لەم بەروارە و ١٨ ساڵ لەمەوبەر، جیهان ٢٢ پاڵەوانی مرۆیی لەدەستدا لە هێرشێکی تەقینەوە بۆ سەر هوتێل کەناڵ لە بەغدا.
ئەو ئافرەت و پیاوانە لە میانەی ئەنجامدانی پڕشکۆترین ئەرکی مرۆییدا کوژران – ئەویش ئەرکی ئاشتییە.
ئەرکی هاوکاریکردنی مرۆڤە بێتاوانەکان کە بەهۆی توندوتیژی و پەشێوی و ناسەقامگیری و پێکدادانە توندوتیژەکان گیریان خواردبوو.
کاری مرۆیی کارێکی مەترسیدارە بەتایبەتی بەهۆی زیادبوونی دەبارەی ڕووداوەکانی تەقەکردن و ڕفاندن و هێرشکردنە سەر کارمەندانی بواری مرۆیی لە ماوەی بیست ساڵی ڕابردوودا.
تەنها لەم ساڵەدا، ٧٢ کارمەند گیانیان لەدەستداوە.
سەرەڕای مەترسییەکان، هێشتا دەبینین کە کارمەندە مرۆییەکان لە نەتەوە یەکگرتووەکان و هاوکارە مرۆییەکانمان گیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە لە کاتی ئەرکدا بۆ گەیاندنی خواردن و پەناگە و ئاوی خاوێن و دەرمان و ڤاکسین و خۆپارێزی و ڕاوێژ و پەروەردە.
کارمەندە مرۆییەکان لە ئەفغانستان دەبینرێن کە چۆن هاوکاری ئەفغانییەکان دەکەن کە بە قۆناغێکی پڕ لە مەترسیدا تێدەپەڕن لە مێژووی وڵاتەکەیاندا.
کارمەندە مرۆییەکان لە هایتی دەبینرێن، کە هەفتەی ڕابردوو تووشی بوومەلەرزەیەکی کارەساتباربوون.
لە یەمەن و لە سوریاوە تاکو ئەسیوبیا و باشوری سودان و زیاتریش کارمەندەکانی بواری مرۆیی دەمێننەوە و هاوکارییەکان دەگەیەنن.
ئەوان هیچ ئەجێندایەکی سیاسییان نیە. ئەوان لایەنگیری هیچ لایەنێک ناکەن. ئەوان تەنها گرنگیی بە سەلامەتی و مافی مرۆڤ و شکۆ و تەندروستی ئەو خەڵکە دەدەن کە بە هۆی ئەو تەنگەتاوییانەوە گیریان خواردووە.
لەم ڕۆژەدا و لە هەموو ڕۆژێکدا من یەک پەیامی ڕوونم هەیە بۆ کارمەندە مرۆییەکان لە هەموو شوێنێك: سوپاستان دەکەم. ئێوە هەمیشە شایەنی دڵسۆزترین سوپاسگوزاریی و دەستخۆشی و جێگەی ڕێزی ئێمەن.
وەک کۆمەڵگایەکی جیهانی، با ڕءز لە کارمەندە مرۆییەکان بگرین بە گرنگیدان بە سەلامەتییان و پاراستنیان لە هەرشوێنێك کە تیایدا کاردەکەن.
هەروەها با بڵێسەی ئاشتی و هیوای مرۆڤایەتی کە لە دڵی کارمەندە مرۆییەکاندا هەیە بپارێزین لە میانەی ئەنجامدانی ئەرکەکانیان لە شوێنە هەرە مەترسیدارەکانی جیهاندا.
هەروەها دەمەوێ بانگهێشتان بکەم بۆ خولەکێك بێدەنگی بۆ یادەوەری پاڵەوانەکانمان کە لە بەغدا و چەندان شوێنی تری جیهاندا گیانیان سپارد.
سوپاس