ئامادەبووانی بەڕێز،
بەیانیتان باش ، سەباحەلخێر،
من زۆر دڵخۆشم بە ئامادەبوونم لێرە.
ئەگەر رێگەم پێبدەن من بە زمانی ئینگلیزی دەدوێم، بەڵام وەرگێڕانیش هەیە.
بە دڵنیاییەوە گوتاری ڕق و کینە هزری داگیرکردووین نەك ئەمڕۆ بەڵام لە دوێنێ و بەیانیش. من حەزدەکەم وتەکەم بەم پرسیارە دەستپێبکەم: ئایا مەبەست لە گوتاری رق و کینە چییە؟
چونکە بە بڕوای من لەم زووانە دەگەینە ئەو دەرەنجامەی کە لەڕاستیدا هەرچەندە پێناسەیەکی جیهانی نیە بەڵام ئێمە دەتوانین وا پێناسەی ئەم زاراوەیە بکەین کە بریتییە لە وتەیەکی بریندارکەرە دژی کۆمەڵێك یان تاکێك بەکار دێت لەڕووی نەتەوە، ڕەگەز یا ئاین بەشێوەیەك کە دەبێتە مایەی هەڕەشە بۆ سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی بە هەڵگیرسانی توندوتیژیشەوە.
هەروەکو باسمکرد کە ئەم بابەتە هزری داگیرکردووین لە دوێنێ و ئەمڕۆ و بەیانیش، بۆیە پێویستە ڕوونیبکەمەوە کە گوتاری ڕق و کینە لە دێرزەمانەوە هەیە. بەڵام لەوە دەچێت کە ئێستا هێشتا پرسیار سەبارەت بە گوتاری ڕق و کینە و ئەوەش کە ئێمە دەتوانین چی بکەین بۆ پێشپێگرتنی لە هەموو کات زیاتر پێویست بێت.
کەواتە بۆچی ئاوایە؟ دەی دەباشە با ڕووبەڕووی ببینەوە. هەرچەندە سەردەمی دیجیتاڵی سوودی هەیە بەڵام لە هەمان کاتیشدا بووەتە مایەی بڵاوبوونەوەی گوتاری ڕق و کینە و زانیاریی هەڵە و چەواشەکارانە.
ئەم حاڵەتەش لە هەموو شوێنێکی سەرتاسەری دونیادا هەیە و عێراقیش بەدەر نییە.
ئێستا، گوتاری ڕق و کینە لەم وڵاتە بووەتە مایەی بەهێزکردنی جیاکاری قووڵ بە تایبەتیش دژی نەتەوە و ئاین و کەمینەکان و خەڵکی پەراوێزخراو. ئەمەش لەو کاتانە ڕوونتر دەردەکەوێت و توندتر دەبێت کە بەربەرەکانی سیاسی یان هەبێت یان گرژی سەر هەڵبدات.
هەندێ جار گوتاری ڕق و کینە بە ئاشکرا ئاراستە دەکرێت. بۆ نموونە، کاتێك راستەوخۆ داوای توندوتیژی دەکات یانیش جیاکاری دژی کۆمەڵێکی دیاری کراو. هەندێ جاریش لە شێوەی دەنگۆی پشتڕاستنەکراوە دەبێت یانیش بە شێوازی جنێو یان قسەی زبری دووبارەبۆوە بۆ ناوزەدکردنی ناڕاست.
بێگومان تۆڕی کۆمەڵایەتی سەکۆیەکی سەرەکییە هەرچەندە دەکرێت گوتاری ڕق و کینە یان قسەی ئاگراوی لە ڕێگەی تەلەفزیۆن و چاپکراو و دیواربەند و تاوتوێشەوە بێت.
لە کاتێکدا کە هەر کەس دەکرێت بکرێتە ئامانج، پێویستە ئەوە بڵێم وەك ژنێك، بەڵام هێرشەکە لەسەر ژنان زیاترە بەتایبەتیش ئەو ژنانەی کە لە کۆمەڵگادا دیارن جا رۆژنامەنووس بن یان چاڵاکوان یان سیاسەتمەدار یانیش لەبواری ڕاگەیاندندا خاوەن کاریگەری بن. ئێمە پێویستمان بە گەڕانێکی زۆر نییە بۆ ئەوەی چەندین سەرنجی ناشیرین ببینین بەمەبەستی ئابڕوو بردن و ناوزڕاندنی ژنان. ئەوەش لە دژی من ڕوویداوە بۆیە دەتوانم لێدوانێکی لەم جۆرە بدەم.
کارەکە زیاتر قورس دەبێت کە دێینە سەر ڕەگەز و نەتەوە و ئاین. بۆ نموونە، ئەو ژنانەی کە لەهەمان کاتدا لە کەمینە نەتەوەکانن.
لەلایەكی ترەوە، لەبەر ڕۆشنایی ئەم بابەتەی ئەمڕۆمان، من ناتوانم ئەو قسانەش پشتگوێ خەم کە دژی هەندێ کەس دەوترێت لەسەر بنەمای کە ئەوان چین و کێشیان خۆش دەوێت. ئەمڕۆ پێموایە کە دەبێ ئەم خاڵە هەڵوەستەی لەسەر بکرێت.
ئەو خاڵەی کە من ئەمڕۆ دەمەوێت بە گشتی باسی بکەم ئەوەیە کە لە وشەکان زیاتر لە مەترسیدان بێگوێدانە ئەوەی کە کۆمەڵەکان یارای (موعەڕەزی) پەیامی کیناوی یان ئاگراوین.
راستییە تاڵەکە ئەوەیە کە ئێمە چەندین نموونەی بێژماری لێدوانی ئاستبەرزی گشتیمان بینیوە کە هانی خەڵک دەدات لەسەر ئەنجامدانی توندوتیژیی جیددی دژی تاکەکان. لە حاڵەتانەشدا دەبێ ئەو کەسانە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا بکرێت. کارکردن بە نموونە چی لێهاتەوە؟ چی بەسەر ئەو قسەنەستەقە هات کە دەڵێت "واز لە خەڵك بهێنن هەرچۆنێك هەن"؟ چی بەسەر لێبوردەیی و ڕێز لە خەڵکنان هاتووە؟ من هیچ چارم نییە جگە لە قورسکردنی بەرپرسیارێتی سەرکردایەتی لە چوارچێوەیەدا.
ئەوەی کە وەك گوتاری ڕق و کینە مەترسیدارە ئەو هەوڵانەن کە بۆ بەرەنگاربوونەوەی بەکار دێت کە نابێت ببنە بیانووی نایاسایی بۆ بەرتەسککردنەوەی ئازادیی ڕادەربڕین چونکە، وەك هەموومان دەزانین، کپکردن و سنووردارکردن و رەتکردنەوە و لاوازکردنی وتاری گشتی هەرچەندە کەمیش بێت کەچی هەر دەبێتە مایەی لەناوبردنی متمانەی گشتی.
بەڵێ، هاوسەنگی کردن لەنێوان پاراستن لە گوتاری ڕق و کینە و دابینکردنی بیروڕای ئازاددا، بە بەردەستبوونی زانیاریشەوە، بەداخەوە پرسێکی هەستیارە.
لەبەر چەند هۆکارێکی باش ئەم دوو کارە لەپێشینەیە و ئەوەش کە چۆن بەیەکەوە و لەهەمان کاتدا بەرەو پێشیان بەریت بووەتە پرسی چەندین بڵاوکراوەی لەژمارە نەهاتوو و تاوتوێی پەرلەمانی لەسەرتاسەری جیهاندا.
بەڵام گەڕان بە دوای ئەم هاوسەنگییەدا پێویستە بە باوەڕێکی پتەوەوە ئەنجام بدرێت و لە دەنگهەڵبڕینی خەڵکی سادە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیدا ڕەنگ بداتەوە و دیسان بە تیگەیشتن لەوەی کە سەرکردایەتی چی بەرپرسیارێتییەکی لەسەر شانە.
دەزانم کە ئەم بۆنەیە چارەسەر و بیرۆکەی جۆراوجۆر دەخاتە ڕوو، بەڵکو هیوادارم کە بیخاتەڕوو، لە میانی بەرێوەچوونی گفتوگۆکاندا، بەڵام دەمەوێ چەند هەنگاوێکی سادە باس بکەم بۆ ئەوەی لەبەرچاو بگیرێن:
- یەکەم: پێویستی بوونی یاسایەکی ڕوون بۆ گوتاری ڕق و کینە. دانوستاندن بۆ یاسایەکی لەو شێوەیە دەبێت نەك تەنها هەموو دەنگەکانی ناو پەرلەمان بەڵکو دەنگەکانی دەرەوەی پەرلەمانیش لەبەرچاو بگیرێت، لەوانە ئەوانەی نوێنەرایەتی پێکهاتە کەمینەکان و ژنان و کۆمەڵگەی مەدەنی دەکەن. هەروەها دەبێت ئەوەمان لەبیربێت، من دڵنیام کە پێویست ناکات بۆ هەمووتان ڕوونبکەمەوە، کاتێك یاساکان بەکاردەهێنرێن، نەك بۆ پاراستن، بەڵکو بۆ بێدەنگکردن، ئەوا ئازادی قسەکردن دەکەوێتە ژێر هەڕەشەیەکی گەورەوە کە یەکێكە لە بنەڕەتیترین بنەماکانی بنیاتنانی کۆمەڵگایەکی دیموکراسی. لێرەوە ڕێگریکردن لە ڕەوتێکی لەو جۆرە دەبێت بنەمای هەر پرۆسەیەکی یاسادانانی داهاتوو بێت.
- دووەم، ڕۆڵی سەروەری یاسا. یاسادانان گرنگە، بەڵام بە تەنیا، بەس نییە؛ دەبێت متمانە لە نێوان هاوڵاتیاندا هەبێت کە هەر دۆسیەیەکی گوتاری ڕق و کینە بەپێی شایستەیی یاسایی خۆی دادگایی دەکرێت، و بۆ نموونە نەکەوێتە ژێر کاریگەریی هەژموونی سیاسی.
هەروەها ڕێکخستنی باشتر و شەفافتری بەرژەوەندییە سیاسی و بازرگانییەکان لە میدیادا یارمەتیدەر دەبێت بۆ ئەوەی ڕوونتر بێتەوە کاتێك هۆکاری بابەتی تێدا بەکاردەهێنرێن.
- سێهەم: دەمەوێت جەخت لەسەر ئەو بەهایە بکەمەوە کە لە یاساکانی ڕەفتارکردن یان ڕێککەوتنی نیەتپاکی لە نێو سەرکردەکان و سیاسەتمەداراندا لەسەر گوتاری گشتی دێتە ئاراوە. هەڵمەتە سیاسییەکان باشترە لەسەر بنەمای دەستکەوتەکانی ڕابردوو و سیاسەتەکانی داهاتوو بێت، نەك لەسەر بنەمای خۆشکردنی ئاگری توڕەیی یان بڵاوکردنەوەی ترس دەربارەی کەسانی دیکە.
- چوارەم: ئاواتەخوازم جەخت لەسەر پێویستی پاراستنی فەزای مەدەنی لە عێراق بکەمەوە. ئەمە تەنها بۆ ئازادی ڕادەربڕین گرینگ نییە. هەروەها، زۆر باش دەزانن، کۆمەڵگەی مەدەنی ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە بەرەنگاربوونەوەی گوتاری ڕق و کینە – جا لە ڕێگەی چاودێریکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرە ئەلیکترۆنییەکان بێت، بەرەنگاربوونەوەی زانیاری ناڕاست بێت، یان پاراستنی ڕێکخراوەکان یان گروپەکان یان تاکەکان لە هەڕەشەکانی ئۆفلاین و ئۆنلاین بێت.
وە، لەکاتێکدا لەسەر ئەم بابەتە دەدوێم، دەمەوێت جەخت لەسەر پێویستی پەیوەندیکردن بە تایبەتی لەگەڵ ئەکتەرە گەنجەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بکەمەوە. بەڵێ، لەسەر پرسی بەرەنگاربوونەوەی گوتاری ڕق و کینە، بەڵام لەسەر زۆر پرسی دیکەی گرینگی داهاتووی ئەم وڵاتە. هاوتەمەنەکانم پێیان خۆش بێت یان نا: گەنجان، بەم زووانە، پێشەنگایەتی ڕێگاکە دەکەن. بۆیە پێوسیتە گوێیان لێبگرین.
لە کۆتاییدا، لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە وەك یونامی پابەندین بە پشتگیریکردنی هەوڵەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی گوتاری ڕق و کینە. جا لەلایەن حکومەتەوە بێت یان میدیا بێت یان کۆمەڵگەی مەدەنی بێت.
من زۆر دڵنیام کە ئەم گفتوگۆیەی ئەمڕۆ کە لەلایەن نووسینگەی مافی مرۆڤی نێردەکەمانەوە ڕێکخراوە، دەرفەتی زیاتر بۆ بەشداریکردن دەڕەخسێنێت – بە تایبەتی کاتێك باس لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیا بە شێوەیەکی فراوانتر دەکرێت.
دووبارە دەمەوێ پێتان بڵێم کە زۆر دڵخۆشم کە لەگەڵ ئێوە کۆبوومەتەوە لێرە و گوێتان لێدەگرم. زۆر خۆشحاڵیسم کە هەمووتان لێرە لە بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکاندا دەبینم.
سوپاس بۆ ئامادەبوونتان لەگەڵ ئێمە.