١٦ ڕۆژ چالاکی: نەتەوە یەکگرتووەکان بە کردار داوای کۆتایی هێنان بە هەموو شێوازەکانی توندوتیژیی جێندەری دژ بە ژنان و کچان
٢٥ تشرینی دووەم ٢٠٢٢
٢٥ تشرینی دووەم ٢٠٢٢؛ بەغداد/هەولێر – عێراق: لە ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ژنان، نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بۆ ساڵی ٢٠٢٢ دەست پێ دەکات و پابەندبوونی خۆی نوێ دەکاتەوە بۆ یەکگرتن لەگەڵ هاوبەشە نیشتیمانییە عێراقییەکان بۆ چارەسەرکردنی توندوتیژی.
توندوتیژی کاریگەرییەکی نایەکسان و بەردەوامی لەسەر ژیان و خۆشگوزەرانیی ژنان و کچان هەیە. هەروەها بەبیرمان دەهێنینەوە کە زیاتر لە ٣٠٪ ژنان و کچان لە جیهاندا لە ماوەی ژیانیاندا توندوتیژی جەستەیی و سێکسییان بەرامبەر کراوە. ژنان و کچانی خاوەن پێداویستی تایبەت مەترسیی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی زیاتریان لەسەرە، چونکە تووشی جیاکاری و دوورخستنەوە و گۆشەگیری دەبن کە ئەمانەش بەربەستن لە بەدەستهێنانی مافەکانیان. پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناش نایەکسانی جێندەری زیاتر کرد و بۆشاییەکی فراوانی جێندەری لە دامەزراندندا دروستکرد، کە کاریگەری کردۆتە سەر ڕۆڵی ژنان و کچان لە کۆمەڵگادا و زیاتر لاوازیان دەکات بەرامبەر هەموو شێوازەکانی توندوتیژی.
لەم یادەدا، غوڵام ئیسحاکزای، ڕێکخەری نیشتەجێی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ڕایگەیاند: "توندوتیژی دژ بە ژنان پەتایەکی ڕوخێنەرە کە نەک تەنها پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابووری سنوردار دەکات و پەرەپێدان لاواز دەکات، بەڵکو زیان بە منداڵ و خێزان و کۆمەڵگا و هەموو نەتەوەکانی عێراق دەگەیەنێت. هەروەها کاریگەرییەکانی توندوتیژی ڕێگریی لە ڕۆڵگێڕانی چالاک و بەشداریی ژنان لە ژیانی گشتی و سیاسیدا دەکات."
هەروەها وتیشی: "زۆر جار توندوتیژی یان ترس لێی ڕێگری لە ژنان و کچان دەکات بە ئازادی و تەواوی توانای خۆیان ژیان بکەن. سیاسەت و یاسای کاریگەر و هەروەها جێبەجێکردنیان پێویستن بۆ نەهێشتنی هەموو شێوازەکانی توندوتیژیی دژ بە ژنان و گۆڕینی هەڵوێست لەسەر ئەم تاوانانە. ژنان و کچان شایەنی ئەوەن کە هەست بە سەلامەتی و ئارامی و شایستەیی بکەن."
ململانێی بەردەوام لە زۆربەی وڵاتانی جیهان دەریدەخات کە چۆن ژنان و کچان بە شێوەیەکی سیستماتیک دەبنە ئامانجی توندوتیژی سێکسی. لە عێراق، لە ٢٦٪ ژنانی خێزاندار، جیابووەوە و تەڵاقدراو لە نێوان تەمەنی ١٥-٤٩ ، ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ هاوبەشە نیشتیمانی و ناوخۆیەکانی عێراق، ستراتیژییانە ڕێگری لە بەرەنگاربوونەوەی هەموو شێوازەکانی توندوتیژیی دژی ژنان و کچان دەکاتەوە. نەتەوە یەکگرتووەکان پشتیوانی لە جێبەجێکردنی ستراتیژی نیشتمانی عێراق دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان (٢٠١٨ - ٢٠٣٠) و دووەم پلانی نیشتمانی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارنامەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ژمارە ١٣٢٥. کە داکۆکی لە بەشداری سیاسی ژنان و پاراستنیان لە توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری دەکات.
لەبەر ئەوەی ژنان و کچان نیوەی دانیشتوان پێک دەهێنن و زیاتر لە نیوەی کارەکانی ڕۆژانە ڕادەپەڕێنن، و زۆربەی کات توشیی توندوتیژیی سێکسی و جێندەری دەبنەوە، پێویستە شارەکان بە بەشداری ژنان و کچان و لەبەر چاوگرتنی بەرژەوەندی ژنان دیزاین بکرێن و دروست بکرێن. دەرفەت هەیە بۆ باشکردنی حوکمڕانی شارەوانی و ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاری بۆ باشتر خزمەتکردنی ژنان و کچان. دیزاین و بەڕێوەبردنی شارەکان لەگەڵ ژنان و بۆ ژنان، شارەکان بۆ هەمووان بەرەوپێشتر دەبات.
شانبەشانی ژنانی عێراقی کە سەرکردایەتی ئەم کارە گرنگە دەکەن و ڕێکخراوە خۆجێییەکان لە ئاستی کۆمەڵگا بەم کارە هەڵدەستن، نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق بەردەوامە لە داکۆکیکردن لە پەسەندکردنی یاسای پەیوەندیدار وەک یاسای دژی توندوتیژی خێزانی و جێبەجێکردنی تەواو و کاریگەری یاساکە. هەروەها پشتگیری دابینکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییە یاسایی و تەندروستییەکان دەکەن بۆ ڕزگاربووانی توندوتیژی بۆ یارمەتیدانیان لە ڕزگاربوونیان لە دەرئەنجامە دەروونی و جەستەییە خراپەکانی توندوتیژی، کە لەوانەیە لە هەموو قۆناغەکانی ژیانیاندا کاریگەری لەسەریان هەبێت.
بەرەنگاربوونەوەی بێدەنگی لە دەربازبوون لە تاوان، رووبەڕووبوونەوەی ئەو شەرم و بەناو ئابرووچوونەی کۆمەڵگا دروستی دەکات هەنگاوێکی گرنگە بۆ پشتگیری کردنی ژنان و کچان بۆ پێشەنگی کردن لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگای سەرکەوتوو و هاوبەشی پێکردنی پیاوان و کوڕان. ئەمەش دەبێت لەگەڵ دەرفەتە کۆمەڵایەتی و ئابوورییە باشترکراوەکاندا بێت بۆ ئەوەی ژنان و کچان بتوانن ئامانجە پەروەردەیی و پیشەییەکانیان و سەربەخۆیی ئابووری بەدەست بهێنن لە ڕێگەی دەستگەیشتنی باشتر بە دەرفەتی گونجاوی کار و پاراستنی کۆمەڵایەتی و گەیشتنیان بە شوێنی بڕیاردان بۆ بەشداری کردنی مانادار.
توندوتیژیی جێندەری برسێتی و بەدخۆراکی زیاد دەکات، هەبوونی ئاسایشی خۆراک دەتوانێت یارمەتی هاوسەنگبوونی هاوکێشەکە بدات. هەڵمەتی ١٦ ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی جێندەری دەرفەتێکە بۆ نیشاندانی پابەندبوون بە کۆتایی هێنان بە نایەکسانی جێندەری و هاوسەرگیری منداڵ و توندوتیژیی جێندەری و ئەو باوەڕەی کە هەموو مرۆڤێک مافی خواردنی پێویست و ژیانێکی بێ توندوتیژی هەیە.
با پێکەوە و بە کردار جیهانێک دروست بکەین کە خاڵیی بێت توندوتیژیی دژی ژنان و کچان!
غوڵام ئیسحاکزای، ڕێکخەری نیشتەجێ و ڕێکخەری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق
ریتا کۆڵۆمبیا، نوێنەری سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان لە عێراق
دینا زۆربا، نوێنەری ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ژنان لە عێراق و یەمەن
زینە عەلی ئەحمەد، نوێنەری نیشتەجێی پڕۆگرامی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان لە عێراق
دانیێل بێڵ، نوێنەری نووسینگەی کۆمیساری باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە عێراق
ئەحمەد زویتن، نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستیی نێودەوڵەتی لە عێراق
سەڵاح ئەلحاج حەسەن، نوێنەری فاو لە عێراق
شیما سێن گوپتا، نوێنەری یونیسێف لە عێراق
وائل ئەلئەشحاب، نوێنەری هابیتات لە عێراق
عەلی ڕەزا قوریشی، نوێنەری پڕۆگرامی خۆراکی نێودەوڵەتی لە عێراق
جین نیکۆلاس بیوز، نوێنەری ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران لە عێراق
جۆرجی گیگاوری، سەرۆکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ لە عێراق
ماها کاتا، بەڕێوبەری ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی لە عێراق
پاولۆ فۆنتانی، نوێنەری یوونسکۆ لە عێراق
دانیال بێڵ
خاتوو بێڵ هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە یاسای نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ لە زانکۆی ئۆکسفۆرد ، بەکالۆریۆس و ماستەرێکییشی لە زانکۆی ڤیکتۆریا بەدەستهێناوە.
دينا زۆربا
خاتوو زۆربا لە مانگی شوباتی ٢٠١٧ ەوە ، نوێنەری ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ ژنان لە عێراق و لە مانگی کانونی یەکەمی ٢٠١٤ەشەوە بەرپرسی نووسینگە و نوێنەری ڕێکخراوەکەیە لە یەمەن. پێش ئەوە لە ساڵانی ٢٠٠٥-٢٠١٤ لە چەندین پۆستی سەرکردایەتی لەگەڵ سندوقی گەشەپێدانی ژنانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان و ڕێکخراوی یۆنیسکۆ کاری کردووە .
خاتوو زۆربا ، پێش ئەوەی پەیوەندی بە نەتەوە یەکگرتوووەکان بکات میدیاکار و ڕاهێنەرێکی سەرکوتووی ئەو بوارە بوو و داکۆکیکارێکی ئازادی میدیایی و سەرنووسەر و وەشانکەری گۆڤاری شەرقیە بوو کە لە ئەردەن دەردەچوو. ئەو لەگەڵ چەندین ڕێکخراوی هەرێمی و نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوی تری قازانج نەویست کاری کردووە و پشتگیریی تەکنیکی و ڕاهێنانی پێشکەش بە ڕۆژنامەوان و داکۆکیکەرانی مافی مرۆڤ کردووە لە سەرتاسەری دونیا.
خاتوو زۆربا هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە بواری کارگێڕی و بەڕێوەبردنی کار لە زانکۆی ئینتەرکۆنتێنتالی ئەمریکی لە ئیلینۆیس و بەکالۆریۆسیشی لە ئابووری لە زانکۆی ئەمریکی لە قاهیرە بەدەست هێناوە.
غولام ئیسحاقزای
بەڕێز ئیسحاقزای لەلایەن سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڕێز ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، لە ١٩ی تەمموزی ٢٠٢٢ دەستنیشانکراوە و شوێنی ئیرینا ڤۆیاشکۆڤا-سۆلۆرانۆی ئەڵمانی دەگرێتەوە کە سکرتێری گشتیی سوپاسی خۆی بۆ سەرکردایەتیکردن و خزمەتەکەی لە ماوەی دەستبەکاربوونی دەربڕیی.
بەڕێز ئیسحاقزای ئەزموونی زیاتر لە ٢٨ ساڵ لە کاری دیپلۆماسی و بواری مرۆیی سەخت و گەشەپێدان و بووژانەوە و ئاشتی دروستکردن لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.
ئێستا ئەو لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ وەوە بەشێوەیەکی کاتی وەك هەماهەنگسازی نیشتەجێ و مرۆیی لە ئەردەن کار دەکات. پێشتریش ئەو وەک باڵیۆزی ئەفغانستان و نوێنەری هەمیشەیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆرک کاری کردووە. پێش ئەمەش، ئەو وەک هەماهەنگکاری نیشتەجێ لە ئازەربایجان لە ٢٠١٦ بۆ ٢٠٢١ لە کۆریاش لە ساڵی ٢٠١٣ تا ٢٠١٥ کاری کردووە. ئەو هەروەها نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان ( یو ئێن دی پی) و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (یو ئێن ئێف پی ئەی) بووە. لە ساڵی ١٩٩٧ تا ٢٠١٣ لە چەندان پۆستی جۆراوجۆری پەیوەست بە سیاسەتدانان و گەشەپێدان و مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەڵمانیا و نیپال و ئەفغانستان و سوریا و یەمەن و عێراق، وەک بۆ نموونە هەماهەنگکاری نیشتەجێ لە نیپال و هەروەها وەك بەرپرسی بەرنامەی خۆبەخشانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بۆن کاری کردووە.
شایانی باسە، بەڕێزیان بڕوانامەی ماستەری هونەری لە یاسا و دیپلۆماسیی لە قوتابخانەی فلێچەر و زانکۆی توفتس لە بۆستن و هەروەها بەکالۆریۆسی زانستی لە بەڕێوەبردنی کار لە زانکۆی میدلاند بەدەست هێناوە. ئەو زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی و پوشتۆ و فارسی و ئوردو دەزانێت.
بەر لەوەرگرتنی ئەم ئەرکەی ئێستای، بەڕێز جۆرجی گیگواری، کە خۆی هاوڵاتیەکی جۆرجیە، نێردەی گشتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ بوو لە وڵاتی بەنگلادیش و ڕێکخەری کاروباری پەنابەرانی ڕۆهانیگای سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان بوو، لەگەڵ ئەمەشدا، بەهاوبەشی بەرپرسی خاڵە سەرەکییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ وەڵامدانەوەی بارە تەندروستییە لە ناکاو و فریاگوزارییەکانی پەیوەست بە کۆڤید-١٩ە بوو. جێگەی باسە ناوبراو وەکو نێردەی گشتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە پاپوا گینیای نوێ خزمەتیکردووە لە سەقامگیری کۆمەڵگە و هێنانەکایەی ئاشتەوایی، فریاگوزارییە مرۆییەکان لەوانەش قەیرانی وشکەساڵی لە ٢٠١٥ دا.
بەڕێز جۆرجی گیگوارپۆستی جۆراوجۆری لە وڵاتانی ئاسیای و زەریای هێمن و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئەوروپا هەبووە، جەخت و فۆکەسیشی خۆستۆتە سەر هاوکارییە مرۆییەکان، پاراستن و گەشەپێدانی بەردەوام و جێگیر. هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە زانکۆی ئۆکسفۆرد و سێ زمان دەزانێت.
مەها قەتتاع
دکتۆرە قەتتاع ، لە نێوان ساڵانی ٢٠١٣-٢٠١٨ دا ، وەڵامدانەوەی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کاری لە هەمبەر قەیرانی پەناهەندەکان لە ئەردەن بەڕێوە دەبرد ، کە وەڵامدانەوەیەکە جەخت لە گەشەپیدان دەکاتەوە و پشتیش بە دامەزراندن دەبەستێت و ئامانجیش لێی ئاسانکردنی یەکسانی گەیشتنە بە بازاڕی کار و برەودانە بە کاری شایستە بۆ هەمووان .
دکتۆرە قەتتاع ، لە ساڵی ٢٠٠٩ پەیوەندی بە رێکخراوی نێودەوڵەتی کار کرد ، ئەمەش لە دوای ١٢ ساڵ شارەزایی پیشەیی لە بواری ئەکادیمی و حکومی ، چوار ساڵیان لە دەستەی پلاندانانی دەوڵەتی سوریا و هەشت ساڵیش لە بەڕێوەبردنی پڕۆژە کورت و درێژ مەوداکان لەگەڵ یەکیتی ئەوروپا و بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپیدان . ئەو بروانامەی دکتۆرای هەیە لە یاسای نێودەوڵەتی و ماستەریشی هەیە لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان و لە ساڵانی ٢٠٠٤-٢٠١٣ پرۆفیسۆری یاریدەدەر بوو لە زانکۆکانی حەلەب و دیمەشق.
پاولۆ فۆنتانی
ریتا کۆلۆمبیا
سەڵاح ئەلحاج حەسەن
ئەو لە ساڵی ١٩٨٤ بە ناونیشانی یاریدەدەری توێژەری پێشکەوتوو لە سەنتەری توێژینەوە و پەروەدەکردنی کشتوکالی لە زانکۆی ئەمریکی لە بەیروت دامەزراوە . لە ساڵی ١٩٨٧ تا ١٩٩١ هەماهەنگیکاری بەرنامەی ڕاهێنانی فێرخوازان و هەروەها مامۆستای کشتوکال و باخداری بوو لە فاکوڵتی کشتوکاڵ لە زانکۆی لوبنانی . لە ساڵی ١٩٩١-١٩٩٥ ئەندازیاری کشتوکاڵی بوو لە وەزارەتی کشتوکالی لوبنان لە نووسینگەی بیقاعی هەرێمی لە زەحلە و لەوێش گواسترایەوە بۆ پەیمانگای توێژینەوەی کشتوکاڵی لە وێستگەی تەل عەمارە و بوو بە بەڕێوەبەری بەشی بەروبوومەکان و دواتریش بوو بە برپرسی تاقیگەی بەرهەمە ڕووەکییەکان . لە ساڵی ٢٠٠٢-٢٠٠٦ بەڕێوەبەری وێستگەی توێژینەوەی کەفردان بوو و لە ساڵی ٢٠٠٨ پلەی (زانای سەردانکەر) ی لە سەنتەری نێودەوڵەتی چاکترکرنی گەنمەشامی و گەنم وەرگرت و بووە هەماهەنگیکاری پرۆژەیەک لەگەڵ سەنتەری نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە ڤیەنا.
لە ساڵی ٢٠١٠ بووە ڕاوژێکاری وەزیری کشتوکاڵی لوبنان و لە ساڵی ٢٠١١ بوو بە سەرۆکی لێژنەی زانستی دەرمانی قەڵاچۆکردنی ئافاتەکان ، هەروەها سەرۆکی لێژنەی پلازما ڕووەکییەکان و بەڕێوەبەری بەرنامەی گەشەپێدانی کشتوکاڵ و لادێکان بوو ( یەکێتی ئەوروپا خەرجییەکانی بۆ دابین کردبوو) . لە ٢٠١٠- ٢٠١٣ نوینەری لوبنان بوو لە وتووێژەکان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و میسر و ئەردەن و عێراق. هەروەها بەرێز حاجی حەسەن لە ماوەی کارکردنیدا چەندین ئەرکی بەجێ گەیاندووە ، ئەو نوێنەری پەیمانگای لوبنانی بۆ توێژینەوەی کشتوکاڵی بوو لە چەندین بەرنامە لەگەڵ سەنتەری نێودەوڵەتی توێژینەوەی کشتوکاڵی لە ناوچە وشکەکان و لەگەڵ زانکۆی ئەمریکی لە بەیروت . بەڕێزیان هەماهەنگیکاری پڕۆژەی مەشریق \ مەغریب بوو لەگەڵ سەنتەری نێودەوڵەتی توێژینەوەی کشتوکاڵی لە ناوچە وشکەکان و هەروەها نوێنەرایەتی لوبنانی کردووە لە لێژنەی ئاراستە کردن و هەروەها سەرۆکی لێژنەکانی وەرگرتنی شەکری چەوەندەر و وەگرتنی ئارد بوو. بۆ چەند ساڵێک بەڕێز حاجی حەسەن لە ئامادەکردنی پرۆژەکانی بەرنامەی هەماهەنگی تەکنیکی ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ (FAO TCP) کاری کردووە وەک بەڕێوەبەری نیشتمانی پرۆژەی (FAO TCP) . ئەو لە مانگی کانونی یەکەمی ٢٠١٤ وەکو نوێنەری ڕێکخراوی خۆراک و کشتوکاڵ لە یەمەن دەست بەکار بوو . بەڕێز حاجی حەسەن لە شوێنی بەڕێز ئەلزوعبی بووە نوێنەری ڕێکخراوەکە لە عێراق.
وائیل ئەلئەشهەب
ئەو نزیکەی ٢١ ساڵە وەک پیشەگەرێکی نێودەوڵەتی لە نەتەوە یەکگرتووەکان کار دەکات . لە ساڵانی ١٩٩٩-٢٠٠٧ لە عێراق بۆ ڕێکخراوی یونیسێف کاری کردووە لە پلاندان و دیزاینکردن و جێبەجێکردنی خزمەتگوزاریە سەرەکییەکان و ژیرخانەکانی کۆمەڵگا.
بەڕێز ئەلئەشهەب لە مانگی ئاداری سالی ٢٠٠٧ ەوە پەیوەندی بە ڕێکخراوی هابیتاتی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە لە عێراق وەکو بەڕێوەبەری ژێرخان و کۆڵەکەی خزمەتگوزارە سەرەکییەکان تا مانگی ئایاری ٢٠١١ بەردەوام بوو کاتێک وەکو بەرپرسی بەرنامەی وڵاتی سودان دەستنیشان کرا تا ٢٠١٨ و لەوێشەوە بوو بە بەرپرسی بەرنامەی وڵاتی یەمەن و لە ساڵی ٢٠٢٠یشەوە دووبارە کرایەوە بە بەرپرسی بەرنامەی وڵاتی عێراق . ئەو شارەزایی فراوانی پەیدا کردووە لەسەر بەڕێوبردنی بەرنامەکانی وڵات لەو ولاتانە وەک : داڕشتنی سیاسەتەکان و ستراتیژەکان دەربارەی بە شارستان کردن و نیشتەجێکردن و بەیەکەوەبەستنی دەستێوەردان لە سەر بنەمای کۆمەڵگا و دەستێوەردان لە بوارەکانی مرۆیی و بونیاتنانی ئاشتی و هەڵسانەوە و گەشەپێدان.