لێدوانی ڕۆژنامەوانی

عیراق- ڕۆژی جیهانی بۆ کۆتاییهێنان بە دەربازبوون لە سزا لەسەر تاوانەکانی دژی ڕۆژنامەنووسان، ٢ی تشرینی دووەم

٠٢ تشرینی دووەم ٢٠٢٢

ڕێکەوتی ٢ی تشرینی دووەم وەك ڕۆژی جیهانی کۆتاییهێنان بە دەربازبوون لە سازا بۆ تاوانەکانی دژ بە ڕۆژنامەنووسان دیاری کراوە و ئەمساڵ یادی  ١٠ ساڵەی پلانی کارکردنی نەتەوە یەکگرتووەکانە بۆ سەلامەتی ڕۆژنامەنووسان. ئەمڕۆ و هەموو ڕۆژێك، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆهاریکاری عێراق - نووسینگەی مافی مرۆڤی  پابەندبوونی خۆی دووپات دەکاتەوە بۆ برەودان و پاراستنی فەزای تەندروست کە تاکەکان ومیدیاکاران بتوانن ئازادانە ڕای خۆیان دەرببڕن.

با ڕێز لە بوێری و ئیرادەی سەرسەختی ڕۆژنامەنووسان لە سەرانسەری جیهان بگرین. با لەبیرمان بێت کە ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ و بەڕەوشت بۆ بەرەنگاربوونەوەی زانیاری ناڕاست و دەستەبەرکردنی دیالۆگ و بڕیاردان لەسەر بنەمای ڕاستییەکان و لێپرسینەوە لە دەسەڵاتدارەکان زۆر گرنگن. ئەوان بۆ پاراستن و پێشخستنی مافە بنەڕەتییەکانمان و بۆ کارکردنی کۆمەڵگا زۆر گرنگن. با پابەندبین بەوەی سەلامەتی و پاراستنی ڕۆژنامەنووسان بکەینە پێشینەی کارمان، نەك تەنها بە وتە بەڵکو بە کرداریش.

- کۆمیساری باڵای مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڤۆڵکەر تورك، ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢

لەڕێگەی کارکردن لە نزیکەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان وبلۆگەرەکان و ڕێکخراوە کانی بواری تەکنەلۆژیا و ڕێکخراوە ناحکومییەکانی ئازادی ڕۆژنامەگەری و چالاکوانانی دیکەی کۆمەڵگەی مەدەنی و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ لە عێراق، نوسینگەی مافەکانی مرۆڤ/ یونامی سەکۆی کارێکی ڕاهێنانی ئەنجامدا بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانیان وبرەودان بە داکۆکیکردن هەروەها بۆ تیشک خستنە سەر نیگەرانییەکانیان، و چاودێریکردن و ڕاپۆرتکردنی ئەو پێشێلکارییانەی کە دەیانکات بە ئامانج.

لە عێراق و جیهاندا، ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان و کەسانی دیکە کەپەیڕەوی پیشەگەری و مافی ئازادی ڕادەربڕین دەکەن، پێویستە بتوانن بە سەلامەتی و بەبێ ترس لە تاوانبارکردن و هێرشکردن و یان تۆڵەسەندنەوە ئەو کارە بکەن. دەربازبوون لە سزا بۆ تاوانەکانی دژی ڕۆژنامەنووسان وبەکارهێنانی سیستەمی دادوەری بۆ هێنانەکایەی تۆمەتی تاوانکاری دژی ڕۆژنامەنووسان بەهۆی ڕەخنەگرتن لە کەسایەتییە گشتیەکان بەشدارە لە کاریگەرییەکی ترسناك و فەزای گفتوگۆی تەندروست بەرتەسك دەکاتەوە.

بەرتەسکردنەوەی فەزای ئازادی ڕادەربڕین

فەزای ڕادەربڕینی ئازاد لە عێراقدا بەرتەسکدەبێتەوە. لە پێوەرەکانی ئازادی ڕۆژنامەوانی جیهانی پەیامنێرانی بێ سنوور لە ساڵی ٢٠٢٢دا، عێراق لە ڕیزبەندییەکەی ١٦٣هەمین ووڵاتەوە دابەزی بۆ ڕێزبەندی ١٧٢ لە کۆی ١٨٠ ووڵات. ئەم کەمبوونەوەی پلەبەندییە لە دوای سەرکوتکردنی جددی دێت لە دژی خۆپیشاندەران و چالاکوانان و داکۆکیکارانی مافی مرۆڤ و ڕۆژنامەنووسان کە لە خۆپیشاندانەکانی تشرینی ٢٠١٩ دا. نوسینگەی مافەکانی مرۆڤ حەوت ڕاپۆرتی لەسەر پێشێلکردنی مافەکان بڵاوکردەوە کە لە کاتی ناڕەزایەتییەکاندا ئەنجامدراون. نووسینگەکە ٤٨٧ حاڵەتی مردن و ٧٧١٥ بریندار و ٤٨ هەوڵی تیرۆرکردن یان کوشتنی بە ئامانج و ٣٢ کەیسی ڕفاندن و بەردەوامی بێسەروشوێنکردنی لانیکەم٢٠ چالاکوانی تۆمارکردووە، کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکان و لایەنە چەکدارەکانەوە ئەنجامدراون سەیری : Update on Accountability in Iraq | Limited progress towards justice for human rights violations and abuses by ‘Unidentified Armed Elements’ بکە.

نوسینگەکە بە شێوەیەکی بنیاتنەر پەیوەندی لەگەڵ حکومەتدا کردووە بە مەبەستی هاندانی لێپرسینەوە لەم تاوانانە. هەرچەندە نوسینگەکە دەستخۆشی لەوپێشوەچونانە کردوە کە لە قەرەبوکردنەوەی خێزانەکانی قوربانیەکان بەدەست هاتوون، بەڵام  ئاماژە بەوەش دەکات کە سەرەڕای ئەوەی حکومەت زیاتر لە ٨٠٠٠ کردەوەی تاوانکاری تۆمارکردووە نوسینگەی مافەکانی مرۆڤ تەنها کەمتر لە دە کەیسی سزادانی دۆکۆمێنت کردووە. ئەم دەربازبوونە لە سزادان، ئەنجامدەرانی تاوانەکان بوێرتر دەکات و لە هەمان کاتدا کاریگەری ترسناکی لەسەر کۆمەڵگادا هەیە، لەنێویاندا خودی ڕۆژنامەنووسان.

لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ دا ئەنجومەنی باڵای دادوەری ئەو زانیارییە دڵخۆشکەرانەی بڵاوکردەوە کەساڵێکە هیچ کوشتنێکی ڕۆژنامەنووسان ڕاپۆرت نەکراوە و یەکەیەکی تایبەتمەند دامەزراوە بۆ لێکۆڵینەوەی تایبەت بە کەیسەکانی پەیوەست بە ڕۆژنامەنووسان و ئەندامانی دیکەی ڕۆژنامەگەری.[1]

سەرەڕای ئەوەش، نوسینگەی مافەکانی مرۆڤ ئاماژە بەوە دەکات کە لە ساڵی ڕابردوودا یاساکانی ناوزڕاندن  لە عێراق دژی ئەو ڕۆژنامەنووس و چالاکوانانە بەکارهێنراون کە بە ئاشکرا ڕەخنەیان لە کەسایەتییە گشتیەکان گرتووە ئەمەش بە پێچەوانەی ئازادی ڕادەربڕین دێت کە لە دەستووری عێراقدا ئاماژەی پێکراوە. دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە هەردوو عێراقی فیدراڵ و هەرێمی کوردستانی عێراق دوای ئەوەی کە وا هەست کراوە ڕەخنە لە دەسەڵاتداران دەگرن، بەرنامەو پەخشەکانیان ڕاگیراون. پەیامنێران لە  هەرێمی کوردستانی عیراق و عێراقی فیدراڵ لە کاتی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکان یان ڕووداوەکانی تر لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە هەراسان کراون یان ڕێگرییان لێ کراوە و لە هەندێك حاڵەتدا لێیان دراوە و دەستبەسەر کراون. ڕۆژنامەنووسان لەلایەن لایەنە ناحکومیەکانەوە هەڕەشەیان لێکراوە یان تۆقێنراون وە بەلانی کەم دەزگایەکی  ڕاگەیاندن ڕووبەڕووی هێرشی سیاسی بۆتەوە. هەندێك جاریش لێیاندراوە و دەستبەسەرکراون. ڕۆژنامەنووسان لەلایەن خەڵکی بەدەر لە دەسەڵات هەڕەشەیان لێکراوە یان ترسێنراون و چەندین دەزگای ڕاگەیاندنیش ڕووبەڕووی هێرشی سیاسی بوونەتەوە.

لە زیاتر لە ٧٠ چاوپێکەوتندا کە لە مانگی تەمموزەوە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان لە سەرانسەری وڵات ئەنجامدراون، نوسینگەی مافەکانی مرۆڤ خواستێکی بەکۆمەڵی بۆ خۆپاراستن بەڵگەدار کردووە بەهۆی ترسی تۆڵەسەندنەوە یان هێرشکردنەسەر. دەرئەنجامی ئەم کاریگەرییە مەترسیدارە بەرتەسکردنەوەی فەزای گفتوگۆی گشتی و بۆچوونی ڕەخنەگرانە و ناڕەزایی تەندروستە.

کارەکانی نوسینگەی مافەکانی مرۆڤ/ یونامی بۆ پاراستنی ڕۆژنامەنووسان و ئازادی ڕادەربڕین لە عێراق

بە مەبەستی بەرپەرچدانەوەی هەڕەشەکان لەسەر سەلامەتی ڕۆژنامەنووسان، و هاندانی ژینگە و تۆڕێکی کارا لە نێوان ڕۆژنامەنووسان بلۆگەران و چالاکوانان و بەرگریکارانی مافی مرۆڤ، نوسینگەی مافەکانی مرۆڤ/ یونامی بەشداری بەرنامەسازی چالاکانەی پێشوەختەی ئازادی دەربڕین دەکات. لە ساڵی ٢٠٢٢دا:

  • نوسینگەی مافەکانی مرۆڤ بە هاوبەشی لەگەڵ کۆڕبەندی ڕۆژنامەنووسانی ژنانی عێراق هەڵساوە بە ئەنجامدانی ١٠ مێزگرد لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوودا، لەگەڵ ژنانی ڕۆژنامەنووس و بلۆگەر و نووسەرانی ژن لە سەرانسەری وڵاتەوە بۆ ئەوەی باشتر لە پێداویستی و ئالنگارییەکان سەبارەت بە پیشەکەیان تێگەیشتن هەبێت. زۆربەی دانیشتنەکان تیشکیان خستۆتە سەر ئەو ئالنگاریانەی کە ڕووبەڕووی ئەو ژنانە بوونەتەوە کە لە بوارێکی پیاواندا کاردەکەن، لەوانە نەبوونی قبوڵکردنی کۆمەڵگا و ستەمکردن و سنووردارکردنەکانی پەیوەست بە توانای دەربڕینیان بە ئازادی لە میدیای سێکتەری تایبەتدا و زیادبوونی هەڕەشەکان لەسەر سەلامەتییان لەکاتی ڕاپۆرتکردن لەسەر بابەتگەلی هەستیار و کێشە لەسەر، لەوانەش گەندەڵی و توندوتیژی دژی ژنان و خۆپیشاندان و سیاسەت.
  • بە داننان بەوەی کە زۆرێك لە هەڕەشەکان دژی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانان بە شێوەی ئۆنلاین ڕوودەدەن، نوسینگەی مافەکانی مرۆڤ و هاوبەشەکەی INSM بۆ مافە دیجیتاڵییەکان "مافی مرۆڤی یونامی و دەزگای INSM بۆ مافە دیجیتاڵییەکان لە عێراق ڕێنمایی بەکارهێنەران تایبەت بە ئاسایشی دیجیتاڵی بۆ داکۆکیکارانی عیراقی مافی مرۆڤیان خستە بازاڕەوە" بڵاوکردۆتەوە بە ئامانجی دابینکردنی ئامراز و ستراتیژی کۆنکرێتی بۆ ڕۆژنامەنووسان، چالاکوانان و بەرگریکارانی مافی مرۆڤ بۆ باشتر پاراستنی خۆیان بە شێوەی ئۆنلاین و کەمکردنەوەی دەرئەنجامەکانی سەلامەتی ئۆفلاین کە لە ئەنجامی هێرشە ئەلیکترۆنییەکانەوە دروست دەبن. ڕێنماییەکە بە زمانەکانی ئینگلیزی و عەرەبی و کوردی  لێرەوە بەردەستە
  • هەروەها نوسینگەی مافەکانی مرۆڤ  و INSM بۆ مافە دیجیتاڵییەکان ڕاهێنانی پراکتیکی لەسەر ئاسایشی دیجیتاڵی پێشکەش کردووە بۆ زیاتر لە ٢٣٠ ڕۆژنامەنووس وچالاکوان و بەرگریکارانی مافی مرۆڤ لە سەرانسەری عێراق لە ساڵی ٢٠٢١دا. ٢٥ ڕێکخراوی دیکەی کۆمەڵگەی مەدەنی هەڵسەنگاندنی ئاسایشی دیجیتاڵیان وەرگرتووە بۆ باشترکردنی بەرگری لەخۆکردن لە دژی هاککردن یان پێشێلکردنی داتا. هەروەها دێسکێکی یارمەتی دیجیتاڵی  دامەزراوە بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە ڕووبەڕووی کێشەی ئاسایشی دیجیتاڵی دەبنەوە.
  • هەروەها ئەمساڵ نوسینگەی مافەکانی مرۆڤ لە نزیکەوە لەگەڵ سەندیکای پارێزەرانی عێراق کاریان کردووە بۆ بنیاتنانی توانای ئەو پارێزەرانەی کە بێ بەرامبەرکار لەسەر دۆسیەکانی ئازادی ڕادەربڕین دەکەن، لەوانە ئەوانەی بەرگری لە ڕۆژنامەنووسان دەکەن یان داوای لێپرسینەوە دەکەن لە تاوانەکانی دژیان.

پاشخان

کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە بڕیاری  گشتی ژمارە A/RES/68/163دا ڕۆژی ٢ی تشرینی دووەمی وەك "ڕۆژی نێودەوڵەتی بۆ کۆتاییهێنان بە دەربازبوون لە سزا بۆ تاوانەکانی دژی ڕۆژنامەنووسان" ڕاگەیاندووە. بڕیارەکە داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکات کە ڕێوشوێنی دیاریکراو بۆ بەرەنگاربوونەوەی کولتورەی ئێستای دەربازبوون لە سزادان جێبەجێ بکەن. ئەو بەروارە بۆ یادی تیرۆرکردنی دوو ڕۆژنامەنووسی فەرەنسی لە ووڵاتی مالی لە ٢ی تشرینی دووەمی ٢٠١٣ هەڵبژێردراوە.

ئەم بڕیارە گرینگە ئیدانەی هەموو هێرش و توندوتیژیەك بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران دەکات. هەروەها داوا لە وڵاتانی ئەندام دەکات کە هەموو هەوڵێکیان بخەنەگەڕ بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی دژی ڕۆژنامەنووسان ومیدیاکاران، بەمەبەستی دەستەبەرکردنی لێپرسینەوە و گەیاندنی تاوانبارانی تاوانەکانی دژی ڕۆژنامەنووسان و کارمەندانی ڕاگەیاندن بە دادگا و دڵنیابوون لەوەی کە قوربانییەکان دەستیان بە چارەسەری گونجاو دەگات. هەروەها داوا لە ووڵاتان دەکات کە برەو بە ژینگەیەکی سەلامەت و کارا بدەن بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسان بە شێوەیەکی سەربەخۆ و بەبێ دەستێوەردانی ناڕەوا کارەکانیان ئەنجام بدەن.

ڕێکخراوە بەشداربووەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان لەم دەستپێشخەرییە

نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ هاريكارى عيراق
نێرده‌ى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان بۆ هاريكارى عيراق

ئەو ئامانجانەی لە ڕێگای ئەم دەستپێشخەریەوە پشتگیریان لێدەکرێت