ئامادەبووان و میوانانی بەڕێز،
ئەمڕۆ ئێمە لە ساڵیادی تەقینەوەی ئوتێل کەناڵی بەغداددا، یادی دوو رۆژی جیهانی دەکەینەوە کە لەلایەن ئەنجومەنی گشتییەوە دەستنیشان کراون. یەکێکیان رۆژی جیهانیی مرۆییە کە ڕێک لە ڕۆژی یادکردنەوەی ئەو تەقینەوەیە و ئەوەی تریشیان لە 21ی ئابدایە کە رۆژی جیهانیی یادکردنەوەی قوربانیانی تیرۆرە.
من دەمەوێ ئەم یادە تاڵانە بقۆزمەوە بۆ ستایشکردنی هەموو ئەو کارکەرانەی بواری مرۆیی کە گیانی خۆیان لەپێناو خزمەتکردنی مرۆڤایەتیدا بەخت کرد و هەروەها بۆ هەموو قوربانییان و رزگاربووانی تیرۆریش.
هاوپیشە خۆشەویستەکان،
ساڵی 2023 خوێناویترین ساڵ بوو بۆ کارکەرانی بواری مرۆیی و بەداخەوە واش پێشبینی دەکرێت کە 2024 خراپتریش بێت. کارکەرانی بواری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان و خەڵکی تر لە ڕێکخراوە ناحکومییە ناوخۆیی و جیهانییەکاندا کوژراون و برینداربوون و رفێندراون لەگەڵ ئەو مەدەنییانەش کە یارمەتییان داون کە بە زۆری و لە هەموو شوێنێک پشکی شێریان بەرکەوتووە.
لە ناوچەکەی ئێمە و لە غەززە بینیمان کە تەنها لە یەک شەڕدا زۆرترین ژمارەی کوژراوان لە کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان بووە کە 207 یان هاوپیشەی پێشووی من بوون لە رێکخراوی "ئونڕوا" لەگەڵ 40000ی تر لە خەڵکی فەلەستین لە شەڕێکی کارەساتباردا کە تێیدا هەموو لایەنەکان یاسا جیهانییەکان پێشێل دەکەن و جگە لەوەی کە شەڕێکیشە رەنگە بە تەواوی ناوچەکەدا تەشەنە بکات. ئەمە بەگوێرەی قسەکانی سکرتێری گشتی نیشانەی شکستی مرۆڤایەتی و بەرپرسیاریی و سەرکردایەتییە. بەڵام هێشتاش ئەم ڕاستییە تاڵە نابێ ببێتە مایەی دروستبوونی بێهیوایی.
ئێمە لە رۆژی جیهانیی مرۆییدا نەک هەر تەنها ئاهەنگ بۆ کاری کارکەرانی بواری مرۆیی یا قوربانییان و رزگاربووان دەگێڕین و بەس بەڵکوو ئێمە داوای لێپێچینەوەش لە هەموو ئەوانەش دەکەین کە یاسا جیهانییەکان پێشێل دەکەن. ئێمە هەروەها داوای هاوکاریش دەکەین بۆ ئەو دامودەزگایانەی وەک دادگای دادپەروەریی نێودەوڵەتی و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی کە بۆ ئەنجامدانی لێپێچینەوە لەو خەڵک و وڵاتانە دروست بوون کە بە قێزەونترین شێوە یاسا نێودەوڵەتییەکانیان پێشێل کردووە.
ئامادەبووانی خۆشەویست،
ئێمە بە دڵنیاییەوە پاڵنەرمان بۆ یادکردنەوەی ئەم رۆژە لێرە لە بەغداد هەیە. هەندێ یادەوەری و برینی تەقینەوەی ئوتێل کەناڵ، کە هەندێکیان نەبینراون، تا ئێستاش هەر تازەن. ئەو تەقینەوەیەی ساڵی 2003 بووە مایەی گیانلەدەستدانی 22 لە هاوپیشەکانمان، بە بەرێز سێرجی دی ملیۆی نوێنەری ئەو کاتەی تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانیشەوە،
کە تەنها 5 ڕۆژ دوای دامەزراندنی یونامی ئەنجام درا ئەنجومەنی ئاسایشەوە لەگەڵ برینداربوون یان بەشێوەیەک لە شێوەکان بەرکەوتنی زیاتر لە 100 کەسی تر.
مایەی خۆشحاڵییە کە هەندێ لە ڕزگاربووانی ئەو تەقینەوەیە ئێستا لەگەڵ ئێمەدا و بۆ وڵاتەکەیان درێژە بە خزمەتیان دەدەن لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا.
دەبا هەموومان ڕێزیان لێ بگرین.
من هەروەها دەمەوێ هاوسۆزی گەرمی خۆمان بۆ هەموو ئەوانە بنێرین کە یان هاوپیشە یان برادەر یان ئەندامی خێزانیان لە دەستداوە. بیرەوەری تایبەتیش بۆ خانەوادەی ئەوانەی کە لەو تەقینەوەیەدا گیانی خۆیان دەستدا کە بەداخەوە نەیانتوانی ئەمڕۆ لەگەڵ ئێمە ئامادە بن.
ئێمە ئەو راستییە دەزانین کە هێرشەکەی 19ی ئابی 2003 هەڵکشانی زۆری لە شاڵاوی توندوتیژی لەلایەن تیرۆریستانەوەی بەدوایخۆیدا هێنا کە بۆ چەندین ساڵ بووە مایەی ڕێژەی زۆری مردن و کاولکاری لەسەرتاسەری وڵاتدا. من دوێنێ لە وەزارەتی دەرەوە بەشداریم لە بۆنەیەک کرد بۆ یادکردنەوەی ساڵیادی کۆمەڵکوژی یەزیدی لەلایەن ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە و ئێمە یادی قوربانییانی یەزیدی و قوربانیانی دەستی تیرۆر و رزگاربووانمان کردەوە بەوانەشەوە کە لە تەقینەوەکەی ئوتێل کەناڵدا کوژران و هەروەها ئەوانەی تەقینەوەی وەزارەتی دەرەوەش لە 19ی ئابی ساڵی 2009 دا.
ئامادەبووانی خۆشەویست،
ئێمە ئەمڕۆ سڵاو دەنێرین بۆ ئازایەتیی کارکەرانی بواری مرۆیی و ڕێز لە خۆ تەرخانکردنەکەیان دەگرین بۆ خزمەتکردنی خەڵکی پێویست بێگوێدانە ئەوەی کە بۆ کێیە یا لە کوێیە یا چییە. ئێمە هەروەها پابەندیی خۆمان بە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر یان هەر بیروباوەڕێک کە بیەوێ خۆی بەسەر خەڵکی تردا بسەپێنێت یان هانی نالێبووردەیی بدات چی لیرە و چی لە هەر شوێنێکی جیهاندا.
باشترین شێواز رێزگرتنە لە هاوپیشەکانمان لە بواری مرۆیی کە گیانی خۆیان لە تەقینەوەی ئوتێل کەناڵدا بەخت کرد لەپێناو گەشەپێدانی بەهای مرۆڤایەتی و ئاشتی و دادپەروەریدا. هەرچەندە یونامی لە قۆناغی کۆتاییدایە بەڵام هەرگیز یادەوەری ئەوان و پابەندبوونیان بە عێراقەوە لەبیر ناکەین. ئەمە سیاسەتی ئەوان بوو کە بۆ ئێمەش بووەتە مایەی سرووش بەخشینی بەردەوام.
ئێستا پێش ئەوەی حازم عەبدولباقی هاوپیشەم بەناوی ڕزگاربووانی ئەو تەقینەوەیە دەست بە وتارەکەی بکات، من دەمەوێ بە زوبانی عەرەبی سوپاس و ستایشی خۆمیان بۆ دەربڕم.
من جارێکی تر سڵاو بۆ ئازایەتیتان دەنێرم. من هەروەها دەمەوێ پێزانینی زۆری خۆم دەربڕم سەبارەت بە بەشداریی بەردەوامتان و لە کاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراقدا و هەروەها پابەندیتان بۆ وڵاتەکەتان. ئێمە شانازی بە خۆتان و کارەکانتانەوە دەکەین و لە جیاتی هەمووشمان سوپاستان دەکەم.