نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی یونامی وێرکشۆپێکی بە ئامانجی بەهێزکردنی بەشداری پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی عێراق لە پێداچوونەوەی خولیی گشتگیری داهاتووی عێراقدا ئەنجامدا، کە بڕیارە لە سەرەتای ساڵی 2025دا بەڕێوەبچێت. پێداچوونەوەی خولیی گشتگیر میکانیزمێکی ناوازەی ئەنجومەنی مافی مرۆڤە کە داوا لە ووڵاتانی ئەندام لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات پێویستە پێداچوونەوە بەو کارانەدا بکرێت کە بۆ باشترکردنی دۆخی مافی مرۆڤ لە وڵاتەکانیدا ئەنجامیان داوە بە مەبەستی زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکانی سوودمەندبوون لە مافەکانی مرۆڤ.
[39] کەس (29] ژن و [10 ] پیاو) بەشدارییان لەم چالاکییەدا کرد، لەنێویاندا ئەندامان و نوێنەرانی گروپە ئایینی و نەتەوەییەکانی عێراق و سەرکردە ئایینییەکان و نوێنەرانی کومیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عیراق و کۆمەڵگەی مەدەنی بوون.
لە میانی وێرکشۆپەکەدا نوسینگەی مافەکانی مرۆڤی یونامی کورتەیەکی سەبارەت بە میکانیزمی پێداچوونەوەی خولیی گشتگیر پێشکەش کرد لەگەڵ ئەو ڕێنماییانەی سەبارەت بەوەی کە چۆن ڕێکخراوە ناحکومییەکان دەتوانن ‘ڕاپۆرتی لایەنە پەیوەندیدارەکان’ ئامادە بکەن و پێشکەشی بکەن بۆ ئەوەی لە ژێر پرۆسەی پێداچوونەوەی خولیی گشتگیردا لەبەرچاو بگیرێن. بەشداربووان گفتوگۆی بە کۆمەڵیان ئەنجامدا لەسەر جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی پێشووی پێداچوونەوەی خولیی گشتگیر، لەگەڵ دەستنیشانکردنی پرسە سەرەکییەکان بۆ ئەوەی لەم ڕاپۆرتانەدا جێگیربکرێن.