یونامی چاوەڕوانی بانگەشەیەکی هێمنانە و ڕێزدارانەیە بۆ هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستانی عێراق
٢٥ ئەیلوول ٢٠٢٤
بەغدا، ٢٥ی ئەیلولی ٢٠٢٤ - نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) پێشوازی لە دەستپێکردنی ئەمڕۆی ماوەی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکات کە بڕیارە لە ٢٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ بەڕێوەبچێت، هەروەك لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عیراقەوە ڕاگەیەندراوە.
یونامی جەخت لەسەر گرنگیی دەستەبەرکردنی ژینگەیەکی ئارامی هەڵمەتی هەڵبژاردن دەکاتەوە کە دوور بێت لە توندوتیژی و تۆقاندن، هەروەها بەشداربووانیش سەرنجیان لەسەر کێبڕکێی ئاشتیانەی دیدگا و بەرنامەکان بێت، بۆ ئەوەی دەنگدەران بتوانن بڕیاری هۆشیارانە لەسەر سندوقی دەنگدان بدەن.
یونامی داوا لە هەموو کاندیدەکان و ئەکتەرە سیاسییەکانی دیکە و میدیاکان دەکات کە بەشداربن لە فەراهەمکردنی ژینگەیەکی ڕێزدار و گشتگیر و گفتوگۆی کراوە بە درێژایی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان. بۆ ئەوەی ئەم هەڵبژاردنانە متمانەپێکراوبن زۆر گرنگە کە ژینگەیەکی سەلامەت دابینبکرێت و پێشوازیەکی باش لە هەموو کاندیدەکان و دەنگدەران بکرێت، بەتایبەتی ئەو ژنانەی کە زۆرجار لە کاتی پرۆسەکانی هەڵبژاردنەکاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی جیاواز دەبنەوە. هەر ناکۆکییەک کە پەیوەندی بە هەڵبژاردنەکانەوە هەبێت، پێویستە لە ڕێگەی میکانیزمە بەردەستەکانەوە چارەسەر بکرێت بە تایبەتی ئەو میکانیزمانەی کە لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە دانراون.
یونامی بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتیکردنی پڕۆسەی هەڵبژاردنێکی دادپەروەرانە و شەفاف کە ڕەنگدانەوەی خواستی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان بێت.