سه‌ركردایه‌تی یونامی

نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق: جینین هێنیس-پلاسخارت

خاتو جینین هێنیس پلاسخارت بە ڕەچەڵەک خەڵکی هۆڵەندایە و وەک نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عیراق (یونامی) لە بەرواری ١٧ی کانونی یەکەمی ٢٠١٨ دەستبەکاربوو.

بەڕێز ئەنتۆنیۆ گوترێش، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە بەرواری ٣١ی ئابی ٢٠١٨دا ڕایگەیاند کە خاتو جینین ‌هێنیس-پلاسخارتی هۆڵەندی وەک نوێنەری تایبەتی خۆی لە عیراق و سەرۆکی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی) دەستنیشان کردووە. ئەو خاتونە جێگرەوەی بەڕێز یان کوبیشی سلۆڤاکییە کە سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان سوپاسی خزمەتەکەی دەکات.

خاتو هێنیس-پلاسخارت ئەزموونی زیاتر لە ٢٠ ساڵی لە بواری سیاسی و دیپلۆماسیدا هەیە و پێشتریش لە چەندان پۆستی باڵای حکومی و پەرلەمانیدا خزمەتی هەبووە. لە ماوەی نێوان ٢٠١٢ تا ٢٠١٧ وەزیری بەرگری هۆڵەندا بووە، کە یەکەم ئافرەت بووە لەو پۆستە دابمەزرێت. وەک وەزیرێک، بەڕێزیان بەرپرسی دەستەی ئەرکانی ناوەندی و فەرماندەیی پاڵپشتی و ڕێکخستنی کاروباری بەرگری و فەرماندەی هەر چوار هێزە چەکدارەکانی شانشینی هۆڵەندا بووە، وەک: سوپا و هێزی دەریایی و هێزی ئاسمانی و ‌ پۆلیسی سەربازی و سنوور. لەم ڕۆڵەدا، بەڕێزیان سەرپەرشتی بەشداری هۆڵەندای کردووە لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکاندا لە وڵاتی مالی و ئەفغانستان و عیراق، هەروەها لە نزیکەوە هەماهەنگی کردووە لەگەڵ یەکێتی ئەوڕوپا و ڕێکخراوی ڕێککەوتنی باکوری ئەتلەنتی و هاوبەشانی نەتەوە یەکگرتووەکان.

خاتو هێنیس-پلاسخارت بەهەمان شێوە وەک ئەندامێکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی هۆڵەندا لە ماوەی نێوان ساڵانی ٢٠١٠ تا ٢٠١٢ خزمەتی کردووە و هەروەها لە ماوەی ساڵانی ٢٠٠٤ تا ٢٠١٠ ئەندامی پەرلەمانی ئەوڕوپا بووە. بەڕێزیان لە کۆمسیۆنی ئەوڕوپا لە شاری برۆکسل و شاری ریگای پایتەختی لاتڤیا و بەڕێوەبەرایەتی کاروباری شاری ئەمستردام کاریکردووە.

جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی بۆ کاروباری سیاسی و هاریکاریی هەڵبژاردن: کلاودیۆ کۆردۆن

لە ١٤ی ئابی ٢٠٢٢دا،  بەڕێز کلاودیۆ کۆردۆنی بە رەگەز ئیتاڵی وەک جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق بۆ کاروباری سیاسی و هاریکاریی هەڵبژاردنی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی)  دەست بەکاربوو. 

بەڕێز کۆردۆن،  کە لە ١١ی تەموزی ٢٠٢٢ لەلایەن سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان،  ئەنتۆنیۆ گۆتێرێشەوە، فەرمانی دامەزراندنی بۆ دەرچوو،  ئەزموونێکی ٣٥ ساڵەی لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان و  مافەکانی مرۆڤ و یاساکانی مرۆیی لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت . ئەو لە ساڵی 2017 ەوە بەڕێوەبەری ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەهاناوەچوون و کارپێکردنی پەنابەرە فەلەستینییەکان لە ڕۆژهەڵاتی نزیک ((UNRWA) بوو لە لوبنان هەروەها بۆ ماوەیەکی کورتیش ئەو لە لوبنان هەماهەنگیکاری نیشتەجێ و مرۆیی بووە.

پێشتریش لەماوەی نێوان (٢٠١٣-٢٠١٧) پۆستی بەڕێوەبەری بەشی مافەکانی مرۆڤ و دادوەریی ڕاگوزاری و سەروەری یاسای هەبوو لە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پشتگیریی لیبیا (UNSMIL) و هەروەها نوێنەری کۆمسیاری باڵای مافەکانی مرۆڤیش بووە لە وڵاتدا. پێشتریش ، بەڕێز کۆردۆن لەگەڵ سەنتەری نێودەوڵەتی بۆ داوەریی ڕاگوزاری (ICTJ) کاری کردووە و زیاتر لە ٢٥ ساڵیش لەگەڵ ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی کاری کردووە و چەندین پۆستی جۆراوجۆری بەڕێوەبردووە و لە ساڵی ٢٠١٠ ش و بۆ ماوەی شەش مانگ و بە شێوەیەکی کاتی سکرتێری گشتی ئەم ڕێکخراوە بووە. لە ماوەی ١٩٩٧-١٩٩٨، سەرۆکی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ بوو لە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بۆسنە و هەرزەگۆڤینا(UNMIBH).

بەڕێز کۆردۆنی لە زانکۆی ساپێنزا لە شاری ڕۆما بڕوانامەی لە یاسادا وەدەستهێناوە و لە زانکۆی جۆرج تاون لە شاری واشنتۆن بڕوانامەی ماستەری لە لێکۆڵینەوەی ئەدەبی عەرەبی بەدەست هێناوە. بەڕێز کۆردۆن بە زمانەکانی ئینگلیزی و فەرەنسی و ئیتاڵی و عەرەبی قسە دەکات.

 جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان و هەماهەنگکاری نیشتەجێ و هەماهەنگکاری مرۆیی لە عێراق دامەزرا: غولام ئیسحاقزای

بەڕێز غولام محەمەد ئیسحاقزای ئەفغانی لە ١ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ەوە وەك جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاری عیراق (یونامی) و هەماهەنگکاری نیشتەجێ دەستبەکاربوو. بەڕێز ئیسحاقزای ئەرکی هەماهەنگکاری مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکانیش بەڕێوە دەبات.

بەڕێز ئیسحاقزای لەلایەن سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەڕێز ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، لە ١٩ی تەمموزی ٢٠٢٢ دەستنیشانکراوە و شوێنی  ئیرینا ڤۆیاشکۆڤا-سۆلۆرانۆی ئەڵمانی دەگرێتەوە کە سکرتێری گشتیی سوپاسی خۆی بۆ سەرکردایەتیکردن و خزمەتەکەی لە ماوەی دەستبەکاربوونی دەربڕیی.

بەڕێز ئیسحاقزای ئەزموونی زیاتر لە ٢٨ ساڵ لە کاری دیپلۆماسی و بواری مرۆیی سەخت و گەشەپێدان و بووژانەوە و ئاشتی دروستکردن لەگەڵ خۆیدا دەهێنێت.

ئێستا ئەو لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢ وەوە  بەشێوەیەکی کاتی وەك هەماهەنگسازی نیشتەجێ و مرۆیی لە ئەردەن کار دەکات. پێشتریش ئەو وەک باڵیۆزی ئەفغانستان و نوێنەری هەمیشەیی لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیۆرک کاری کردووە. پێش ئەمەش، ئەو وەک هەماهەنگکاری نیشتەجێ لە ئازەربایجان لە ٢٠١٦ بۆ ٢٠٢١ لە کۆریاش لە ساڵی ٢٠١٣ تا ٢٠١٥ کاری کردووە. ئەو هەروەها نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گەشەپێدان  ( یو ئێن دی پی) و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان (یو ئێن ئێف پی ئەی) بووە. لە ساڵی ١٩٩٧ تا ٢٠١٣ لە چەندان پۆستی جۆراوجۆری پەیوەست بە سیاسەتدانان و گەشەپێدان و مرۆیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەڵمانیا و نیپال و ئەفغانستان و سوریا و یەمەن و عێراق، وەک بۆ نموونە هەماهەنگکاری نیشتەجێ لە نیپال و هەروەها وەك بەرپرسی بەرنامەی خۆبەخشانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بۆن کاری کردووە.

شایانی باسە، بەڕێزیان بڕوانامەی ماستەری هونەری لە یاسا و دیپلۆماسیی لە قوتابخانەی فلێچەر و زانکۆی توفتس لە بۆستن و هەروەها بەکالۆریۆسی زانستی لە بەڕێوەبردنی کار لە زانکۆی میدلاند بەدەست هێناوە. ئەو زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی و پوشتۆ و فارسی و ئوردو دەزانێت.