راوێژکارانی تەکنیکیی ئەڵمانیا و فەڕەنسا و دانیمارک سەردانی کەرکوکیان کرد بۆ گەیاندنی پەیامێکی روون
لە ٣٠ی ئایاری ٢٠٢١ دا، راوێژکارانی تەکنیکیی ئەڵمانیا و فەڕەنسا و دانیمارک سەردانی کەرکوکیان کرد بۆ گەیاندنی پەیامێکی روون: یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی و ئاشتی و سەقامگیریی پێشمەرجی ئارامی و بووژانەوە و گەشەپێدانن.
هەماهەنگسازی نووسینگەی یونامی لە کەرکووک، بەڕێز مارتین دالهیوجسەن، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بەوەی کە "هێزی ئەرکی سەقامگیرکردن" ئەرکی خۆی بۆ باشتر تێگەیشتن لە بارودۆخی ناوخۆیی ئەنجام داوە. لەکاتێکدا کۆبوونەوە ئاستبەرزەکانی بەغدا بۆ بەهێزکردنی سیاسەتی یەکڕیزی گرینگن بەڵام ئەم جۆرە تاوتوێیانەش بۆ بەدەستهێنانی زانیاریی یەکەمجاری لەسەر ناوچەکە گرینگی خۆیان هەیە.
" هێزی ئەرکی سەقامگیرکردن" هەماهەنگی لەنێوان ٢٧ کۆمەکبەخشی بەتوانا لە عێراق ئەنجام دەدات کە لەلایەن عێراق و ئەڵمانیاوە هاوبەشانە سەرپەرشتی دەکرێت.
"هێزی ئەرکی سەقامگیرکردن" چەق دەخاتە سەر چەندین پارێزگاری جۆراوجۆر و ڕێنوێنی دەداتە عێراق و هاوبەشکارە جیهانییەکان لەڕێگەی" ئاسانکردنی دابینکردنی دارایی بۆ سەقامگیر کردن" ەوە. ئەم "گوژمە داراییە"، کە لەلایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدانەوە جێبەجێ دەکرێت، ١.١٤ ملیار دۆلاری ئەمریکی بۆ پرۆسەی بووژانەوە لە ٥ پارێزگا ڕزگارکراوەکە، بە کەرکوکیشەوە، بۆ ٩ بواری سەرەکیی وەک کارەبا و تەندروستی و پەروەردە و ئاوەڕۆ و ژیاری و شارەوانییەکان و رێگەوبان و پرد و یەکریزیی کۆمەڵایەتی تەرخان کردووە.
بەگوێرەی قسەی هەماهەنگسازی نیشتەجێی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان، خاتو زینە عەلی ئەحمەد، "ئاسانکردنی دارایی دابینکردن بۆ سەقامگیر کردن" بە هاوبەشکاری حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەمێنێتەوە بۆ ئەنجامدانی کاری سەقامگیرکردن و دابینکردنی ئاشتی و ئارامی بۆ وڵاتێک کە ئازاری زۆری بەدەست ڕێکخراوی تیرۆرستی داعشەوە چێژتووە.
لەمیانەی کۆبوونەوەکەشدا، پارێزگاری کەرکوک بە وەکالەت، بەڕێز راکان جبووری، تیشکی خستەسەر پێویستبوونی نۆژەنکردنەوەی پەناگە ( شێڵتەر) ەکان. سەرۆکی گرووپی راوێژکارانی تەکنیکیی ئەڵمانیاش، خاتو بێتا هۆپ، جەختی لەسەر درێژەپێدانی هاوکارییەکانی کۆمەڵگای کۆمەکبەخش کردەوە بۆ هەوڵە هاوبەشەکانی سەقامگیرکردن لە کەرکووک و هەموو ناوچە ڕزگارکراوەکانی تردا.
دوای سەردانی سەرکەوتووانەیان بۆ کەرکوک، راوێژكارانی تەکنیکی بە زانیاریی تازەبیستراوەوە سەبارەت بە پرۆسەی سەقامگیرکردنی کەرکوک
گەڕانەوە پایتەخت بۆ خۆئامادەکردن بۆ کۆبوونەوەی ئاستبەرزی "هێزی ئەرکی سەقامگیرکردن" لە ٢ی حوزەیرانی ئەمساڵدا لە بەغدا.
وێنە: حارس ئەلعوبەیدی/ راگەیاندنی یونامی