لێدوانی ڕۆژنامەوانی

سکرتێری گشتی - بانگەواز بۆ شەڕوەستاندن لەسەرتاسەری جیهاندا

٢٤ ئازار ٢٠٢٠

جیهانەکەمان ڕوبەڕووی دوژمنێکی هاوبەش بووەتەوە.

ئەم ڤایرۆسە نەتەوە و ڕەگەز و بیروباوەڕ ناناسێت و بێ جیاوازی و بەردەوام هێرشی سەر هەمووان دەکات.

کەچی لە هەمان کاتیشدا شەڕی چەکداری لە سەرتاسەری جیهاندا هەر درێژەی هەیە.

قورسترین باجیش توێژە لانەوازەکانی وەک ژنان و منداڵان و پەککەوتەکان و پەراوێزخراوەکان و ئاوارەکان دەیدەن.



ئەوان هەروەها زۆرترین مەترسیی ئازارچێشتنی گیانلەدەستدانی کارەساتباریان لەسەرە بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

ئەبێ هەمیشە ئەوەشمان لە یاد نەچێت کە سیستەمی تەندروستی لەو وڵاتانەی کە شەڕیان تێدایە داتەپیوە.

شارەزایانی بواری تەندروستی، کە هەر پێشتریش ژمارەیان کەم بوو، بە ئامانج دەگیرێن.



لانەوازیی پەناهەندە و ئاوارەکانی شەڕیش دووقاتە.



توندوتیژیی ڤایرۆسەکەش سەرشێتییەکەی شەڕ دەردەخات.

هەر بۆیەشە کە ئەمڕۆ من یەکسەر داوای شەڕوەستاندن دەکەم لەسەرتاسەری جیهاندا.



ئێستا کاتی ئەوە هاتووە کە کۆتایی بە شەڕی چەکداری بێت و هەموومان چەقی خۆمان بخەینە سەر شەڕی ڕاستەقینە بۆ ژیانمان.

من بەلایەنە شەڕکەرەکان دەڵێم:

دەواز لە دوژمنایەتی بێنن.

بێمتمانەیی و دوژمنایەتی لەگۆڕ نێن.

چەک و تۆپ و فڕۆکەکان بێدەنگ کەن.

ئەمە زۆر زۆر گرینگە.

بۆ ئەوەی ڕێگایەک بۆ یارمەتییە ژیان رزگارکەرەکان بکرێتەوە.

بۆ ئەوەی بوارێک بۆ دیپڵۆماسی فەراهەم بکرێت.



بۆ ئەوەی هیوایەک بدرێتە ئەو شوێنانە کە زیاتر بە دەست پەتای ڤایرۆسی کۆرۆناوە دەناڵێنن.

دەبا سروش لەو هاوپەیمانی و گفتوگۆیانە وەرگرین کە وا خەریکە بەرەبەرە لە نێوان لایەنە ڕکەبەرەکاندا ئەنجام دەدرێت لە پێناو دروستکردنی هەڵوێستێکی هاوبەش لە هەمبەر پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنا. بەڵام هێشتاش پێویستمان بە زیاتر هەیە.

واز لە پەتای شەڕ بهێنن و بکەونە شەڕ لەگەڵ ئەو پەتایەی کە تەواوی جیهانی داگرتووە.

ئەمەش بەوە دەکرێت کە شەڕ لە هەموو شوێنێک بوەستێت. هەر ئێستا.

ئەمە ڕێک ئەوەیە کە مرۆڤایەتی ئێستا لە هەموو کاتێک زیاتر پێویستی پێیەتی.

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

UN
نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت