ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عێراق (یونامی) وێرکشۆپێکی یەک ڕۆژەی لەسەر "بەهێزکردنی ڕێوشوێنە یاسایی و دامەزراوەییەکان بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر مافەکانی مرۆڤ" بە هاوکاری لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێکخست. لە چالاکییەکەدا 29 کەس (11 ژن و 18 پیاو) لە وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی و و بەشە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی هەرێم بەشداربوون.
ئامانجی وێرکشۆپەکە دامەزراندنی تۆڕێکی پەیوەندیدار بە بابەتی کەشوهەوا بوو لە نێوان دەسەڵاتداران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئەمەش بۆ داکۆکیکردن لە پەرەپێدانی سیاسەت و یاسادانانی تایبەت بە گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر بنەمای مافەکانی مرۆڤ بۆ هەرێمی کوردستانی عێراق. بەشداربووان ڕێوشوێنی کۆنکرێتی و پلانی کارکردنیان پێشنیار کرد بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر مافەکانی مرۆڤ.
خاتوو بەیان سامی عەبدولڕەحمان، ڕاوێژکاری پێشکەوتووی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ پەیوەندییەکانی دەرەوە و گۆڕانی کەشوهەوا، و بەرپرسی ئۆفیسی مافەکانی مرۆڤی یونامی لە هەولێر، بەڕێز زەفیرودین، پێشوازییان لە هەوڵە هاوبەشەکانی یونامی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد بۆ بەرەوپێشبردنی پاراستنی مافەکانی مرۆڤ لە کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا.