ئەمڕۆ، ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دەستبەکاربوونی محەمەد ئەلحەسەنی بەڕەگەز خەڵکی سەڵتەنەی عومان وەك نوێنەری تایبەتی نوێی خۆی لە عێراق و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) ڕاگەیاند. بەرێز ئەلحەسەن شوێنی خاتوو جینین هێنیس-پلاسخارتی هۆڵەندی دەگرێتەوە، کە سکرتێری گشتی سوپاسگوزارە بۆ پابەندبوونی و سەرکردایەتیکردنی یونامی لە ماوەی ڕابردوودا.
بەڕێز ئەلحەسەن ئەزموونێکی فراوانی دیپلۆماسی دەهێنێتە ئەو پۆستە کە زیاتر لە سی ساڵ ئەزموونی کارکردنی هەیە لە بوارەکانی دیپلۆماسییەتی خۆپارێزی و بنیاتنانی ئاشتی و گەشەپێدان. لەم دواییانەدا، وەك نوێنەری هەمیشەیی سەڵتەنەی عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرك (لە ساڵی ٢٠١٩ەوە) کاری کردووە. پێش ئەوەش ئەرکی جۆراوجۆری لە وەزارەتی دەرەوە لە مەسقەت هەبووە، لەوانەش جێگری وەزیری کاروباری دیپلۆماسی بە وەکالەت (٢٠١٦)، سەرۆکی دیوان (٢٠١٥) و بەرپرسی نووسینگەی وەزیر(٢٠١٢).
لە پۆستە جیاوازەکانی لە ئاستی باڵادا، بەڕێز ئەلحەسەن وەك باڵیۆزی نائاسایی و دەسەڵاتی ڕەهای سەڵتەنەی عومان لە فیدراسیۆنی ڕووسیا و هاوکات وەك باڵیۆزی نانیشتەجێ لە بیلاڕووس و ئۆکرانیا و ئەرمینیا و مۆڵدۆڤا کاری کردووە. هەروەها بەڕێز ئەلحەسەن پێشتر پۆستی جێگری نوێنەری هەمیشەیی سەڵتەنەی عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرك وەرگرتووە. پێش ئەمەش جێگری نوێنەری هەمیشەیی سەڵتەنەی عومان بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ.
بەڕێز ئەلحەسەن خاوەنی بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی واشنتۆن لە سیاتڵ لە ئەمریکا و بڕوانامەی ماستەر لە زانستی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان لە زانکۆی سانت جۆن لە نیویۆرك لە ئەمریکا و بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری ئابووری لە زانکۆی حکومی مۆسکۆ بۆ ئابووری و ئامار و زانیاری (MESI) لە مۆسکۆ لە ڕووسیا وەرگرتووە. زمانی عەرەبی و ئینگلیزی و نەرویجی و ڕووسی دەزانێت.
نیویۆرك، ١٥ی تەمووزی ٢٠٢٤