نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە پێدانی ڕاوێژ و یارمەتیدانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ دانانی پلان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد.
٢٠ی ئەیلوولی ٢٠٢١:- ئەمڕۆ لە بەغدا پارتە سیاسییەکان و ئەو بەربژێر سەربەخۆیانەی کە لە هەڵبژاردنی مانگی تشرینی یەکەمدا بەشداری دەکەن "پەیمانی هەڵسوکەوتی هەڵبژاردن" یان بۆ هەر ١٨ پارێزگایەکەی عێراق و بەغدادی پایتەخت واژۆ کرد. لە ڕێوڕەسمی واژۆکردنەکەشدا بەرپرسانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و کارمەندانی نێردەی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی) و چاودێرانی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ئامادە بوون و ئەمەش بەشێکە لە هەوڵەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەمکردنەوەی توندوتیژی و نالێبوردەیی و قسەی زبر چی لە کاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان و چی لە رۆژی هەڵبژاردندا.
پێشبینی دەکرێت کە هەموو پارتە سیاسییەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان پابەندی ئەم پەیمانە بن کە بریتییە لە ڕێککەوتنێکی ئادکاری بۆ ئەوەی لەلایەن پارتە سیاسییەکان و لایەنگرانیانەوە لەکاتی هەڵبژاردندا پەیڕەو بکرێت. مەبەست لەم واژۆکردنەش هێنانەکایەی یاساییبوون و بێگەردی و ئەنجامدانی پرۆسەکەیە بەشێوەیەکی ڕێکوپێک.
ئەم پەیمانە، لەنێوان چەندین شتی تردا، کار دەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی متمانە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن و پێشگرتن بە ئاژاوە و دروستکردنی پشتگیری بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن.
پارتە واژۆکەرەکانی ئەم پەیمانە وا پێشبینی دەکرێت کە رێز لە ماف و ئازادییەکانی لایەنەکانی تر بگرن لە ئەنجامدانی هەڵمەتی هەڵبژاردن و هەروەها بڵاوکردنەوەی بیروباوەڕ و پرەنسیپەکانی خۆیان بێ هەڕەشە و تۆقاندن بۆ لایەنەکانی تر.
ئەم پەیمانە هەروەها داوا لە لایەنە واژۆکەرەکان دەکات بۆ رێزگرتن لە ڕۆژنامەنووسان و راگەیاندن لەگەڵ پشتگیریکردنیش لە ژنانی عێراق و کەمینە نەتەوەکانی بەشدار لە پڕۆسەی هەڵبژاردندا یانیش ئەوانەی کە خۆیان بەربژێر کردووە.
لەلایەکی ترەوە، پارتە واژۆکەرەکان وا پێشبینی دەکرێت کە کار بکەن بۆ رەخساندنی کەشێکی ئارام بۆ ئەنجامدانی هەڵمەتەکانی
هەڵبژاردن و پڕۆسهی دەنگدان و هەژمارکردنی دەنگ و قۆناغەکانی دوای هەڵبژاردنیش. هەموو هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن پێویستە ٢٤ کاژێر پێش پڕۆسەی دەنگدان کۆتایی پێ بێت.
بەگوێرەی پەیمانەکە و یاسا بەرکار و رێکار و رێساکانیش، پارت و هاوپەیمان و بەربژێرە پێشێلکارەکان ڕوبەڕووی سزای توند دەبنەوە.
بۆ هەڵبژاردنی مانگی تشرینی یەکەمیش، دەستەی کۆمیسارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ٣٢٤٩ بەربژێری پەسند کرد کە ٩٥١یان ژنن کە پێشبڕکێ بۆ ٣٢٩ کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەکەن بۆ ١٨ پارێزگای عێراق لە ٨٣ بازنەدا بەگوێرەی سیستەمی تازەی هەڵبژاردن لەگەڵ تەرخانکردنی ٩ کورسیش بۆ کەمینەکان. کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان ٢٥ ملیۆن عێراقی تۆمارکردووە بۆ هەڵبژاردنی مانگی تشرینی یەکەم کە لە سەدا ٤٨ی ژنە.
نەتەوە یەکگرتووەکان بەردەوام دەبێت لە پێدانی ڕاوێژ و یارمەتیدانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بۆ دانانی پلان و ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کە لەلایەن عێراقییەکان خۆیانەوە بەڕێوەدەچێت و هەر بۆ ئەوانیشە. نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەراورد لەگەڵ ساڵانی ڕابردوودا، تیمێکی گەورەتری بەکارخستووە بۆ هاوکاریکردنی هەڵبژاردن و ئەمەش یەکێکە لە گەورەترین هاوکاریکردنی هەڵبژاردن لەسەرتاسەری جیهاندا کە ٥ قات لە تیمەکەی هەڵبژاردنی ٢٠١٨ی گەورەترە. لەمەش زیاتر، ١٣٠ شارەزای نێودەوڵەتی سەرەڕا تەرخان کراون بۆ ئەوەی هەم پێش پرۆسەکە و هەم لە روژی هەڵبژاردنیش چاودێری پرۆسەکە بکەن. ئەوانیش لەلایەن ٦٠٠ کارمەندی ترەوە یارمەتی دەدرێن.
لەلایەن سۆلۆمۆن مۆریباوە، راوێژکاری پەیوەندی لە نووسینگەی هاریکاریی هەڵبژاردنی یونامی