لە عێراق، فەراهەمبوون وبەڕێوەبردنی سەرچاوە ئاوییەکان بە شێوەیەکی دروست گرنگیی تایبەتی هەیە. مانگی ڕابردوو، لە باشوور، سەردانی زەنگاوەکانی میزۆپۆتامیام کرد، ئەو ئاڵنگارییانەم بینی کە دووچاری عێراق دەبێتەوە.
کەمی باران بارین و کەمبوونەوەی ئاو و سوێربوونی خاك و ئاو و بەڕێوەبردنی ناکارای سەرچاوەکان و گەشەسەندنی ژمارەی دانیشتوان، ئەمانە هەمووی کاریگەرییان لەسەرتاسەری وڵات جێهێشتووە. سەرەڕای گۆڕانی کەشوهەواش، کەمکردنەوەی بەردانەوەی ئاو لە لایەن وڵاتانی دراوسێ یەکێکە لە هەڕەشە مەترسیدارەکان.
ڕاستییە تاڵەکە ئەوەیە کەمی ئاو تەنها مەترسییەکی هەنووکەیی نیە بەڵکو مەترسییەکان زیاتر دەکات: کاریگەری شاراوەی هەژاریی وئاوارەیی وململانێ کاریگەری مەترسیداریان هەیە لەسەر سەقامگیری وخۆشگوزەرانی دوورمەودای عێراق.
سەرباسی ئەمساڵی ڕۆژی جیهانیی ئاو بریتیە لە" ئاوی ژێرزەوی، شاراوەکان بخرێنە بەرچاو"، بە جەختکردنەوە لەسەر سەرچاوەیەکی ژیانی زۆر گرنگ کە زۆربەی جار پشتگوێ دەخرێت. وەکو سەرچاوەیەکی سەرەکی ئاوی سازگار، پێویستە پارێزگاری لە ئاوی ژێرزەوی بکرێت وبە فیڕۆنەدرێت.
لە سەرەتای ئەم مانگەدا، دووهەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی بەغدا بۆ ئاو لە عێراق سازکرا و چەندان ڕاسپاردەی گرنگ و جۆراوجۆر خرانەڕوو. ئەمەش بە دڵنیاییەوە دەستپێکێکی باشە و دەبێت لە ئێستا بەدواوە بە کرداری پەیڕەو بکرێت.
لایەنە پەیوەندارەکان لە هەموو پارتە سیاسیەکاندا پێویستە ئەم بابەتە بکەنە سەرلیست بەو پێیەی بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشە و دۆسێیەکی گرنگە و دەبێت بە پەلە و بە جدی چارەسەر بکرێت و ناکۆکییە سیاسییەکان بەلاوە بنرێت. لەمانەش گرنگتر، پێویستە وڵاتانی دراوسێی عێراق بەشداربن لە گفتوگۆ ئامانجدارەکان دەربارەی بەشکردنی ئاو و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکان .
خانەوادەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ عێراق کاردەکەن لە بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو، هەموومان دەتوانین ڕۆڵی خۆمان بگێڕین لە ڕێگەی هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەریی نەرێنیمان لەسەر ژینگە.
لە ئەمڕۆوە بە هەموومان ئایندە دەستپێدەکەین.