خۆشەویست،
میوانە بەڕێزەکان،
مایەی شانازییە کەلەم کۆنفرانسەدا لەجیاتی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) بەشداری بکەم بۆ یادکردنەوەی رۆژی جیهانیی ئیسلامی بۆ قەڵاچۆکردنی توندوتیژی دژی ژنان و هەروەها سڵاوی جێنین هێنیس پلاسخارتی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراقتان پێڕابگەیەنم کە خۆی داوای بووردنی کرد بۆ ئامادە نەبوونی لەبەر بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی بیستەمین ساڵیادی یادکردنەوەی تەقینەوەی سەر بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکانی بەغدا کەبووە مایەی گیانلەدەستدانی چەندین کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکان بە گرتنەخۆی سێر جی دی ملیۆی نوێنەری ئەوکاتەی نەتەوە یەکگرتووەکان. لەو تەقینەوەدا، چەندینی تر بریندار بوون بەگرتنەخۆی چەند کارمەندێکی عێراقیش کە تا ئێستاش هەر لە خزمەتکردن لە یونامیدا هەر بەردەوامن. سەری ڕێز و نەوازشیان بۆ دادەنوێنین.
ئامادەبووانی خۆشەویست،
دەسخۆشی لە هەوڵەکانی دەزگای ئەلحەکیم دەکەین بۆ سازدانی ئەم کۆنفڕانسە و هەروەها هەوڵی جەنابی سەید ئەلحەکیم لە داکۆکیکردن لە مافەکانی مرۆڤ بەگشتی و ئی ژنان و کچان بەتایبەتی کە بابەتی ئەم کۆنفڕانسەن
ئێمە هەروەها دەسخۆشی لە بەرنامەی حکومەت و بەرنامەی وەزاری دەکەین، کە لەلایەن هەموو پارتە سیاسییەکانەوە پەسند کراوە، کە بڕگەی پەیوەست بە بەتواناکردن و پاراستنی ژنان و پابەندبوونی ناردنی پڕۆژە یاسایە پەیوەنددارەکان بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، و بەتایبەتیش پابەندیی ئاوڕدانەوە لە توندوتیژی دژی ژنانی تێدایە.
بەرنامەی حکومەت بەگوێرەی راگەیاندنی هاوبەشی ساڵی ٢٠١٦ی کۆماری عیراق و نەتەوە یەکگرتووەکانە سەبارەت بە وەڵامدانەوە بۆ توندوتیژیی سێکسیی پەیوەست پەیوەست بە شەڕەوە کە پابەندبوون بە یارمەتیدانی ڕزگاربووان و دابینکردنی لێپێچینەوەش دەگرێتەوە.
هەر لەم سیاقە و لە کاتێکدا کە یادی ٣ی ئابی کۆمەڵکوژی یەزیدییەکانمان کردەوە دەمانەوێت جارێکی تر جەخت لەسەر گرینگیی پەلکێشکردنی ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستی داعش بکەینەوە، کە تاوانبارن بە ئەنجامدانی تاوانی دڕندانەی توندوتیژیی سێکسی، بۆ بەردەم دادگا.
من خۆشحاڵم کە نەتەوە یەکگرتووەکان لەڕێگەی "یونیتاد" و ئاژانسەکانی تری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە پاڵپشتی ئەم هەوڵە دەکات.
هەر لەهەمان چوارچێوەدا، ئێمە هەروەها دەمانەوێت یاسای ڕزگاربووانی یەزیدی لە ساڵی ٢٠٢١دا کە دان دەنێت بە رۆڵی گرینگی قەرەبووکردنەوە لە یارمەتیدانی ڕزگاربووان بۆ ئەوەی بتوانن خۆیان سەرلەنوێ دروست بکەنەوە زەق بکەینەوە. من دەمەوێت ئەم دەرفەتە بقۆزمەوە بۆ داواکردن بۆ خێراترکردنی جێبەجێکردنەکەی بەبێ دروستکردنی هیچ گیروگرفتێک و هەروەها زیاتر پەرەپێدانی بۆ ئەوەی قوربانیانی هەموو کۆمەڵگایەکان بگرێتەوە بەگرتنەخۆی ئەو ژنانەش کە بە زۆرەملێ ئەندامانی داعش لاقەیان کردوون و هەروەها ئەو منداڵانەش کە لەم پرۆسەیەی لاقەکردنەدا پەیدا بوون.
هەر سەبارەت بە یاسا، ئێمە پێویستە نیگەرانییەکانمان بخەینە ڕوو سەبارەت بە نەبوونی یاسایەک بۆ توندوتیژیی خێزانی. لە راستیدا، نەک هەر تەنها ژن بەڵکوو ژنان و منداڵان و بەساڵاچووان و ئەندامانی تری خێزان رووبەڕووی مەترسیی توندوتیژی دەبنەوە کە شایستەی ئەوەن کە بەتەواوی بە یاسا بپارێزرێن بەگوێرەی باشترین نەریتی عێراقی و بەها ئاینی و کەلتوورییەکان.
ئێمە بە ڕاشکاوی سەر دەرناکەین لەوەی چی هۆکارێک، بێگوێدانە ئینتیمای حیزبی و شوناسی نەتەوەیی و ئاین، دەبنە هۆی داکۆکیکردن بۆ بەکارهێنانی توندوتیژی دژی ئەندامانی خێزان. دەمەوێت ڕوونتر پرسیار کەم لە خۆدزینەوە لە دەرکردنی ئەم یاسایە گرینگە هەرچەندە بەرپرسیارێتی سەرکردایەتی هەرگیز نابێت نادیدە بگیرێت. هەر بۆیە جارێکی تر داوا لە سیاسەتمەداران و یاسادانەران دەکەینەوە بۆ ئاوڕدانەوە لە پڕۆژە یاسایەکانی ئێستا بەگرتنەخۆی ئەوەی پەیوەندی هەیە بە دامەزراندنی پەناگە بۆ ئەو کەسانەی کە رووبەڕووی ئەم جۆرە توندوتیژییە دەبنەوە.
ئامادەبووانی خۆشەویست،
لەو کاتەی کە ئێمە بەرەو هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەچین لە ١٨ی کانوونی یەکەمدا، ئێمە حکومەت بۆ دامەزراندنی لێژنەی باڵا بۆ پشتگیریکردنی بەشداریی سیاسییانەی ژنان رادەسپێرین بۆ ئەو هەڵبژاردنە و ئارەزووی کارکردنیشمان لەگەڵ ئەو لێژنەیە دەردەبڕین بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان. ئەم دەزگایانە لەگەڵ دامودەزگاکانی تر و پارتە سیاسییەکاندا ئەرکێکی قورسیان لەسەر شانە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەر شێوازێکی قسەی ڕق و کیناوی یان بێزار کردن یان ترساندن یان توندوتیژی دژی پاڵێوراوە ژنەکان یان دەنگدەران. لە ڕاستیدا، هەڵبژاردنی پاک و بێگەرد پێویستی بە کەشێکی ئارام هەیە بۆ بەشداربوونی هەموو عێراقیەکان.
ئامادەبووانی خۆشەویست،
بەر لە کۆتاییهێنان، ئێمە پێویستە باس لەو مشتومڕە گشتییەی ئێستا بکەین سەبارەت بە هەندێک زاراوە کە جیهان لەسەریان کۆکە. بەداخەوە ئەم تاوتوێیە گەرمانە رووبەڕووی زانیاری نادروست و بەدحاڵیبوون بوونەتەوە وەک بۆ نمونە رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان کە رەنگە بە شێوەیەکی نەرێنی بەسەر کارەکانی پەیوەست بە مافەکانی ژنان بشکێتەوە یان هەتتا سەر بۆ تۆقاندن و بێزارکردن و هەڕەشەش بکێشێت. هەروەک خاتو پلاسخارت لە بۆنەکانی پێشوودا باسی کردووە ئێمە هەموومان ڕێز لە بەها ئاینییەکان و سیاقە ناوخۆییەکان و کەلتوور و نەریتەکان دەگرین بەوپێیەی ئێمە لەگەڵ دابینکردنی مافین بۆ هەمووان. ئێمە هیوای تاوتوێی عەقلانی و ڕێز نیشاندەر دەخوازین.
لە کۆتاییدا، هەروەک ئێوە خۆتان دەزانن، ئێمە ئەمساڵ یادی حەفتاو پێنج ساڵەی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ دەکەینەوە کە لە ساڵی ١٩٤٨ پەسند کرا. شایانی باسە کە جاڕنامەکە خۆی پەیوەندی پتەوی هەیە لەگەڵ هەر سیستەمێکی دیموکراسی بەوەی عێراقیشەوە. دەبا هەموومان ڕێز لە بەڵێنەکانی ئەو جاڕنامەیە بگرین سەبارەت بە دابینکردنی ماف بۆ هەمووان.
زۆر سوپاس