لێدوانی ڕۆژنامەوانی

شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان: هەمواری پێشنیارکراو بۆ یاسای باری کەسێتی عێراق هەڕەشەیە بۆ لەباربردنی مافی ژنان و منداڵان

٢٤ ئەیلوول ٢٠٢٤

جنێڤ، 24ی ئەیلولی 2024: شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانی زۆری خۆیان دەربڕی سەبارەت بە هەمواری پێشنیارکراو بۆ یاسای باری کەسێتیی عێراقی ژمارە 188ی ساڵی 1959 کە ئەگەر پەسند بکرێت دەبێتە مایەی لاوازکردنی پابەندیی دڵنیابوون لە مامەڵەکردنی یەکسانانە لەگەڵ ژنان و منداڵاندا. 

لەمبارەوە، شارەزایان لەو باوەڕەدان کە "ئەگەر ئەم هەموارانە پەسند بکرێن ئەوە بە دڵنیاییەوە دەبنە مایەی لەناوبردنی مافی مرۆڤی بنچینەیی و پاراستنی ژنان و منداڵان بەگرتنەخۆی کچانیش لە عێراقدا."

هەموارەکان پێشنیارکراوەکان خوێندنەوەی دووەمیان لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە لە 16ی ئەیلولدا بۆ کراوە. لە نامەیەکیش کە لە 10ی ئەیلولدا ئاراستەی حکومەتی عێراقیان کردووە، شارەزایان نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە لەوەی کە ئەم هەموارە پێشنیارکراوانە بۆ یاسای باری کەسێتی ژمارە 188 "دەبێتە مایەی پاشەکشەی گەورە لە ماف لە چەندین بواری سەرەکیدا و کاریش دەکاتە سەر ژنان و منداڵان بەتایبەتیش لەوەی کە پەیوەندی بە هاوسەرگیری و تەڵاق و بەخێوکردنی منداڵەوە هەیە و هەروەک چۆن دەبێتە مایەی بەرەو خراپتر بردنی ئەو شێوازە توندوتیژییە بەربڵاوەش کە ئێستا دژی ژنان و کچانی عێراق پەیڕەو دەکرێت."

ئەوان هەروەها هۆشداری ئەوەشیان داوە کە ئەگەر هەموارە پێشنیارکراوەکان پەسند بکرێن ئەوە بێگومان کاریگەرییان لە سەر زۆربەی کۆمەڵگایەکانی عێراق دەبێت و پابەندبوونەکانی عێراقیش سەبارەت بە مامەڵەکردنی یەکسانانە لەگەڵ ژنان و کچان لاواز دەکات لەگەڵ کاریگەریشی لەسەر مافی منداڵیش. 

ئێمە داوا هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی عێراق دەکەین بۆ لەبەرچاوگرتنی ئاسەوارە خراپەکانی ئەم هەموارە پێشنیارکراوانە. حکوومەتی عێراق پێویستە دڵنیایی بدات سەبارەت بەوەی کە تاوتوێی گەرم و گشتگیرانە سەبارەت بەم هەموارە پێشنیارکراوانە ئەنجام دەدرێت و بەرژەوەندییەکانی ژنان و کچانی عێراقیش دەکرێنە چەقی گفتوگۆیەکان و پرۆسەی بڕیاردان." 

شارەزایەکان: ریم ئەلسالم، بڕیاردەری تایبەت بە توندوتیژی دژی ژنان و کچان و هۆکار و دەرەنجامەکان و مامە فاتیمە سنجاتە، بڕیاردەری تایبەت سەبارەت بە فرۆشتن و بەکارهێنان (ئیستیغلال) ی جینسیی منداڵان. 

بڕیاردەرە تایبەتەکان بەشێکن لەوەی کە پێی دەوترێت" رێوشوێنی تایبەتی ئەنجومەنی مافی مرۆڤ". "ڕێوشوێنی تایبەت" بەشێکی گەورەیە لە شارەزایانی سەربەخۆ لە سیستەمی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کە یان تاوتوێی بارودۆخی وڵاتێکی تایبەت دەکەن یانیش هەموو پرسە سەرباسییەکان لە هەموو بەشەکانی جیهاندا دەخەنە بەر باس و گفتوگۆ. شارەزایانی رێوشوێنی تایبەت بەشێوەی خۆبەخشانە کار دەکەن و ئەوانە نە کارمەندی نەتەوە یەکگرتووەکانن و نە مووچەشی لێ وەردەگرن. ئەوان سەر بە هیچ حکومەتێک یان ڕێکخراوێک نین و هەر بۆ خۆیان بە توانای خۆیان کار دەکەن. 

بۆ پرسیار و زانیاریی زیاتر تکایە پەیوەندی بکەن بە 
hrc-sr-vaw@un.org
یانیش بۆ پرسیاری میدیایی سەبارەت بە شارەزایانی تری سەربەخۆی نەتەوە یەکگرتووەکان ، پەیوەندی بکەن بە دارشا ئەندراجۆبسا بە ئیمێلی : (dharisha.indraguptha@un.org

یان جۆن نیولاند بە ئیمێلی:
(john.newland@un.org).

یان لە ڕێگەی تویتەرەوە بۆ زانیاری لەسەر شارەزایانی سەربەخۆی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان:

Twitter: @UN_SPExperts

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

نووسینگه‌ی كۆمیسیاری باڵای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ مافه‌كانی مرۆڤ
نووسینگه‌ی كۆمیسیاری باڵای نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان بۆ مافه‌كانی مرۆڤ

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت