١٨ی ئایاری ٢٠٢٥
هاوپیشە و ڕزگاربووانی خۆشەویست،
٢٢ ساڵ لەمەوبەر خراپترین هێرشی تەقینەوە لەمێژووی ئەو رێکخراوەدا دژی بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا ئەنجام درا. هەرچەندە لە ڕاستیدا، ٢٢ ساڵ ماوەیەکی زۆرە درێژە بەڵام ئێمە ئەو هاوپیشانەمان لەبیر ناکەین کە لە تەقینەوەکەی ئوتێل کەناڵدا گیانی خۆیان لە دەستدا. ئەوانە کوڕ و کچ و دایک و باوک و برادەری ئێمە بوون کە تا ئەمڕۆش لەلایەن ناسیاو و خۆشەویستانیانەوە هەر یاد دەکرێنەوە. ئێمە هەروەها یادی بەڕێز سێرجی دی ملیۆی بەرپرسی ئەو کاتی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەکەینەوە کە ئەویش لەو تەقینەوەیەدا گیانی لەدەستدا. ئێمە هەروەها لەگەڵ ئەو ڕزگاربووانەشین کە ژیانیان بۆ هەتاهەتایی گۆڕا. هەروەها یادی ئەو هاوپیشە قارەمانانەشمان و خەڵکی تریش دەکەینەوە کە لەو ڕۆژە سەختەدا کەوتنە پێشکەشکردنی یارمەتی کە لە چەندین رۆژ و هەفتەی دواتریشدا جوانترین گیانی مرۆییان نیشاندا.
ئەم یادکردنەوەیەش ڕێزگرتنێکە لە گیانیان و هەروەها بەشداریشیان بۆ خەڵکی عێراق و هەروەک چۆن نیشاندەری ئەوەشە کە دۆخی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ وە چی بەسەر هاتووە. بە کارکردن لەگەڵ خەڵکی ئازا و بە هیممەتی ئەم وڵاتەدا، ژنان و پیاوانی نەتەوە یەکگرتووەکان ماندوونەناسانە کاریان کرد بۆ هاوکاریکردنی عێراق لە هەنگاونانی بەرەو ئاشتی و سەقامگیری و گەشەپێدان.
لەسەرووی هەمووشیانەوە، ئەم یادکردنەوەیە بیرخەرەوەیەکی ڕوون و ئاشکرایە لەسەر ئەو کارە گرینگەی کە ئەم رێکخراوە لەسەرتاسەری جیهاندا ئەنجامی داوە و هەروەها ئەو مەترسییانەش کە رووبەڕووی خەڵکی ئێمە بووەتەوە لەکاتی ئەنجامدانی کارەکانیاندا. ١٩ی مانگی ئاب، کە ڕۆژی جیهانیی مرۆییە، لە رۆژی یادکردنەوەی کارەسات و تراژیدیای بێوێنەوە گۆڕاوە بۆ یادکردنەوەی پیرۆز بۆ هەموو ئەو خەڵکانەی کە لە بواری مرۆییدا کار دەکەن لە ناوەوەو لە دەرەوەی ڕێکخراوکەدا. ئەم ئازایەتی و خۆتەرخانکردن و باوەڕە بۆ ئایندەیەکی باشتر سرووش (ئیلهام) مان پێدەدات.
ئەوانەی کە لە ١٩ی ئابی ٢٠٠٣دا گیانیان لە دەستدا و هەروەها قوربانیدان و بەشداریشیان بۆ جیهان و بۆ پرسی پیرۆزی ئاشتی هەرگیز لەبیر ناکرێن.