لێدوانی ڕۆژنامەوانی

دکتۆر محەمەد ئەلحەسان نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و بەرپرسی یونامی

١٠ تشرینی یەکەم ٢٠٢٤

ئەمڕۆ پێنجشەممە ١٠ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٤ دکتۆر محەمەد ئەلحەسانی خەڵکی سوڵتانییەتی عومان گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق بۆ دەستبەکاربوونی لە ئەرکەکەی دوای ئەوەی لەلایەن سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە وەك نوێنەری تایبەتی خۆی  و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) دەستنیشانکرا. 

پێش دەستبەکاربوونی وەك نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسی یونامی، دکتۆر ئەلحەسان لە ٢١ی ئابی ٢٠١٩ەوە وەك باڵیۆزی نائاسایی و دەسەڵاتدار/نوێنەری هەمیشەیی سوڵتانییەتی عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کاری کردووە.لەکاتێکدا کە وەك باڵیۆزی نائاسایی و نوێنەری دەسەڵاتدار/هەمیشەیی سوڵتانییەتی عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان کاریدەکرد، دکتۆر ئەلحەسان ئەرکی جێگری سەرۆکی ٧٤هەمین دانیشتنی کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و جێگری سەرۆکی سی و یەکەمین دانیشتنی تایبەتی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی لێژنەی چوارەمی دانیشتنی حەفتا حەوتەمی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی شاندی عومان بۆ ٦٧ەمین دانیشتنی کۆمیسیۆنی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دۆخی ژنان (CSW) و سەرۆکی شاندی عومان لە ٦١هەمین دانیشتنی کۆمیسیۆنی گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی و هەماهەنگکاری لوتکەی داهاتوو لەسەر کارنامەی هاوبەش و هەماهەنگکاری نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆری جیهانی و سەرۆکایەتی شاندی سوڵتانییەتی عومان بۆ ٧٧هەمین دانیشتن لە کۆبوونەوەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی پێسپێردرابوو.

پێش ئەوەی نوێنەرایەتی سوڵتانییەتی عومان بکات لە نەتەوە یەکگرتووەکان، دکتۆر ئەلحەسان وەك جێگری سکرتێری کاروباری دیپلۆماسی بە وەکالەت لە وەزارەتی دەرەوەی سوڵتانیەتی عومان کاری کردووە. هەروەها سەرۆکی دیوانی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی سوڵتانیەتی عومان بووە لە ساڵی ٢٠١٥ تا ٢٠١٩. هەروەها لە نێوان ساڵانی ٢٠١٢ تا ٢٠١٥ وەك بەرپرسی نووسینگەی وەزیر لە وەزارەتی دەرەوەی سوڵتانیەتی عومان کاری کردووە، هەروەها لێپرسراوی یەکەی شیکاری سیاسی لە وەزارەتی دەرەوەی سوڵتانییەتی عومان بووە لە ساڵی ٢٠١٢.

دکتۆر ئەلحەسان نوێنەرایەتی وڵاتەکەی کردووە لە ژمارەیەك پۆستی دیپلۆماسی لەدەرەوە، لەوانە وەک باڵیۆزی سوڵتانییەتی عومان لە فیدراسیۆنی ڕووسیا لە ساڵی ٢٠٠٩ تا ٢٠١٢، هاوکات باڵیۆزی نا نیشتەجێیش بووە لە کۆماری بێلاڕووس و کۆماری ئۆکرانیا و کۆماری ئەرمینیا و کۆماری مۆڵدۆڤا. لە نێوان ساڵانی ١٩٩٣ تا ٢٠٠٥ لە نوێنەرایەتی هەمیشەیی سوڵتانییەتی عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرك و هەروەها لە نێوان ساڵانی ١٩٩٠ تا ١٩٩٣ لە نوێنەرایەتی هەمیشەیی سوڵتانییەتی عومان لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ و هەروەها نوێنەرایەتی سوڵتانییەتی عومان لە کۆنفرانسی داماڵینی چەک و کۆنفرانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بازرگانی و گەشەپێدان (UNCTAD) خزمەتیکردووە، جگە لەوەی پۆستی جێگری سەرۆکایەتی دانیشتنی هەشتەمی UNCTADی هەبووە، کە لە ساڵی 1992 لە کۆڵۆمبیا بەڕێوەچوو.

دکتۆر ئەلحەسان لە زۆرێك لە کۆڕبەندی ناوچەیی و نێودەوڵەتی بەشداری کردووە، لەوانە کۆنفرانسی لوتکەی ئیسلامی لە جەددە لە ساڵی ٢٠٠٥ و دیالۆگی مەنامە لە مەنامە لە ساڵی ٢٠٠٥ و کۆڕبەندی لوتکەی داهاتوو لە دەریای مردوو لە ساڵی ٢٠٠٦ و  کۆڕبەندی جیهانی ئیسلامی و ئەمریکا لە دۆحە لە ساڵی ٢٠٠٦ و شەشەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دیموکراسییە نوێ و گەڕاوەکان لە دۆحە لە ساڵی ٢٠٠٦ و هەژدەهەمین لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە خەرتوم لە ساڵی ٢٠٠٦ و چواردەهەمین لوتکەی بزووتنەوەی بێ لایەنەکان لە هاڤانا لە ساڵی ٢٠٠٦ و هەشتەمین لوتکەی ڕاوێژکاری کەنداو لە ڕیاز لە ساڵی ٢٠٠٦ و نۆزدەهەمین لوتکەی کەنداو لە ڕیاز لە ساڵی ٢٠٠٧ و کۆنفرانسی ئاشتی ئاناپۆلیس لە ئاناپۆلیس لە ساڵی ٢٠٠٧ و پەیمانی نێودەوڵەتی لەگەڵ عێراق لە شەرم ئەلشێخ لە ساڵی ٢٠٠٧ و حەڤدەهەمین ئەنجومەنی هاوبەشی کەنداو و ئەوروپا و کۆبوونەوەی وەزاری لە ڕیاز لە ساڵی ٢٠٠٧ و دەیەمین لوتکەی ڕاوێژکاری کەنداو لە ڕیاز لە ساڵی ٢٠٠٨ و کۆنفرانسی ڕاوێژکاری وەزاری ئەوروپی-عەرەبی لە ماڵتا لە ساڵی ٢٠٠٨ و کۆنفرانسی لوتکەی ئیسلامی لە داکار لە ساڵی ٢٠٠٨ و دووەمین لوتکەی وڵاتانی عەرەبی و ئەمریکای لاتین لە دۆحە لە ساڵی ٢٠٠٩ و لوتکەی نائاسایی کۆمکاری عەرەبی لە دۆحە لە ساڵی ٢٠٠٩ و نۆیەمین کۆڕبەندی نێودەوڵەتی وەبەرهێنان لە سۆچی لە ساڵی ٢٠١٠ و لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە قاهیرە لە ساڵی ٢٠١٢ و لوتکەی گەشەپێدانی ئابووری و کۆمەڵایەتی عەرەبی لە ڕیاز لە ساڵی ٢٠١٣ و کۆنفرانسی نێودەوڵەتی سۆماڵ لە لەندەن لە ساڵی ٢٠١٣ و ئاسانکاری بۆ پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و گرووپی وڵاتانی ٥+١ لە مەسقەت لە ساڵی ٢٠١٤ و بیست و چوارەمین کۆبوونەوەی ئەنجومەنی هاوبەش و وەزاری وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە دۆحە لە ساڵی ٢٠١٥ و لوتکەی کەنداو و ئەمریکا لە کامپ دەیڤد لە ساڵی ٢٠١٥ و کۆبوونەوەکانی دەستپێشخەری جیهانی کلینتۆن لە مەراکش لە ساڵی ٢٠١٥ و گروپی نێودەوڵەتی پشتیوانی سوریا لە ڤیەننا لە ساڵی ٢٠١٥ و لوتکەی کەنداو و ئەمریکا لە ڕیاز لە ٢٠١٦ و نۆیەمین کۆڕبەندی دیموکراسی بالی لە بالی لە ساڵی ٢٠١٦ و لوتکەی کەنداو و ئەمریکا لە ڕیاز لە ساڵی ٢٠١٧ و هەژدەهەمین دانیشتنی نائاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی ڕێکخراوی هاوکاری ئیسلامی لە جددە لە ساڵی ٢٠١٨ و لوتکەی نائاسایی ئیسلامی لە ئەستەنبوڵ لە ساڵی ٢٠١٨ و کۆڕبەندی ئۆسلۆ لە ساڵی ٢٠١٨-٢٠١٩ و جگە لە سێیەمین سیمپۆزیۆمی ساڵانەی ئاسایش لە جددە لە ساڵی ٢٠٢٣ و هەفتەی نێوەندگیری عومان-سویسرا لە مەسقەت لە ساڵی ٢٠٢٣ و نۆزدەهەمین لوتکەی بێ لایەنەکان (NAM) و سێیەمین لوتکەی باشوور لە کامپالا لە ساڵی ٢٠٢٤.

دکتۆر ئەلحەسان ئەندامی کۆمەڵێك ئەنجومەن و لیژنەی ناوچەیی و نێودەوڵەتییە، لەوانە دەستەی ئەمینداری قوتابخانەی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان (UNIS) و ئەنجومەنی ڕاوێژکاری نێودەوڵەتی دامەزراوەی ئاشتی نێودەوڵەتی (IPI) و دەستەی بەڕێوەبەران لە ڕێکخراوی بەردەوامیی ڕێکخراوە ناحکومییەکان (NGO Sustainability Inc) و یانەی دیپلۆماسی عومان و جگە لە ئەندامێتی لە تۆڕی پاڵەوانە نێودەوڵەتییەکانی بواری جێندەر (IGC).

دکتۆر ئەلحەسان خاوەنی دکتۆرایە لە ئابووری لە زانکۆی حکومیی مۆسکۆ بۆ ئامار و زانیاری (MESI) و لە نێوان ساڵانی ١٩٩٧ - ٢٠٠٥ ناوی خۆی تۆمارکردووە لە پرۆگرامی دکتۆرا لە قوتابخانەی نوێی توێژینەوەی کۆمەڵایەتی لە نیویۆرك. جگە لەوەش خاوەنی بڕوانامەی ماستەرە لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و هەروەها بڕوانامەی دکتۆرایە لە یاسای نێودەوڵەتی لە زانکۆی سەینت جۆن لە نیویۆرك و هەروەها بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لە زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی واشنتۆن لە سیاتڵ بەدەستهێناوە.

دکتۆر ئەلحەسان "ئەندامی فەخری و ئەکادیمی ئەکادیمیای نێودەوڵەتی خێرخوازی"یە لە فیدراسیۆنی ڕووسیا و بڕوانامەی "دکتۆرای فەخری لە بواری دیپلۆماسی" لە زانکۆی کەگس پێبەخشراوە. جگە لەوەش پلەی "پڕۆفیسۆری فەخری" لە پەیمانگای حکومی بۆ هونەر و ڕۆشنبیری لە بێلگۆرۆد پێبەخشراوە. هەروەها دکتۆر ئەلحەسان ئەندامی کۆمەڵەی سیاسەتی دەرەوەیە لە نیویۆرك.

بەدرێژایی ژیانی کارکردنی لە کاروباری دەرەوەی سوڵتانییەتی عومان، دکتۆر ئەلحەسان چەندین توێژینەوە و بابەتی بڵاوکردۆتەوە کە لەنێویاندا بریتین لە "شێوازی چەکداماڵین لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست" و "ئەفسانە و ڕاستییەکانی دادگای تاوانە نێودەوڵەتییەکان" و "ڕوانگەی جیاواز لەسەر شوێنی کار لە کۆمەڵگەیەکی کرێچی نەوتدا" و "تایبەتمەندییەکانی گۆڕینی بازاڕی کار لە بنیاتنانی ئابوورییەکی زانستی چڕدا".

دکتۆر ئەلحەسان لە ١٩ی ئابی ١٩٦٣ لە شاری سەڵاڵەی سوڵتانییەتی عومان لەدایك بووە، خێزاندارە و خاوەنی دوو کچە.

 

Samir Ghattas

سه‌مير غه‌تتاس

نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ هاريكارى عيراق
وته‌بێژ / به‌ڕێوه‌به‌رى نووسینگەی پەیوەندییە ستراتیژییەکان و ڕاگەیاندن

نوسينگه‌ى راگه‌ياندنى يونامى

نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ هاريكارى عيراق

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ هاريكارى عيراق
نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ هاريكارى عيراق

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت