دەوڵەتمەدار جەنابی سەرۆک وەزیران محەممەد شیاع ئەلسودانی،
پایەدار جەنابی وەزیر دکتۆرعەون زیاب عەبدوڵڵا ،
میوانە بەڕێزەکان ، پایەدارن ، خانمان ، بەڕێزان ،
شانازییەکی گەورەیە ئەمڕۆ لە کۆنفرانسی پێنجەمی بەغدای نێودەوڵەتی ئاو لەگەڵتان بم ، کە سەکۆیەکی گرنگە سەرکردەکانی وڵات و شارەزایانی هەرێمیی و هاوبەشە نێودەوڵەتییەکان کۆدەکاتەوە بۆ چارەسەرکردنی یەکێک لە هەرە گرنگترین ئاڵنگارییەکانی ئەم سەردەمەی ئێستا ئەویش ئاسایشی ئاوە .
ئەمڕۆ ئێمە لەژێر دروشمی "ئاو و تەکنۆلۆژیا: هاوبەشی بۆ گەشەپێدان" کۆدەبینەوە ، ئەمەش بانگەوازێکی کاتیی و بە پەلەیە بۆ کارکردن . عێراق بەردەوام دووچاری کەم ئاویی لە ڕادەبەدەر دەبێتەوە، نەوەک بە تەنها بە هۆکاری گۆڕانی کەشوهەواوە ، بەڵکو بەهۆی گرفتەکانی بەڕێوەبردنی ئاوو کۆنبوونی ژێرخان و چڕی بەکارهێنانی سەرچاوەکانیشەوە.
ئەمانەش دەرئەنجامە درێژمەوداکانی لێدەکەوێتەوە : هەر لە کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی و کۆچکردنی ناوخۆییەوە تا دەگاتە خراپی بارودۆخی جڤاکە نێوخۆییەکان کە لە بنەڕتدا لاوازن . کەمیی ئاوو کوالیتی و ئاسایشی ئاو بوونەتە یەکێک لە هەرە گرنگترین ئەو ئاڵنگاریانەی دووچاری وڵاتەکە دەبێتەوە ، ئەمانەش تەنها مەترسی لەسەر بەکاربردنی مرۆیی و گەشەپێدانی ئابووری دروست ناکەن بەڵکو مەترسی لەسەر سیستەمە ژینگەییەکان و ژینگەکەش دروست دەکەن.
بەڵام، لەنێو ئەم هەموو ئاڵنگاریانەش ، دەرفەتیش هەن.
حکومەتی عێراق چەندین هەنگاوی هاویشتووە کە مایەی ستایشکردنن ، هەر لە دەستپێکردنی گفتوگۆی نیشتیمانی دەربارەی ئاوەوە تا دەگاتە میوانداری کردنی ئەم کۆنفرانسە ساڵانەیە ، سەرباری هەوڵەکانی هاوکاری بەردەوام لەنێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و تیمە تایبەتەکانی کاری ئاوی سەر بە حکومەتی عێراق.
پەیوەندیکردنی عێراق بە ڕێکەوتنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ ئاو لە ساڵی 2023 دەستکەوتێکی مێژوویە ، چونکە یەکەمین وڵاتی عەرەبی بوو کە پەیوەندی کرد. ئەم هەنگاوە پێشکەوتووەش ئاماژەیە بە پابەندبوونی عێراق بە هاریکاری هەرێمیی و بەڕێوەبردنی درێژخایەنی ئاو.
لەم گەشتە گرنگە دا ، نەتەوە یەکگرتووەکان بە جێگیریی لەگەڵ عێراق دەوەستێت. و لە ڕێگای هەوڵە تەرخانکراوەکانی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و بە هاریکاری لەگەڵ هاوبەشە نیشتیمانیەکاندا، ئێمە پشتگیری عێراق دەکەین لە بە مۆدیرن کردنی ڕێگاکانی ئاودێری وهێنانی تەکنۆلۆژیای خەزنکردنی ئاو؛ و شیاندنەوەی زۆنگاوەکان و پەرەپێدانی گەشتیاریی ژینگەیی و پەرەپێدانی سیستەمی ئاگادارکردنەوەی پێشوەختە و پێشخستنی کشتوکاڵی زیرەک لە بواری کەشوهەوا و برەودان بو تواناکانی عێراق لە دانوستانەکانی ئاوە سنوورتێپەڕەکان .
لەکاتێکدا لەگەڵ حکومەت کاردەکەین بۆ تەواوکردنی چوارچێوەی نوێی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری لە بواری گەشەپێدانی بەردەوام، ئەوا کارەکانی کەشوهەوا و بەردەوامیی ژینگەیی دەکەینە چەقی تێڕوانینە هاوبەشەکەمانەوە .
چوارچێوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری لە بواری گەشەپێدانی بەردەوام (UNSDCF) داوای شێوازێکی تێروتەسەل و گشتگیر دەکات بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو ، شێوازێک کە گەرەنتی ئاسایشی درێژخایەنی ئاو ببەخشێت و لە ئایندەش ڕێگری لە کۆچکردن بکات و پاڵپشتی گەشەپێدانی بەردەوامیش بۆ هەموو عێراقییەکان بکات .
ئەم هەوڵانەش بە تەواوی لەگەڵ پلانی گونجاندنی نیشتیمانی و پابەندییە کەشوهەواییەکانی عێراق هەروەها و لەگەڵ ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام - بەتایبەتی ئامانجی شەسەم کە پەیوەستە بە ئاوی پاک و ئاوەڕۆ ڕێکدەخرێن.
کاتێک لە ئایندە دەڕوانین ، ڕێگەم پێبدەن دەربارەی سێ بواری سەرەکی بۆتان بدوێم ، کە سەرۆکایەتی بەهێزی حکومەت - لە ڕێگای سیاسەتی چاکسازی و وەبەرهێنانی ستراتیژیی و هاریکاری هەرێمییەوە - گرنگ دەبێت بۆ پێشخستنی بەڕێوەبردنی بەردەوامی ئاو لە عێراق:
- بەهێزکردنی هەماهەنگی دامەزراوەیی و چاکسازی یاسایی: حکومەت هان دەدەین بۆ پتەوکردنی بەڕێوەبردنی ئاو لە سەر ئاستی وڵات لە ڕێگای بە فەرمیکردنی هەماهەنگی نێوان وەزارەتەکان لە چوارچێوەی "گفتوگۆی نیشتیمانی دەربارەی ئاو" و خێراکردنی چاکسازییە یاساییەکان کە پەرە بە بەرپرسیارێتیە هاوبەشەکان دەدات و گەرەنتی وەدەستهێنانی ئاو بە شێوەیەکی یەکسان بۆ هەمووان ، بە تایبەتی ژنان و جڤاکە نێوخۆییە لاوازەکان ، فەراهەم دەکات .
- وەبەرهێنان لەو چارەسەرە ئاوییانەی کە توانای بەرفراون بوون لە قەبارەوە خۆڕ ڕاگریی لە بەردەم کەش و هەوا هەیە: پێویستە سەرچاوەکانی ئاو فرەجۆر بکرێن لە ڕێگای وەبەرهێنان لە سیستەمە نوێیەکانی ئاودێریی و کۆکردنەوەی ئاوی باران و دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاوەڕۆکان بە شێوەیەکی دروست و هەروەها بەرفراونکردنی چوارچێوەی بەکارهێنانی تەکنۆلۆژیای بەرگەگری کەش و هەوا یارمەتی عێراق دەدات لە خۆگونجاندن لەگەڵ فشارە زۆرەکانی ئاو و کەمکردنەوەی لەدەستدانەکان و باشترکردنی کارامەییەکانی بەکارهێنانی ئاو لە گشت کەرتەکان .
- بانگەشەکردن بۆ هاریکاری هەرێمیی و سنوور بەزێنەکان: ئاو سنوورەکان ناناسێت. کارکردنی بەردەوامی عێراق لەگەڵ دراوسێکانی – پاڵپشتیکراو بە سەکۆ حکومییە نێودەوڵەتییەکانی وەک ڕێکەوتنامەی ئاو گرنگ دەبێت بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایشی درێژخایەنی ئاو. نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیە پاڵپشتی عێراق بکات لە هەوڵەکانیدا بۆ دڵنیابوونەوە لە بەشکردنی دادپەروەرانە ئاو بە بەردەوامی .
لە کۆتاییدا، ستایشی وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان و هەموو هاوبەشەکان دەکەم لە هەمبەر ڕابەرایەتیکردن و تێڕوانینەکانیان.
نەتەوە یەکگرتووەکان وەکو هاوبەشێکی پابەند دەمێنێتەوە لە هەوڵەکانتاندا بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی ئاو ببێتە سەرچاوەی دەرفەتە ئابوورییەکان و خۆشگوزەرانی و بەردەوامی بۆ هەموو عێراقییەکان.
سوپاستان دەکەم .