ئامادەبووانی بەڕێز،
من سوپاستان دەکەم بۆ بانگهێشتکردنم بۆ ئەم یادە دوای ٩ ساڵ لە کۆمەڵکوژی یەزیدییەکان لە عێراق کە لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە ئەنجام درا. من هەروەها هەر لەسەرەتاوە هاوپشتیی زۆری خۆم بۆ هەموو بۆ هەموو قوربانیانی ئەم بیروباوەڕە سەقەت و ترسناکە دەربڕم.
شایانی باسە، هێشتا کاریگەرییەکانی ئەم تاوانە کارەساتبارە لەسەر ژیانی هەم ڕزگاربووان و هەم بێسەروشوێنەکان و بگرە هەتتا خانەوادەکانیان و تەواوی عێراقییەکان و ویژدانی هەر کەسێک لە جیهاندا درێژەی هەیە.
هەربۆیە ئەرکە لەسەر ئێمە کە ئەمڕۆ پابەندیی خۆمان سەرلەنوێ تازە بکەینەوە بۆ تیمارکردنی برینەکانی ئەو کارەساتەی کە لە ئابی ٢٠١٤ دا ڕوویدا و هەروەها یارمەتیدانی خەڵکی یەزیدی بۆ بنیاتنانەوەی ژیانیان. رێگەم بدەن بۆ قۆستنەوەی ئەم دەرفەتە بۆ تیشک خستنە سەر چەند خاڵێکی سەرەکی تریش.
لەڕووی سیاسییەوە، ئێمە رێککەوتننامەی شەنگالی ساڵی ٢٠٢٠ مان هەیە کە تائێستاش چاوەڕێی جێبەجێکردنە. من هیوادارم کە هەرچی زووە قایمقامێک بۆ شارەکە دابندرێ تا هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجومەنی پارێزگاکان. سەبارەت بە ئاوەدانکردنەوە، من ئاگاداری داواکاریی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیم کە لێرە کۆبوونەتەوە بۆ زیادکردنی زۆری پارە تەرخانکردن. لای خۆیەوە، نەتەوە یەکگرتووەکان پابەندە بە پشتگیریکردن لە زیادکردنی تەرخانی پارە و هەماهەنگی کردن بۆ پڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە لەگەڵ حکوومەت و خەڵکی شەنگال.
سەبارەت بە ئاسایش، بەگوێرەی رێککەوتننامەی شەنگال، هێزێکی ئاسایشی تازەی ٢٥٠٠ کەسی لە خەڵکی شەنگال پێک بێت. من ئاگاداری ئەوەشم کە ڕاهێنانی ٥٠٠ کەس لەم هێزە بەم زووانە دەست پێدەکات. من هەروەها هیوادارم کە بە فەراهەمکردنی سەقامگیریی ئیداری و ئاسایش لە شەنگال، خەڵکی زیاتر بگەڕێنەوە بۆ ئەوەی چادرگەکانی ئاوارەکان دواجار دابخرێن و هەروەها ناشبێت ئێمە بوەستین تا چارەنووسی یەزیدییە بێسەروشوێن دیاری دەکرێت.
رێگەم بدەن با ئاماژە بە دوو خاڵی گرینگی تر بکەم کە ئەمانیش بریتین لە قەرەبوو و لێپێچینەوە کە پێویستە شانبەشانی بەندەکانی رێککەوتننامەی شەنگال بڕوات.
قەرەبوو کارێکی بنەڕەتییە بۆداننان بە ئازاری ڕزگاربووان و هەروەها یارمەتیدانیان لەسەر سەرلەنوێ دروستکردنەوەی ژیانیان. بۆ ئەمەش، جێبەجێکردنی یاسای ڕزگاربووانی یەزیدیی ساڵی ٢٠٢١ دەستپێشخەرییەکی گرینگ بوو بەڵام یاسایەکە پێویستی بە جێبەجێکردنە بێ هیچ گیروگرفتێک و بگرە بگاتە هەموو قوربانییان بەو منداڵانەشەوە کە لە ئەنجامی دەستدرێژیی سەردەمی داعشدا لە دایک بوون.
سەبارەت بە لێپێچینەوەش، هەوڵەکان پێویستە درێژەیان هەبێت بۆ پەلکێشکردنی تاوانبارانی داعش کە بەرپرسن لەم تاوانانە بۆ بەردەم دادگا. دادگاییکردن زۆر گرینگە و ناشبێت بەهۆی تاوانی تاکێکەوە تەواوی کۆمەڵگا سەرزەنشت بکرێت. من لە هەندێ یەزیدی گوێم لەوە بوو کە ئەوان متمانەیان بەهیچ سوونییەک نییە لەکاتێکدا راستە سووننی هەیە کە پەیوەندی بە داعشەوە کردووە بەڵام سوننیش هەیە بێدەنگ بووە و هەندێ سوننی تریش بگرە خۆیان تووشی مەترسیش کردووە بە یارمەتیدانی خەڵکی یەزیدی بۆ خۆشاردنەوە یان رزگارکردنیان. لەم رووەوە، کارەکانی "یونیتاد" لەوپەڕی گرینگیدایە.
لە کۆتاییدا، رێگەم بدەن با جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە یونامی لەبەر ڕۆشنایی ئەرکی پێسپێردراویدا بەردەوام دەبێت لەسەر پشتگیریکردنی هەوڵەکانی هەردوو حکومەتی هەولێر و بەغدا بۆ بەرەوپێشبردنی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شەنگال لەگەڵ راگەیاندنی ئەو دەستپێشخەرییە گرینگانەی کە باسم کردن بە هاوکاری لە گەڵ ڕێکخراوە ناحکومییەکان و هەماهەنگیی
خەڵکی یەزیدی و خەڵکی تریشدا.
دواجار، ئەوەی لە مەترسیدایە ئایندەی خەڵکی یەزیدییە لە عێراق و پیکەوە ژیانی ئاشتییانەیان لەگەڵ کۆمەڵگایەکانی تردا بەتایبەتی کە عێراق هەنگاو بەرەو دیموکراسی و پلورالیزم دەنێت کە تێیدا مافی هەر کەسێک پارێزراو دەبێت.
زۆر سوپاس