیە شکست دەهێنێت.
کەواتە، گرنگە وڵات بەرەوە ئەو سەقامگیرییە لەنگەر بگرێت کە پێویستی پێیەتی بۆ ئەوەی بەرگەی هێدمەکانی ئایندە بگرێت. بۆ ئەوەی ئەمە ڕوو بدات ، پێویستە بە شێوەیەکی دەستە جەمعی لە مێژوو فێر ببین – مێژووی نوێ لە هەمان کاتدا – بۆ ئەوەی دووبارە نەبێتەوە .
خانمان ، بەڕێزان ، وتەکەم ئەمڕۆ دەربارەی عێراق بوو بە شێوەیەکی گشتی ، بەڵام بەرکەوتنی سیاسیی نێوخۆیی و بەرژەوەندییە تایبەتەکانی پارتە سیاسییەکان لە هەرێمی کوردستان ، ناکرێت باس نەکرێن .
لە پێش دوو ساڵ و لە میانەی بەشداریکردنم لە چالاکییەک کە لە مانگی ئایاری ٢٠٢١ لە زانکۆی کوردستان کرا ، بەوە کۆتاییم بە وتەکەم هێنا کە هەرێمی کوردستان ئەو بژاردەیەی لەبەر دەستە :
دەتوانێت یەکگرتوو بێت و ڕووبەرووی گەندەڵیی سیستەماتیکی ببێتەوە و برەو بدات بە ڕێزگرتن لە مافەکان و ئازادییە بنەڕەتییەکان و پێشوەچوونێکی بەرچاو لە بواری ئاسایش و ئابوریی وەدەست بهێنێت و بچێتە ناو گفتوگۆشەوە سەرەڕای هەبوونی ناکۆکی نێوخۆیی کە هەندێک جار (دانی پێدا دەنێم) وا دەردەکەوێت ناتوانرێت بەسەری دا زاڵ بیت . یان
دەتوانێت شکستخواردوو بێت لە ڕێکخستنەوەی کاروباری ناوخۆیی و سەرکێشی کردن بەو دەستکەوتانەی وەدیهاتوون لە دەیەکانی ڕابردوودا .
بە ئازارەوە دەیڵێم ، بەڵام زۆرێک لە خەڵکی دەپرسن : ئەو زەنگە مەترسییە چییە کە پارتەکان چاوەڕیی دەکەن؟
خانمان ، بەڕێزان ، لە کۆتاییدا ڕێگام پێ بدەن کە ئەوە دووپات بکەمەوە : ئێمە بە دڵسۆزییەوە هیوامان وایە عێراق بتوانێت – بە پشتبەستن بە سامانە زەبەلاحەکەی و فرەیی و دەرفەت و تواناکانی ئێستای – توانادار بکرێت و بەرەو سەرکەوتن هەنگاو بنێت.
دوای بیست ساڵ ، ئەم وڵاتە شایانی ئەوەیە ئەڵقە بێ کۆتاییەکانی ناسەقامگیریی و بارودۆخی سەخت ببڕێت . عێراقییەکان بەئاگان لەو بەڵێنانەی خۆشگوزەرانی کە دوای سەدام پێیان درا بوو و دوای دوو دەیە ، ئەوان شایانی باشترن .
بابەتەکە زۆر ئاسانە، من لەو باوەڕەدام کە ئێمە هەموومان دەتوانین ئەو ئایندەیە ببینین.
سوپاستان دەکەم ...