سێیەم میکانیزمی ڕەوانەکردنی نیشتمانی بۆ هاوکاریکردنی ئاوێتەبوونەوەی گەڕاوەکان لە عێراق دەکرێتەوە
٠٤ نیسان ٢٠٢٤
سلێمانی، عێراق، 31ی ئازار: لە هەنگاوێکی بەرچاودا بەرەو هاوکاریکردنی گەڕاوە عێراقییەکان بە مەبەستی بنیاتنانەوەی ژیانیان، سێیەم میکانیزمی ڕەوانەکردنی نیشتمانی (NRM) لە پارێزگای سلێمانی کرایەوە، دوای ئەوانەی لە بەغدا و هەولێر لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ دامەزران. ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ لە عێراق پشتگیری حکومەتی عێراق دەکات بۆ کردنەوەی سیستەمەکانی میکانیزمی ڕەوانەکردنی نیشتمانی بە مەبەستی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی گونجاوی ئاوێتەبوونەوە، وەک هەلی دامەزراندن، ڕاهێنانی پیشەیی، هاوکاری نیشتەجێبوون، پاراستن، و خزمەتگوزاری یاسایی و زۆر شتی تر. ئەم دەستپێشخەرییانە بەشێکن لە پشتگیرییەکانی حکومەتی هۆڵەندا لە ژێر پڕۆژەی هەماهەنگی لەسەر کۆچکردن و هاوبەشیکردن بۆ بەدەستهێنانی چارەسەری بەردەوام (COMPASS)کە بۆ مەبەستی گەشەکردنی تواناکانی بەڕێوەبردنی کۆچ کار دەکات.
حکومەتی سلێمانی بە نوێنەرایەتی جەنابی پارێزگار .د.هەڤاڵ ئەبوبەکر و بەڕێوەبەری گشتی ناوەندی هاوبەشی هەماهەنگی قەیرانەکان(JCC)، خاتوو سروە ڕەسوڵ، میکانیزمی ڕەوانەکردنی نیشتیمانی (NRM) بۆ ئاوێتەبوونەوەی گەڕاوەکان لە 31ی ئازاردا کردەوە.
میکانیزمی ڕەوانەکردنی نیشتیمانی لەلایەن لیژنەی هەماهەنگی ئاوارەبوون و کۆچ بۆ عێراق (DMCR) بەڕێوەدەبرێت و ئامانجی ڕێگەخۆشکردنە بۆ پرۆسەی ئاوێتەبوونەوەی گەڕاوە عێراقییەکان. ئەمەش لەڕێگەی دابینکردنی دەستڕاگەیشتن بە کۆمەڵێک خزمەتگوزاری پێویست. پاڵپشتیکردن و کارپێکردنی میکانیزمی ڕەوانەکردنی نیشتیمانی بەتەواوی لەلایەن حکومەتەوە دەبێت. ئەم سیستەمە بریتتیە بەستنەوەی گەڕاوەکان بە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان و تایبەتمەندییە سەرەکییەکانی بریتین لە: خزمەتگوزاری بێبەرامبەر و نهێنی بۆ هەموو گەڕاوەکان؛ ڕاوێژکاری تاکەکەسی و ڕەوانەکردن بۆ پێشکەشکارانی خزمەتگوزاری؛ بەدواداچوون بۆ پرۆسەی ئاوێتەبوونەوە و نامەی پشتگیری؛ یارمەتیدان لە دامەزراندنی بزنسی بچووک، دانان لەسەر کار، ڕاهێنانی پیشەیی و پەروەردەیی، نیشتەجێبوون، بابەتە یاساییەکان، پاراستن، پشتگیری پزیشکی و تەندروستی دەروونی، و پشتگیری ناونوسکردن بۆ منداڵان لە قوتابخانەکاندا.
دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، جەختیکردەوە لەسەر گرنگی هەماهەنگیکردن لە ڕێگەخۆشکردن بۆ گەڕانەوەی سەلامەت و بە کەرامەت، وەرگرتنەوە، و یەکخستنەوەی بەردەوام و وتی: "ئەم پڕۆژەیە پردێکە بۆ یەکگرتنەوەی گەڕاوەکان لەگەڵ کۆمەڵگادا و ئاسانکاری بۆ ئاوێتەبوونەوە دەکات لەڕێگەی پێشکەشکردنی ڕێکارە یاساییەکان، خزمەتگوزاری تەندروستی و پاڵپشتیکردنی بزنسە بچووکەکان". خاتوو سروە ڕەسوڵیش دووپاتی کردەوە و وتی، “میکانیزمی ڕەوانەکردنی نیشتمانی زۆر گرنگە چونکە پێشکەشکردنی چەندین خزمەتگوزاری جیاواز لە یەک شوێندا کارئاسانییەکی گەورەیە بۆ گەڕاوەکان.”
میکانیزمی ڕەوانەکردنی نیشتیمانی هەنگاوێکی سەرەکییە لە ستراتیژی نیشتمانی بەڕێوەبردنی کۆچ لە عێراقدا، کە هاوبەشە حکومی وناحکومییەکان بەیەکەوە دەبەستێتەوە بۆ هەڵسەنگاندنی پێداویستییە تاکەکەسییەکانی گەڕاوەکان و خێراکردنی پرۆسەی ئاوێتەبوونەوەیان. کارمەندانی کەیس بە نهێنی باس لە دۆخ، پێداویستی، ئەزموون و لێهاتووییەکانی گەڕاوەکان دەکەن بۆ پێشکەشکردنی پشتگیرییەکی تایبەتمەند.
مایرا دی ڤریس، سکرتێری یەکەمی کاروباری سەقامگیری حکومەتی باڵیۆزخانەی هۆڵەندا لە عێراق دەڵێت: "گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆت دوای چەندین ساڵ دەکرێت قورس بێت و دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ بەشداریکردن لە کۆمەڵگادا کارێکی قورسە. ئەم پڕۆژەیە هەوڵ دەدات ئەم پڕۆسەی گواستنەوەیە ئاسان بکات و هاوکاری پێویست پێشکەشبکات".
بە بودجە و پاڵپشتی حکومەتی هۆڵەندا، دامەزراندنی میکانیزمی ڕەوانەکردنی نیشتیمانی لە سلێمانی جەخت لەو پابەندبوونە دەکات بۆ ڕێگەخۆشکردنی گەڕانەوە و وەرگرتنەوەی سەلامەت و بە شکۆمەندانە، هەروەها یەکگرتنەوەی بەردەوامیش. وەک یەکەم دەستپێشخەری لەم جۆرە لە سلێمانی، میکانیزمی ڕەوانەکردنی نیشتیمانی پێشینەیەک بۆ هەوڵەکانی داهاتوو دادەنێت بۆ ئامانجی ئاسانکردنی گواستنەوە بۆ گەڕاوەی کۆچبەران و دڵنیابوون لە ئاوێتەبوونەوەی سەرکەوتووانەیان لەگەڵ کۆمەڵگاکانیان. لە ساڵی ٢٠١٠ەوە ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ پاڵپشتی دەسەڵاتە نیشتمانییەکانی سلێمانی دەکات لە بەڕێوەبردنی کۆچ و بەرەنگاربوونەوەی کۆچی ناڕێک و بازرگانیکردن و قاچاخچێتی کەسەکان و پێشکەشکردنی هاوکاری تەکنیکی.