خانمان ، بەڕێزان ، ئەندامانی پانێڵ
دەمەوێت سوپاستان بکەم بۆ ڕەخساندنی دەرفەتی بەشداریکردنم لە پانێڵی دەزگای ئێزیدی ئازاد.
لە بری نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ، با بەبیرهێنانەوەی ئەوە دەستپێبکەم کە نەتەوە یەکگرتووەکان هەرگیز ئەوانەی لە ئابی ٢٠١٤ دا گیانیان لە دەستداوە یانیش تا ئەمڕۆ چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە لە یاد نەچووە.
دوای حەوت ساڵ، لە حەوتەمین ساڵیادی شاڵاوەکانی سەر ئێزیدییەکان، تەواوی هاوسۆزییخۆمان لەگەڵ ئەو خێزانانە دووپات دەکەینەوە کە ئازیزانیان لە دەستداوە و سەری ڕێز بۆ ئازایەتی ئیلهامبەخشی ڕزگاربووان دادەنوێنین.
وەک هەمووتان دەزانن لە تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٠ دا ، حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان گەیشتنە ڕێکەوتنێک لەسەر ڕێکخستنە ئیداری و خزمەتگوزاری و ئەمنیەکانی قەزای شەنگال، و لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ چووە بواری جێبەجێکردن.
ڕێککەوتنی شەنگال هەنگاوێکی گرنگ بوو بە ئاراستەیەکی دروست بۆ ڕەخساندنی ژینگەیەکی لەبار بۆ سەقامگیری و ئاسایش و بارودۆخی گوزەرانی باشتر بۆ بۆ ئێزدییەکان و هەموو کۆمەڵگەکانی شەنگال - بۆ ئەوەی بەرژەوەندیی خەڵکی شەنگال لە پێشدا بێت.
خانمان ، بەڕێزان
تا ئێستا، نوێنەرانی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە بەشداریکردن لە بەندە ئەمنییەکانی ڕێککەوتننامەی شەنگال . لیژنەیەکی هاوبەش پێکهێنراوە بۆ دەستنیشانکردنی ئەوانەی دەیانەوێ وەکو پۆلیسی خۆجێی دابمەزرێن.
لەم بارەیەوە، بەندە ئەمنییەکانی رێککەوتننامەی شەنگال، وەک کشانەوەی تەواوی هەموو لایەنە چەکدارە ناحکومییەکان و گۆڕینیان بە هێزی فیدڕاڵی عێراقی و پۆلیسی خۆجێی دەستی پێکردووە ، بەڵام بە تەواوەتی جێبەجێ نەکراوە .
بە داخەوە، تا ئێستا پێشوەچوونەکان لە بەندەکانی کارگێڕیی و ئاوەدانکردنەوە سنووردارن . لایەنەکان بەردەوام ئامادەیی خۆیان دەردەبڕن بۆ دانیشتن لەسەر مێزی گفتوگۆ ، بەڵام هەر پێشوەچوونێکی دوور مەودا بە بێ گفتوگؤیەکی دامەزراوەییی و ڕیک و پێک بەدی نایەت ، ئێستا کاتی ئەوەیە قسە بکەین .
ئێمە هەموومان باش دەزانین کە ئاشتی و گەشە پێدان و خۆشگوزەرانی بەردەوام بە شەو و ڕۆژێک نایەتە دی ، بەڵام یەکەمین مەرجی گرنگ بۆ هێنانەدیان بوونی چوارچێوەیەکی سەقامگیریی حوکمڕانی و ئاسایشە و هەموو شتێکیش بە نزیکی لەسەر ئەم بنەمایە بەندە.
بە گیانێکی هاوسۆز لەگەڵ ئێزدییەکان ، جینین هێنیس-پلاسخارت نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ، چالاکانە لە کارکردن لەگەڵ بەغدا و هەولێر بەردەوامە و چەندین جار سەردانی ناوچەی شەنگالی کردووە بۆ بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنامەی شەنگال و پەوەندیکردن بە جڤاکەکانی شەنگالەوە .
بۆیە ، نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام هانی حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان دەدات بۆ ئەوەی بەرژەوەندی حزبایەتی بەلاوە بنێن بەسەر جیاوازییەکان زاڵ بن و و پێداویستی خەڵک لە سەرووی هەموو شتێکەوە بێت و و بێ دواکەوتنی زیاتر ئەم کارە بکەن .
لەم چوارچێوەیەدا گەیشتن بە کۆدەنگییەکی گشتگیر بۆ دامەزراندنی حوکمڕانی و ئاسایشێکی سەقامگیر بەبێ دواکەوتن و ئاسانکاری کردن بۆ گەڕانەوەی شکۆمەندانەی ئاوارە ناوخۆییەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و بنیاتنانەوەی ناوچە زیانلێکەوتوەکان ، وەک یەکێک لەکارە پێشیینەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەمێنێتەوە . وە من تەنها دەتوانم جەخت لەسەر ئامادەباشی و پابەندبوونمان بکەمەوە بۆ یارمەتیدانی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ ئەوەی بەرەو بارودۆخێکی ئاسایی و بەردەوام لەسەر زەوی هەنگاو بنێین .
سەبارەت بەئاوەدانکردنەوەو گەشەپێدانی قەزای شەنگال ، نەتەوە یەکگرتووەکان پێی وایە خێراکردنی ئاوەدانکردنەوە لە ناوچە زیان لێکەوتووەکان گەڕانەوەیەکی سەلامەت بۆ ئاوارەکانی قەازی شەنگال فەراهەم دەکات ، ئەمەش هەنگاوی یەکەمە بۆ سەرکەوتن بەسەر تراژیدیایەکی قوڵ .
نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوامە لە دابینکردنی هاوکاری مرۆیی و گەشەپێدان لە قەزای شەنگال. هەروەها ئاژانس و سندوق و بەرنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەستیان کردووە بە پاڵپشتیکردنی ئافرەتە ڕزگاربووەکان لە ڕێگەی پشتگیری دەروونی و کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاری یاسایی بۆ ناسنامە و بەڵگەنامە یاساییە ونبووەکان و هەوڵی تێکەڵبوونەوە بەکۆمەڵگا و ئاشتبوونەوەی جڤاکی ناوخۆیی و قەرەبوو کردنەوە .
لە ڕوانگەی مەیدانیی ئێمەوە ئامانجی کاری مرۆیی و گەشەپێدەر لەسەر ئاستی جەماوەری لە شەنگالدا بریتیە لە یارمەتیدان لە کەمکردنەوەی ئازارەکان و ئاشتبوونەوە و پێکهاتنەوەی جڤاکی . چەند پڕۆژەیەکی کشتوکاڵ و ئاوەدانکردنەوەی خانوو و گوندەکانی وەک کۆچۆ و قوتابخانە و پڕۆژەی دیکەی ڕۆشنبیری و گەشە پێدان لەوانە بیری ئاو کە بە وزەی خۆر کاردەکات بە شێوەیەکی تایبەت سەرکەوتوو بوون و لەلایەن کۆمەڵگەی شەنگالەوە پێشوازیان لێکراوە.
سەرەڕای ئەمانەش ، بڕو قەبارەی مەزنی پێداویستییەکان و وەبەرهێنانی پێویست توانا و ئەرکە پێڕاسپێردراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تێپەڕ دەکات . ناوچەی شەنگال پێویستی بە هەوڵی ماندوونەناسانەی هەموو لایەنەکان هەیە ، بە لایەنە پەیوەندارە حکومیەکانیشەوە ، بۆ بنیاتنانەوەی ژێرخانی ئابووری بۆ باشتر دابینکردنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکان لەداهاتوودا ، وەک ئاو و کارەباو نیشتەجێبوون و تەندروستی .
خانمان ، بەڕێزان ، ئەندامانی پانێڵ
من ناتوانم لەم پانێلەدا قسە بکەم بەبێ ئاماژە کردن بە دەرچوونی یاسای ئافرەتانی ڕزگاربووی ئێزیدی کە هەنگاوێکی سەرەکیە بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی ئافرەتانی ڕزگاربوو لە کردە دڕندەییەکان کە لەلایەن داعشەوە ئەنجام دراون. هەروەها دانپێدانانی یاساکە بەو تاوانانەی کە داعش بەرامبەر ئێزیدی و مەسیحی و شەبەک و تورکمانەکان ئەنجامی دابوون وەکو تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی و کۆمەڵکوژی ، دووپاتی ئەوە دەکاتەوە کە پێویستە لێپچینەوە لە گەڵ ئەنجامدەرانی کردە توندتیژییە سیكسیەکانی پەیوەست بە ململانێکان بکرێت و ڕزگرابووانیش قەرەبووی دادوپەروەرانە بکرێنەوە .
لە کۆتاییدا ، حەزدەکەم ئامادبووان دڵنیا بکەمەوە کە جینین هێنیس-پلاسخارتی نوێنەری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان و کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە شەنگال و لە سەرانسەری عێراق کاردەکەن بەردەوامن لە خۆتەرخانکردن بۆ جێبەجێکردنی ئەرکە پێڕاسپێردراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە قەزای شنگال لە بارودۆخی نائاسایی و ئاڵنگاردا . کەس ئەوەی لەبیر نەچووە کە حەوت ساڵ لەمەوبەر ڕوویدا و جیهان بە دڵنیاییەوە ئەمڕۆ چاودێری دەکات .
سوپاستان دەکەم و هەمووتان پارێزراو بن