لێدوانی ڕۆژنامەوانی

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق بابەتی گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا COVID-19 لەو کەیسانەی کە نیشانەکانی تێدا دەرناکەوێت ڕووندەکاتەوە

١٠ حوزەیران ٢٠٢٠

بەغدا، عێراق، ١٠ی حوزەیرانی ٢٠٢٠- ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی (WHO) لە عێراق دەربارەی ئەو لێدوانەی کە دەڵێت گواستنەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا COVID-19 بێ هەبوونی نیشانەکان زۆر دەگمەنە روونکردنەوە دەدات.

لێدوانەکە لە ٨ی حوزەیران درابوو ، ئاماژەی بە کؤمەڵێک لە لێکۆڵینەوە و داتای لاوەکی دەکرد کە چەند وڵاتێکی ئەندام لە نێو خۆیان دابەشیان کردبوو، کە دەربارەی لێکۆڵینەوەی هێشوویی و چالاکییەکانی شوێن پێهەڵگرتنی بەریەککەوتنەکان بوو.

لەم لێکۆڵینەوانەدا دەرکەوتبوو هەندێک کەیس هەیە نێشانەکانی نەخۆشی تێدا دەرنەکەوتووە و زۆر بە دەگمەنیش گواستنەوەی لاوەکی تیایاندا بەدی کراون.

هۆکاری پەتای کۆڕۆنا ڤایرۆسیکی نوێیە و ئێمەش بەردەوام ڕۆژانە شتی نوێ دەربارەی پەتاکە فێردەبین . زۆر گرنگیشە ئەوە دووپات بکرێتەوە کە گواستنەوەی پەتاکە لەڕێگای ئەو نەخۆشانەی کە نیشانەکانیان هەیە بڵاو دەبێتەوە . زۆربەی پێشنیازەکانی ڕێوشوێنە کۆمەڵایەتییەکانیێش ، گواستنەوەی پەتاکەیان لە ڕێگای ئەو نەخۆشانەی کە نیشانەکانیان هەیە کردۆتە بنەما بەو کەیسانەش کە نیشانەکانیان لە سەرەتادا بە ئاسانی نابینرێت.

ئەو بەڵگەیەی کە ئێستا لە سەرتاسەری جیهان بەردەستە پشتگیرو شاهیدە لەسەر ڕاستی و دروستی و کاریگەریی ئەو ڕێوشوین و کردانەی کە وەزارەتی تەندروستی بە هەماهەنگی لەگەڵ ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی پەیڕەویان دەکات. دۆزینەوە و کەنارگیرکردن و ئەنجامدانی پشکنین بۆ هەر کەیسێک و شوێنپێ هەڵگرتن و گۆشەگیرکردنی هەر بەرکەوتەیەک بەردی بناغەی پرۆسەی سنووردارکردن و لەخۆگرتنی ڤایرۆسەکەن لە وڵاتدا.

لەسەر ئەم بابەتە دکتۆر ئەدهەم ئیسماعیل ، نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق وتی" ئەو پێوەرانەی کە دەسەڵاتی تەندروستی لە عێراق بەکاری دەهێنێت لە وڵاتانی تری سەرتاسەری جیهانیش بەکار هاتووە و زۆر کاریگەر و یەکلاکەرەوەن لە چاودێریکردنی کەیسەکان بەتایبەتش دوای هەڵکشانی ئەم دواییەی ژمارەی تووشبوان".

هەروەها بەڕێزیان وتی" کردەکانی وەک خۆبەدوورگرتنی کۆمەڵایەتی وهەڵپەساردنی کۆبوونەوە وگردبوونەوە جەماوەرییەکان و داخستنی دام و دەزگاکانی وەک قوتابخانەو شوێنەکانی کار و چێشتخانەکان تا ئێستاش زۆر پێویستن بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی پەتاکە. چونکە تەنها بە کەرەنتینە کردن و پشکنینی خێرا و چارەسەر و شوێنپێ هەڵگرتنی بەرکەتووانی نەخۆشان دەتوانرێت کۆنترۆلی نەخۆشیەکە بکرێت."

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق داوا لە بەرپرسانی تەندروستی ئەو وڵاتە دەکات کە بەردەوام بن لە سیاسەتی گۆشەگیرکردنی زوویی هەموو حاڵەتەکان و ناردنی ئەوانەی کە نیشانەی سووکی نەخۆشییەکانیان پێوە دیارە یانیش ئەوانەی پێویستییان بە مانەوە نییە لە نەخۆشخانەکان بۆ شوێنە کاتییەکانی کەرەنتینە کردن کە هۆکارەکانی خۆپاراستن و بەرەنگاربوونەوەی پەتاکە تێدا فەراهەم کراون.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عێراق بەردەوامە لە کارکردن لەگەڵ دەزگا نیشتمانییەکانی تەندروستی و هاوبەشیکاران و کۆمەڵگا خۆجێیەکان بۆ مسۆگەرکردنی پابەندبوونی توند و تۆل بە پرۆتۆکۆڵەکانی خۆپاراستن لە پەتاکە و بنبڕکردنی. لە كۆتاییشدا دکتۆر ئیسماعیل وتی" پێویستە تاکەکان کۆمەڵگاکان بە شێوەیەکی ڕێک و پێک ئاگادار بکرێنەوە لە هەر تازە بابەتێک و پێشوەچونێک دەربارەی بڵاوبوونەوەی پەتاکەو هەروەها زانیاری پێویستیش دەربارەی خۆپاراستنی خۆیان و خانەوادەکەیان پێبدرێت."

Ajyal Sultany

ئەجیال سوڵتانی

رێكخراوى ته‌ندروستى جيهانى
بەرپرسی پەیوەنديیەکان

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

رێكخراوى ته‌ندروستى جيهانى
رێكخراوى ته‌ندروستى جيهانى

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت