پایەداران،
خانمان، بەڕێزان
ئێمە لێرەین بۆ ئەوەی بە پەژارەیەکی زۆرەوە یادی کارەساتی ٣٩ ساڵ پێش ئێستای بێسەروشوێنکردنی ٨٠٠٠ کوڕ و پیاوی بارزانی بکەینەوە . ئەوان لەبەرچاوان وون بوون و جارێکی تر نەبینرانەوە .
هەروەك چۆن یادی ئەوانە دەکەینەوە کە کارەساتبارانە ژیانیان لە دەستدا، ئاواش بیرمان لای خانەوادە و هاوڕێکانیانە، کە تائێستا زۆربەیان چاوەڕوانی دەرکەوتنی ڕاستییەکان دەکەن، دوای ئەوەی بێبەزەییانە بێبەشکران لە ماڵئاواییکردن لە خۆشەویستانیان.
ئازاری نەزانینی ئەوەی چی ڕوویداوە و ئازاری چاوەڕوانی و هیوا، هیچ وشە و دەڕبڕینێك نیە بتوانێ گوزارشت لەو کۆژانانە بکات کە ئەو خانەوادانە چەشتوویانە. نەخێر بە دڵنیاییەوە نیە. بە شێوەیەکی سادە هیچ وشەیەك ناتوانێت وەسفی هەست و سۆزی نائومێدییەکی قووڵ بکات.
ئەمڕۆ، یادی گەرانەوەی روفاتی ١٠٠ بارزانی دەکەین، کە ئەمە سێیەم جارە. لە نێوان ساڵی ٢٠٠٤ و ٢٠٠٥دا روفاتی نزیکەی ٥٠٠ بارزانی گەرێندرایەوە زێدی بابوباپیرانیان و لە ساڵی ٢٠١١ ەش روفاتی ٩٣ی تریش گەڕێندرایەوە دوا مەنزڵگای خۆیان. بەو پێیەی گەڕان تا ئێستاش هەر درێژەی هەیە، هیوادارین هەموو باوك و برا و مام و کوڕێك بدۆزریتەوە.
هەر وەك هەموو لایەک دەزانن، کارەساتە گەورەکە هەر بەوەندە ناوەستێت. ئەم ڕووداوە ناخهەژێنانە "شاڵاوی ئەنفال"یان بەدوادا هات کە بریتییە لە شاڵاوێکی کۆمەڵکوژی بەمەبەستی لەناوبردنی ژمارەیەکی زۆری لەڕادەبەدەری خەڵکی بێتاوان لەگەڵ بریندارکردن و پەکخستنی ژمارەیەکی زۆرتر کە تێیدا تەنها چەند خانەوادەیەکی کەمی کورد ڕزگاریان بوو.
ڕێوڕەسمی یادکردنەوەیەکی لەم جۆرەش، مانای یادکردنەوەی ئەو خۆشەویستانەیە کە گیانیان بەخت کرد. بێگومان، یادکردنەوەیەکی لەمجۆرەش بیرخەرەوەیەکی بەهێزیشە بۆ هەموومان بەوەی کە ئەم جۆرە کارە قێزەوەنانە لە ئایندەدا دووبارە نەبنەوە.
خانمان، بەڕێزان
ئەمڕۆ ١٠٠ پیاو و کوڕ هاتوونەتەوە زێدی خۆیان بۆ ئەوەی دواجار بە ئامادەبوونی کەسوکار و دۆستەکانیان بە خاك بسپێردرێن. ئێمە سەری ڕێزیان بۆ دادەنوێنین و هیواداریشین کە گەڕانەوەیان ببێتە مایەی دڵنەوایی بۆ ئەوانەی بە درێژایی ئەم ساڵانە لە گەڕاندابوون بۆ دۆزینەوەیان.
ئێوەش باش دەزانن کە فرەیی لە هەرێمی کوردستان و بگرە لە کۆماری عێراقیش وەکو بەهێزترین خاڵ ئاماژەی پێدەدرێت هەروەك چۆن ئەوەش دەزانن کە ئێمە لە دووڕێیانێکی گرنگداین سەبارەت بە خۆشگوزەرانی لێرە لە هەرێمی کوردستان و لە عێراقیشدا. بۆیە من لێرە تەنها دەتوانم جەخت لەسەر ئەوە بکەمەوە کە لە مەترسیدایە کە ئەویش بریتییە لەوەی کە هاوڵاتیان هەموو لە ئاشتی و خۆشگوزەرانی و شکۆمەندیدا بژین.
دەبا ڕێز لە هەموو ئەوانە بنێین کە گیانی خۆیان بەخت کرد بەوەی کە بە یەکەوە کار بکەین، ئەمە تەنها تاکە ڕێگەیە بۆ تیمارکردنی برینە قووڵەکانی ساڵانێکی زۆری شەڕ و ململانێ بۆ ئەوەی بتوانین هەلومەرجێك بڕەخسێنین کە تێیدا خەڵك لە سەقامگیری و ئاشتی و ڕێز لەیەکترگرتندا بژین.
لە کۆتاییدا، ئامادەبووانی خۆشەویست، من لە یادکردنەوەی ئەم قوربانییانەدا لە ناخەوە پشتگیری و هاوپشتی خۆمان بۆ ئەوانە دەردەبڕم کە بەردەوام دەکەونە ژێر کاریگەریی سەختی کرداری دڕاندانە و نامرۆڤانە. من جارێکی تر سۆزی گەرمی خۆم بۆ کەسوکار و دۆستانی بێسەروشوێنان دەردەبڕم لەگەڵ دەربڕینی سەرخۆشیشم بۆیان بەبۆنەی لەدەستدانی خۆشەویستانیان.
سوپاس...