کەرکوك، عیراق: لە ساڵی ٢٠١٥ نەتەوە یەکگرتووەکان ١٧ ئامانجی گەشەپێدانی درێژخایەنی خستەڕوو کە چەقی پێنجەمینیان لەسەر یەکسانیی جێندەرییە بەمەبەستی بەتواناکردنی ژنان و کچان. فایزە، کە قوتابخانەیەك لە کەرکوك بەڕێوەدەبات، ئاوێزان، کە قوربانییەکە و دواجار بووەتە داکۆکیکار، و هەروەها عەلی، کە پاڵەوانێکی نێرینەی مافی ژنانە، بەڵگەی زیندوون لەسەر ئەو دەسکەوتە کۆمەڵگاییانەی کە دەکرێت لە ژیان و کارکردندا بەدەست بێن ئەگەر ژنان و پیاوان هەل و مافیان بۆ بڕەخسێت و دابین بکرێت.
لەمبارەوە، فایزە حوسێن عەلی کاکەیی، بەرپرسی پەیمانگای خوێندنی تایبەتی باباگوڕگوڕ لە کەرکوك، وتی "من لەو باوەڕەدام کە ژن و پیاو دوو تای یەك تەرازون کەهیچ کامیان لەوەی تریان زیاتر نەبێت، واتە پەیڕەوکردنی دادپەروەری." هەروەها باسی ئەو گرفتانەشی کرد کە ئەو لە کۆمەڵگایەکی پیاوسالاریدا ڕووبەڕووی بووەتەوە بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەو پشتیوانی برادەر و ئەندامانی نێرینەی خێزانەکەشی بۆ سەرکەوتنی کارەکەی نەشاردەوە. ئەو زیاتر وتی" لەڕاستیدا کارەکەم سەرەڕای ئەستەم و ناخۆشی بەڵام هەر خۆش بوو. ئەستەمییەکەی بەهۆی ئەو گیروگرفتانەوە بوو کە ڕووبەڕوویان بوومەوە لە کاتی دامەزراندنی ئەم پەیمانگایەدا."
فایزە باسی لەوەش کرد کە ئەو چۆن ناچار بوو کەلوپەلی ناوماڵ بفرۆشێت بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆژەکەی و هەروەها کە چۆن شەو و رۆژ بێ وچان لەگەڵ بەڵێندەرەکە کاری دەکرد بۆ تەواوکردنی بینایەی پەیمانگایەکە بۆ ئەوەی بتوانێت لە کاتی خۆیدا دەست بەکار بێت. ئەو لەمبارەوە و بە خەندەیەکی پڕ متمانەوە وتی" کاتێکی زۆر سەخت بوو لە ژیانی مندا بەڵام من نەك هەر لە دامەزراندنی ئەو قوتابخانەیە سەرکەوتوو بووم بەڵکو دواجار توانیم فراوانیشی بکەم."
هاوسەرەکەشی، ئیسماعیل موحەممەد ساڵح کاکەیی، کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی ئەو قوتابخانەیە، وێڕای خستنەڕووی متمانەی خۆی بە توانای رۆڵی سەرکردایەتیکردنی، وتی" فایزە ژنێکی بە متمانە و لێهاتووە و من بە تەواوی پشتگیری دەکەم بۆ سەرکەوتنی لە کارەکەیدا. ئەو ناوبانگێکی باشی بۆ خانەوادەکەی پەیدا کردووە و هەروەها ژنێکی گرینگی ناو کۆمەڵگا و ناو ژیانی منیشە."
شایانی باسە، وەك هاوسەری فایزە، دکتۆر جیهاد عەبدوڵڵا رەزای (لای ڕاست) بەڕێوەبەری قوتابخانەی باباگوڕگوڕیش پشتیوانی فایزە بوو لە بەڕێوەبردنی قوتابخانەکە کە لە ڕێگەی پەروەردەکردنەوە بووە مایەی بە یەکسانی بەتواناکردنی سەدان کچ و کوڕ بەگوێرەی پلانی ٢٠٣٠ی شێوازی پەروەردە.
چالاکوانیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان
ئاوێزان نوری حەکیم، کە هەم نووسەر و هەمیش جێگری بەڕێوەبەری بنکەی ناحکومی پەنایە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە کەرکوك، خۆی ڕزگاربووی توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەرییە و بە بچووکی بە شوو دراوە. هەر بۆیە مایەی سەرسوڕمان نەبوو کە ئاوێزان خۆی چالاکانە لە بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لەسەر بنەمای جێندەری بەشداری بکات بەمەبەستی دروستکردنی شوێنێکی سەلامەت و یەکسان بۆ ژنان بۆ ئەوەی بتوانن گەشە بکەن.
لەماوەی ١٥ ساڵی ئەزمونیشیدا، ئاوێزان توندوتیژی لەسەر بنەمای جێندەری بە شێرپەنجە ئەچوێنێ کە دەبێتە هۆی پەکخستنی گەشەکردنی ژنان. لەلایەکی ترەوە، جێبەجێ نەکردنی سەروەریی یاسا بۆ پێشگرتن بە ئەنجامدەران هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی کە بەشێك لە ژنانی عێراق تا ئێستاش نەتوانن بڕیار لە چارەنووسی خۆیان لەمیانەی شووکردن بدەن و لەمەش زیاتر تووشی چەندین شێوازی توندوتیژی و مامەڵەی نایەکسان دەبنەوە.
ئەو وتی " گەر بمانەوێت کۆمەڵگەیەکی تەندروستمان هەبێت ئەوە پێویستە لە خێزانەوە دەست پێ بکەین و دواتریش لە یاسا و دامودەزگا حکومییەکانەوە. هەموو لایەنە پەیوەندارەکان پێویستە لە پێشگرتن بە توندوتیژی بەشدار بن."
پاڵەوانە نێرینەکانی بواری مافی ژنان
عەلی حەمود عەلی عەتوان (لای ڕاست) کارلەسەر نەهێشتن و قەرەبووکردنەوەی حاڵەتەکانی توندوتیژیی جێندەریی دەکات و لە نزیکەوە لەگەڵ سروود ئەحمەد(لای چەپ)، بەرپرسی نووسینگەی لقی کەرکوکی کۆمەڵەی ئەلئەمەل، کە ڕێکخراوێکی ناحکومی عێراقییە، کاردەکات. خاتوو سروودی خاوەن ئەزموونی ١٧ ساڵە لە کارکردن لە چارەسەرکردنی کێشەکانی توندوتیژیی جێندەری لە عێراق وتی "هزری گەنجان لەهەمبەر پرسەکانی جێندەر گۆڕانکاری ئەرێنی بەخۆیەوە بینیووە، هەر وەکو ئێستا بۆ نموونە دەبینین پیاوان پشتگیری لە بەردەوامبوونی کچان لە خوێندن دەکەن." بەڵام لە پرسەکانی پەیوەست بە ئاسایشی ژنان لە کەرکوك سروود هیوا دەخوازێت وەزارەتی ناوخۆی عێراق ژمارەی ئەفسەرانی ژن لە پارێزگاکە زیاتر بکرێت بۆ ئەوەی ئافرەتان بە ئارامی سکاڵاکانیان پێشکەش بکەن.
لە ساڵی ٢٠٢١، کۆمەڵەی ئەلئەمەل گرنگیدا بە سوودوەرگرتن لەو پیاوانەی کە پارێزگاری لە مافەکانی ئافرەتان و یەکسانی جێندەری نێوان نێر و مێ دەکەن بۆ هۆشیارکردنەوەی پیاوان و گەنجان دەربارەی گرنگی پتەوکردنی مافەکانی ئافرەتان و پارێزگارکردن لێیان. عەلی یەکێکە لەو پیاوانە و کۆڕەکانی هۆشیاری ئەرێنی بەڕێوە دەبات.
عەلی، دەربارەی کاریگەری بەشداربوونی لەو کۆڕ و دانیشتنانە دەکات وتی " ئێمە ئێستا نەوەیەك بەرهەم دەهێنین کە بەشداریکردنی ئافرەتانیان لە گشت بوارەکانی کار لەلاپەسندە و هەروەها جەختیش لە بە ڕۆشنبیرکردنی ئافرەتان دەکەینەوە دەربارەی مافە یاساییەکانیان بۆ ئەوەی بتوانن لە چۆنیەتی گەیشتن بە مافەکانیان بگەن."
هەروەها فایزە بە ئاشکرا دەڵێت " ئەگەر ئافرەت بڕوای بەخۆبوو ئەوا دەتوانێت هەر شتێکی بوێت بەدەستی بهێنێت."