لێدوانی ڕۆژنامەوانی

ڕۆژی تەندروستیی جیهانی: نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق سڵاو لە ئازایەتی و قوربانیدانی کارکەرانی بواری تەندروستیی عێراق دەکات

٠٧ نیسان ٢٠٢٠

بەغدا، ٧ی نیسانی ٢٠٢٠:- لەکاتێکدا کە ئاڵنگاریی بێوێنەی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا (کۆڤید ١٩) بەرۆکی عێراق و هەموو جیهان گرتووە، رۆژی جیهانیی تەندروستیی ئەمساڵ لە ئی ساڵانی پێشووتر زۆر جیاوازترە. ئێمە لەم رۆژەدا سەری ڕێز بۆ هەموو کارکەرانی بواری تەندروستیی دادەنوێنین کە لە شەڕی ئەم پەتایەدا بۆ پێدانی چارەسەر و خزمەتی تەندروستی بۆ تووشبووان بە گیانی خۆنەویستانە و ڕوبەڕوبوونەوەی مەترسی لە پێناو رزگار کردنی گیانی ئێمەدا لە ڕیزی هەرە پێشەوەن.

هەوڵ و قوربانیدانەکانیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم پەتایە جیهانییە مایەی ڕێز و پێزانینێکی لەڕادەبەدەرە. لەمەشدا عێراق بەدەر نییە. کاری ماندوونەناسانە و نموونەییانەی کارکەرانی کەرتی تەندروستی عێراق ڕۆڵی گەورەی هەبووە لە هێشتنەوەی هاوڵاتیان بە سەلامەتی و گرینگی کارەکەشیان زیاتر لەم قەیرانەدا دەرکەوتووە.



بەگوێرەی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانیش، پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا ئەوەی پشتڕاست کردەوە کە چەند گرینگە کارکەرانی بواری تەندروستیی دواترین زانیاری و رێنماییەکانیان پێ بدرێت لە ڕوبەڕوبوونەوەیان بۆ ئەم جۆرە قەیرانە. هەروەها ڕێکخراوەکە جەخت لەسەر دابینکردنی پێداویستیی خۆپاراستنیش دەکاتەوە بۆ ئەم کارکەرانە بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەیەکی سەلامەت خزمەتەکان دابین بکەن و رێژەی توشبوونیش کەم بکەنەوە.



لە ڕاستیدا، پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنای کۆڤید ١٩ پەتایەکی جیهانییە و نە ڕەگەز و نە بیروباوەڕ و نە پلەی خوێندن و نە نەتەوە و نە دەوڵەمەند و نە هەژار دەناسێت. هەر بۆیە ڕوبەڕوبوونەوەشی پێویستی بە هاوکاریی و هەماهەنگییە لە نێوان هەموو خەڵکدا. ئێمە پێویستە درێژە بە ڕێوشوێن و رێکارە خۆپارێزییەکانی دەسەڵاتەکانی بواری تەندروستیی نیشتمانی و ناوخۆیی بدەین لە تێکەڵنەبوون و پەیڕەوکردنی پاکوخاوێنی تەندروستی ڕێکوپێک.



ئێمە لە کاتێکدا یادی ئەو ڕۆژە دەکەینەوە سەری ڕێز بۆ کارکەرانی بواری تەندروستیی و هاوەڵەکانیان لەسەرتاسەری جیهاندا دادەنوێنین. ئەوانە بە ڕاستی بڕبڕەی پشتی ڕوبەڕوبوونەوەی ئەم پەتایە جیهانییەن. بەو پێیەی کە ئەمە شەڕی هەموو کەسێکە و هەر تاکێکیش ڕۆڵی گەورەی لەم شەڕەدا هەیە، نابێ هیچ کارکەرێکی ئەم بوارە کارەکە بە تەنها ئەنجام بدات بەڵکو دەبێت بە هاوکاریی پتەو و ئارامی و سۆز پشتیوانی لە کارەکانیان بکرێت.

نوسينگه‌ى راگه‌ياندنى يونامى

نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ هاريكارى عيراق

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

رێكخراوى ته‌ندروستى جيهانى
رێكخراوى ته‌ندروستى جيهانى

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت