هۆڵەندا 48 ملیۆن یۆرۆ تەرخان دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی کەسانی پەنابەر و ئاوارەی ناچاری و ئەندامانی کۆمەڵگە میواندارەکان لە عێراق لەڕێگەی هاوبەشی (PROSPECTS)
١٠ کانوونی دووەم ٢٠٢٤
ئامانجی هاوبەشییەکە بەهێزکردنی ئاستی چارەسەرە بەردەوامەکانە لە عێراق لەڕێگەی کۆکردنەوەی کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران ( (UNHCRسندووقی نهتهوه یهكگرتووهكان بۆ منداڵان- یونیسێف (UNICEF)، ڕێکخراوی نێودەوڵەتیی کار (ILO)، دامهزراوەی دارایی نێودهوڵهتی (IFC) و بانکی جیهانی(World Bank).
له بەغدا، بهرواری ٩ی کانونی دووەمی 2024 - هەنسا ساندی باڵیۆزی باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە عێراق و جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی و دانیشتووی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخەری مرۆیی بۆ عێراق، غولام ئیسحاقزای ، ئەمڕۆ قۆناغی نوێی بهرنامهی PROSPECTS یان لە عێراق راگەیاند کە لەلایەن حکومەتی هۆڵەنداوە پاڵپشتیی دارایی دەکرێت، ئەمەش بە یاوەری سەرکردەکانی ئەو ڕێکخراوانەی وڵات كه بەشدارن لە هاوبەشییەکاندا. پرۆگرامەکە تیشک دەخاتە سەر خزمەتگوزاری بۆ پەنابەران و ئاوارە ناوخۆییهكان و گەڕاوەکان و کۆمەڵگە میواندارەکان لە عێراق و لەسەر ئەزموونی کۆکراوە لە ساڵی ٢٠١٩ەوە و بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتە ناوخۆیی و نیشتمانییەکان بنیات دەنرێت.
PROSPECTS بەرنامەیەکی سەرەکی و نموونەی پشتگیرییەکی بەرچاوی هۆڵەندایە بۆ بەگەڕخستنی پێکەوەگرێدانی بواری مرۆیی-گەشەپێدان لە هەشت وڵاتی جیاواز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا، و ڕۆژهەڵات و قۆچی ئەفریقا (بهشه دهرچووهكهی لای سودان و سۆماڵ) و ناوچهی دەریاچەی گەورە.PROSPECTS ئەو ڕێکخراوانە کۆدەکاتەوە کە کار بۆ بەهێزکردنی چارەسەرە بەردەوامەکان لە عێراقدا دەکەن: کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران (UNHCR)، سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNICEF)، ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار (ILO)، دامهزراوەی دارایی نێودهوڵهتی (IFC) و بانکی جیهانی. بودجەیەک بە بڕی ٤٨ ملیۆن یۆرۆ بۆ بەرنامەسازی لە بواری پەروەردە و ڕاهێنانی کارامەیی، دامەزراندن، پاراستن، و بنیاتنانی ژێرخانی گرنگ بۆ پەنابەران و ئاوارە ناوخۆییەکان و کۆمەڵگە میواندارەکان لە ناوەڕاست و باکووری عێراق لە ماوەی چوار ساڵی داهاتوودا بەردەست کراوە.
له نێو ئامانجهكانی دیکەی بەرنامەکەدا، له سهرو 155000 كهس کە به هۆی ئاڵۆزییهكان ئاواره بوون و ئەندامانی کۆمەڵگە میواندارەکان، بەهۆی هاوبەشییەكهوە پرۆگرامی خوێندنی سەرەتایی یان ناوەندیی خۆیان (فەرمی و نافەرمی) تەواو دەکەن، و زیاتر لە 250,000 كهس لە پرۆگرامەکانی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیدا دەهێڵرێنەوە، لەوانەش لە بەرنامەکانی پەروەردەی خێرا و پەروەردەی سەرەتایی منداڵی. جگە لەوەش، هاوبەشییەکە توانای دەستڕاگەیشتن بە ڕاهێنانی کارامەیی پەیوەندیدار بە بازاڕ بۆ نزیکەی 5,000 گەنج بەرز دەکاتەوە بۆ ئەوەی پشتیوانییان بکات بۆ دەربازبوونی بێ کێشە بۆ قۆناغی دامەزراندن. لە ڕووی گشتگیریی ئابوورییەوە، بە بڕی زیاتر لە ٥.٢ ملیۆن یۆرۆ، وەبەرهێنان لە چەند بواریکی دیاریکراودا دەکرێت بە ئامانجی گەشەپێدانی کەرتی تایبەت و دروستکردنی دەرفەتی ئابووری و بەهێزکردنی ئاستی دەستڕاگەیشتن بە دارایی بۆ کارسازان و گرووپە هەرەوەزییەکان و کەرتە ئومێدبەخشەکان. جگە لەوەش، بە بەکارهێنانی شێوازەکای بەکارخستنی چری دەستی کار، ئەم هاوبەشییە پشتگیری لە دروستکردنی زیاتر لە ١٢ هەزار ڕۆژی کارکردن دەکات بۆ ئهو کەسانەی کە بە هۆی ئاڵۆزییەکانەوە ئاواره بوون و ئەو کۆمەڵگەیانەی میواندارییان دەکەن؛ ئەمەش بە گرنگیدان بە ئابووریی سەوز.
بە مەبەستی باشتر كردنی پاراستنیان، 40 هەزار پەنابەر و پەناخواز سوودمەند دەبن لە بەڵگەنامەی باری شارستانیی نیشتمانی، پێناس یان باری یاسایی؛ هەروەها 50 هەزار کەسیش سوودمەند دەبن لە خزمەتگوزاریی تایبەتی پاراستنی نیشتمانی و خزمەتگوزاریی بەڕێوەبردنی کەیس و پاڵپشتیی تەندروستیی دەروونی و کۆمەڵایەتی. لە کۆتاییدا و لە ڕووی ژێرخانەوە، 80,000 کەس کە بەهۆی ململانێوە ئاوارە بوون، لهگهڵ کۆمەڵگەی خانەخوێدا، دەتوانن دەستیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی ئاو بگات کە سەلامەته و لەکاتی پێویستدا بەردەسته.
هانس ساندی، باڵیۆزی هۆڵەندا لە عێراق دەڵێت "لە ماوەی 5 ساڵی داهاتوودا، هۆڵەندا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی ئاوارە و پەنابەران لە عێراقدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگە زۆرانەی کە لە ژیانیاندا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە. ئێمە پشتگیرییان دەکەین بۆ دەستڕاگەیشتن بە کار، خوێندن، ڕاهێنان، و پشتیوانی بۆ مسۆگەرکردنی بەڵگەنامە مەدەنییەکان. جگە لەوەش، ئێمە بەرنامەی PROSPECTS درێژ دەکەینەوە بە لەخۆگرتنی چالاکییەکانی تایبەت بە ژێرخانی ئاو و نیشتەجێبوون. بە ئاوێتەکردن و پێک گەیاندنی بواری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لەگەڵ پشتگیریکردن لە چاکسازییەکانی سیاسەتی بەڕێوەبردن، ئامانجمان ئهوهیه كه کۆمەڵگەی ئاوارە و خانەخوێ، ژیانێکی خۆشگوزەرانتر بەڕێوەببەن".
بە نوێنەرایەتیی خێزانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، بەڕێز ئیسحاقزای ، ڕایگەیاند کە: “پاڵپشتیی بەردەوامی هۆڵەندا بۆ عێراق زۆر بەرز دەنرخێنرێت، و ڕێبازە یەکگرتووەکەی دابینکردنی چارەسەری بەردەوام بۆ خەڵکانی ئاوارە و کۆمەڵگا میواندارەکانیان باشتر دەکات. قۆناغی دووەمی پرۆگرامی PROSPECTS ، هەوڵە بەکۆمەڵەکانمان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری بەردەوام بۆ ئاوارەکانی دەستی ململانێ لە عێراق باشتر دەکات کە ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ بانگەوازە جیهانییەکەی سکرتێری گشتی بۆ کۆتاییهێنان بە ئاوارەبوونی ناوخۆیی لە ئاستی جیهانیدا.
بەهۆی پرۆگرامی PROSPECTS ، لە چوار ساڵی یەکەمدا، نزیکەی 4 هەزار منداڵی کۆمەڵگەی ئاوارە ناچارییەکان لە خوێندنی ناوەندیدا ناویان تۆمار کردووە؛ هەروەها زیاتر لە 130 کارسازی پەنابەر بۆ یەکەمجار لە عێراقدا دەستیان بە قەرزی دارایی بچووک گەیشتووە، و زیاتر لە ٤٥ هەزار ئاوارەش بەڵگەنامە مەدەنییەکانیان بەدەستهێناوە.
بەرنامە و پاڵپشتی نێودەوڵەتی بۆ باشترکردنی بارودۆخی ئابووری کۆمەڵایەتی بۆ یەک ملیۆن و سهد هەزار ئاوارە و سێ سهد هەزار پەنابەر و ههشت هەزار کەسی بێ وڵات لە عێراق و هەروهها گرنگە و وەک كاری له پێشینه بۆ حکومەتی هۆڵەندا و نەتەوە یەکگرتووەکان.
########
بۆ زانیاری زیاتر، تكایه پهیوهندی بكه به:
نەتەوە یەکگرتووەکان:
زەینەب ساڵح، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، zainab.salih@un.org
باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە عێراق
Lars Faber, First Secretary Stabilization, BAG-STAB@minbuza.nl
