نەتەوە یەکگرتووەکان و عێراق پلانی «یەک نەتەوە یەکگرتووەکان» بۆ پشتگیریکردن لە گەڕانەوە و دووبارە شیاندنەوە و تێکەڵکردنەوەی عێراقییەکانی کەمپی ئەلهۆلیان دەستپێکرد
٣٠ کانوونی دووەم ٢٠٢٥
بەغدا، ٣٠ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ – ئەمڕۆ ، نەتەوە یەکگرتووەکان و حکوومەتی عێراق قۆناغی دووەمی پلانی «یەک نەتەوە یەکگرتووەکان»یان بە ناونیشانی «دەستپێکردنێکی نوێ» ڕاگەیاند کە چوارچێوەیەکی گشتگیرە بۆ گەڕانەوەی هاووڵاتیانی عێراق لە کەمپەکانی هوڵ و ڕۆژ لە باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا بە بەئارامیی و خۆویستانە وشکۆمەندی و وهەروەها دووبارە شیاندنەوە و تێکەڵکردنەوەییان.
ئەم چالاکییە لە ناوەندی نەهرەین لە بەغدا بەڕێوەچوو، کە تیایدا نوێنەرە باڵاکانی حکوومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی دیپلۆماسی و ھاوکارانی نێودەوڵەتی ئامادە بوون .
لەم مەراسیمەدا ، دکتۆر موحەمەد ئەلحەسان ، نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و سەرۆکی نێردەی یونامی لە عێراق وتی " سەرکردایەتی عێراق لە ئاسانکردنی گەڕانەوەی هاووڵاتییانی لە باکووری ڕۆژھەڵاتی سووریا، نموونەیەکی ئەرێنی جیھانیی بەرجەستە کردووە . ئەم دەستپێشخەرییە گشتگیر و ئازایانە لەلایەن بەرزترین ئاستەکانی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ستایشکراوە، بە خودی سکرتێری گشتیشەوە" لە درێژەی وتەکەیدا وتی " ئێستا کاتی داخستنی ئەم پەڕاوەیە و لاپەڕەی هەڕەشەکانی داعشیش دابخرێت. ئەم پڕۆژەیە پڕۆژەیەکی ئالنگارانەیە و چارەسەرکردنیشی بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و بە شێوەیەک کە لەگەڵ ئاستی ئەم وڵاتەدا بگونجێت کە شارستانیەتی مرۆڤایەتیی دروستکردووە، نیشانەی چاکبوونەوەی عێراقە ."
لە لایەن خۆشیەوە ، بەڕێز قاسم ئەعرەجی ، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق سوپاسی هەموو هاوبەشیکارە حکومیی و نێودەوڵەتییەکانی کرد لەهەمبەر هەوڵەکانیان و گرنگی خێراکردنی پڕۆسەی گەڕانەوە و داخستنی کەمپی هۆڵی خستە ڕوو و ھەروەھا داوای لە ھاوبەشیکارانی نێودەوڵەتی کرد کە بەردەوام بن لە پشتگیریکردنی عێراق لەم ھەوڵەدا.
پلانی «یەک نەتەوە یەکگرتووەکان» لە ساڵی ٢٠٢١ ەوە پشت بە ھەوڵەکانی عێراق دەبەستێت بۆ گەڕانەوە و دووبارە شیاندنەوە و تێکەڵکردنەوەی هاووڵاتییانی بەتایبەتی ژنان و منداڵان کە لە بارودۆخێکی سەخت و ناڕێکدا ژیاون لە کەمپی هۆڵ. زیاتر لە ٦٠٪ ی عێراقییەکانی ناو کەمپەکە منداڵی خوار تەمەن ١٧ ساڵی و ٢٠٪ یان خوار ٥ ساڵن، زۆربەیان لە مافە بنەڕەتییەکانی وەک پەروەردە و فێرکردن بێبەشن . بە درک کردن بە بارودۆخی خراپی مرۆیی و ئاسایش لە کەمپی هۆل ، حکوومەتی عێراق سەرەڕای بوونی چەندین بەربەست پڕۆسەی گەڕانەوەی خێراکردووە. نەتەوە یەکگرتووەکان ستایشی پەرۆشیی عێراقی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە کردووە و دووبارە گرنگی بەھێزکردنی میکانیزمەکانی هەماهەنگی نیشتمانیی و بەھێزکردنی دەسەڵاتە ناوخۆییەکان بۆ بەردەوامی پێشکەوتنەکان دووپات کردەوە.
پلانی «یەک نەتەوە یەکگرتووەکان: دەستپێکردنێکی نوێ» بەشێکە لە چوارچێوەیەکی جیھانیی گەورەتر و لە ڕێگەی گرووپێکی کاری تەکنیکی دامەزراو لە نێوان نەتەوە یەکگرتووەکان و حکوومەتی عێراقەوە جێبەجێ دەکرێت.