لێدوانی ڕۆژنامەوانی

ڤۆڵکەر تورک، کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان کۆتایی بە سەردانە فەرمییەکەی بۆ عێراق هێنا

٠٩ ئاب ٢٠٢٣

بەغدا، ٩ی ئابی ٢٠٢٣

السلام عليكم . سوپاس بۆ هاتنتان.  کۆتاییم هێنا بە یەکەم سەردانی کۆمیساریای باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق. زۆر سوپاسی حکومەتی عێراق دەکەم بۆ بانگهێشتەکەی، هەروەها بۆ ئەو گفتوگۆ بەرفراوانانەی کە لە بەرزترین ئاستەکاندا لە ماوەی مانەوەم لێرەدا ئەنجاممان داوە. هەست بە پەیوەندییەکی قووڵ لەگەڵ خەڵکی ئەم وڵاتە دەکەم و وەک هاوڕێیەک هاتووم بۆ ئێرە.

چوار ڕۆژی ڕابردووم لە بەغدا و هەولێر و بەسرە بەسەر برد، چاوم بە سەرۆکوەزیرانی عێراق و سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و بەرپرسانی باڵای دیکە کەوت، لەنێویشیاندا وەزیری دەرەوە و وەزیری داد، هەروەها سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکی  دادگای تێهەڵچوونەوە لە بەسرە.

هه روەها چەندین دیدارم له گه ڵ کۆمەڵگەی مەدەنیدا هەبوو، له نێویاندا ژنانی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ و چالاکوانانی ژینگه پارێز و ڕۆژنامەنووس و یاساناس و هونەرمەند و ئەندامانی کۆمەڵگەی عرب الاهوار (معدان)، لەگەڵ نوێنەرانی  فه ڕهەنگە  دەوڵەمەندو که لتووری و ئایینییەکانی عێراق.

ئەوەبووپێش هەموو شتێک واقیعی گۆڕانی کەشوهەوام لە ناوچەی ئەلسەلحیە لە قەزای شەت ئەلعەرەبی بەسرە، لە باشووری عێراق بەدیکرد.

لە گەرمای 50 پلەی سەدیدا، لە ناوەڕاستی کێڵگە وشک و بێ بەرهەمەکاندا، سەرکردە و نوێنەرانی کۆمەڵگەی ناوخۆیی وێنەی ئەو دارخورما گەشاوانەیان پیشاندام کە – تەنها 30 ساڵ لەمەوبەر – بەشێک بوون لە ڕێڕەوی ئاوی شەت ئەلعەرەب کە لە ئێستادا ووشک بووە.

لە گەرمای سووتێنەردا لەو دیمەنە پەڵەدارەدا وەستابووم، هەوای پیسبووم بەهۆی ئەو بڵێسە زۆرەی گازی کێڵگە نەوتەکانەوە کە ناوچەکەی گرتووەتەوە هەڵدەمژی، بۆم دەرکەوت کە بەڕاستی سەردەمی کوڵانی ئەم گەردوونە دەستیپێکردووە.

ئەمە حاڵەتێکی نائاسایی کەشوهەوایە. وە کاتی ئەوە هاتووە وەک یەک مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. نەک تەنها بۆ عێراق بەڵکو بۆ جیهان. ئەوەی لێرەدا ڕوودەدات پەنجەرەیەکە بۆ داهاتوویەک کە بۆ بەشەکانی دیکەی جیهان دەگوازرێتەوە – ئەگەر بەردەوام بین لە شکستهێنان لە بەرپرسیارێتی خۆمان لە گرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزی و کەمکردنەوە دژی گۆڕانی کەشوهەوا.

عێراق لە ڕیزبەندی ئەو وڵاتانە دایە کە زۆرترین زیانی کەشوهەوای لە جیهاندا بەرکەوتووە. تێکچوونی ژینگەی مەترسیدار لێرەدا بەهۆی تێکەڵەیەکی ژەهراوی توندوتیژی و زیادەڕەوی پیشەسازی نەوت و قەتیسبوونی گەرما و کەمبوونەوەی ڕێژەی بارانبارین و نەبوونی ڕێکخستن و بەڕێوەبردنێکی کاریگەری ئاوەوەیە.

هەر دوێنێ وەزیری سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند کە ئاستی ئاو لە عێراق لە نزمترین ئاست دایە تاکو ئێستا. پرسی ئاو کاریگەریی ناوچەیی فراوانتری هەیە و هەموو وڵاتان دەبێ کاربکەن بۆ بەڕێوەبردنی ئەم سەرچاوە بەنرخە وەک سوودێکی گشتی. ئاو سوودێکی گشتی جیهانییە.

نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی چەندین پرسیان بۆ باس کردم سەبارەت بە پیسبوونی درێژخایەن لە بەسرە و کێشە تەندروستییەکانی و دەرئەنجامەکانی لەنێو کۆمەڵگاکەدا، لەوانەش ڕێژەی بەرزی نەخۆشی شێرپەنجە و نەخۆشییە مەترسیدارەکانی دیکە. هەروەها جەختیان لەسەر پێویستی زیادکردنی شەفافیەت کردەوە. یەکێک لە داکۆکیکارنی مافەکان پێی وتم: "خەڵک مافی ئەوەیان هەیە بزانن چی ڕوودەدات دەربارەی مەترسییەکانی سەر تەندروستی و ژینگەکەیان، هەروەها هاوکاری لە ستراتیژییەکان بۆ کارکردن پێکەوە بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا".

پێشوازی لە پابەندبوونی ئاشکرای حکومەت دەکەم بۆ چارەسەرکردن وەک ئەولەویەت بۆ ئالنگاریەکانی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمی ئاو. کاری زۆرمان لە پێشە – لە هۆشیاری و چاکسازی یاسایی و سیاسەت و بنیاتنانی توانای دامەزراوەکان. زۆر گرنگە کە ئەم کارانە بە بەشداریپێکردنی مانابەخشی ئەو کەسانە ئەنجام بدرێت کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە.

بەڵام نیگەرانم لەوەی کە زنجیرەیەک پڕۆسە  لەلایەن کەسانی خاوەن پێگەی دەسەڵاتەوە ئەنجامدراون – بۆ نموونە بەرزکرنەوەی داوای یاسایی تاوانی ناوزڕاندن لە دژی ڕۆژنامەنووسان و ئەکتەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی – کاریگەرییەکی مەترسیداری لەسەر ئازادی ڕادەربڕین دروستکردووە. هەروەها ڕاپۆرتەکان باس لە توندوتیژی و تۆقاندن و هەڕەشەی کوشتن لە چالاکوانانی ژینگەپارێزی دەکەن، لەنێویاندا لەلایەن توخمە چەکدارەکانەوە، کە فەزای  گفتوگۆی کراوەی خنکاندووە کەئەم فەزایە زۆر گرنگە بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسانە.

یەکێک لە چالاکوانان داوای پاراستنی داکۆکیکارانی مافەکانی کرد و وتی: نابێت هاوبەشکردنی داتا و هۆشیارکردنەوەی خەڵک لە کێشەکە مەترسیدارەکان بێت. پێویستە پێکەوە کار بکەین بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکان – ژیان لە مەترسیدایە.”

ئەمە بابەتێکە کە ئێمە لە نزیکەوە کارمان لەسەر کردووە و پلانیشمان هەیە بۆ ڕاپۆرتێک سەبارەت بە ئازادی ڕادەربڕین لە عێراق.

عێراق لە ڕووی مێژووییەوە بەشداری کردووە – لەڕووی فەرهەنگی و ئەدەبی و هیزری و، شارستانیەوە – لە داڕشتنی جیهانی ئەمڕۆماندا. مێژوویەکی سەرسامکەری هەیە لە جوانی و هەمەچەشنییدا.

بەڵام وەک زۆر باش دەزانین عێراق مێژوویەکی سەرکوت و نادادپەروەری و ململانێ و زەبر و زەنگ و هەندێک لە خراپترین پێشێلکارییەکانی ماف و کەرامەتی مرۆڤیشی هەبووە کە جیهان شایەتحاڵی بووە. تەنیا سەرسامم  بە خۆڕاگری باوەڕپێنەکراوی گەلی عێراق کە لە ماوەی تەمەنی خۆیاندا لەواقیعێکی لەم شێوەدا ژیاون.

خەمڵاندنەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە نزیکەی یەک ملیۆن کەس لەژێر دەسەڵاتی سەدام حوسێن و سەدان هەزار کەسی دیکە لەو کاتەوە دیارنەماون، لەنێویاندا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٤ بۆ ٢٠١٧ کاتێک داعش کۆنترۆڵی بەشێکی بەرفراوانی خاکی عێراقی کرد وە هەروەها لە ئۆپەراسیۆنە ئەمنییەکانی دواتردا. ئەستەمە لەم جۆرە ژمارە سەرسوڕهێنەرانە  تێبگەین. لە پشت هەریەکێک لەم تاکانە خێزانێک هەیە – هاوسەرێک یان منداڵێک یان دایکێک  یان باوکێک یان کەسانێکی خۆشەویست هەن کە شایەنی دانپێدانانن و مافی زانینی ڕاستیەکان و دادپەروەری و لێپرسینەوەیان پێشێل دەکرێت.

پێشوازی لە بانگهێشتی حکومەت دەکەم بۆ لیژنەی بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێی نەتەوە یەکگرتووەکان، کە ساڵی ڕابردوو سەردانی عێراقی کرد وە داوای جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی لیژنەکە دەکەم. وا تێگەیشتووم  کە بڕیارە پڕۆژە یاسایەک سەبارەت بە بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ بدرێت بە ئەنجومەنی نوێنەران – ئەمە هەنگاوێکی پێشوازی لێکراوە بە ئاراستەیەکی دروست. کاتی ئەوە هاتووە یاسایەک دەربکرێت کە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافەکانی مرۆڤدا بگونجێت. نووسینگەکەم لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ  تێپەڕاندنی ئەم پڕۆژە یاسایە دەکات و ئامادەیە بۆ پێسکەشکردنی ئامۆژگاری و پشتگیریکردن، بە پشتبەستن بە ئەزموونی ئێمە لە وڵاتانی دیکە کە ڕوبەڕووی هەمان پرس بونەتەوە.

هەروەها مێژوویەکی پڕ لە ئازاری بەکارهێنانی ئەشکەنجە و مامەڵەی تری دڕندانە و نامرۆڤانە و ڕیسواکەر هەیە – لە سەردەمی سەدام حوسێن و دواتر لە سەردەمی داگیرکاری ئەمریکا بۆ سەر عێراق تا دەگاتە کاتی شەڕی داعش و بەردەوامیی هەیە تا ئێستای عێراق. دڵخۆش بووم بەو شتانەی کە بیستم هەم لە سەرۆکوەزیران و هەم لە وەزیری داد سەبارەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی پرسی ئەشکەنجەدان لە وڵاتەکەدا و گرتنەبەری ڕێوشوێنی خۆپارێزی بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەشکەنجەدان جێگەی لە داهاتووی عێراقدا نەبێتەوە. پێشوازی لە پابەندبوونیان دەکەم كە بیر لە پەسەندکردنی پرۆتۆکۆڵی ئیختیاری ڕێککەوتننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دژی ئەشکەنجەدان دەكەنەوە. پرۆتۆکۆڵی ئیختیاری فەرمانی دروستکردنی میکانیزمێکی خۆپارێزی نیشتمانی دەکات، کە تیایدا سەردانی بەردەوام بۆ شوێنەکانی دەستبەسەرکردن ئەنجام دەدات و دەتوانێت ڕۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە بنبڕکردنی ئەشکەنجەدان. لەم بارەیەوە پشتگیری خۆمان پێشکەش کردووە. 

رێگای سەرەكی وەستاندنی ئەم جۆرە پێشێلکارییە جددیانەی مافی مرۆڤ کۆتاییهێنانە بەو بێ سزایەی کە ئەنجامدەرانی ڕابردووی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ سوودیان لێبینیوە. من بە شێوەیەکی بەرفراوان لەگەڵ حکومەت و کۆمەڵگەی مەدەنی باسم لەم بابەتە کرد، بە تایبەتیش سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی تیشرین لە مانگی ئۆکتۆبەری ٢٠١٩.

بەڵگەمان دۆزییەوە کە لە خۆپیشاندانەکانی نێوان ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ تا ٣٠ی نیسانی ٢٠٢٠، بەهۆی بەکارهێنانی هێز لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی عێراق و گروپە چەکدارەکانەوە دژی خۆپیشاندەران، لانیکەم ٤٨٧ خۆپیشاندەر کوژراون و ٧٧١٥ خۆپیشاندەر زیانیان پێگەیشتوە. حکومەت لیژنەیەکی دۆزینەوەی ڕاستییەکانی پێکهێنا و لە رێگەی بەرنامەی قەرەبووکردنەوە یارمەتی قوربانیانی دا. لەهەمان كاتدا، لەبەر ئەوەی کات تێپەڕیوە و کەس بەرپرسیار نەبووە، داوای ئەوەم كرد كە خێرا و روون هەنگاو بنرێت بۆ وەستاندنی هەستی ئەوەی کە هیچ دەرئەنجامێک نیە بەرامبەر ئەوەی لە  ناڕەزایەتییەکانی تیشریندا ڕوویدا.

بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی سەربەخۆ و کاریگەر کاربکەن، بەهێزکردنی دامەزراوە دادوەری و نیشتمانییەکانی مافی مرۆڤ بە هەمان بڕ گرنگە– من ئەمەم لە گفتوگۆکانمدا لەگەڵ بەرپرسانی باڵا باسكرد. پێشوازی لە هەموو هەوڵێكی چاکسازیی یاسایی بەردەوام دەکەم کە لەگەڵ ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤدا بگونجێت.

هەروەها داوام لە دەسەڵاتداران کرد کە ڕاگرتنی فەرمی بۆ بەکارهێنانی سزای لەسێدارەدان لە عێراقدا ڕابگەیەنن – کە زیاتر لە ١١ هەزار کەس لەسەر سزای لەسێدارەدان ماونەتەوە.

ئەو پرسە گرنگانەی کە لە زۆربەی هەرە زۆری سەردان و چاوپێكەوتنەكانمادا بەدیم كرد، گەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان و پێویستی بە حوکمڕانی باش و شەفافیەت و پرسی و گەندەڵی بوون. زۆر گرنگە کە ڕێوشوێنی بەهێزی دژە گەندەڵی دەستی پێبکرێت و کولتوورێكی شەفاف و کراوە بۆ لێکۆڵینەوەی گشتی پەروەردە بکرێت. هەروەها شارەزایی ئۆفیسەکەمانم سەبارەت بە مافەكانی مرۆڤ پێشکەش کرد لە ئامادەكردنی بودجەی نیشتمانیدا، بۆ ئەوەی بودجە بە باشی بۆ خزمەتگوزارییەکان بەکاربهێنرێت و یارمەتی هەمووان بدات و بنیاتنرابێت لەسەر بنەمای گرنگی تۆڕی سەلامەتی کۆمەڵایەتی حکومەت بۆ خزمەت كردنی ئەوانەی کە زۆرترین مەترسییان لەسەرە.

من لە كاتێكدا لە عێراقدام کە زاراوەكانی "جێندەر" و "بەهێزکردنی ژنان" – بە شێوەیەکی سەرسوڕهێنەر – لە ژێر هێرشدان و شێوێندراون و تێكەڵیەككراون. ئەمە لە بەرامبەر ئەو گرفتە گەورانەی کە وڵاتەکە هەیەتی، هیچ مانایەکی نییە.

هەموو بەڵگەکان پێمان دەڵێن کە پێویستمان بە ژنانی زیاترە لە پۆستەكانی بڕیاردان و پاراستنی زیاتریان زۆر پێویستە لەلایەن یاسا و سیاسەت و کۆمەڵگادا لە بەرامبەر توندوتیژی دژی ژنان. ڕێژەی لەسەدا ٢٥ بۆ ژنان لە ئەنجومەنی نوێنەران و دەسەڵاتی یاسادانانی عێراق، جێگەی دەستخۆشییە – و ئەو ڕێژەیە پێویستی بە زیادکردن هەیە. هەوڵدان بۆ قەدەغەکردنی بەکارهێنانی زاراوە پەسندكراوە جیهانیەكان کە بۆ گەیشتن بە یەکسانی و جیاکاری نەکردن زۆر گرنگن، زیانبەخشە، لەهەمان كاتدا هەڕەشە و تۆقاندن لە دژی ئەو ژنانەی کە کار لەسەر ئەم پرسانە دەکەن زیانبەخشە.

داوا لە سەرکردەکان دەکەم لە سەرانسەری کۆمەڵگادا واز لە سیاسەتی سەرقاڵکردن بهێنن. مافی مرۆڤ نابێت ئامرازێک بێت بۆ دابەشکردنمان – مافی مرۆڤ یەکماندەخات و وەک مرۆڤایەتی لە کەرامەتدا کۆمان دەکاتەوە. ڕێگە مەدەن گوتاری پۆپۆلیستی دووبەرەكی زیاتر لە کۆمەڵگایەکدا دروست بکات کە خۆی پێشتر تووشی پارچەپارچەبوون بووە. هەڵمەتەکانی زانیاری ناڕاست و قسەی ڕقاوی و هاندان بۆ توندوتیژی نابێت ئازادییان پێ بدرێت.

لە کاتێکدا ئەمساڵ یادی ٧٥ ساڵەی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ دەکەینەوە، بنەماکانی ئەو جاڕنامەیە زۆر گرنگن بۆ دەوڵەتێک كە وەک عێراق هەمەچەشن بێت، بە تایبەتی گەرەنتی ئەو جاڕنامەیە بۆ مافەکانی مرۆڤ بەبێ جیاوازی لەسەر بنەمای نەتەوە، ڕەگەز، ڕەچەڵەکی نەتەوەیی یان ئیتنیكی، ئایین، زمان، ئاراستەی سێکسی یان هەر پێگەیەکی تر.

بیست ساڵ لەمەوبەر و لەم مانگەدا، ٢٢ هاوکارم لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لەنێویاندا سێرجیۆ ڤیێرا دی مێلۆی پێش من، لە تەقینەوەیەکی خۆکوژیدا لە هۆتێلی کەناڵ لە بەغدا کوژران و ١٥٠ هاوپیشەی دیکەش برینداربوون. ئەوان هاوپیشەمان بوون و بە خواستێکی دڵسۆزانە بۆ پشتیوانی و هاوکاریکردنی گەلی عێراق لە خواستەکانیان بۆ داهاتوویەکی باشتر و دادپەروەرتر لە عێراق بوون. من شایەتحاڵی ئەوە بووم کە ئەم ئاواتانە چۆن لەمڕۆدا دەژین.

تامەزرۆیی بۆ دیدگایەکی هاوبەش بۆ داهاتوویەک هەیە کە لەسەر مافەکانی مرۆڤ بنیاتنرابێت بۆ ئەوەی بتوانێت مامەڵە لەگەڵ ئەو پرسە زۆر سەخت و درێژخایەنانەدا بکات کە ڕووبەڕووی دەبێتەوە، بە مەبەستی ئەوەی برینەکان چاک ببنەوە و ئەو دەستکەوتانەی کە بە ئازارەوە بەدەست هاتوون بتوانرێت بپارێزرێن.

بە ڕێز و پێزانینێكی زۆر بۆ پێشکەوتن و هەوڵ و دەستکەوتەکانی خەڵکی ئەم وڵاتە جوان و هەمەچەشنە – لە هەمان كاتدا بەو نیگەرانییەشەوە کە دەستکەوتەکان بە ناسکی ماونەتەوە، عێراق بەجێدەهێڵم.

داوا لە هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە لە پۆستی كاریگەر و دەسەڵاتدان، خۆشگوزەرانی و مافەكانی مرۆڤی گەلی عێراق وەک خەمی سەرەکی خۆیان لە پێشینە دابنێن و ڕووبەڕووی گەندەڵی و جیاكاری و بێ سزایی و گۆڕانی کەشوهەوا و بەربەستەکانی بەردەم سەقامگیری و ئاشتیی بەردەوامدا ببنەوە.

بۆ ئەوەی بتوانین چارەسەری ئاستەنگە گەورەکانی ئەو سەردەمە بکەین، پێویستە سوود لەو داهێنانانە وەربگرین کە گەشە دەكەن لەو كاتەی كە خەڵک دەتوانن پێکەوە گفتوگۆ لەسەر پرسەکان بکەن و چارەسەریان بۆ پێشنیار بکەن. ئەمەش بە واتای ئەوە دێت كە ئەو ئازادیانە تا دەتوانرێت فراوان بكرێن.

تیمی مافەكانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانمان لە عێراق وەک هەمیشە ئامادەیە بۆ هاوکاریکردن و ئامۆژگاریکردن و پشتیوانیکردن لە بەرەوپێشبردن و پاراستنی مافەکانی مرۆڤ بۆ هەموو عێراقییەکان.

سوپاس.

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

نووسینگه‌ی كۆمیسیاری باڵای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ مافه‌كانی مرۆڤ
نووسینگه‌ی كۆمیسیاری باڵای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ مافه‌كانی مرۆڤ

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت