بە جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوونێکی دوولایەنە بۆ هاوبەشیکردن لە پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی عێراق
بەغدا، عێراق - بە جەختکردنەوە لەسەر پابەندبوونێکی دوولایەنە بۆ هاوبەشیکردن لە پێشخستنی بەرژەوەندییەکانی عێراق، گروپێکی هەڵبژێردراوی گەنجان و لایەنە پەیوەندیدارە سەرەکییەکانی حکومەت مێزگردێکی گفتوگۆئامێزیان سازکرد کە تیایدا تیشك خرایە سەر دیدگاکان بۆ داڕشتنی داهاتووی وڵاتەکەیان.
کۆبوونەوەکە کە لەلایەن نووسینگەی کاروباری سیاسی و شیکاری (OPAA)ی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) بە هاوبەشیی لەگەڵ نووسینگەی سەرۆك وەزیران (PMO) ڕێکخرابوو، وەك مەکۆیەك بوو بۆ ئەوەی گەنجان بۆچوونەکانیان بخەنەڕوو، بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکی بەرهەمدار بۆ بەرەوپێشچوون ئەنجامبدرێت. کۆبوونەوەکە ژمارەیەکی هەڵبژێردراوی گەنجانی کۆکردەوە کە لەلایەن یونامی و ئەندامانی ئەنجومەنی باڵای لاوانەوە پاڵپشتی دەکرێن، کە لە مانگی ئابدا لەلایەن محەمەد شیاع ئەلسودانی، سەرۆك وەزیران، بە بەشداریی نوێنەرانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان دامەزراوە.
کارێکی گرنگیی ئەم کۆبوونەوەیە لە ١٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٣دا پەرەپێدانی گفتوگۆی بنیاتنەر بوو لە نێوان نەوەی گەنج و سەرکردەکانیان. هەروەها کۆبوونەوەکە سەکۆیەکی ناوازەی بۆ گەنجان دابین کرد بۆ ئەوەی نیگەرانییەکانیان دەرببڕن و کۆمەڵێك پێشنیاز بخەنەڕوو کە بە پشتیوانی تەکنیکیی نووسینگەی کاروباری سیاسیی و شیکاریی یونامی دایانڕشت. لە ئەنجامی ئەم پاڵپشتییە دوو توێژینەوەی سیاسیی گرینگ هاتنە کایەوە- یەکێکیان لێکۆڵینەوە لە پرسە سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییە باوەکان دەکات کە کاریگەرییان لەسەر گەنجانی عێراق هەیە، لەکاتێکدا ئەوی دیکەیان بە تایبەتی باس لە ستراتیژییەکان دەکات بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر وڵاتەکە.
ڕاسپاردەکان لەلایەن نوێنەرانی حکومەتەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێکرا، کە پابەندبوون بە هاریکاریی بەردەوام لەگەڵ گەنجان بۆ پێشخستنی پرسە گرنگەکان و بەڵێنیان دا دەستپێشخەرییە جۆراوجۆرەکان کە لەلایەن گەنجانەوە پێشنیازکراون پەسەند بکەن و جێبەجێی بکەن.
ئەم پابەندبوونە هاوبەشە بۆ بەرجەستەکردنی دەنگی گەنجان و کاریگەری گۆڕانکاری ئەرێنی بە ڕوونی دەردەکەوت.
د. شەهبا ئەلعەزاوی، ڕاوێژکاری سەرؤک وەزیران، پشتیوانیی بەڕێز سودانی سەرۆك وەزیرانی بۆ گەنجانی عێراق دووپاتکردەوە. بەڕێزیان هەروەها هاوبەشیکاریی نووسینگەی سەرۆك وەزیرانی لەگەڵ پڕۆژەی گەنجانی یونامی دووپاتکردەوە، جەختی لەسەر پابەندبوونی خۆی کردەوە بۆ پاراستنی هەماهەنگی لەگەڵ گروپەکانی گەنجان و بەردەوامی پێدانی ڕێڕەوی بەرنامەکە.
بەڕێز مانۆج ماتیۆ، بەرپرسی نووسینگەی کاروباری سیاسی و شیکاریی یونامی، پێزانینی خۆی گەیاندە بەرپرسانی بەشداربوو و ئاماژەی بەوەدا کە ئامادەبوونی بەرپرسان بەڵگەیەکە بۆ پابەندبوونی عێراق بە بەشداریکردنی سیاسیی گەنجان و کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.