لێدوانی ڕۆژنامەوانی

حکوومەت و نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگای ڕاگەیاندنی دیدگای نیشتمانیی لاوان -٢٠٣٠ -ەوە، پابەندبوونی خۆیان بە گەشەپێدان و بەهێزکردنی لاوان دووپات دەکەنەوە

١٠ ئایار ٢٠٢١

بەغداد، ١٠ی مایس ٢٠٢١ - وەزارەتی وەرزش و لاوانی حکومەتی فیدراڵ، دیدگای نیشتمانیی لاوان ٢٠٣٠ ڕادەگەیەنێت. ئەم دیدگایە بە هاوکاریی لەگەڵ وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە پاڵپشتیی تەکنیکیی سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان و رێکخراوی ونیسێف و بە پشتیوانیی دارایی وڵاتی سوید (لە ڕێگەی ئاژانسی هاوکاریی گەشەپێدانی نێودەوڵەتی سوید -سیداوە) ئامادەکراوە.

دیدگای نیشتیمانیی لاوان، نەخشەڕێگایەکی فرەسێکتەری تایبەت بە گەنجانە کە لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ و بۆ بەهێزکردنی تواناکانی گەنجانی عێراق بنیات نراوە؛ ئەمەش بە لەبەر چاو گرتنی ئەو پشکە دیمۆگرافیەی کە ٢٠٪ی دانیشتووانی عێراق لە تەمەنی ١٥ بۆ ٢٤ ساڵدان و ٤١٪ ی دانیشتووان تەمەنیان لە ١٠ ساڵەوە بۆ ٣٠ ساڵە.

دیدگای نیشتیمانیی لاوان بەرهەمی کۆمەڵێک گفتوگۆیە کە لە نێوان وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان و گەنجان لە سەرتاسەری عێراقدا ئەنجامدراون. ئەم دیدگایە، ستراتیژیی سێکتەرە جیاوازەکان بە شێوەیەک ئاراستە دەکات کە گەشەی گشتگیر و دەرفەتی باشکردنی باری تەندروستی و دەروونی و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و ئابووری بۆ گەنجان تێیاندا ڕەنگ بداتەوە و ئەو دەرفەتە بە گەنجان دەدات کە لە دروستکردنی بڕیاری کۆمەڵایەتی و ئابووری و سیاسیدا بەشدار بن.

وەزیری وەرزش و لاوان لە حکوومەتی فیدڕاڵ، بەڕێز دکتۆر عەدنان دەرجەل سەبارەت بە ڕاگەیاندنی دیدگاکە وتی: “دیدگای نیشتیمانیی لاوان لە 14 تەوەر پێکدێت، نیگەرانی و کێشە و ئاواتی گەنجان لە ڕێگەی ڕاپرسی نیشتمانیی لاوانەوە دەردەخات. ، ئەم دیدگایە لەسەر داتای واقیعی بنیات نراوە کە بەدەیان توێژەر و پسپۆڕ لە هەموو پارێزگاکانی عێراق بەشدارییان لەبەرهەمهێنانیدا کردووە.”

هەروەها وتیشی: “هەر پڕۆژەیەک کە بۆ گەنجان بێت، دوبێت گەنجان خۆیان بەشدار بن لە ناوەڕۆک و گەشەپێدانی پڕۆژەکە، بە پێچەوانەوە پڕۆژەکە بە سەرکەوتوو لە قەڵەم نادرێت، چونکە گەنجان پێکهاتەی سەرەکی هەر کار و پڕۆژەیەکن کە بۆ خودی خۆیان بێت.”

لە کۆتاییدا، وەزیری وەرزش و لاوان ڕایگەیاند کە: “لە ڕۆژانی داهاتوودا ئەم دیدگایە پێشکەش بە ئەنجومەنی وەزیران دەکەین و هیوادارین وەک بەڵگەنامەیەکی نیشتمانیی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و داوا لە هاوبەشەکانی ناو حکوومەت دەکەین کە سیاسەتەکانی ناو ئەم دیدگایە ڕەچاو بکەن و لە بودجەی ساڵانەدا، بە پێی پێویست پارەی بۆ تەرخان بکرێت.”

لای خۆیەوە، دکتۆر ڕیتا کۆڵۆمبیا نوێنەری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان جەختی کردەوە: "دیدگای نیشتمانیی لاوان-٢٠٣٠ بەڵگەنامەیەکی گرنگە کە ئاسانکاریی بۆ گەشەپێدانی گشتگیری لاوان لە عێراقدا دەکات؛ هەروەها دڵنیایی دەدات لەوەی کە عێراق سوود لەو دەرفەتە وەردەگرێت کە لە پێکهاتەی دیمۆگرافیی وڵاتەکەدا هەیە. ئەم دیدگایە هەروەها تیشک دەخاتە سەر کچان و ژنانی گەنج کە هەرکات پشتگیریان بکرێت، دەتوانن ڕۆڵێکی بەرچاو لە گەشەی بەردەوامی عێراقدا ببینن. بە بۆنەی پەسەند کردنی دیدگای نیشتیمانیی لاوانەوە سوپاسی هەردوو وەزارەت دەکەم؛ بە جێبەجێکردنی دروستی ئەم بەرنامەیە، گەنجان لە عێراقدا دەتوانن بەشداریی لە ئاشتی و گەشەسەندوویی وڵاتدا بکەن."

هەروەها پاولا بولانسیا، جێگری نوێنەری یونیسێف لە عێراق گوتی: "لاوانی عێراق فرەڕەنگ و داهێنەر و پڕ لە وزەن. ئەگەر ئەو هاوکاری و سەرچاوانەی کە پێویستیانە بۆیان دابین بکرێت، دەتوانن هاوکاریی کۆمەڵگاکانیان بکەن. ئەمڕۆ، بە ڕاگەیاندنی دیدگای نیشتمانیی لاوان ٢٠٣٠، ئێمە داوا لە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەین کە پابەند بن بە گەشەسەندنێکی پایەدارتر و بەردەوامتر بۆ لاوان و نەوجەوانان لە هەموو بوارەکاندا. هاوبەشیی لەگەڵ وەزارەتی وەرزش و لاوانی عێراق و وەزارەتی ڕۆشنبیریی و لاوانی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە حکومییەکانی دیکە و هەروەها هاوبەشانی خۆماڵی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین باشترین ئەنجام بۆ گەنجان بەدەست بهێنین. دیدگای نیشتیمانیی لاوان ٢٠٣٠ رۆڵێکی گرنگ دەبێت لە بەدەستهێنانی ئامانجەکانی ئەجێندای ٢٠٣٠ دا و ڕێنیشاندەرێکی سەرەکیی دەبێت بۆ کاری هاوبەشمان."

ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی دیدگای نیشتمانیی لاوان -٢٠٣٠ لە میوانخانەی سەرۆکوەزیران بەڕێوەچوو؛ نوێنەری وڵاتانی بەخشەر و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بە شێوەی ئۆنلاین لە مەراسیمەکەدا ئامادە بوون.

Innocent Kafembe

ئينۆسێنت كافمبێ

سندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان- یونیسێف
پسپۆڕى كارى ديجيتاڵى
Salwa Moussa

سه‌لوا موسا

سندوقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ دانیشتوان
پسپۆڕى په‌يوه‌ندييه‌كان

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

سندوقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ دانیشتوان
سندوقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ دانیشتوان
سندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان- یونیسێف
سندووقی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ منداڵان- یونیسێف

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت