بەغدا، 13ی کانوونی یەکەمی 2023
نووسینگەی مافەکانی مرۆڤی یونامی بە هاوکاری لەگەڵ پەیمانگای فیلمی بابل و ڕێکخراوی تەرکیب بۆ هونەر و ڕۆشنبیری، پێشانگای هونەری مافی مرۆڤ و نمایشی فیلمی بە بۆنەی ٧٥ ساڵەی جاڕنامەی جیهانی مافەکانی مرۆڤ ئەنجامدا.
ئەو کارە هونەری و فیلمانەی لە چالاکییەکەدا نمایشکران، دیدگای داهێنەرانە و تێڕامانیان لەسەر کۆمەڵێک بابەتی گرینگی مافەکانی مرۆڤ پێشکەش کرد کە کاریگەرییان لەسەر نەک تەنها عێراق بەڵکو وڵاتانی جیهان هەیە، کە بریتی بوون لە کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا وتوندوتیژی دژی ژنان و دۆخی گەنجان و مافەکانی منداڵان و مافی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و نیگەرانییە زەقەکانی دیکەی مافەکانی مرۆڤ.
لە میانی چالاکییەکەدا کە بەرپرسانی حکومەت [لەنێویاندا ئەنجومەنی باڵای دادوەری و لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمان] و نوێنەرانی کۆمەڵگەی دیپلۆماسی و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤی عێراق ئامادەی بوون، بەشداربووان لەگەڵ هونەرمەندان دانیشتنێکی گفتوگۆ ئامێزیان سازکرد سەبارەت بە کارە هونەریەکان لەگەڵ سینەماکاران و نوێنەرانی پەیمانگای فیلمی بابل.
خاتوو جینین هێنیس پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق و بەرپرسی یونامی لە چاڵاکییەکەدا ووتی:
"ئەو پێشانگە و فیلمانەی کە نمایشکراون تیشك دەخەنە سەر ئەو بابەتانەی کە کاریگەرییان لەسەر مافەکانی خەڵك هەیە، نەك تەنها لە عێراق بەڵکو لە سەرانسەری جیهان. وەك دەوترێت، وێنەیەك بەهای هەزار ووشەیە. وە من باوەڕم وایە کە پێشانگای ئەمڕۆ دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ فراوانترکردنی تێگەیشتنمان لە ئاڵنگارییە بەردەوامەکانی مافەکانی مرۆڤ. لەوەش گرنگتر، دەتوانێت ئیلهامبەخش بێت بۆ هەموومان بۆ ئەوەی مافی مرۆڤ لە پێشینەی کار و ژیانی ڕۆژانەماندا دابنێین".