لێدوانی ڕۆژنامەوانی

ڕۆژی جیهانیی کۆچبەران 2021: لێدوانى تۆڕى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان ده‌رباره‌ى كۆچ له‌ عيراق

١٧ کانونی یەکەم ٢٠٢١

بەغدا – هەموو سالێک لە ١٨ی کانوونی یەکەم، نەتەوە یەکگرتووەکان یادی ڕۆژی جیهانیی کۆچبەران دەکاتەوە بۆ تیشکخستنە سەر بەشدارییەکانی کۆچبەران و ئەو ئالنگارییانەی کە ڕووبەڕوویان دەبنەوە.

کۆچ بەشێوەیەکی بەرچاو سوود بە تاکەکەسەکان و کۆمەڵگاکان دەگەیەنێت – لە هەردوو وڵاتانی بنچینە و وڵاتانی کۆچبۆکردوو. لەگەڵ ئەوەشدا، لەم ساڵانەی دواییدا، چەند ڕەوتێکی نیگەرانکەر ئەوە دووپات دەکەنەوە کە زۆر جار کۆچکردن لەژێر هەلومەرجی دروستدا ڕوو نادات.

ئەو تەنگژە تەندروستییە گشتییەی کە پەتای کۆڤید-١٩ دروستی کردووە کاریگەریی بەسەر هەموو شتێکەوە هەبووە لەبارەی چۆنیەتیی ژیان و  کارکردن و گەشتکردنی خەڵک. لە عێراق، لە کاتێکدا زۆرینەی ئەو شەش ملیۆن ئاوارە مەزەندەکراوەی بەهۆی تەنگژەی داعشەوە ئاوارە بووبوون، گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. بەڵام پاڵپشتیی بەردەوام پێویستە بۆ یارمەتیدانی ئەوانەی کە هێشتا ناتوانن بگەڕێنەوە و چارەسەری درێژخایەن بە دەست بێنن.

هەروەها ئەمساڵ ئەو بارودۆخە سەختەی ڕووبەڕووی پەنابەران و کۆچبەران بوویەوە لە سنوورەکانی نێوان بێلاڕووسیا و پۆڵەندا و لیتوانیا – کە لەنێویاندا چەندان هەزار عێراقی هەن – جارێکی تر زەحمەتکێشانی ئەو کۆچبەرانەی زەق کردەوە کە دەستیان بە هۆکاری یاسایی ناگات بۆ کۆچکردن و ڕەنگە بەو هۆیەوە چارەنووسی خۆیان بخەنە دەستی قاچاخچییانی بێ ویژدانەوە.

"هەردوو سیناریۆکە ئەوە پێشان دەدەن کە برەودان بە کۆچکردن بەشێوەیەکی سەلامەت – وەک چۆن لە جاڕنامەی جیهانی بۆ کۆچکردن هاتووە – ئێستا لە هەموو کاتێک گرینگترە،" ئێرینا ڤۆیاکۆڤا، جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق وای گوت. "لە کاتێکدا عێراق هێشتا تەوژمی کۆچکردنی ئالۆز بە خۆوە دەبینێت، لەوانەش کۆچی پێچەوانە لە ئەوروپا و شوێنەکانی ترەوە، تەرکیزکردن لەسەر سیاسەتەکانی کۆچکردن بەلەپێشدانانی ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و سەروەریی یاسا، کارێکی بنچینەیی دەبێت."

لە مانگی شوپاتی ئەمساڵدا، تۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆچکردن پێشوازی کرد لە بڕیاری عێراق بۆ دەربڕینی یەکڕیزی لەگەڵ جاڕنامەی جیهانی بۆ کۆچکردن بەشێوەیەکی سەلامەت و ڕێکخراو و یاسایی، هەروەها لەگەڵ تۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆچکردن، ئەویش بە بوون بە وڵاتێکی ئەندام لە تۆڕەکە.

حکوومەتی عێراق هەنگاوی گرینگی ناوە بەرەو باشترکردنی سیاسەتی کۆچکردن، بەتایبەتی لەڕێگەی داڕشتنی ستراتیجیی کۆچکردنی نیشتیمانی. تۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆچکردن کار دەکات بۆ پاڵپشتیکردنی حکوومەتی عێراق لە جێبەجێکردنی جاڕنامەی جیهانی بۆ کۆچکردن وفرەوانکردنی هەوڵەکانی لەبواری حوکمڕانیی کۆچکردندا.

تۆڕی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کۆچ لە عێراق لەلایەن ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کۆچ ڕێک دەخرێت و ئەم ڕێکخراوانەی تریش ئەندامن تێیدا: نووسینگەی کۆمسیونی باڵای سەر بەنەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەران UNHCR،  ڕێکخراوی ڕێکخراوی پەروەردەیی، زانستی و کلتووری نەتەوە یەکگرتووەکان - یونیسکۆ UNESCO، ڕێکخراوی کشتوکاڵ و خۆراک - فاو FAO، ڕێکخراوی گەشەپێدانی پیشەسازی نەتەوە یەکگرتووەکان - یونیدۆUNIDO، نووسینگەی ھەماھەنگی کاروباری مرۆیی – ئۆچا OCHA، ڕێکخراوی کاری نێودەوڵەتی- ئیلۆILO، پڕۆگرامی خۆراکی جیھانی - WFP،  نووسینگەی تاوان و مادە ھۆشبەرەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان – UNODC، سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروچالاکییەکانی دانیشتوان – UNFPA، نووسینگەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان - UNOPS، سندوقی نێودەوڵەتی باری لەناکاوی منداڵانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان - UNICEF و پڕۆگرامی گەشەپێدانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان – UNDP.

 نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى كۆچ

نووسينگه‌ى راگه‌ياندنى رێكخراوى نێوده‌وڵه‌تى كۆچ

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ
رێكخراوی نێوده‌وڵه‌تیی كۆچ

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت