نوێنەری تایبەت کۆبوونەوەی لەگەڵ کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە بەم دواییانە لە سەرتاسەری جیهان بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان گەیشتوون.
بەغدا ، ٢ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١ – ئەمڕۆ ، جینین هێنیس – پلاسخارت ، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق سەردانی بەسڕا و ناسڕییەی کرد .
لە میانەی گەشتە یەک ڕۆژیەکەی بۆ باشووری عێراق ، ئەو لەگەڵ کۆمەڵێکی بەرفراوانی گفتوگۆکەرانی عێراقی کۆبوونەوەی کرد ، کە بریتی بوون لە بەرپرسانی حکومی و ئەندامانی کۆمەڵگای مەدەنی. ئامانجی گشتی سەردانەکە گوێگرتن بوو لە بیروبۆچوونی دەنگدەران دەربارەی هەڵبژاردنەکانی دادێ و هەروەها ڕوونکردنەوەی چۆنیەتی پشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکانیش بوو بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکان.
سەرەتا نوێنەری تایبەت گەیشتە شاری ناسڕیە و لەوێ لەگەڵ ئەحمەد ئەلخەفاجی پارێزگاری ذیقار کۆبۆوە و گفتوگۆیان دەربارەی گرنگی هەڵبژاردنەکانی ١٠ی تشرینی یەکەم لە عێراق کرد و هەروەها باسی پشتیوانی بەردەوامی نەتەوە یەکگرتووەکانیان بۆ پرۆسەی هەلبژاردنەکان کرد .
هەروەها لە ذیقار ئەو شوێنەی کە یەکەمجار خۆپیشاندانەکانی "تشرین" لەوێ سەری هەڵدا ، نوێنەری تایبەت لەگەڵ کۆمەڵگای مەدەنی کۆبۆوە و ئازایەتی و بوێری زۆرێک لە عێراقییەکانی بەرز نرخاند و لەهەمان کاتیشدا پشتگیری نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ عێراق لە هەنگاونان بەرەو سەقامگیری دووپات کردەوە. هەروەها ئەو تیشکی خستە سەر بەهای دەنگدانی خەڵکی .
دواتر نوێنەری تایبەت سەردانی شاری بەسڕای کرد و لە لایەن ئەسعەد ئەلعیدانی پارێزگاری بەسڕا پێشوازی لێکرا . لە میانەی کۆبوونەوەکەیاندا هەردوو لا هاوڕا بوون لەسەر پێویستی ڕێزگرتن لە پرۆسەی دیموکراتی لە لایەن گشت لایەنە پەیوەندارەکان و هەروەها پاراستنی مافی هەموو بەربژێر و دەنگدەران پێش هەڵبژاردنەکان لە ١٠ ی تشرینی یەکەم و لە ڕۆژی دەنگدانیش.
دواتر نوێنەری تایبەت لەگەڵ ئەندامانی کۆمەڵگای مەدەنی کۆبۆوە و ئاماژەی بەوە دا کە هەڵبژاردنی پێشوەختە داواکارییەکی سەرەکی جەماوەریی بوو لە کاتی خۆپێشاندانەکانی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ . و هەروەها نوێنەری تایبەت گرنگی مسۆگەرکردنی لێپێچینە و پراکتیزەکردنی مافەکانی هەڵبژاردن و یارمەتیدان لە داڕشتنی ئایندەی وڵاتی دووپات کردەوە.
هەروەها ئەمڕۆ ، لە کاتی سەردانەکەی بۆ بەسڕا ، نوێنەری تایبەت کۆبوونەوەی لەگەڵ کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد کە بەم دواییانە لە سەرتاسەری جیهان بۆ چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان گەیشتوونەتە ئەوێ .
لە میانەی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی ، نوێنەری تایبەت جەختی لەسەر گرنگی دەنگدان کردەوە ، چونکە ئەوانەی دەنگ نادەن لە ڕاستیدا لەوانەیە یارمەتی ئەوانە بدەن کە دژبەرن ، هەروەها ئەوەشی دووپات کردەوە کە جیهان وەکو عێراقییەکان حەزلە بینینی عێراقێکی سەقامگیر و خۆشگوزەران دەکات .
نووسینی : نووسینگەی یارمەتی هەڵبژاردنەکانی نێردەی یونامی