یەکسانیی جێندەری و ستراتیژەکانی بەتواناکردنی ژنان، وتەی نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق، خاتو جینین هێنیس پلاسخارت | یەکشەممە، ٢٨ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١
خوشکان،
برایان،
میوانە بەڕێزەکان،
مایەی شانازییە کە ئەمڕۆ من لێرە ئەم وتارە پێشکەش دەکەم و هەروەها سوپاسی هەر چوار زانکۆکەش دەکەم بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی ڕاسپاردە و سەرنجەکان سەبارەت بەم بابەتە هەرە گرینگ و هەرە لەپێشینەیە.
لەسەرەتا و لەبەر رۆشنایی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکەی ئەمدواییەدا، رێگەم بدەن بۆ هاوبەشکردنی چەند هەواڵێکی تاڕادەیەك دڵخۆشکەر سەبارەت بە بەشداریی سیاسییانەی ژنان لە عێراقدا.
نزیکەی لە سەدا ٣٠ی بەربژێرەکان لە هەڵبژاردنی پێشوەختەی تشرینی یەکەمدا ژن بوون و ئەنجامە بەراییەکانیش دەرخەری ئەوەن کە ژمارەیەکی بەرچاوی بەربژێرە مێیینەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی داهاتووی عیراقدا دەبنە ئەندام کە لە ڕێژەی سەدا ٢٥ی کەمترین ڕێژە زیاترە.
ئێستا ئارەزوو و توانای ژن بۆ بەشداربوون لەم هەڵبژاردنانەدا چی وەك خۆپاڵاوتن و چی وەك ئەنجامدانی هەڵمەت و چی وەك چالاکوان و چی وەك دەنگدەریش نەك تەنها هەر ئاماژەیەکی دڵخۆشکەرە و بەس بەڵکو هەر زۆر پێویستیشە.
من لێرە گرتەوتەیەکی میشیل ئۆباما دەهێنمەوە کە دەڵێت هیچ وڵاتێك هەرگیز پێش ناکەوێت و گەشە ناکات گەر توانای نیوەی ژنانی خۆی پەكبخات خۆشی لە بەشداریکردنی نیوەی هاوڵاتیانی بێبەش بکات.
ئامادەبووانی بەڕێز،
من ئەمرۆ لەکاتێکدا لە هەرێمی کوردستانی عێراق قسە دەکەم (بەدڵنیاییەوە) نابێ ئاماژە بەو رۆڵە پێشەنگییە نەکەم کە سیاسەتمەدارە مێیینەکانی ئەم هەرێمە بینیویانە کە بۆ ماوەیەکی زۆر لەڕووی چەندایەتی و چۆنایەتیی نوێنەرایەتیی سیاسییانەی ژناندا سەرکردایەتیی وڵاتیان کردووە.
من وەک ژنێك کە لە وڵاتەکەی خۆمدا جێدەستی خۆم لەم بوارەدا جێهێشتووە، باش دەزانم کە چەند گرینگە بۆ کچان و ژنانی گەنج کە ڕۆڵی گرینگیان لە داڕشتنی ئارەزووەکانیان هەبێت بۆ سەرکردایەتی کردنی گەیشتن بە پلەی باڵا نەخاسمە لە بواری سیاسیدا. من باوەڕی تەواویشم هەیە کە ژنانی ئەمڕۆی ناو دامودەزگا گشتییەکان دەبنە پێشەنگ بۆ نەوەکانی داهاتوو.
هەروەها، سەبارەت بە لایەنی سیاسەت و یاسادانانیش، پێشڤەچوونی باش لە هەرێمی کوردستان ڕوویداوە وەك بۆ نموونە بە دامەزراوەکردنی پرسی جێندەر لە هەموو جۆرە چاکسازییەکاندا وەك یاسای فرەژنی.
با زیاتر ڕاشکاو بین. بەڵام هێشتاش سووربوونی ژنانی عێراق لە ژیانی سیاسیدا هەر بەدەست نەهاتووە. بەپێچەوانەوە. ئەزموونەکانی ئێستا و ڕابردوو پێمان دەڵێن کە هێشتا کارێکی زۆرمان لەپێشە.
نەک هەر لادانی بەربەستە هەنووکەییەکانی بەردەم ژنان بۆ تێگەیشتن لە مافەکانیان پێویستە بەڵکو زیاتر کارکردن بەرەو هاوسەنگیی جێندەری لە پروسەی بڕیاردانیش لە پلە باڵاکانیشدا.
من مەبەستم ئەوەیە کە تا ئێستا هەموو لەو ناوانەی گوێم لێ دەبن بۆ پلە باڵاکانی وەک سەرۆک کۆمار و سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی پەرلەمان هەست بە بۆشاییەک دەکەم کە ئەویش نەبوونی هیچ ناوێکی مێیینەیە. ئەوەی ئێمە دەیبینین گەر ڕاشکاو بم لەگەڵتان کەشێکی زیاتر پڕ ئاڵنگارییە.
کرۆکەکەش ئەمەیە. مەبەست لە کەشێکی پڕ ئاڵنگاری بریتییە لەوەی کە هەر کاتێک باس لە تۆقاندن و توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری بکرێت بیرمان یەکسەر بۆ بەکارهێنانی هێزی فیزیکی دەچێت کە لە راستیشدا هەر وای لێ دەخوێندرێتەوە.
بەڵام هەر وەك لە زۆر بۆنەدا ئاماژەم پێکردووە تۆقاندن و توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری چەندین شێواز لەخۆ دەگرێت.
بەڵێ، بەدڵنیاییەوە، هەر وەک چۆن هەڕەشەی ئاشکرا هەیە ئاواش هەڕەشەی شاراوەش هەیە. وەک بۆ نموونە هەڵاوێرکردنی کۆمەڵایەتی و نەویستن. ئەمەو جگە لە نیازی سوکایەتی پێکردن و ناوزڕاندن و لەکەدارکردنی ژنان کە ئەمانەش دەکرێت هەم لە ماڵ و کۆمەڵگا و شوێنی گشتیی و لە ڕێگەی ئەنتەرنێتەوە ئەنجام بدرێن.
بەڵام هێشتاش من ناتوانم ئەوەندە زێدەڕۆیی لەم پرسەدا بکەم و بڵێم کە ئەم جۆرە کارانە بە زۆری بە کەم گیراون یان هەر بە ئاشکرا پشتگوێ خراون چونکە دۆخەکە یەکجار ئەوها خراپ نییە. هیچ کێشە نییە و گوێی مەدەرێ.
بەڵام با زیاتر بە ڕوونی بدوێم. ئەم جۆرە کارانە لە ڕاستیدا دەبنە بەربەست لە بەردەم ژنان بۆ بیرکردنەوە لە چوونیان بۆ دامودەزگا گشتییەکان یانیش هەوڵدان بۆ گەیشتن بە پلە و پایەکانی سەرکردایەتیکردن.
ئەمە هەتتا ئەوەی پێی دەوترێت چاوتێبڕین و وتە سێکسییەکان باس ناکات وەک شێوەی ڕووخسار و کورتی تەنورە و یان شێوازی ڕۆیشتن و ئاخاوتن. پێویست بە وتنیش ناکات کە ئەم جۆرە هەڵسوکەوتە هەرگیز بۆ پیاو ناگیرێتەبەر.
پێمان خۆش بێت یان نا، هەڵسوکەوت لەسەر بنەمای سێکس چەندین شێواز لەخۆ دەگرێت کە دەبنە بەربەست لەبەردەم ژناندا بۆ هێنانەدی ئاواتە گشتییەکانیان و ئەنجامدانی پیشەکانیان.
با ئێستا باسی شتێکتان بۆ بکەم کە خۆم بینیومە. ئەو ژنانەی کە ئارەزووی زۆریان هەیە پێویستە هەستناسك بن کە ئەمەش نەك هەر بۆ ژنانی عێراق بەڵکو بۆ ژنانی سەرتاسەری جیهانیش راستە.
لەم دواییەدا، بەمن وترا "پیرێژن" وەک جنێو، لە راستیدا تەمەن و سێکس شانبەشانی یەکتر دەڕۆن، با خۆمان هەڵنەخەڵەتێنین. زۆر لەوانەی کە لەگەڵ مندا هاوتەمەنن بە گەنج یان لانی کەم بە ژیر و ئەزمووندار ناودەبرێن. لەلایەکی ترەوە، ئەوانەی کە دەیانەوێت جنێو بدەن هەرگیز بەو ڕاستییەی کە هاوتا نێرینەکانم لانیکەم دە ساڵ لەمن گەورە ترن دڵتەنگ نابن.
خوشکان،
برایان،
لەبەر زۆریی وتاردەرە بەڕێزەکانی ئەمڕۆ، من نامەوێت بچمە سەر باسکردنی سیاسەت و یاساکان و رووداوە گرینگەکان.
من، لەبری ئەوان، دەمەوێت جەخت لەسەر گرینگیی چالاکییەکی وەك ئەوەی ئەمڕۆ بکەمەوە. ئەمە بە تایبەتی مایەی دەسخۆشییە بەو پێیەی کە پێویستییەکی ڕاستەقینەیە بۆ داننان بە ماف و نەهامەتییەکانی ژنان، بە چەندین رێگە و لە چەندین وڵاتدا.
هەروەها چالاکییەکی لەکاتیخۆیدای وەک ئەوەی ئێستا بۆ یادکردنەوەی هەڵمەتی شانزە رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی لەسەر بنەمای جێندەری، کە ٣ ڕۆژ پێش ئێستا دەستی پێکرد و لە ڕۆژی ١٠ی کانوونی یەکەمدا، کە "رۆژی مافی مرۆڤ"یشە، کۆتایی پێدێت. سەرباسی ئەمساڵیش بریتییە لە "جیهان بە پرتەقاڵی بکەن و کۆتایی بە توندوتیژی دژی ژنان بهێنن" کە ئەمەش بە تایبەتی من دڵخۆش دەکات چونکە پرتەقاڵی رەنگی نیشتمانیی وڵاتی هۆڵەندایە کە وڵاتی منە.
لە هەمان کاتدا، هەرچۆنێک بێت، من حەز دەکەم ئاگادارتان بکەمەوە بۆ بەکارنەهێنانی کۆنفرانس و وتار و راپۆرت تەنها بۆ فریودان و نمایش. چونکە دواجار دەبێت بۆ مەبەستی ئەنجامدانی کاری راستەقینانە و هێنانەدی جیاوازی بن لە ژیانی ژنان و کچاندا.
بۆ نموونە، هەموو ژنان و کچانی عێراق بەدەست پێشێلکاریی فیزیکی و دەروونییەوە دەناڵێنن و تا ئێستاش هەر چاوەڕێی دەرکردن و بگرە جێبەجێکردنی "یاسای دژە توندوتیژیی" دەکەن.
لێرە دیسان دۆخی بەراوردییانەی یاسا دەرکردن لە هەرێمی کوردستاندا مایەی دەسخۆشی و دانپێدانانە.
خوشکان،
برایان،
من پەیامم بۆ هەموو ئەو ژنانە هەیە کە ئارەزووی پلەی باڵایان هەیە:هەرگیز بێ هیوا مەبن لەو نەوە پیاوەی کە ئێستا جەڵەوی فەرمانڕەوایی وڵاتیان بەدەستەوەیە.
زۆر ڕاستە، تۆڕە پەیوەندیی کوڕە بە تەمەنەکان وەک گەورەترین یەکگرتنی جیهان هەستی پێدەکرێت کە سەرتاپای جیهانی گرتووەتەوە.
بەڵێ، زۆر لە پیاوان رەنگە هەر بە ڕاستی بە سووک سەیر کردن و شکۆ و خۆوشیاری بەکار بهێنن. بەلای منەوە، وادەردەکەوێت کە جێندەر زۆر گرینگترە لە بەهرە و خەسڵەتی باشی.
بەڵام ئێوە ئەوەش دەزانن کە: سەردەمی پیاو "ژنەکان، ئێمە دەزانین چی بۆ ئێوە باشە" مان پێ دەڵێت و ئەم سەردەمەش تەنها کاتێک کۆتایی دێت گەر ئێوە کۆتایی بە خۆتان بهێنن. بۆیە من هانی هەر ژنێک دەدەم بۆ ئەوەی دەنگی خۆی هەڵبڕێت.
هەست و ویستتان کپ مەکەن و هەمیشە چاوتان ببڕنە سەرکردایەتی کردن. هەوڵ بدەن بگەنە پلەیەک کە ئەوانی پێش ئێوە نەیان توانیوە بیگەنێ. ترستتان نەبێت و ئەو هەستناسکییەی کە من پێشتر باسم کرد بیگرنە بەر. من تەنها دەتوانم بە زەقی باس لە گرینگیی شانازیکردن بکەم بەو ژن و کچانەی کە بەرەو لوتکە هەنگاو دەنێن بۆ بەدەستهێنانی شوێنی شایستەی خۆیان لە کۆمەڵگەدا.
ئێوە دەزانن کە من یەکەم وەزیری بەرگریی ژن بووم لە هۆڵەندا و ئێستاش یەکەم نوێنەری تایبەتیی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانم لە عێراقدا. لە هەردوو ئەرکەکەشدا، چەندین پیاو دانیان نا ( هەرچەندە یەکسەر نا بەڵکو دواتر) کە بیرکردنەوە سەرەتاییەکانیان بە: "ئەرێ بۆ ئەوە بەسەر ئێمەدا هات?!" کۆتایی پێهات.
بەڵام بە تێپەڕبوونی کات ئەوان لەگەڵ من ڕاهاتن. من چاوەڕێی ڕەزامەندی یان رێپێدانی نێرینەم نەکردووە و ئەمڕۆش سەرکردایەتیکردنی ژن بووەتە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر لە نەتەوە یەکگرتووەکانی عێراقدا. نەک هەر من بەڵکو دوو لە جێگرەکانیشم و چەندین ژنی تریش لە ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵی گەورە لە پڕۆسەی بڕیارداندا دەبینن.
خوشکان،
برایان،
رێگەم بدەن با لە کۆتاییدا ئەمەش بڵێم. پێکهاتەی ژن و پیاو جیاوازە و کە ئەمە هەرگیز مایەی رەتکردنەوە نییە و هەر پێویست بە رەتکردنەوەش ناکات.
ڕاستیەکەش ئەوەیە کە ژن و پیاو لەڕووی تواناوە جیاوازن و هەر بۆیەش چۆنایەتی و چارەسەرەکانیشیان بۆ پرسەکان جیاوازە. بۆیە پێویستە ئەم دووانە تەواوکەری یەکتر بن.
هەر بۆیە کاتی ئەوە هاتووە کە بەربەستی گەیشتن بە سەرکردایەتی نەهێڵدرێت و هەروەک چۆن کاتی ئەوەش هاتووە کە هەردوو کەرتی تایبەت و گشتی فراوانبوون و داڕشتنەوەی ژێرخان ئەنجام بدەن بۆ راکێشان و هێشتنەوە و بەتواناکردنی ژنە بەتواناکان.
من بە هەموو دڵنییاییەکەوە پێتان دەڵێم کە ئەمە مایەی ئەنجامدان و بەدەستهێنانە. لە راستیدا، ئێمە پێویستە هەر ئێستا لێرە سەیری دەوروبەری خۆمان بکەین: هەر بەسەیرکردنی بڕی توانای بڕیاردان لە پیاو و لە ژن لەم هۆڵەدا ئەوە بە بێگومان دەتوانین کە ئەم پرسە بە شێلگیری و بڕیاری مکوڕ و ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری پێش بخەین.
سوپاس