کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ماوەی ٣ دەیە بەبۆنەی رۆژی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییەوە ئاهەنگ بۆ کارەکانی رۆژنامەنووسان و کارکەرانی میدیا دەگێڕێت. ئەم ڕۆژە ئەو ڕاستییە زەق دەکاتەوە کە : هەموو ئازادییەکانمان بەندە بە ئازادیی ڕۆژنامەگەرییەوە کە بناغەی دادپەروەری و دیموکراسیشە. لەلایەکی ترەوە، ئازادیی ڕۆژنامەگەری ئەو ڕاستییەنەمان دەداتێ کە بۆ دەربڕینی بیروبۆچوون و راستی پێویستمانە.
سەر باسەکەی ئەمساڵیش ئەوەمان وەبیر دێنێتەوە کە ئازادیی رۆژنامەگەری پایەیەکی پتەوی مافەکانی مرۆڤە هەرچەندە ئەم چەمکە لەسەرتاسەری جیهاندا لەژێر هەڕەشەدایە.
هەروەها، ڕاستی لەلایەن زانیاریی هەڵە و قسەی زبرەوە هەڕەشەی لەسەرە کە دەیەوێت نێوان راستی و خەیاڵ و هەروەها نێوان زانست و پیلانگێڕان لێڵ بکات. جەختکردنەوەی لەڕادەبەدەر بۆ قۆرخکردنی پیشەسازی راگەیاندن لەلایەن چەند کەسێکەوە و مایەپووچبوونی دارایی دەیان دەزگای راگەیاندنی سەربەخۆ و زیادبوونی ئەو یاسا و رێکارانەی کە ڕۆژنامەنووسان کۆت و بەند دەکەن دەبنە مایەی فراوانبوونی سانسۆر و هەڕەشە بۆ سەر ئازادیی ڕۆژنامەگەری.
رۆژنامەنووسان و کارکەرانی راگەیاندن راستەوخۆ و چی لە ڕێگەی سەر هێلی (ئۆنلاین) و چی لەڕێگەی ناهێلی (ئۆفلاین) ەوە دەکرێنە ئامانج لەکاتی ئەنجامدانی کارەکەیاندا و ئەمەو جگە لەوەی کە بەردەوامیش رووبەڕووی بێزارکردن و تۆقاندن و ڕاگرتن و بەندکردن دەبنەوە.
لانیکەم، لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ٦٧ کارکەری بواری راگەیاندن کوژراون کە بە سەرسوڕمانەوە بەڕێژەی لە سەدا پەنجای ساڵی پێشووتر زیادی کردووە.
نزیکەی سێ چارەک لە رۆژنامەنووسانی مێیینە رووبەڕووی توندوتیژیی ئەنتەرنێتی و یەکێکیش لە هەر چوار لەوانەش تووشی هەڕەشەی جەستەیی بوونەتەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان ١٠ ساڵ لەمەوبەر "پلانی کارپێکردنی سەلامەتیی ڕۆژنامەنووسان" ی دامەزراند بۆ پاراستنی کارکەرانی راگەیاندن و کۆتاییهێنان بە لەسزابەدەری بۆ ئەو تاوانانەی کە دژیان ئەنجام دەدرێت.
لەم رۆژەدا و لە هەموو "ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەری" شدا جیهان پێویستە ئەمانەی خوارەوە بە یەک دەنگ هاوار بکات.
هێرش و هەڕەشە ڕاگرن
واز لە راگرتن و بەندکردنی ڕۆژنامەنووسان بهێنن لەبەر ئەنجامدانی کارەکانیان.
درۆ و زانیاریی هەڵە ڕاگرن
بەئامانجگرتنی ڕاستی و ڕاستی بێژان ڕاگرن
بەو پێیەی رۆژنامەنووسان ڕاستی دەخەنەڕوو، جیهانیش پێویستە لەگەڵیاندا بێت.