هەڵبژاردنی متمانەدار گرینگییەکی زۆری هەیە
٣١ تەمووز ٢٠٢٠
بەغدا، ٣١ی تەموزی ٢٠٢٠:- نێردەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) دەسخۆشی لە داوایەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەڕێز مستەفا كازمی، دەکات بۆ هەڵبژاردنی پێشوەخت لە عێراقدا لە ٦ی حوزەیرانی ٢٠٢١دا. لەڕاستیدا، هەڵبژاردنی پێشوەختە کلیلی داواکارییەکانی شەقامە لە هەنگاونان بەرەو ئارامی و دیموکراسیی تۆکمەتر لە عێراقدا.
نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیە بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری و ڕاوێژی تەکنیکی گەر لەلایەن عێراقەوە داوا بکرێت لەپێناو ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی بێگەرد و متمانەدار کە بتوانێت متمانەی خەڵک بەدەست بهێنێت.
لەمبارەوە نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، خاتو جێنین هێنیس-پلاسخارت، وتی "هەڵبژاردنێکی بێگەرد و ئازاد و متمانەدار و گشتگیر، کە بەشێوەیەکی رێکوپێک ئەنجام بدرێت، دەتوانێت سیستەمی سیاسیی سەرلەنوێ رێکبخاتەوە و متمانەی گشتیش دروست بکات و دەنگ بۆ خەڵک دابین بکات و ئاواتەکانیشیان بۆ نوێنەرایەتییەكی باشتر بهێنێتەدی.
ئەو هەروەها وتیشی"ئەمە ئەرکی حکومەت و پەرلەمان و پارتە سیاسییەکان و لایەنە پەیوەنددارەکانی ترە کە هاوبەشانە و بەیەکەوە هەڵبژاردنێکی ڕەوا و ئازاد و متمانەدار دەستەبەر بکەن لە کەشێکی گونجاوی وەهادا کە بەرژەوەندییەکانی وڵات بخاتە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانی ترەوە."
ئەو زیاتر وتیشی"ئێمە دڵنیاین کە هەموو پارتە سیاسییەکان حەز دەکەن ئەوە ببینن کە عێراق هەموو قەیرانەکانی تێپەڕاندووە و گەشەی کردووە. هەروەک هەموو جاریش، ئەم هەڵبژاردنانە هەم عێراق خۆی ئەنجامی دەدات و هەمیش هەر خۆی خاوەندارییەتی دەکات. نەتەوە یەکگرتووەکان، بەگوێرەی ئەرکە پێسپێردراو (ماندێت) ەکەی، تەنها ئەو راوێژ و هاوکارییە تەکنیکییانە پێشکەش دەکات کە لە لایەن عێراق و کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانەوە داوا دەکرێن."