هەرێمی کوردستانی عێراق : دەستوور و یەکڕیزی | وتاری نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق خاتو جینین هێنیس پلاسخارت
دەمەوێت بە سوپاسکردنی زانکۆی کوردستان دەست پێ بکەم بۆ بانگهێشتکردنم بۆ ئەم چالاکییەی ئەمڕۆ. شانازییەکی گەورەیە و خۆشحاڵم کە من لێرە ئامادەم.
زانکۆی کوردستان، چوارشەممە، ١٩ی ئایاری ٢٠٢١
میوانانی بەڕێز،
ئامادەبووانی خۆشەویست،
دەمەوێت بە سوپاسکردنی زانکۆی کوردستان دەست پێ بکەم بۆ بانگهێشتکردنم بۆ ئەم چالاکییەی ئەمڕۆ. شانازییەکی گەورەیە و خۆشحاڵم کە من لێرە ئامادەم.
من ئەمڕۆ دەمەوێت گەر ڕێگەم بدەن زۆر بە ڕاشکاوی قسە بکەم. مەبەست لە سەرنجەکانم هەم تەحەددی کردنە و هەمیش بۆ هاندانی بیرکردنەوەیە بۆ ئەوەی بتوانین ڕاستگۆیانە و بنیاتنەرانە هەوڵ بدەین لەپێناو دۆزینەوەی چارەسەر بۆ هەندێک لە گیروگرفتەکان و کێشەکانی سیستەم.
بە واتایەکی تر، رەنگە هەندێکتان ئەم رایانەی منتان لە رادەبەدەر بە ڕاشکاو بزانن بەڵام وەک کورد دەڵێت "دۆست ئەو کەسەیە بتگریەنێت."
دەبا رووبەڕووی ببینەوە. لە هەندێک لە گفتوگۆیەکانم لە هەرێمی کوردستاندا دیدە دەربڕاوەکان، پێمان خۆش بێت یان ناخۆش، دلێرانەن. لە هەمان کاتیشدا، ئەمە یەکێکە لەو شتانەی کەمن پێی سەرسامم. هەروەها نابێت ئاڵوگۆڕی بیروڕا تەنها بۆ مەبەستی کۆبوونەوە بێت و بەس بەڵکوو پێویستە لەپێناو باسکردنی کرۆکی بابەتەکان بێت بە مەبەستی دۆزینەوەی چارەسەر.
ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست،
خەباتی نەپساوە بۆ کۆنترۆڵکردنی چارەنووسی یەکێک پێویستە بۆ هەر کەسێک. بە سەیرکردنی مێژوو و جوگرافیای ئەم ناوچەیەش، بە ڕای من باشترە بڵێین کە ئەم دۆخە بە تایبەتی بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستانیش راستە. سەیرکردنی رابردوو بەسە لەم رووەوە و هەروەها ئێستا و ئایندەش پڕە لە نادڵنیایی و مەترسی.
ئەوەی کە ئێمە دەیزانین ئەوەیە کە ئەم قەوارە ئۆتۆنۆمييهى ئێستا کات و قوربانییەکی زۆری ویستووە. بەڵام وەک هەر شوێنێکی تری ئەم جیهانە، ماف و ئازادیيەکان هەروا بە ئاسانی بەدی نەهاتوون. نەخێر، هەرگیز.
ئەوەی من دەمەوێت بیڵێم ئەوەیە کە هەرگیز وا مهزانن ئەم جۆرە ئوتۆنۆمييه هەر بە مسۆگەری هەتاهەتایی دەمێنێتەوە. هەر بۆیە یەکڕیزی بۆ مانەوەی ئەم قەوارەیە لەوپەڕی پێویستیدایە.
لە ڕاستیدا، من هەر وەک لە هەفتەی رابردوودا بە ئەنجوومەنی ئاسایشیشم وت کە هێزی سیستەمی فیدڕالی لە بەهێزیی ئەو گرێبەستانەوە سەرچاوە دەگرێت کە لەنێوان پێکهاتەکاندا هەیە کە ئەمانیش هێزی خۆیان لە ئاشتەوایی و یەکڕیزی نێوان کۆمەڵگاکانەوە وەردەگرن.
سەبارەت بە عێراقيش، وڵاتەکە بە قەد ئەو پەیوەندییەی کە پێکهاتە جیاوازەکانی بەیەکەوە گرێ دەدا بەهێزە. بە زۆریش ئەم خەڵکە جیاوازانە پێویستیان بە ئاشتەوایی نێوان کۆمەڵگاکان هەیە.
ئێستا هەرێمی کوردستان بە دڵنیاییەوە و بە شێوەیەکی بۆماوەیی و بەرفراوان پڕە لە جیاوازی و فرە ئاینی و فرە زمانی ئەمەش بە ڕوونی لە سەردانەکەی ئەمدواییەی پاپا فرانسیسدا رەنگی دایەوە.
یەکێک بۆى ههيه بڵێت بەهێزیی و بووژانەوەی بەرچاوی هەرێمی کوردستان لە هەبوونی ئەم جیاوازییانەوە سەرچاوەی گرتووە.
یەکێک هەتتا دەتوانێت بشڵێت "یەکییەتی دژەکان" یەکێک بوو لەو هۆکارە بناغەییەی کە بووە هۆی دروستبوونی هەرێمی كوردستان و بە دڵنیاییشەوە هەر ئەم بنەمایەشە کە دەتوانێت ئایندەی مسۆگەر بکات.
بەڵێ وەک زۆربەی وڵاتان، لە عێراق و هەرێمی کوردستانيشدا ناکۆکی سیاسی هەیە و زۆربەی دیموکراسییە بەهێزەکانی ئەمڕۆش دوێنێ بە هەمان دۆخی شەڕ و خوێنڕشتن و نەهامەتیدا تێپەڕیون.
هیچ پێویست بە وتن ناکات کە کوردستانێکی بەهێز مانای توانابوونیەتی لهوهى كه بە باشترین شێوە بەرژەوەندییەکانی بپارێزێت. بە پێچەوانەوەشەوە، پەرتەوازەیی دەبێتە هۆی لاوازی.
بێگومان، هەرێمە کوردستانێکی بەهێز و یەکگرتوو دەبێتە مایەی بەهێزبوونی عێراقی فیدڕالیش، نەک هەر لەسەر ئاستی ناوخۆیی بگرە جیهانیش. هەروەها گومانیش لەوەدا نییە کە بەهێزبوونی ناوخۆیی دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دەرەكيش.
ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست،
من وەک سیاسەتمەدارێکی پێشووى ئەوروپايى ، دەتوانم لە ئەزموونی خۆمەوە پێتان بڵێم کە فهراههمكردني دیموکراسی، بە تایبەتیش ئەوەی کە ئاستی زۆر جیاوازی فەرمانڕەوایی هەیە، کارێکی سەختە.
ئەمە زۆر ڕاستە کە دیموکراسی درێژخایەن لە کۆمەڵگاکاندا لە چاوتروکانێکى موعجیزە ئاسا بەدی نایەت بەڵکو سازشکردن پێویستی بە ئارامگرتنی لەڕادەبەدەر و بریاری شێلگیرانە هەیە.
بێئارامی ئاساییە و من بە تەواوی ئاگادارم لێی. ڕەنگە هەتتا بۆ پاڵنانی شتەکان بە ئاراستەی بەرژەوەندیی هاوبەشی زیاتر ویستراویش بێت.
بەڵام بە شێوەیەکی مسۆگەریيانە پێویستە پرۆسەی دیموکراتی کاتی بدرێتێ بۆ ئەوەی بتوانێت گەشە بکات.
ئەمە رەنگە ڕوو بدات. پێویستە کارلێکی تەندروستانەی ئۆپۆزسیۆن و حکوومەت و پێکهاتەی پارتە سیاسییەکان لە سەر هەموو ئاستەکانی ناوخۆیی و هەرێمی و نیشتمانی ڕێگەپێدراو بێت.
لە میانەی هەموو ئەمانەدا، دوا ئامانجی سەرکردایەتی پێویستە بریتی بێت لە دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیيەکانی. چەقەکە پێویستە لەسەر ئەو چارەسەرانە بێت کە نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکانی هەموو خەڵکی هەرێمی کوردستان دەکەن بهڵام ئەو چارەسەرانەی کە لەسەر بنەمای زۆرینەدادهمهزرێن ئەوە ناتوانن بە دوورمەودایی بمێننەوە.
هەر وەک وتم یەکڕیزی ئەگەر بۆ یەکجاریش بەدەست بێت بەڵام هێشتاش نابێت بە مسۆگەر دابنرێت و بۆیە پێویستە بەردەوام کاری بۆ بکرێت.
ئەم "کاری ئیدامەدان" ە خۆگەیاندن و هانابردني بەردەوام بۆ ناو خەڵکی سادە و گفتوگۆ و کاری تۆکمەى پێويسته کە ئەمەش نیشاندەری ئەوەیە کە پێکهاتەکان و کۆمەڵگاکان لە هەموو کاتێک گوێیان لێ گیراوە.
کاتێک کە یەکڕیزی تووشی هەڕەشەی لێکترازان دەبێت ئەوە ئەرکی سەرکردایەتییە کە رێنمایی بدات و بەرژەوەندییە دژەکان یەک بخات.
لە هەمان کاتدا، ئەرکی هەر هاووڵاتییەکيشە کە دان بەو ڕاستییەدا بنێت کە هاوسەنگی راگرتن لە نێوان دید و بەرژەوەندییە جیاوازەکاندا پێویستی بە سازش و نهرمى نواندنه وەک هەر کۆمەڵگەیەکی فرەڕا.
سیاسەت بە "هونەری ئەنجامدانی ئەوەی دەکرێت بكرێت" پێناسە کراوە. پێمان خۆش بێت یان ناخۆش، نهرمى نواندن ڕێگەیەکە بۆ نههێشتنى جیاوازییەکان. من ئەوەش رەت ناکەمەوە کە نهرمى نواندن رەنگە لەپڕ ببێتە هۆی بێهیواییش. بەڵام هەرچۆنێک بێت نهرمى نواندن بۆ یەکتر دەبێتە مايەی کردنەوەی دەرگای سەرکەوتنی درێژخایەن.
بەو پێیەی کە هەموو سیاسەتێک دواجار هەر ناوخۆییە، بۆیە زۆر پێویستە کە گیانی یەکڕیزی و هاوبەشکاری بە کردەنی لەسەر ئەم ئاستە پیادە بکرێت. سیستەمی هاوسەنگ ئەو سیستەمەیە کە تێیدا دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان لە هەموو کات و شوێنێکدا بە تەواوی مسۆگەر کراوە بێگوێدانە ئەوەی کە چ هێزێکی سیاسی لە دەسەڵاتدایە.
لەگەڵ وتنی هەموو ئەمانە، ئێمە پێویستە جیاوازی بکەین لەنێوان یەکگرتوویی لەگەڵ یەکڕایی.
ئەوە کە تەنها کە کۆمەڵێک بتوانێت یەکگرێت و ببێتە یەک ئەوە هەرگیز مانای ئەوە نییە کە ناتوانرێت تاووتوێی تەندروستییانەی ناوخۆیی ئەنجام بدرێت یانیش ناتوانرێت چەندین دەنگی جیاواز ببیسترێن. راجیاوازی هەرگیز هەڕەشە نییە و بگرە بە پێچەوانەشهوه سەرچاوەی هێز و دەوڵەمەندییە.
ئەوەی کە شانبەشانی ئەمە گرینگە ئەوەیە کە قسە بۆ کردار بگۆڕدرێت. راسته قسە و راگەیاندنی بریقەدار باشە بەڵام دواجار بۆ ئەوەیە کە شتەکان ئەنجام بدرێن.
هەر لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرەوە تا دەگاتە وازهێنان لە بەرژەوەندیی تەسکی حیزبایەتی بۆ هەنگاونان بۆ یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگە و ئەنجامدانی چاکسازی. بەڵێ "دیدی پێشمەرگە بۆ ٢٠٢٥" یەکێکە لە نمونە باش و تۆکمەکان. هەرێمی کوردستان چیتر نابێ بەسەر دوو ناوچەی "زەرد" و "سەوز" یان بەسەر هەر ڕەنگێکی تردا دابەش بێت. هەر بە ڕاستی کاتی ئاشتبوونەوە و یەکگرتن هاتووە بۆ ئەوەی سەقامگیریی سیاسیی بێتە ئاراوە.
با بێینە سەر سەروەریی نیشتمانی . بەداخەوه، هەڵکەوتەی ناوازەی جوگرافیی عێراق هەموو کات لە قازانجی دا نییە و لەمەدا هەرێمی کوردستانيش بەدەر نییە. بە واتایەکی تر، ئێوە رووبەڕووی چەندین بارودۆخی جیۆپۆلەتیکی دەبنەوە و هەر ئەم ڕاستییەش بەسە بۆ ئەوەی وا لە یەکێک بکات کە دوو جار بیر بکاتەوە.
ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست،
بەهۆی هەڵبژاردنی مانگی تشرینی یەکەمەوە عێراق لە بەردەم گۆڕانکارییەکی چارەنووسسازدایە. بە دڵنیاییەوە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بە بەشدارییەکی فراوانەوە دەبێتە مایەی دابینکردنی ئایندەیەکی سەقامگیرتر و خۆشگوزەرانتر بۆ وڵات. لەلایەکی تریشەوە، ئەنجامەکانی ئەو هەڵبژاردنەش بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداش لەوپەڕی گرینگیدان.
ئێستا، هەرێمی کوردستان بژاردەیەکی هەیە لەو رووەی کە دەتوانێت یەکگرێت و رێزی خۆی سەبارەت بە ماف و ئازادییە بنەڕەتییەکان بەهێز بکات و پێشڤەچوونی بەرچاو لە چاکسازیی ئابوری و ئاسایشدا، کە ئاواتی لەمێژینەی خەڵکن، ئەنجام بدات و سەرەڕای جیاوازییە ناوخۆییەکانیش، کە من لەو باوەڕەم کە ههتتا لە ڕابردووشدا نەهێشتنیان زۆر ئەستەم بووبێت، دەست بەگفتوگۆ بکات.
یانیش رەنگە لە دروستکردنی تەبایی و یەکڕیزیدا شکست بهێنێت و بەمەش هەموو دەسکەوتەکان بخاتە مەترسییەوە.
ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست،
لەمدواییەدا، بابەتی دەستووری کوردستان هاتەوە بەر باس و خواس و هەموو خەڵکیش لەسەر گرینگی هەبوونی دەستوور هاوڕان.
گەر من هەڵە نەبم یەکەم رەشنووس لە ساڵی ٢٠٠٩ پێشکەش کرا. چەندین هەوڵ دران بەڵام لە چەند قۆناغی جیادا بەهۆی نەبوونی کۆدەنگیی و سازانی سیاسییەوە شکستیان هێنا.
ڕێگەم بدەن با ڕاشکاوتر بم. سەرکردایەتیی سیاسی و دەستوور بۆ خەڵکه كه پێويسته مافەکانیان و هەروەها چۆنیەتی پاراستنی مافەکانیشيان مسۆگهر بكات و هەروەک چۆن سنووری دەسەڵاتەکانیش دیاری بكات.
راستە دەستوور گرێبەستێکی کۆمەڵایەتییە بەڵام چالاککردنی پرۆسەکانی تریش بە دڵنیاییەوە دەبێتە هەلێکی گرینگ بۆ هەموو پێکهاتە و کۆمەڵگاکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەیەکەوە دانیشن.
رەنگە ببێتە مایەی نەهێشتنی جیاوازی و ناخۆشییەکان و قبوڵکردنی خەڵکی تر و هەروەها، گەر پێویست بێت، ببێته مايهى داوای بووردن و رێزگرتن لە مێژووی یەکتر و هەروەک چۆن رەنگە ببێتە مایەی زاڵبوون بەسەر کێبڕکێی سیاسیی و هاوبەشکاری و چەقبەستوویی نێوان پارتە سیاسییەکانیش.
هەروەها دەکرێ ببێتە مایەی هەلێکی زۆر باش بۆ دروستکردنی شانازی بەرەوپێش و متمانەش.
ئەمە دەرفەتێکیشە بۆ بەروونی دەستنیشانکردنی هێز و بەرپرسیاريى دامودەزگاییش. ناڕوونی یاسایی زیانی هەیە لەسەر ئاستی فیدرالی و هەرێمی کوردستان.
بە هەر حاڵ، گەر ئێوە دەتانەوێت پرۆسەکە سەرلەنوێ چالاک بکەنەوە ئەوە پێویستە بە رێکی و دروستی ئەنجامی بدەن. بەڵێنی بۆش و جێبەجێنەکراو دەبێتە مایەی بێمتمانەیی زیاتر. هەرگیز ڕقی هەڵچوو بە كهم وهرمهگرن.
شەڕی سیاسی و حیزبحیزبێنێ تا ئێستاش هەر پەتایە و هەموو کون و کەلەبەرێکی گرتووەتەوە بەشێوەیەک کە جێگەی سەرسوڕمان نییە گهر خەڵک متمانەی بەوە نهمابێت کە پرۆسەی سیاسی لە خزمەتی ئەواندا بێت یان ببێتە مایەی هیچ گۆڕانکارییەک.
دووبارە، گەر ئێوە ئەمە دەکەن ئەوە بە ڕێکی و دروستی ئەنجامی بدەن.
بێگومان دیکۆمێنتی ئەنجام پێویستە لەگەڵ دەستووری فیدرالی گونجاو بێت.
ئەمە خۆی لەخۆیدا گرفتێکی تری دروست کردووە چۆنکە دەستوری فیدرالی بەرچاوڕوونی تەواوی تێدا نییە. لەو کاتەی کە دەستوور گەڵاڵە دەکرا بنەما گشتییەکانی تێدا جێگیر کرا بەڵام جێبەجێکردنیان بە یاسایەکانی دواتر سپێردران.
دوای شانزە ساڵ نەبوونی ئەم تایبەتمەندییە بووەتە سەرچاوەی مشتومڕی بەردەوام لە نێوان حکومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا. هەر بۆیە چارەسەرێکی درێژخایەن لەوپەڕی پێویستیدایە. من دڵنیاشم کە ئێمە هەر هەموومان کۆکین لەسەر ئەوەی کە کاتی ئەوە هاتووە عێراق ڕێز لە هەموو پێکهاتەکانی بگرێت.
ئامادەبووانی بەڕێز و خۆشەویست،
لە کۆتاییدا ڕێگەم بدەن با جارێکی تر جەخت لەسەر گرینگیی ئەو دەسکەوتانە بکەمەوە کە لە سەدەکانی رابردوودا لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە بەدەست هاتوون.
پرسیارەکە ئەوەیە کە ئایە چۆن ئەم دەسکەوتانە درێژە و پەرە پێ بدەین؟
لە کاتێکدا کە نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ ئێوەدایە، ئەوەش گرینگە کە پێش هەموو شتێک ئەوە بزانن کە هەر هەمووتان لەم پرسە بەیەکەوەن.
یەکڕیزی وێڕای جیاوازییەکان کلیلی ناودەستتانە