ئامادەبووانی خۆشەویست،
١٩ ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆی ١٩ی ئابی ساڵی ٢٠٠٣دا و ڕێک دوای ٥ ڕۆژ لە دامەزراندنی یونامی لەلایەن ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەپێی بڕیاری ژمارە ١٥٠٠، بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان، کە بە ئوتێل کەناڵیش ناسراوە، لە یەکەم هێرشی تیرۆریستیدا لە بەغدای پایتەختدا تەقێندرایەوە و بووە مایەی کوژرانی ٢٢ کارمەند و برینداربوونی زیاتر لە سەد کەس.
چەندین کەس لە ڕزگاربووانی ئەو تەقینەوەیە لێرە لەگەڵ ئێمەدان کە هەندێکیان تا ئێستاش هەر بەردەوامن لە کارکردن لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق.
سەرەڕای دژواریی ئەو ڕۆژە و ئەو کارەساتانەی دواتر کە لەوساوە بەرۆکی عێراقیان گرتووە، کەچی ئەم هاوەڵ پیشانەمان پابەندن بە ڕۆڵ بینین لە بنیاتنانی ئایندەیەکی سەقامگیر و پڕئاشتی بۆ وڵاتەکەیان.
تکایە با هەموومان پێکەوە سەری ڕێز و نەوازش بۆ ئەو هاوپیشانەمان دانەوێنین. من هەست بە شانازی دەکەم کە لێرە لەگەڵ ئێوەم لەم بۆنە پیرۆزەدا.
من سڵاو دەنێرم بۆ ئەوانەی کە لەم هێرشەدا بریندار بوون و هەروەها بۆ ئەوانەش کە لێرە ئەمڕۆ لەگەڵماندان. شایانی باسە، نەتەوە یەکگرتووەکان و هەموو ئەوانەی کە خۆیان بۆ کاری مرۆیی تەرخان کردووە ستایشی قوربانییەکانتان و پابەندبوونە بەردەوامەکەتان دەکەن بۆ عێراقێکی جێگیر و سەقامگیر.
هەرچەندە تەقینەوەکە کۆمەڵگای مرۆیی کردە ئامانج بەڵام خەڵکی عیراقیش بەدەر نەبوو چونکە سەرەتایەک بوو بۆ تیرۆرێک کە دواتر بەرۆکی عێراقی گرت و بگرە لە ساڵانی دواییشدا بووە مایەی کەوتنەوەی ژمارەیەکی زۆر لە قوربانی.
لە کاتێکدا کە ئێمە ئەمڕۆ یادی رۆژی جیهانیی مرۆیی دەکەینەوە و ڕێزیش لە هەموو قوربانیانی دەگرین لە عێراق و سەرتاسەری جیهاندا، بەردەوام هەڕەشە و هێرش دەبینین لەدژی کارکەرانی مرۆیی و کارمەندانی تەندروستی و چالاکوانانی مەدەنی و کارمەندانی ڕێکخراوە بیانییەکان و چەندین پیاو و ژنی قارەمانی تر کە ژیانی خۆیان لە پێناو هاوکاریکردنی لێقەوماوانی شەڕ و کارەساتەکان دەخەنە مەترسییەوە.
لەراستیدا، ئەوە کە ئەنجومەنی گشتی رۆژی تەقینەوەی ئوتێل کەناڵی لە ١٩ی ئابدا کردە رۆژی جیهانیی مرۆیی پڕ بە پێست و شایستە بوو لەپێناو ڕێزگرتن لەو کارکەرە مرۆییانەی کە لە میانی کارکردندنیاندا یان گیانیان بەخت کرد یانیش بریندار بوون.
ئێمە ئەمساڵ، سەرقاڵی بەشداریپێکردنی کۆمەڵگا و کاری پێکەوەیین چونکە یەکەم کەس کە بەهانای قەیرانەکانەوە بچێت کۆمەڵگاکان خۆیانن بە هاوکاریی خۆبەخشان و کارکەرانی بواری بارودۆخی تەنگەتاوی (ئیمێرجنسی) و دەسەڵاتە لۆکاڵی و نیشتمانییەكان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و چەندانی تریش.
کاری مرۆیی بەڵگەیە لەسەر ئەوەی کە یەکڕیزی و هاوپشتی تا ئێستاش هەر بەهێز و درێژەی هەیە . کاریگەریی بە تەنیا سنووردارە بەڵام بە یەکەوە جیاوازیی گەورەتر دروست دەکات.
من تەنها هەفتەیەک لەمەوبەر لە یونامی وەک جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق دەست بەکار بووم. من چەندین برادەرم لەو تەقینەوەیە یان کوژران یان بریندار بوون. لەراستیدا، ١٩ی ئاب رۆژێکی تایبەتە هەم بۆ من و هەمیش بۆ برادەرەکانم لە نەتەوە یەکگرتووەکان و شوێنەکانی تریش.
شانازییەکی زۆرە بۆ من کە یەکەم کارم لەگەڵ "یونامی"ی عێراق بێت و لەگەڵ ئێوەش ئەمڕۆ ئەم یادە بکەمەوە بۆ وەبیرهێنانەوەی ئەو ٢٢ کارمەندەی کە گیانی خۆیان لەپێناو ئاشتیی عێراق بەخت کرد. لەگەڵ رێزگرتن لە ئەوانیش سەری ڕێز بۆ هەموو ئەوانەش دادەنەوێنین کە خزمەتی مرۆیی پێشکەش دەکەن و هەروەها قوربانیانی تیرۆریش. ئێمە میراتی پابەندیمان بۆ ئاشتی و دادوەری و خۆتەرخانکردنمان لە ئەوانەوە وەرگرتووە.
زۆر سوپاس